سەرەکی » ئاراستە » گوندی گاوانی ناوچەی‌ بازیان

گوندی گاوانی ناوچەی‌ بازیان

د.ئاراس محەمەد ساڵح

گاوانی‌ یەكێكە لە گوندەكانی ناحیەی بازیان، لە ڕووی‌ کارگێڕیەوە سەر بە قەزای‌ ناوەندی‌ پارێزگای‌ سلێمانییە، دەكەوێتە باكوری ناحیەی بازیانەوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە زنجیرە چیای بەرانان و لە باكوری ڕۆژهەڵاتەوە زنجیرە شاخەكانی داریكەلی و پیرمحەمەد دەوریان داوە، لە باشورەوە دەشتاییە، لە باكوریشەوە دەكەوێتە نێوان گوندەكانی (باڕۆیی گەورە) و (باڕۆیی بچوك)و داریكەلی. هەروەها له باشوورەوه گوندەكانی وەرمەزیارو زییەكە دەوری گوندی گاوانییان داوە.
ئەم گوندە دەكەوێتە دەشتایی و لەسەر (چەمی گەورە)یە، ئەم ڕوبارە بەدرێژایی ساڵ ئاوی‌ تێدایەو بۆ كشتوكاڵ و ئاژەڵداری‌ سوودی‌ لێوەردەگیرێت، سەرچاوەی‌ ئاوەکەی‌ لە گوندەكانی داریكەلی و هەردوو باڕۆییەوە سەرچاوە دەگرێت. چەمێكی تریش بە ناو گوندەكەدا تێپەڕ دەبێت، كە تەنها لە بەهاراندا ئاوی تێدایەو بە چەمی (درۆزنە) ناو دەبرێت.
گوندی‌ گاوانی‌ هیچ کانی‌ و کارێزێکی‌ تێدا نیە، هەموو ماڵێک بیری‌ تایبەتی‌ خۆی‌ هەیەو خەڵکەکەی‌ بۆ ئاوی‌ خواردنەوە پشت بە ئاوی‌ بیر دەبەستن.

ناوی‌ گوندی‌ گاوانیی:
وشەی‌ (گاوانی‌) ناوە بۆ پیشەی‌ لەوەڕاندنی‌ ڕەشەوڵاخ، واتە: گاوان بەو كەسە دەوترێت گاگەل دەلەوەڕێنێ‌، ئەو كەسەی مەڕو بزن دەلەوەڕێنی پێی دەوترێت شوان، واتە هەر یەكەیان لە زمانی كوردیدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە. هەروەها (گاوانیی) ئەو كرێیەیه كە مانگانە یان ساڵانە دەدرێت بە گاوان لە بری لەواڕاندنی‌ گاگەل، هەر لە زمانی‌ کوردیدا بە جۆرێك (ڕیشۆڵە)ش دەوترێت گاوانیی.
لە شێوە زاری‌ کرمانجی سەرودا دەوترێت: (گاڤان)، واتە: شوانی گاڕان، ئەو كەسەی گاگەل دەلەوەڕێنێ‌. هەروەها بە کۆتایی ڕیزی هەڵپەڕكێ‌ لە شایی و ئاهەنگەکاندا دەوترێت گاوانی‌، لە كاتی هەڵپەڕكێدا ئەو كەسەی دەكەوێتە سەرەتاوە پێی دەڵێن: سەرچۆپی كێش، ئەو كەسەی دەكەوێتە كۆتایی پێی دەڵێن گاوانیی. گاوانی‌ ناوی عەشیرەتێكی گەورەی كوردیشە.
