سەرەکی » مانشێت » یادی له‌ سێداره‌دانی خاڵه‌ شیهاب ‌و هاوڕێكانی، رۆژی داهێنانی نەریتی خۆڕاگریی و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی

به‌رزو پیرۆزبێت رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی

یادی له‌ سێداره‌دانی خاڵه‌ شیهاب ‌و هاوڕێكانی، رۆژی داهێنانی نەریتی خۆڕاگریی و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی

ئاوات كۆكه‌یی

رۆژی 21ی 11ی هه‌مووساڵێك، دوو بۆنه‌ی ئاوێته‌ و نزیك له‌یه‌كتر، دوو بۆنه‌ی گرنگ و پڕ شكۆ، بۆنه‌ی شانازیی به‌خش بۆ یه‌كێتییه‌كان و بۆ هه‌موو گه‌لی كوردستانیش ئاوێته‌ی یه‌كدیی ده‌بن.
له‌و رۆژه‌دا، ی.ن.ك پۆلێك له‌ سه‌ركرده‌كانی خۆیان ده‌كه‌نه‌ پێشڕه‌وی شه‌هیدبوون ‌و به‌سێداره‌دا هه‌ڵده‌زنێن تا له‌لایه‌ك رایه‌ڵه‌ی رێكخستنه‌كان بپارێزن ‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ببنه‌ ئیلهامبه‌خشی به‌رگریی جوامێرانه‌ و داهێنانی نه‌ریتێك كه‌ به‌شۆڕشه‌كانی دیكه‌ نامۆبووه‌، ئه‌ویش پێشڕه‌وایه‌تییه‌ له‌ شه‌هیدبوون و له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیارێتی، به‌ داهێنانی ئه‌و نه‌ریته‌ش بوونه‌ قوتابخانه‌ی كۆڵنه‌دان فێرگه‌ی پاراستنی نهێنی ‌و به‌رگه‌گرتنی ئه‌شكه‌نجه‌دان.
هه‌ربۆیه‌شه‌ ئه‌و رۆژه‌ كرایه‌ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی و تیایدا یادو بیره‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڤاڵانی شه‌هیدمان، رۆحی یه‌كێتیانه‌ و كوردانه‌مان ده‌مه‌زه‌رد ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و نه‌ریت ‌و فێرگه‌یه‌ی ئه‌وان بوونه‌ شۆڕه‌سوار تێیدا، بۆ دواتریش بووه‌ نه‌ریتێك كه‌ زۆرینه‌ی كادران ‌و ئه‌ندامانی یه‌كێتی له‌ زیندانی فاشسیته‌كاندا په‌یڕه‌وییان لێكرد ‌و بوونه‌ سه‌رمه‌شق نه‌ك ته‌نها بۆ یه‌كێتییه‌كان، به‌ڵكو كادرانی رێكخستنی زۆربه‌ی حزب ‌و بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌وێ رۆژێ چاویان له‌و خۆڕاگرییه‌ی یه‌كێتییه‌كان ده‌كرد.
دیاره‌ شه‌هیدان خاڵه‌ شیهابی شێخ نوری شێخ ساڵح و مامۆستا جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید و كاك ئه‌نوه‌ر زۆرابی هه‌میشه‌ نه‌مر، كه‌ 43 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستگیركران ‌و 42 ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش له‌سێداره‌دران، ژیانی ناو زیندانیان ‌و شێوازی رۆیشتنیشیان به‌ره‌و په‌تی سێداره‌، بووه‌ فێرگه‌ی نه‌به‌زین و دان به‌خۆداگرتن و به‌گژداچوونه‌وه‌ی جه‌للاده‌كانی به‌عس، هه‌ر ئه‌وه‌ خۆڕاگرییه‌ش گیانی سه‌دان ‌و بگره‌ هه‌زاران هاوڕێبازیانی له‌ رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌یان پاراست ‌و به‌ سه‌ربه‌رزیی له‌ زیندان ده‌رچوون و له‌ سه‌رده‌می ئازادیدا میدالی خۆڕاگریی و بڕوانامه‌ی شانازیی و نه‌به‌زینیان به‌ به‌رۆكدا كرا، یان له‌ قۆناغی دوای زیندان ‌و رووكردنه‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی گیانی پیرۆزیان به‌ره‌و كاروانی نه‌مریی چوو.
