سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » په‌ندی خۆپیشاندانه‌كان، بۆ شیعه‌كان و بۆ خۆشمان

په‌ندی خۆپیشاندانه‌كان، بۆ شیعه‌كان و بۆ خۆشمان

ده‌ركه‌وتنی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره‌ی گۆڕه‌پانی ته‌حریری به‌غداو شوێنه‌ گشتییه‌كانی تری پارێزگا جیاجیاكانی عیراق، به‌و ئاپۆرا جه‌ماوه‌ری‌و به‌رفراوانییه‌، به‌تایبه‌تیش له‌و ناوچانه‌ی كه‌ زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌یان له‌پێكهاته‌ی شیعه‌ی وڵاتن، ئه‌و راستییه‌یان ده‌رخستووه‌ كه‌ «شیعه‌بوون»، بۆ فه‌رمانڕه‌وایانی بڕیار به‌ده‌ستی ئێستای عیراق، له‌هه‌موو كات‌و سه‌رده‌مێكدا، مه‌ته‌رێزێك نییه‌ بیانپارێزێت!. شیعه‌بوون، هه‌موو ده‌مێك به‌مانای نوێنه‌رایه‌تیكردنی دیموكراتییانه‌ی‌ خه‌ڵكی وڵات نییه‌. ئه‌م شیعه‌بوون-ه‌، مافی ئه‌وه‌شیان پێ نادات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی شكستخواردوو ده‌وڵه‌ت‌و ده‌زگاكانی به‌ڕێوه‌به‌رن‌و خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌ش، تاسه‌ر، لێیانی قبوڵ بكه‌ن.
خۆپیشاندانه‌كان ئه‌وه‌یان ئاشكراكرد كه‌، كۆنترۆڵكردنی ده‌سه‌ڵات‌و تاكڕه‌ویش به‌ناوی دیموكراسی‌و زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییه‌وه‌، دیسانه‌وه‌ هیچ لایه‌ك ناپارێزێ‌و گره‌نتی ئه‌وه‌ت بۆ ناكات كه‌ هه‌رگیز نه‌كه‌ویته‌ به‌ر نه‌فره‌ت‌و توڕه‌یی كۆمه‌ڵگه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كاتێك كه‌ تۆ، وه‌ك سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وا، ده‌وڵه‌ت له‌ گه‌نده‌ڵی‌و تاڵانكاریی سامانی گشتی نقوم بكه‌یت‌و وڵاتیش پڕ بكه‌یت له‌ نادادپه‌وه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی.
ره‌نگه‌ ساده‌ترین به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌بێ كه‌، ئه‌مجاره‌یان به‌چاوی خۆمان ده‌بینین زۆربه‌ی ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ ئێستا یان پێشتر له‌ناو ده‌سه‌ڵاتدابوون، له‌ڕووی مه‌عنه‌وی‌و ره‌سمییه‌وه‌، به‌ ئاشكرا دان به‌ تاوان و لادانه‌كانی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی‌و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا ده‌نێن، له‌ هه‌موو وتارێكی پاساو هێنانه‌وه‌ش خاڵی بوونه‌ته‌وه‌و بوونه‌ته‌ هاوده‌نگی ماف‌و داخوازییه‌كانی خۆپیشانده‌ران، بگره‌ ئه‌و ماف‌و داواكارییانه‌یان كردۆته‌ گه‌مه‌یه‌كی سیاسی بۆ ته‌سفییه‌ حسابی نێوان خۆشیان‌و بۆ بۆڕبۆڕین‌و بگره‌ پیلان‌و ملشكاندنی یه‌كتریش!.
ئه‌مڕۆ هه‌موو لایه‌ك بۆی ئاشكرا بووه‌ كه‌ فراوانی‌و گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مجاره‌ی عیراق، به‌ ئاشكرا په‌یوه‌ندیی به‌و درزه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كه‌وتۆته‌ ناو ماڵی سیاسیی شیعه‌كانه‌وه‌. ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌، نه‌ شیعه‌بوونیان‌و نه‌ ئاماده‌بوونیشیان له‌ترۆپكی ده‌سه‌ڵاته‌كانی وڵاتدا، دادیان نادات.
بۆیان ساغ بۆته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی به‌ ئایینزا شیعه‌، ته‌نها به‌ ئه‌رك‌و سروته‌ مه‌زهه‌بییه‌كان رێك ناخرێن، ته‌نها به‌ خه‌یاڵدان‌و برین‌و ئازاره‌ مێژوییه‌ تائیفییه‌كان لێك كۆناكرێنه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وانیش، وه‌ك هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تری خه‌ڵكی عیراق، پێویستیان به‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌ك مرۆڤ بژین، كه‌رامه‌ت‌و ئازادی‌و نان‌و ژیانیان ده‌وێت. ئه‌وان، زۆر به‌ ساده‌یی، بۆشیان روون بۆته‌وه‌ كه‌ شیعه‌بوون نه‌ك هه‌ر دادیان نادات، به‌ڵكو هۆكارێكی مه‌ترسیداری بێده‌نگییان بووه‌ له‌ بێدادییه‌كانیشیان!.
