سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، هه‌ڵكه‌وت زه‌نگه‌نه‌ » پڕۆژه‌ی تایگرس و هــه‌نگاوه‌كانی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌

پڕۆژه‌ی تایگرس و هــه‌نگاوه‌كانی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌

پڕۆژه‌ی تایگرس و هه‌نگاوه‌كانی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌ و وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی كوردستانیش ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌: پڕۆژه‌ی تایگرس یه‌كێكه‌ له‌ ستراتیژه‌ گرنگه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌مان بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ چه‌ند زانكۆیه‌كی ئه‌وروپی. سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستیش رایگه‌یاند: پڕۆژه‌ی تایگرس پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجی زۆر گرنگه‌ بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و تائێستاش هه‌نگاوی زۆر باش نراوه‌.

ئامانجی پڕۆژه‌ی تایگرس

زانكۆی گوتنگن له‌ ئه‌ڵمانیا كه‌ زانكۆیه‌كی به‌ناوبانگی جیهانییه‌، له‌گه‌ڵ زانكۆكانی خرۆنینگن له‌ هۆڵه‌ندا، لیوڤن له‌ به‌لجیكا، مه‌ساریك له‌ چیك، په‌یمانگه‌ی گلۆبه‌ڵ ئیمپاكت له‌ چیك، پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌وروپی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێم و 9 دام و ده‌زگای سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵادا، به‌ناونیشانی پڕۆژه‌ی تایگرس له‌مانگی 11ی 2017ه‌وه‌ خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی پڕۆژه‌كه‌ كه‌ به‌بڕی زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن یۆرۆ له‌لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌وروپاوه‌ فه‌ند ده‌كرێت و ماوه‌ی 3 ساڵ ده‌خایه‌نێت، به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تائێستا چه‌ندین كۆنفرانس و ۆركشۆپ و سیمینار و سیمپۆزیۆم له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، رێكخراوه‌ و رێكده‌خرێت.
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێی ده‌وترێت پڕۆژه‌ی كلیل، له‌میانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌دا زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ئه‌وروپادا ده‌توانن پڕۆژه‌ی دیكه‌ له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا پێشكه‌ش بكه‌ن.
له‌ پڕۆژه‌ی تایگرس-دا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی وه‌ك رێكخه‌ری پڕۆژه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، زانكۆكانی (سلێمانی، سه‌ڵاحه‌دین-هه‌ولێر، چه‌رموو، راپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌)، زانكۆكانی پۆلیته‌كنیك له‌ (هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك) به‌شدارن.

ئیراسمس پڵه‌س-پڕۆژه‌ی تایگرس
پڕۆژه‌ی تایگرس بریتییه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی پراكتیزه‌ باشه‌كان و به‌هێزكردنی ستراتیجی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردن له‌ كوردستان. تایگرس پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوده‌وڵه‌تییه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ پرۆگرامی ئیراسمۆس پڵه‌س و كار بۆ به‌ره‌وپێشبردنی بواری خوێندنی باڵا ده‌كات. پاڵپشتی نوێبوونه‌وه‌ و به‌ستنی په‌یوه‌ندیی و به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی بواری خوێندنی باڵا ده‌كات له‌ هه‌رێمی كوردستان.
پرۆژه‌ی تایگرس له‌ لایه‌ن ده‌سته‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێت كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ پێنج هاوبه‌شی ئه‌وروپی و 10 هاوبه‌شی كوردستانی كه‌ له‌ نێوانیاندا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه‌. ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ سێ ساڵه‌ له‌ 2017 بۆ 2020.
زانكۆی گوتنگن له‌ ئه‌ڵمانیا ئه‌ركی رێكخستنی پڕۆژه‌كه‌ی له‌ ده‌ره‌وی وڵات و ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستیش ئه‌ركی رێكخستنی پڕۆژه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان، گرتۆته‌ ئه‌ستۆ.