له‌م رۆژه‌دا ده‌بێ وردتر و روونتر بیر له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی یه‌كێتی بكه‌ینه‌وه‌، چاوی وه‌فا سه‌ریه‌ك نێین و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رابردوو، ئه‌و رابرودووه‌ی یه‌كێتی له‌ داهێنانی به‌رده‌وامدابوو، جێگه‌ی هه‌روه‌ك ئێستا ئومێدی نه‌ته‌وه‌ و خاك و مایه‌ی ترس و تۆقین بوو بۆ دوژمنان، ئه‌وه‌ به‌بیرخۆمان بهێنینه‌وه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێتی بوو سه‌نگه‌ری چۆڵكراوی پڕكرده‌وه‌، كوانی شۆڕشی جۆشدایه‌وه‌و مه‌شخه‌ڵی كوردایه‌تی گڕدایه‌وه‌، ئه‌و یه‌كێتییه‌ی چاوێكی به‌ ئاگابوو بۆ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پیلانه‌كانی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌مان، باسكێكی به‌هێزبوو بۆ شكاندنی لوتی دوژمن، بیرێكی رۆشن بوو بۆ ستراتیجی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیی و بۆ ده‌سته‌كه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كان، خه‌مخۆرێكی جدیش بوو بۆ ئه‌وانه‌ی به‌دینه‌هاتبوون و هێشتا به‌دینه‌هاتوون.
به‌ڵێ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌، بۆ درێژه‌دان و نوێكردنه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و كاریگه‌رتركردنی رێبازی (مام)، رێبازی شه‌هیدان، ده‌بێ له‌م رۆژه‌دا له‌ (رۆژی شه‌هید)دا، ده‌ستی وه‌فا بخه‌ینه‌وه‌ سه‌ردڵی په‌رۆشمان و ئامانجه‌كانی شه‌هیدان بكه‌ینه‌وه‌ به‌ كاری له‌ پێشینه‌مان، بۆ ده‌ستپێكردن به‌و هه‌نگاوه‌ش یه‌كێتی هیچ كات نه‌ په‌كی كه‌وتووه‌ و نه‌ په‌كی ده‌كه‌وێت، چونكه‌ یه‌كێتی خاوه‌نی ده‌یاریه‌ك وزه‌ی له‌ بننه‌هاتوو و بیرو هۆشی وردو ژیرانه‌یه‌، خاوه‌نی خه‌ڵكی دڵسۆزو له‌ خۆبووردوو و خۆنه‌ویسته‌.
