سەرەکی » راپۆرت » ژنانی گوند خواردنی زستانە ئامادە دەکەن

ژنانی گوند خواردنی زستانە ئامادە دەکەن

محەمەد حەسەن

خواردنی کوردیی بە تام و چێژی خۆی لە گوندەکانی کوردستاندا ماوەتەوە، ژنان سەوزە و میوە وشک دەکەنەوە بۆ شەوچەرە و ڕازاندنەوەی خوانی زستان، هەڵیدەگرن.
هاوشێوەی گوندەکانی دیکە، ژنانی ئاڵێڕەشی بناری قەندیل دەست بە ئامادەکاریی بۆ خواردنی زستان دەکەن، ئەگەرچی لە شارەکاندا بۆ خواردنی زستان پشت بە بەفر گر دەبەسترێت، سەوزەی وەک تەماتە، لۆبیا، بامیە، پاقلە و چەندانی دیکەی لەناودا هەڵدەگرن، بەڵام گوندنشینان پێیانوایە، بەفرگر چێژی خواردنەکان وەک خۆی ناهێڵێتەوە و خواردنی بەستوو بۆ تەندروستییش باش نییە، بۆیە هاوشێوەی ساڵانی زوو سەوزەکان وشک دەکەنەوە و لە زستاندا خواردنی جۆراوجۆری پێ دروست دەکەن.
زەینەب حسێن، لەگەڵ ژنێکی دیکەی گوندەکەیان سەرقاڵی جنینی لۆبیا بوو تا وشکی بکاتەوە بۆ زستان، بەم جۆرە باسی ئامادەکردنی خواردنی کرد وەرزی سەرما و بە ڕۆژنیوزی وت: بەشێک لە بەرهەمی باخچەکانمان هەڵدەگرین بۆ زستان، زیاتر لەتکە تەماتە، لوبیا، بامیە، بیبەر وشک دەکەینەوە، بەشێک لە خەڵک بە زەردکراوی دەیانخەنە ناو بەفرگرەوە، بەڵام خواردنی وشککراوە بۆ تەندروستیی باشە.
ئەو ماڵانەی باخی میوەیان هەیە، میوەکانیش وشک دەکەنەوە بۆ بەڕێکردنی شەوگاری درێژی زستان، کاتێک خزمان پێکەوە لە ماڵێک کۆدەبنەوە هەنجیر، مێوژ، گوێز و توو وەک شەوچەرە بەکار دەهێننن، کاتێکیش میوانێک لە شارەوە دەچێتە لای خزمە گوندنشینەکەی، خانەخوێ بە شەوچەرە و خواردنی تایبەتی کوردەواریی خزمەتی دەکات.
ژنان، لە وەرزی هاوینیشدا زۆر خواردنی دیکەیان ئامادەکردووە و هەڵیانگرتووە بۆ زستان، لەوانە (دۆینە، ساوەر، قەرەخەرمان، ترخێنە، کەشک) و چەندین جۆری دیکە.
ئامینە حەسەن، دانیشتووی گوندی ئاڵێڕەش سەرقاڵی توانەوەی کەرە بوو تا بیکات بە ڕۆن و بیخاتە ناو هیزەوە و بەو ڕۆنە تامێکی تایبەت بە خواردنەکانی ببەخشێت.
ئامینە، باسی لەوە کرد، کە منداڵ و گەنجی ئێستا هاوشێوەی ڕابردوو گرنگیی بە خواردنی کوردەواریی نادەن و وتی: منداڵو گەنجی ئێستا ئەم ڕۆنە ناخۆن، دەڵێن بۆنی دێت، بەڵام نازانن سودی زۆر باشی بۆ تەندروستیی هەیە.
ئامینە حەسەن، ئاماژەی بە گیانی هەرەوەزیی لەناو گوندنشینان-دا کرد و وتی: ژنانی گوند زۆر هاوکاریی یەکتریی دەکە، کەس بە تەنیا نان ناکات، بەیەکەوە کارەکان ئەنجام دەدەین، ئەمڕۆ دراوسێکەم هاوکاریی من دەکات، منیش سبەینێ هاوکاریی ئەو دەکەم.
رۆژنیوز

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*