سێ رێگه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كه‌
بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی دیاریكراو، پڕۆژه‌ی تایگرس به‌ سێ ئاستی جیاواز كارده‌كات:
له‌سه‌ر ئاستی زانكۆ: تایگرس هه‌وڵ ده‌دات بۆ نوێبوونه‌وه‌ و به‌هێزكردنی شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزاریی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و دانانی سیاسه‌ت و ستراتیجی پێشكه‌وتووی ئه‌وتۆ كه‌ ببێته‌ هه‌وێنی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی خوێندن و توێژینه‌وه‌و گواستنه‌وه‌و خزمه‌تگوزاریی خوێندكاران. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زانكۆكانی هه‌رێم زیاتر بێنه‌ سه‌ر‌هێڵ له‌گه‌ڵ زانكۆكانی یه‌كێتیی ئه‌وروپادا.
له‌ ئاستی هه‌رێمدا: پڕۆژه‌كه‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ده‌كات بۆ نوێبوونه‌وه‌ی سیسته‌می خوێندنی باڵاو نزیكردنه‌وه‌ی له‌ مۆدێلی ئه‌وروپی و پرۆسه‌ی بۆلۆنیا. كه‌ ئه‌مه‌ش چه‌ند خاڵێك له‌خۆ ده‌گرێت وه‌كو: دانانی به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وێكی خوێندنی گونجاو و په‌یڕه‌وكردنی شێوازێك كه‌ تێیدا خوێندكار سه‌نته‌ری په‌روه‌رده‌و خوێندن بێت، نه‌ك مامۆستا، كردنه‌وه‌ی خوێندنی ماسته‌رو دكتۆرا كه‌ خوێندكار ئاماده‌ بكات بۆ بازاڕ و ببێته‌ بناغه‌یه‌كیش بۆ خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا: هیواده‌خوازرێت گۆڕینی كه‌رتی خوێندنی باڵاو به‌ره‌وپێشبردنی زانكۆكانی هه‌رێم، ببێته‌ هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی رانك و پێگه‌یان له‌ ناوچه‌كه‌و جیهاندا. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجام وا له‌ خوێندنی باڵای هه‌رێمی كوردستان ده‌كات كه‌ سه‌رنجڕاكێشتر بێت و زیاتر ببینرێت و هه‌ره‌ها په‌یوه‌ندیی زانستی و ئه‌كادیمی زیاتر دروست بكات له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا و جیهان.

مه‌به‌سته‌كانی پڕۆژه‌ی تایگرس
پڕۆژه‌ی تایگرس هه‌وڵده‌دات بۆ (به‌ره‌وپێشبردنی كوالیتی كه‌رتی خوێندنی باڵا له‌ كوردستان، نوێكردنه‌وه‌ی سیسته‌می خوێندنی باڵا له‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی سیاسه‌تی ریفۆرمه‌وه‌، ده‌ركردن و جێبه‌جێكردنی یاسای ناوخۆیی كه‌ یارمه‌تیده‌ربێت بۆ خوێندنی هاوبه‌ش و ده‌بڵ بڕوانامه‌و خوێندن له‌ ده‌ره‌وه‌، كاركردن له‌گه‌ڵ شوێنه‌ جیاوازه‌كانی جیهان له‌ڕێگه‌ی پلانی هاوبه‌ش و چالاكی هه‌ره‌وه‌زیی، به‌هێزكردنی شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و خزمه‌تگوزاریی له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، دانانی سیاسه‌ت و ستراتیجی پێشكه‌وتوو بۆ به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی خوێندن و توێژینه‌وه‌ی زانستی و گواستنه‌وه‌و خزمه‌تگوزاریی خوێندكاران به‌شیوازێكی هه‌ره‌وه‌زیانه‌، گواستنه‌وه‌ی باشترین ئه‌زموون و به‌ده‌سخستنی زانیاریی بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ بواری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ ئه‌وروپا).

دووه‌مین كۆنفرانسی پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو
له‌ چوارچێوه‌ی هه‌نگاوه‌كانی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی تایگرس-دا، تائێستا چه‌ندین كۆنفرانس و ۆركشۆپ و سیمینار و سیمپۆزیۆم له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات (هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك، چه‌مچه‌ماڵ، رانیه‌)، (ئه‌ڵمانیا، چیك، هۆڵه‌ندا، به‌لجیكا) رێكخراوه‌ و رێكده‌خرێت. رۆژی 6/10/2019ش له‌ سلێمانی، دووه‌مین كۆنفرانسی پڕۆژه‌ی تایگرس به‌ ناونیشانی (به‌ره‌و بنیادنانی ستراتیجی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق)، به‌ڕێوه‌چوو. كۆنفرانسه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی-یه‌وه‌ رێكخرابوو.

