سەرەکی » کەلتوور » سینەماچی؟!

سینەماچی؟!

هاوار مستەفا خان

بەشی سی و یەک

لەژێر ناوی» سینەما..چی؟!» کە لەبنەڕەتدا پەڕتۆکێکە و لەگەڵ چەند ئەڵقەیەکی دیکە کە لێرە لە کوردستانی نوێ بڵاوی دەکەینەوە، بیرەوەریی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی زیاتر لە جارەگە سەدەیەکی خوێندنەوەو بینین و نووسین و رەخنەی سینەمایی و دروستکردنی فیلم و رۆشنبیریی سینەماییەو وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا لە دووتوێی پەڕتۆکێکدا «رەنگە زیاتر»یش چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
لێرەدا، هەوڵدەدەم چەند بیرەوەرییەکی تەمەنی جوانی و بەخۆڕایی بەفیڕۆچوونی ئەو سەردەمە باس بکەم کە چەند تامەزرۆی سینەما بووین و چەند هەوڵماندا بیگەینێ کەچی جەنگ و شەڕ و ئاشوبی هەشت ساڵەی عیراق ئیران و سیاسەت و ململانێی ناتەندروست و درێژخایەنی هێزەکانی گۆڕەپانی باشوری کوردستان لەشاخ و شار، دەیبردینەوە کۆڵانەکانی پشتەوەو هەر بەحەسرەتی ئەوەی دونیای جوانی و فانتازیی سینەماییمان دروست بکەین، بەردەوام بووین و کۆڵمان نەدا، بەڵام ساڵ دوای ساڵ سەخت و دژوارتر دەبوو بەدیەێنانی خەون و خولیاکانی گەنجی و جوانیمان، هەر ئەوەش وای لێکردین بەو جوانیەوە، جوانتر سینەما لەگەڵ خۆماندا پەروەردە بکەین.