مێژوونووسی‌ عێراقی‌ (مستەفا جەواد) لەبارەی هۆزی گاوانییەوە دەڵێ‌: گاوانی‌ هۆزێكی كۆنی كوردەو لە مێژووی عێراقدا لە هۆزە هەرە بەناوبانگەكانەو لە هەموان جێی بەرزترەو لە گشتیان خاوەن ناوترەو لە بارەی شەڕو شۆڕو سیاسەتیشدا لە هەموان هونەرمەندترەو شوێنەواریشی لە ئەدەبی عەرەبیدا – بە تایبەتی لە شیعردا- لە هەمووان بەرچاوترە. زۆر حەزیان لە شیعر كردووەو برەویان پێ داوە، هۆزی گاوانی‌ لە مێژووی عێراقی ڕۆژگاری ئیسلامەتیدا دەورێكی زۆر گرنگیان هەبووە، ئاكاری ئەوەندە بەرزو كاری ئەوەندە تەرزو هێژایان لەخۆ نیشانداوە كە هەڵدەگرێ‌ هیچ نەبێ‌ بەشێك لەوانە لە بیر نەكرێ‌ و لە مێژووی عێراقدا بە گشتی و لە مێژووی كوردەواریدا بە تایبەتی جێگەی شایانی خۆی بۆ دیاری بكرێ.
گوندی گاوانی ناوچەی بازیان لەلایەن ئەو عەشرەتەوە ئاوەدان كراوەتەوەو هەر لەبەر ئەوەش بە گاوانی ناوبراوە.
دێی گاوانی هەرچەندە سەرچاوەی نوسراو لەبەردەستدا نیە کەی‌ ئاوەدان کراوەتەوە، بەڵام دەماودەم لە خەڵکی‌ بە تەمەنی‌ گوندەکەوه بیستراوە كە لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمدا ئاوەدان كراوەتەوە، لەو کاتەوە خێڵە كۆچەرە كوردەكان ـ بە تایبەتی عەشیرەتی جاف ـ ڕوویان لە نیشتەجێبوون كردووەو وردە وردە لە دێهاتەكاندا نیشتەجێ بوون و وازیان لە ژیانی كۆچەری و گەرمیان و كوێستان هێناوە.
ئەم گوندە زۆر کۆن نیە، ڕیشسپی‌ و پیاوە بەتەمەنەکانی‌ گوندەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە گوندەکەیان لەلایەن عەشیرەتی‌ گاوانییەوە ئاوەدان کراوەتەوە، گاوانیەكانی دانیشتوی‌ گوندەکانی‌ قازان و داوبڵاخی‌ بناری‌ زنجیرە شاخی‌ بەرانان بەهۆی‌ کێشەیەکەوە هەندێکیان دەچنە ناوچەی‌ بازیان، لەو کاتەدا شێخ مەحمودی‌ حەفید لە داریکەلی‌ دانیشتووەو دەسەڵاتداری‌ ئەو ناوچەیە بووە، کۆمەڵێک لە پیاوماقوڵانی‌ عەشیرەتی‌ گاوانی‌ دەچنە لای شێخ مەحمود لە داریكەلی داوای شوێنی دێی لێ دەكەن، ئەویش بناری بەرانان و هەنگەژاڵیان دەداتێ‌، دەڵێن: قوربان ئێمە حەزمان لە دەشتاییەو كشتوكاڵ دەكەین، ئەویش ئەو شوێنەی ئێستای گاوانییان ئەداتێ‌ و ئاوەدانی دەكەنەوە، دوایی وردە وردە تیرەی‌ دۆڵەچەوتیی سەر بە عەشیرەتی‌ مکایەڵی‌ جاف لەوێ‌ كۆدەبنەوەو زۆر دەبن و لەگەڵ ماڵە گاوانییەكان بەینیان تێكدەچێت و ماڵە گاوانییەكان بار دەكەن و دێکە بەجێ‌ دەهێڵن، لەپاش گاوانییەکان دۆڵەچەوتییەکان لەو گوندەدا دەمێننەوە، بەڵام هەر بەناوی‌ گاوانییەوە ماوەتەوە، ئەو بنەماڵە گاوانیانەی ئاوەدانی دەكەنەوە بنەماڵەی‌ ڕەزای فەتاح و حەمەی گوڵبەهار بوون.