تایگرس تیشكده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند بوارێكی گرنگ
له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی و وه‌فدی پێنج زانكۆی ئه‌وروپی و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك زانكۆكان و وه‌فدی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراوانی حكومی و پسپۆڕانی بواری خوێندنی باڵاو تویژینه‌وه‌ی زانستی، به‌ڕێوه‌چوو. پڕۆفیسۆر د.پۆڵا ئازاد خانه‌قا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و رێكخه‌ری پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: پڕۆژه‌ی تایگرس، پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجییه‌ و تیشكده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند بوارێكی گرنگ، له‌وانه‌ ستراتیجی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی كوردستان. هه‌روه‌ها سوپاسی وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كرد بۆ پشتیوانیكردنی پڕۆژه‌ی تایگرس.

به‌هێزكردنی ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی زانكۆكان
پاشان د.ئارام محه‌مه‌د قادر وه‌زیری خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی رایگه‌یاند: به‌هێزكردنی ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی زانكۆكانی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ ستراتیجه‌ گرنگه‌كانی كارنامه‌ی چوار ساڵی كاركردنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی.

په‌ره‌پێدانی توانا و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
هه‌روه‌ها د.ئووڤه‌ موس به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی گوتنگن له‌ ئه‌ڵمانیا و رێكخه‌ری پڕۆژه‌ی تایگرس، گرنگیی پڕۆژه‌ی تایگرس-ی روونكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ماوه‌ی سێ ساڵدا كار له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی توانا و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆ و ده‌سته‌ به‌شداربووه‌كان ده‌كات، كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌دا ده‌كرێت و كار له‌سه‌ر چه‌ندین پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش ده‌كرێت.

سیمیناره‌كان و پانێڵی دووه‌مین كۆنفرانس
له‌ درێژه‌ی كاره‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌دا چه‌ند سیمینارێك له‌باره‌ی ستراتیجی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێم پێشكه‌شكران. له‌ پانێلێكیشدا له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ د.ئووڤه‌ موس به‌ڕێوه‌به‌ری په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی گوتنگن له‌ ئه‌ڵمانیا، مامۆستا ڤیان زامدار رێكخه‌ری پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.محه‌مه‌د عه‌زیز له‌ زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، مامۆستا بڕیار ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن رێكخه‌ری پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.پشتیوان فه‌ره‌ج رێكخه‌ری پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ زانكۆی چه‌رموو، گفتۆ له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان و پلانی داهاتووی پڕۆژه‌ی تایگرس كرا.
به‌شداربووانی پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیشدا گفتوگۆیان له‌سه‌ر كاره‌كانی رابردووی پڕۆژه‌ی تایگرس و پلان و هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو، كرد.

ده‌رئه‌نجام و راسپارده‌كانی كۆنفرانس
ده‌رئه‌نجام و راسپارده‌كان بریتی بوون له‌: (ستراتیجی هاوبه‌شی كوردستانییه‌كان له‌ پڕۆژه‌ی تایگرس-دا به‌شێوه‌ی سیمینار و پۆسته‌ر خرایه‌ڕوو، پاشان گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا، دروستكردنی لیژنه‌ی تایبه‌ت له‌هه‌ر زانكۆیه‌ك به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ستراتیجه‌ی كه‌ داڕێژراوه‌، هه‌ڵسه‌نگاندنی پڕۆسه‌ی بۆلۆنیا له‌و زانكۆیانه‌ی كه‌ ئێستا پڕۆسه‌كه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن. رێكخستنی كۆنفرانسێك له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی بۆلۆنیا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌، دروستكردنی سیستمێكی داتابه‌یس كه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت بۆ رێكخستنی كاره‌كانی مامۆستا و خوێندكاری خولاو. ئه‌م سیستمه‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو ده‌سته‌ی كوردستانی و ئه‌و هه‌شت زانكۆیه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌شدارن له‌ پڕۆژه‌ی تایگرس-دا پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، دروستكردنی نیتۆركێك (گروپ) كه‌ بایه‌خ ده‌دات به‌ پرسی به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌و گروپه‌ به‌رده‌وامیش ده‌دات به‌جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانی پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ دوای ته‌واوبوونی كاره‌كانی پڕۆژه‌كه‌).