لەو شەوەدا کە ٣٠ لەسەر ٣١ی ئاب بوو، بۆ یەکەمجار دوای نزیکەی دووساڵ کارکردن لە تەلەفزیۆنی زەحمەتکێشان، کچێك لە رێگای تەلەفۆنی نۆرماڵەوە داوای منی کرد، بەر لەوەی بێمەوە سەر ئەو تەلەفۆنە کە دوای هەواڵەکان بوو، گەر هەڵە نەبم دوای سەعات ١٠ی شەو بوو، لە بنەڕەتدا شەوێکی شپرزە بوو بۆیە دوای ئەوەی هەواڵەکانم خوێندەوەو چەند جارێك تەلەفۆنم بۆ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کرد کە بارەگاکەیان نزیک خۆمان بوو لەسەر قەڵات بە دیوی قەیسەری و دەڵاڵخانەو گازینۆی مەچکۆ ئەیڕوانی بەڵام کەس وەڵامی نەئەدایەوە، وام هەست ئەکرد چۆلیان کردبێ و بە هەموو شتێکیان زانیبێ بۆیە زۆر دڵتەنگ بووم.
بەندە لەو شەوەدا ئێشکگر بووم، لەکاتی خوێندنەوەی هەواڵەکاندا کە هەمووی شەڕو شۆڕی سەرایڤۆو سربیاو ئەفغانستان و ئەو وڵاتانە بوو، کارمەندێکمان هەبوو بە مەلا بانگمان ئەکرد، هاتە ستۆدیۆی هەواڵ و گوێنیەکی پێبوو وردە وردەو بە هێواشی کاسێت و کەرەستەی دیکەی لەو ستۆدیۆیەدا هەبوو کۆی دەکردەوە. منیش کە نزیکی تەواو بوونی هەواڵێك دەبووم و هەندێك وێنە لەدوای قسەکانم دەمایەوە بە ئاماژە بە مەلام دەگووت؛ چیە بۆچی دوای هەواڵەکان کۆیناکەیتەوە؟، یەکسەر وێنەکە دەهاتەوە سەر دەم و چاوی من و منیش بە زەردەخەنەیەکی درۆزنانە دەستم دەکردەوە بە خوێندنەوەی هەواڵ، هەواڵ چ هەواڵێك هەمووی شەڕو شۆڕ. دیسان بە هەمان شێوە چەند جارێك ئەو مەنەلۆگە کورتبڕە لەنێوان من و مەلا چەند بارەبوویەوە، تا من لە هەواڵ خوێدنەوە بوومەوە، مەلا هەرچی کاسێتی هەواڵ و شتی دیکە هەبوو هەمووی کۆکردەوە، بەمجۆرە هەواڵنامەی ئەو شەوە کۆتاهەواڵ و یەکەم هەواڵنامە بوو زوو زوو زەردەخە دەهاتە سەر لێوم و هەر بە تەنها من و مەلاش دەمانزانی ئەو زەردەخەیە بۆچیەو لەسەر چیە، ئیتر ئەو شەوە دوایین هەواڵنامەمان پێشکەش کردو کۆتایی پێهات.
فیلمی شەو دەستی پێکردو ئێمەش وەکو ئێشکگر ماینەوە، دوای هەواڵنامەبوو بۆ یەکەمجار کچێك تەلەفۆنی کردو داوای منی کرد. ئەو شەوە ئەو کەسەی تەلەفۆنی کرد زۆر دڵخۆش بوو بە زەردەخەنە درۆینەکانی من، منیش زۆر دڵتەنگ بووم، نەمدەزانی چۆن دڵی رابگرم لەراستیدا تەواو بۆم روونبوویەوە کە بەیانی کەسمان نایەینەوە سەر کار، تەلەفزیۆن کۆکرایەوەو تەنها سەحنە گەورەکانی سەربان مابوون، یادی بەخێر کاک جەمال حسێن رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە کۆکردنەوەی تەلەفزیۆن و دەرباز کردنی بۆ سلێمانی، رۆژی پێشووتریش کە دەیکردە رۆژی پێنج شەممە کاک قادر عەزیز بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتبوو.
هەرچیەکم ئەکرد نەمئەتوانی بە جۆرێك قسە لەگەڵ ئەو کچەدا بکەم کە جارێکی تر نامبینێتەوە، رێکەوتێکی زۆر ناخۆشبوو..هەرچۆنێك بێت بۆ دواینجار ئەوانەی لەوێ مانەوە خواحافیزیمان لە یەکتری کردو ئێمەیش بەو نیوە شەوە گەڕاینەوەو ماڵ و هەندێك دڵیشم لای ئەو کچە بوو کە لە کاتێکی زۆر درەنگ تەلەفۆنی کرد، هەموو شتێک کۆتاییهاتبوو.
بەیانی کە لەخەو هەستایین، یان باشتروایە بڵێم؛ ئەو شەوە دڵەڕاوکێیە هەناسەیەکی ساخی پێنەدام کە پەرۆشی سبەی نەبم، درەنگ خەو چووە چاوم و لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدابووم، هەرچۆنێك بێت بەیانی لەخەو هەڵساین و بەهۆی هێرشی چەندجاری رژێم لە کانی قڕژاڵەوە کە بەرەبەیان تێکشکابوو بەڵام بەوەشەوە دۆخی هەولێر بەتەواوی شڵەژا..

١٣ رۆژ مانەوە لە هەولێر

دوای ئەوەی هەولێر بە قازانجی هێزێکی ترو بە پشتیوانی رژێم کۆنتڕۆڵکرا دەبوو بیر لە ریگا چارەیەك بکەینەوە کە نەکەوینە دەست رژێم و ژیان بۆ ئێمەومانان ئەو تامەی نەماو دامەزراوەکانی کاریشمان تێدا دەکرد دامانخست و کۆتایی بە پەخشی ئەو تەلەفزیۆنە هات کە بێژەرو پیشکەشکار بووین تێیدا.
لەگەڵ هاوڕێم کەریمۆك پێکەوە شەوێکی ترسناکی بەرچرامان کردە شەوی خواردنەوەو بڕیاردان بۆ کۆچکردن؟!.
گەرچی هەولێر بەتەواوی کۆنتڕۆڵکرابوو بەڵام جار جارەش دەنگی تەق و تۆق دەهات، دەکەوتە بەرگوێمان کە هەندێكیان ئی تاڵانی و دزان بوو، هەندێکیشی ئی تۆڵە سەندنەوەو سڕینەوەی ئەویتر؟!.. هەرچۆنێك بێت ئەو شەوە بڕیارماندا کە ئیتر ئێمە ناتوانین دوای ئەو گۆڕانکارییە بمێنینەوەو لەهەولێر خۆمان لەگەڵ ئەو دۆخە رابێنین، بۆیە بڕیارەکەمان کۆچکردن بوو بۆ هەندەران، بەڵام بۆ جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە، پلانمان بەمشێوەیەبوو:
کەریمۆك سەفەری سلێمانی بکات کە ئەوێش کەوتبووە دەست ئەو هێزەو رژێمی سەددام. منیش بەرەو لای گوندی خۆمان لە دۆڵی باڵەییان بڕۆم، کام رێگا باش بوو ئەوێ هەڵدەبژێرین.
هەردووکمان کاتی دیداری هاتنەوەشمان داناو بەخێرایی دانیشتنێکی ترمان رێکخست و دوای مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەوەی بەسلێمانیدا بڕۆین یان بە قەندیل، دواجار قەندیلمان هەڵبژارد چوون پێمانوابوو کە ئەوێ سەلامەتتر دەبێت و ئینجا ناوچەکە ئی خۆمانەو شارەزایمان باشترە وەک لە دیوی سلێمانیەوە بەرەو ئێران ئاودیوو ببین.