یەکێک لە پیاوە بەتەمەنەکانی‌ گاوانی‌ دەڵێت: لەوەتەی من بە بیرم بێت ئەم گوندە هەر ئاوەدان بووەو لەلایەن خزمانی گاوانییەوە كە عەشیرەتێكن ئێستا لە گوندەكانی قازان و داوبڵاخ و تەپەڕەش و گوندەكانی ئەو ناوە نیشتەجێن، ئاوەدان كراوەتەوە، هەر لەبەر ئەوەش بە ماڵە گاوانییەكان ناسراوەو پاشان بووە بە گاوانی.
گوندی‌ گاوانی‌ لە ساڵی‌ (1971-1972ز) قوتابخانەی‌ تێدا کراوەتەوەو تا ساڵی‌ (1987ز) بەردەوام بووە، مزگەوتی‌ تێدا بووەو حاجی‌ مەلا قادری‌ حەمەی‌ حاجی‌ میروەیس و حاجی‌ مەلا قادری‌ حەمەی‌ خەسرەو لەم گوندەدا مەلایەتییان کردوە.
ئەم گوندە چەندین جار کەوتووەتە بەر شاڵاوی‌ سوپای‌ عێراق، لە ساڵی‌ (1965ز) لە لایەن سوپای‌ عێراقەوە سوتێنراوەو دانیشتووانەکەی‌ ڕەویان کردووە بۆ ناوچەی‌ قەرەداغ، هەروەها ساڵی‌ (1987ز) کەوتووەتە بەر هێرش و پەلاماری‌ سوپای‌ عێراق، ساڵی‌ (1988ز) هەموو گوندەکانی‌ ناوچەی‌ بازیان کەوتوونەته بەر شاڵاوی‌ بەناو ئەنفال و خاپور کراون و دانیشتووانەکەی‌ ڕاگوێزراون.
گوندی‌ گاوانی‌ بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی‌ زۆر گونجاوە، بەرهەمەکانی‌ گەنم و جۆو نۆک و هەموو دانەوێڵەکانی‌ تری‌ لێدەکرێت، هەروەها لەپێش وێرانبوونیدا تەماتەو توتن و مەرەزەی‌ تێداکراوە، لەکاتی‌ ئێستاشدا لەبەر ئەوەی‌ ئاوی‌ ژێر زەوی‌ نزیکە زۆر گونجاوە بۆ بیر و خانووی‌ پلاستیکی‌، هەر لەبەر ئەوە لە ئێستادا ژمارەیەکی‌ بەرچاو خانووی‌ پلاستیکی‌ لێکراوەو بەرهەمەکانی‌ خەیارو تەماتەی‌ زۆر سەوزەی‌ تری‌ لێ دەکرێت.
خەڵکەکەی‌ زۆر گرنگی‌ بە ئاژەڵداری‌ دەدەن، بەزۆری‌ مەڕو بزن و ڕەشەوڵاخ بەخێو دەکەن، لە پێش ڕاگواستندا زیاتر لە پازدە ڕانەمەڕی‌ گەورەو گاگەلێکی‌ پێنجسەد سەری‌ تێدا بووە، لەکاتی‌ ئێستاشدا ژمارەیەک ڕانەمەڕو گاگەلێکی‌ تێدایە.
لە پێش شاڵاوەکانی‌ بەناو ئەنفالدا لە ساڵی‌ (1988ز) گوندی‌ گاوانی‌ زیاتر لە (35) ماڵی‌ تێدا بووە، هەموویان لەکاتی‌ ئەو شاڵاوەدا ڕاگوێزراون بۆ ئۆردوگای‌ بازیان، خۆشبەختانە خەڵکەکەی‌ بەر شاڵاوەکە نەکەوتوون و دەربازبوون.
لە دوای‌ ڕاپەڕینی‌ ساڵی‌ (1991ز) گوندی‌ گاوانی‌ ئاوەدان کراوەتەوەو پرۆژەی‌ ڕێگاوبان و ئاوو کارەبای‌ نیشتمانیی‌ و مزگەوتی‌ بۆ دروستکراوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*