رۆڵی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا گرنگه‌
مامۆستا بڕیار ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆیی و جیهانییه‌كانی ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و رێكخه‌ری پڕۆژه‌ی تایگرس له‌ ده‌سته‌ی كوردستانی رایگه‌یاند: دووه‌مین كۆنفرانس و كۆبوونه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی تایگرس، هه‌نگاوێكی گرنگ بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌م كۆنفرانسه‌دا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینه‌وه‌ی زانستی و ئه‌و هه‌شت زانكۆیه‌ی كه‌ به‌شدارن له‌ پڕۆژه‌ی تایگرس-دا ستراتیجی خۆیان پێشكه‌شكرد و ئه‌مه‌ش وه‌كو هه‌نگاوی یه‌كه‌م گرنگه‌، وتیشی: هه‌نگاوی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ چۆن ئه‌م ستراتیجه‌ جێبه‌جێبكرێت، لێره‌دا زانكۆكان پێویستیان به‌ رۆڵی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ستراتیجه‌كه‌ جێبه‌جێبكه‌ن، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ زۆر هه‌نگاودا زانكۆكان پێویستیان به‌وه‌هه‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ت. له‌به‌رئه‌وه‌ رۆڵی وه‌زاره‌ت و كارئاسانی وه‌زاره‌ت بۆ زانكۆكان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌.

زانكۆی گوتنگن
زانكۆی جۆرج ئۆگه‌ست گوتنگن له‌ ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه‌ له‌ زانكۆ به‌ناوبانگ و ئاستبه‌رزه‌كانی جیهان و له‌ ساڵی 1737 دامه‌زراوه‌، جگه‌ له‌ پێگه‌یاندنی ده‌یان زانا و توێژه‌ری نێوده‌وڵه‌تی، نزیكه‌ی 50 خه‌ڵاتی نۆبڵی له‌ بواری زانستی و توێژینه‌وه‌دا به‌ده‌ستهێناوه‌ و پله‌ی یه‌كه‌می زانكۆكانی ئه‌ڵمانیای له‌ بواری به‌هێزی په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌كی هه‌یه‌، له‌هه‌مانكاتدا هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌ز‌گای (ماكس پلانگ) هه‌یه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌پێنجه‌م دامه‌زراوه‌ی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئاستی جیهان داده‌نرێت. په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ویشی له‌گه‌ڵ 242 زانكۆی ئه‌ڵمانیا و سه‌دان زانكۆی جیهاندا هه‌یه‌.

ده‌سته‌ی كوردستانی
ده‌سته‌ی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی ‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، له‌كۆتایی ساڵی 2005، له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆك مام جه‌لال دامه‌زراوه‌، تائێستا نزیكه‌ی 400 توێژینه‌وه‌ی زانستی ‌و ده‌یان راپۆرتی زانستی له‌بواره‌ جیاوازه‌كاندا ئاماده‌كردووه‌. له‌ڕێگه‌ی مامۆستا و پسپۆڕی زانستی له‌بواره‌ جیاوازه‌كان‌و 22 تاقیگه‌ی پێشكه‌وتووه‌وه‌، به‌رده‌وامه‌ له‌خزمه‌تكردن به‌زانست‌و زانستخوازان‌و هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی كاره‌كانیدایه‌. ده‌سته‌ی كوردستانی له‌ئاستی جیهاندا په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ 88 ناوه‌ندو ده‌زگای زانستیدا هه‌یه‌.

بۆ زانیاریی زیاتر سه‌ردانی سایتی ده‌سته‌ی كوردستانی بكه‌ به‌م ناونیشانه‌:
www.kissr.edu.krd

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*