سەرەکی » وتار » هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د » نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتی و داهاتووی حكومه‌ت

روونتر

نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كێتی و داهاتووی حكومه‌ت

یه‌كێتی دوای ئه‌وه‌ی چه‌ندین جار له‌ڕێگه‌ی وه‌فدی تایبه‌ته‌وه‌، پارتی له‌ مه‌ترسیی جێبه‌جێ نه‌كردنی رێكه‌وتنی نێوانیان ئاگاداركرده‌وه‌، دواجار له‌ڕێگه‌ی وته‌بێژه‌كه‌شییه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ی به‌ رای گشتی راگه‌یاند كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نییه‌ بۆ چۆنێتیی به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی كارێكی ئێجگار گرنگه‌ تاوه‌كو دواجار هه‌مووان ئه‌و راستییه‌ بزانن كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ئێستای حكومه‌ت نیگه‌رانه‌ و به‌مه‌ش له‌كۆتاییدا شه‌قامی كوردی وه‌ك خۆی كاردانه‌وه‌كانی یه‌كێتی وه‌رده‌گرێت و وێنه‌كانی دواتری یه‌كێتیش له‌ئه‌گه‌ری سووربوونی پارتی له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه‌ له‌ حوكمڕانی وه‌ك خۆی ده‌گات به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و هیچ كه‌س و لایه‌نێكیش ناتوانێت دیوی راسته‌قینه‌ی كاردانه‌وه‌كانی یه‌كێتی بشێوێنێت.
له‌ڕاستیدا پارتی له‌پاڵ ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین وێنه‌ی جیاجیای هه‌یه‌ بۆ ناسینه‌وه‌ی، به‌ڵام یه‌كێكی تر له‌و وێنانه‌ی ئه‌و ئه‌وحزبه‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌، پابه‌ند نه‌بوونییه‌تی به‌جۆر و شێواز و ناوه‌رۆكی رێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان به‌گشتی، یه‌كێتیش وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌راكه‌ت و دوورخستنه‌وه‌ی هه‌رێم له‌ تاكڕه‌وی، بڕیاریدا بۆ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم شه‌راكه‌ت بكرێته‌ بنه‌ما، له‌م قۆناغه‌شدا به‌هه‌مانشێوه‌ یه‌كێتی به‌ئاگاداركردنه‌وه‌ی رای گشتی له‌ پابه‌ند نه‌بوونی پارتی به‌ناوه‌رۆكی رێكه‌وتنه‌كانه‌وه‌، جارێكی تر مه‌به‌ستیه‌تی شكۆ بۆ رێكه‌وتن بگه‌ڕێنێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێیه‌، كه‌ ئیدی پارتی هه‌رچی مه‌به‌ستی بێت ناتوانێت له‌هه‌رێمی كوردستان بیكات، چونكه‌ رێژه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ر شێوازێك بێت(كه‌ پارتی خۆشی ئه‌وه‌ ده‌زانێت نوێنه‌ره‌كانی ته‌نها هی زۆنێكی دیاریكراون) جوگرافیا حوكم ده‌كات و پارتیش ده‌بێت له‌و راستییه‌ تێبگات و قبوڵیشی بكات، كه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ر شێوازێك بێت یه‌كێتی خاوه‌نی هێز و جوگرافیا و جه‌ماوه‌ری تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، هه‌تاوه‌كو ئه‌و كاته‌شی ئه‌م شێوازه‌ له‌بیركردنه‌وه‌ له‌ناو پارتیدا هه‌بێت (كه‌ سێبه‌ری تاكڕه‌وی زاڵبێت له‌بری كاری پێكه‌وه‌یی) ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت حوكمی كوردستان بكات جوگرافیایه‌ نه‌ك هیچ شتێكی تر.
له‌ رابردوودا هه‌ژموونی پارتی و به‌ته‌نها جه‌مسه‌رێكی دیاریكراویش له‌ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان (كه‌ بێگومان ئه‌وساش یه‌كێتی له‌پێناوی ئه‌زموونه‌كه‌ له‌زۆر كاتدا بێده‌نگیی هه‌ڵده‌بژارد) دۆخی هه‌رێمی كوردستانی دووچاری چه‌ندین مه‌ترسی راسته‌قینه‌ كردو سه‌ره‌نجامیش بینیمان جگه‌ له‌ له‌ده‌ستدانی نیوه‌ی خاكی هه‌رێم، له‌هه‌مان كاتیشدا حكومه‌تی هه‌رێم و هاووڵاتیانیش له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسی گه‌وره‌دابوون، ئه‌وانه‌ی له‌ رابردوودا روویاندا هۆكاره‌كه‌یان ئه‌وه‌بوو، كه‌ پارتی و له‌ناو پارتیشدا هه‌ندێك جه‌مسه‌ری ناو حزبه‌كه‌ هه‌ژموونیان به‌سه‌ر بڕیاره‌كانی هه‌رێمدا هه‌بوو، سه‌ره‌نجامیش ئه‌وه‌ی زیاندمه‌ند بوو به‌ته‌نها هه‌رێمی كوردستان بوو، ئێستاش دوای تێپه‌ڕبوونی ئه‌م قۆناغه‌ و به‌ ره‌چاوكردنی ئه‌م راستییه‌ش، ئێستا یه‌كێتی له‌پێناوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و رێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆكانی رابردوو، ئیدی ئه‌م دۆخه‌ قبوڵ ناكات و مه‌رجی به‌شداریشی له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت، ته‌نها ئه‌و خاڵه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ سه‌یری بكه‌ی به‌ته‌نها ده‌ستكه‌وته‌كه‌ی ده‌ڕژێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵك و بۆ داهاتووش یه‌كێتی هه‌ر هه‌ڵوێستێكی هه‌بێت به‌ ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان بڕیار ده‌دات، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا سیناریۆكانی به‌رده‌م یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جۆراوجۆرن، ره‌نگه‌ كشانه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كانی یه‌كێتی له‌حكومه‌ت، یه‌كێ له‌و ئه‌گه‌رانه‌ بێت كه‌ یه‌كێتی ئه‌گه‌ر ناچار بێت، ده‌بێت جێبه‌جێی بكات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ئه‌م كاره‌ نه‌كات، ره‌نگه‌ هه‌روا به‌ئاسانی نه‌توانێت وه‌ڵامی ده‌نگده‌ره‌كانی بۆ داهاتوو بداته‌وه‌.
ده‌ست له‌كار كێشانه‌وه‌ی نوێنه‌ره‌كانی یه‌كێتیش له‌حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ست بێت به‌وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستی یه‌كێتی له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ند نه‌بوونی پارتی به‌ڕێكه‌وتن و رێزگرتن له‌ واژۆی سه‌ر رێكه‌وتنه‌كان، ئه‌وا به‌مانای ئه‌وه‌ش دێت كه‌ ئیدی حكومه‌تی ئێستای هه‌رێم ناتوانێت به‌ شه‌رعییه‌تی هه‌موو هاووڵاتیانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانیشی به‌ته‌نها له‌ سنوورێكی دیاریكراو ده‌بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*