ئێستا كه‌ كۆنفرانسه‌ محه‌لییه‌كان وه‌ك ئاماده‌كاریی بۆ چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی ده‌ستیپێكردووه‌ و له‌ به‌ستی چواره‌مین كۆنگره‌ی حزبه‌كه‌ی هه‌ڤاڵانی سه‌رده‌قشكێنی خه‌باتی زیندان ‌و سێداره‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌، یاده‌وه‌ریی قاره‌مانێتی ئه‌وان و شه‌هیدانی دیكه‌ی به‌ر په‌تی سێداره‌، شه‌هیدانی گولله‌بارانكراو، شه‌هیدانی سه‌نگه‌ر، خۆڕاگرانی به‌رده‌م ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندانی دوژمن، شه‌هیدانی بێسه‌روشوێنكراو، هه‌ڤاڵانی كه‌مئه‌ندام و كه‌مئه‌ندامی سه‌نگه‌ر، هه‌ڤاڵانی خه‌باتگێڕ و كون له‌جه‌رگانه‌بووی سه‌رده‌می شاخ و هه‌ڤاڵانی ئازاو چاونه‌ترسی رێكخستنه‌ نهێنییه‌كانی شاره‌كان كه‌ ملی خۆیان له‌ تیغی دوژمن ده‌سوو، یادو یاده‌وه‌ریی ئه‌وان و هی ئه‌و خه‌باته‌ خاوێن و پڕشانازییه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هی ئه‌و هه‌موو خوێن و قوربانییه‌ی كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌كان و جه‌ماوری یه‌كێتی و ته‌واوی كوردستانیش، جارێكی دیكه‌ گورج و گۆڵمان ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌مانخه‌نه‌وه‌ به‌رده‌م به‌رپرسیارێتییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقی ئه‌وتۆ كه‌ پشت بكه‌ینه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و جارێكی دیكه‌ سه‌رله‌نوێ به‌رۆحی سه‌رده‌می گیانبه‌خشینی هه‌ڤاڵان، ته‌نهاو ته‌نها مه‌به‌ستمان به‌ گوڕكردنه‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت و بیكه‌ینه‌وه‌ به‌و یه‌كێتییه‌كه‌ی جاران و ئه‌و راستییه‌مان بێته‌وه‌ر به‌رچاو و لامان تۆختربێته‌وه‌ كه‌ به‌بێ یه‌كێتی نه‌ خۆمان هیچین و نه‌ كوردستانیش ده‌گاته‌ ئازادیی و سه‌رفرازیی یه‌كجاره‌كی، ئه‌و راستییه‌كه‌ی كه‌ (مام)ی گه‌وره‌ به‌ وردی ده‌ركی پێكردبوو كه‌ ده‌یوت: (سه‌روه‌رییمان، مانه‌وه‌مان، گه‌شه‌كردنمان به‌نده‌ به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌).
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه‌ بۆ ئێمه‌ی یه‌كێتییه‌كان و نیگه‌رانییشه‌ بۆ نه‌یارو ناحه‌زه‌كانمان، ئه‌وه‌یه‌ جه‌وهه‌ری ره‌گی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ جۆرێكه‌ به‌رگه‌ی به‌هێزترین زریان و ده‌گرێت و دره‌ختی به‌رهه‌مداری یه‌كێتی نه‌ ده‌كه‌وێ و نه‌ ده‌نه‌وێ، كه‌ی بیه‌وه‌ێ قه‌ڵه‌مبازی گه‌وره‌ ده‌دات و به‌ بازێك هه‌موو ورده‌ خاشاك و ئاوماڵێكی لافاوی لێڵ راده‌ماڵێ، هه‌روه‌ك له‌ رابردوودا بینراوه‌و له‌ داهاتووشدا ده‌بیندرێ، گۆڕانكاریی گه‌وره‌ به‌دیدێنێ و بۆ ئاشتی و ئاوه‌دانی و ژیانی ئارام كۆتره‌ سپییه‌كه‌ و بۆ شه‌ڕو گێچه‌ڵه‌كانیش، پڵنگه‌كه‌ی مه‌شخه‌ڵانه‌.
بۆیه‌ ئه‌ی دۆست، تۆش ئه‌ی دوژمن، ئه‌و راستییه‌ چاك بزانه‌.
سڵاو بۆ رۆحی پاكی خاڵه‌ شیهاب و هاوڕێ مه‌رگبه‌زێنه‌كانی، بۆ گیانی پاكی گشت شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ برینداران و كه‌مئه‌ندام و زیندانیانی سیاسی و پێشمه‌رگه‌دێرینه‌كان و بۆ جه‌ماوه‌ره‌ خۆڕاگر و خۆنه‌ویست و دڵسۆزه‌كه‌ی.
به‌رزو پیرۆزبێت رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*