یەك جانتا فوول کتێبی سینەمایی

هەبوون لەو هاوکێشەیەدا کە تەواو قوڵپ بووبوویەوە، جانتایان پڕ خێرو بەرەکەت بوو، دەیانتوانی بۆ هەرکوێیەك بڕۆن بە دۆلار مامەڵە بکەن، پاسپۆرتیش بە رەگەزنامەی بیگانە لەگرفانیان قایمکردبوو، هەشبوون فریای جانتاش نەکەوتن و سەریان تیاچوو، بۆیە ئێمەومانان هەر بە تەنها جانتایەکمان بۆ ئاودیوکراو مەمنوونیش بووین کە سەروەتەکە پانزە بیست کتێبێکی سینەمایی بوو ئاودیومان کرد، زۆرم خۆش دەویستن دامنابوو لەگەڵ خۆمدا بیانبەمە ئەو وڵاتەی دەیگەمێ و بۆ دواجار پشوویەك دەدەین و رزگارمان دەبێت لەو شەڕو نەهامەتییە.
رۆژی ١٢ی ٩ بوو لەماڵی خۆمان لە گوندی وەسان گیرساینەوە، کەشێکی زۆر فێنك بوو، بەیانیەکەی کەریمۆکم بە زۆر لەخەو هەستاند تا وەخۆ بکەوین و ئاودیو بین، هەر ئەیووت؛ جارێ جارێ لێمگەڕی خەوکەی گەلەک خۆشە، دوای چەند جارێك بانگ کردنی ، خێرا لێفەکەیم لەسەر لاداو ووتم؛ کوڕە هەستە گەیشتنە ئێرە با تا زووە بڕۆین.
بەجانتای پر لە کتێبی سینەمایی بە دۆڵی باڵەییان وردە وردەو بە هەناسە سواریەوە روباڕو روبار گوندەکانی ئیسکاوەو رەزوێکەو قەڵات و ماونانمان بڕی و بەرەو چۆمەو زەنگەڵێن دواین گوندی ئەو دۆڵە بەرەو قەندیل نزیکبووینەوە.
لەلای برایمە رەشی مەمکان پشوویەکمانداو لەژێر رەشماڵەکەی ئەو نان و چایەکمان خواردوو سەرو دوو سێ نانی تیریشیان داینێ بۆ رێگا. کەریمۆك و کوڕێکی تریش لەرێگا تێکەڵ بە کاروانەکەمان بوو خەڵکی کاوانی شەقڵاوە بوو بۆ ئەویشیان دانا کەچی هەردووکیان رەتیان کردەوەو وتیان پێویست ناکات. من نانەکانی خۆم لەناو عەلاگەیەکدا هەڵگرت و پێچە سەختەکانی قەندیلمان زۆر زۆر بەزەحمەت بڕی و تا گەیشتینە سەرەوە زیاتر لە دەجار پشووی کورت کوتمانداوەو شەرم نەبوایە هەر لەوێ جانتمان گلۆر دەکردەوەو بە غاردان دەهاتینەوە، بەڵام تازە بڕیارماندابوو کە بۆ ئێمە دۆزەخ خۆشترە لەوەی ژیان لەسایەی رژێمی بەعسدا بەسەر بەرین.
خەریكبوو ئێوارە دابێت، لەسەر لوتکەی قەندیک خزمێکی ترمان بەسواری ئەسپەوە لەگەڵ کوڕەکەی تێکەڵ بە کاروانەکەمان بوو ، خەنی بووم چوون جانتای پڕ لە کتێبی سینەمایی لێوەرگرتم و ئیتر بەرەو قەندیلی ئەو دیو کە مەندیلی هەر فڕی نەدابوو شۆڕبووینەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*