له‌ ئاسته‌ سیاسییه‌كه‌دا، ئه‌مڕۆ، شیعه‌كانی عیراق، به‌ ئاشكرا، به‌سه‌ر دوو ره‌وتی پێك ناكۆكیشدا دابه‌شبوون، ره‌وتێك كه‌ خۆی به‌نیشتمانی ئه‌زانێت‌و نایه‌وێت رایه‌ڵه‌ی شیعه‌بوونی له‌گه‌ڵ‌ هیچ وڵاتێكدا سه‌ربه‌خۆیی بڕیارو ئیراده‌ی لێ بستێنێته‌وه‌و وه‌ك بوكه‌ڵه‌یه‌ك وابێت‌و له‌ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵبسوڕێنرێ. ره‌وتێكی تریش كه‌ پێیوایه‌ شیعه‌كان، به‌بێ پاڵپشتی وڵاتێكی وه‌كو كۆماری ئیسلامیی ئێران، ناتوانن گره‌نتی مانه‌وه‌یان له‌ده‌سه‌ڵات‌و فه‌رماڕه‌وایی عیراقدا، هه‌بێت.
ره‌وتی یه‌كه‌میان، به‌ وتار Discourse داوا ده‌كات كه‌ پشت به‌ هێزی ناوخۆو كۆكردنه‌وه‌ی پاڵپشتیی هێزه‌ سیاسییه‌كانی پێكهاته‌كانی تری عیراق‌و به‌ شه‌قامی عیراقی ببه‌سترێت، ره‌وتی دووه‌میشیان گره‌و له‌سه‌ر پشتیوانیی ده‌ره‌كی ده‌كات‌و وایده‌بینێت كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا، به‌بێ ئه‌و پشتیوانییه‌، مومكین نه‌ده‌بوو هه‌ژموونی پله‌ به‌ پله‌ی شیعه‌كان له‌ عیراقدا، بێته‌دی.
بێگومان ئه‌مڕۆ ئه‌م دابه‌شبوونه‌ سیاسییه‌ له‌ناو ماڵی شیعه‌دا، بۆته‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌، بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ش هه‌م بۆ سه‌ر ره‌واجی ئه‌نگێزه‌ی مه‌زهه‌بی له‌ عیراقدا، هه‌م بۆ سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتیش. خۆپیشانده‌رانی وڵات، به‌ راده‌یه‌ك بێ متمانه‌و توڕه‌ن، ته‌واوی ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان‌و بڕیار به‌ده‌ستان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، باوه‌ڕیان به‌ هیچ به‌ڵێن‌و بڕیارێكی ریفۆرم كردنیشیان نه‌ماوه‌.
ئه‌وان كه‌ زۆربه‌یان له‌ پێكهاته‌ی خودی خه‌ڵكی شیعه‌ مه‌زهه‌بی عیراقن، داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت‌و ته‌نانه‌ت به‌شداری نه‌كردنی هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ له‌ 2003ه‌وه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا، به‌شدارن!، ئه‌مه‌ش ده‌ربڕه‌ی ئه‌وپه‌ڕی بێزاریی رادیكاڵانه‌ی شه‌قامی عیراقییه‌ تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ببینین گه‌نجه‌ بێكارو هه‌ژارو خێر له‌خۆنه‌دیوه‌كان سنگی خۆیان به‌ گولله‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ بنێن‌و به‌ به‌رچاوی جیهانه‌وه‌ ببنه‌ قوربانی.
ئه‌م دۆخه‌ی ئێستای عیراق، په‌ندو وانه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ شیعه‌كانی وڵات، گورزێكی گه‌وره‌شه‌ له‌و رایه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ له‌ نێوان هێزه‌ شیعییه‌كان‌و بنكه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانیاندا هه‌بووه‌. كێشه‌ی جه‌وهه‌ریی ئه‌و هێزانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆدی ناڕه‌زاییه‌ هه‌ره‌ دیموكراتییه‌كه‌ی ساڵی پاریان بۆ نه‌كرایه‌وه‌و نه‌خوێنرایه‌وه‌!، نه‌یانتوانی له‌ هێما سیاسی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی پاشه‌كشه‌ی گه‌وره‌ی به‌شداریی خه‌ڵكی عیراق له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارساڵ تێ بگه‌ن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش، ئه‌مجاره‌یان شیعه‌كانی عیراق، پێش هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تری وڵات، خۆیان مه‌حكوم به‌ رژانه‌ شه‌قامه‌كان‌و خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆ بوون.
ئه‌م هاوكێشه‌یه‌، ره‌نگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانیش دوور نه‌بێت!. ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رێمیشدا چاكسازیی راسته‌قینه‌و سه‌رتاسه‌ری‌‌و دادپه‌روه‌رانه‌ ئه‌نجام نه‌درێت – نه‌ك چاكسازیی سیاسی‌و به‌ مه‌رامی حزبی! – ئه‌وا له‌قۆناغی داهاتوودا، نه‌ كوردبوون‌و هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم دادی بڕیار به‌ده‌ستانی هه‌رێم ده‌دات، نه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی‌و كورسییه‌كانیش!، ته‌نانه‌ت ئه‌و گره‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ش كه‌ شیعه‌كانی عیراق هه‌یانبوو و پێیانوابوو كه‌ جه‌ماوه‌ری ناوچه‌ شیعییه‌كان به‌ روویاندا ناته‌قنه‌وه‌و ناڕه‌زایی عیراقییه‌كانیان لێ به‌دوور ده‌بێت‌و ته‌نها ناوچه‌ سوننییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌!، ئه‌وه‌شیان بۆ هه‌رێم، گره‌وێكی هه‌ڵه‌ ده‌بێت!.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*