سەرەکی » دۆسێ » داوا دەكرێت كەرتی فێركاریی لە خۆپیشاندانەكان بەدووربگیرێت

یادی رۆژی منداڵ لە عیراق هەڵدەوشێنرێتەوە

داوا دەكرێت كەرتی فێركاریی لە خۆپیشاندانەكان بەدووربگیرێت

لەگەڵ هەڵكشانی تەوژمی خۆپیشاندان و مانگرتنی زۆرێك لە دامودەزگا حكومییەكان لە دەوامكردن و داخستنی دامەزراوە گرنگەكانی دەوڵەتی عیراقی، داوا دەكرێت كەرتی فێركاریی لە خۆپیشاندانەكان بەدووربگرێت، بەو پێیەی كەرتێكی گرنگ و پەیوەندی بە ئایندەی زانست لە وڵات و دواڕۆژی نەوەكانی وڵاتەوە هەیە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی لە دژی خۆپیشاندەران كە تائێستا زیاتر لە 300 كوژراو و 15 هەزار برینداری لێكەوتووەتەوە، زۆربەری هەر زۆری قوربانییەكان منداڵ و مێردمنداڵن.

هەڵوەشاندنەوەی رۆژی منداڵان لە عیراق
ڕێكخراوی یۆنسێف لە عیراق، ئاهەنگی یادی رۆژی جیهانی منداڵ لە عیراق هەڵدەوەشێنێتەوە، هۆكاری ئەم هەنگاوەش بۆ كوژرانی منداڵان و مێردمنداڵەكان لە عیراق دەگێڕێتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەك، كە لەلایەن ڕێكخراوی یۆنسێف لە عیراق لە 20ی تشرینی دووەمی 2019 بڵاوكرایەوە، “رۆژی جیهانی منداڵ، كە تێیدا جیهان ئاهەنگ دەگێڕێت بەبۆنەی 30 ساڵەی تێپەڕینی ڕێككەوتنی مافەكانی منداڵ، كە تێیدا تەواوی مافەكانی مرۆییەكانی منداڵ لەخۆدەگرێت، بە مافی پاراستن و بەدوورگرتنی لە توندوتیژی و مافی فێركردن و تەندروستی و مافی ڕادەبڕین”.
یۆنسێف دەڵێت: “140 دەوڵەت ڕێككەوتنی مافی منداڵیان واژۆ كردووە، كە یەكێكیان عیراقە، ئەمەش بە زۆرترین پەیماننامەی نێونەتەوەیی دادەنرێت، كە بەدرێژایی مێژوو پەسەندكراوە”.
هەر لە بەیاننامەكەی رێكخراوی جیهانی منداڵان، كە سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە، هاتووە، “لە سەرەتای ساڵەوە ڕێكخراوە چاوی لەوە بڕیبوو لە عیراق ئاهەنگ بەو بۆنەیەوە بگێڕدرێت، بەڵام ناچاربوون هەموو ئاهەنگەكان هەڵبوەشێننەوە، بەو هۆیەی لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ڕابردووەوە منداڵان و مێرمنداڵان لە عیراق دەكوژرێن”.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوودا، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا سەدان كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون، بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانیش، ژمارەیەكی زۆر لە قوربانییەكان منداڵ و مێردمنداڵن.

داوا دەكرێت كەرتی فێركاریی بەدووربگیرێت
هەر لەو چوارچێوەیەدا رابەری رەوتی سەدر داوا لە مامۆستایان و خوێندكاران و كارمەندانی كەرتی تەندروستی كرد لە كاتی بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكانی عیراق، ئەوان خۆیان لە مانگرتن و خۆپیشاندان بە دوور بگرن،» چونكە فێربونی زانست و خزمەتكردنی هاووڵاتیان ئەركی لە پێشینەی ئەوانە».
پەیجی ساڵح محەمەد عیراقی، كە بە كەسێتییەتی نزیك لە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر دادەنرێت، لە 24ی تشرینی دووەمی 2019 بڵاویكردبووەوە»هێزە ئەمنییەكان بەشێكن لە گەلی عیراق و ئەركیان پاراستنی خۆپیشاندەرانە».
بەپێی پەیجەكەی ساڵح محەمەد عیراقی»سەدر رازی نەبووە و رازیش نییە وێنەكانی لەلایەن لایەنگرانییەوە بەكاربهێنرێت و دروشمەكانی بەرزبكرێتەوە، داواش لە خۆپیشاندەران دەكات پابەندی رێنماییەكانی بن».
هەر لە نوسینكەدا هاتووە»هیچ عیراقییەك رازی نییە گەندەڵكاران بەشداربن لە نوسینەوەی یاسای هەڵبژاردن وكۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوان سوپاسی ئەو لایانانەی پەرلەمان دەكەن كە بەشێك نەبوون لە رێككەوتننامەی شكستخواردوەكەی ئەم دواییەی نێوان لایەنە سیاسییەكان».
پێشتر لەسەر كاریگەریی خۆپیشاندانەكان لەسەر خوێندكاران لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاندبوو، ئەوان لە راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە ژمارەیەك خوێندنگەكان لە شارە جیاجیاكانی عیراق نیگەرانن، بەپێویستیشی زانیبوو حكومەت گرنگی زیاتر بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن بدات و پێداویستییەكانی بۆ فەراهەم بكات.

تۆمەتی تیرۆر بۆ ئەوانەی خوێنگەكان دادەخەن
هەر لە بارەی راگرتنی خوێندن لە خوێندنگەكان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ڕایگەیاندبوو، بەتۆمەتی تیرۆر فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەوانە دەردەكرێت، كە خوێندنگەكان دادەخەن.
لیوا عەبدولكەریم خەڵەف، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە 18ی تشرینی دووەمی 2019 لە بەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاندبوو، “بەپێی یاسای بنبڕكردنی تیرۆر، فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەوانە دەرچووە، كە خوێندنگەكان دادەخەن”.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەڵێت: “داخستنی خوێندنگەكان تاوانێكی گەورەیە و ئەوانەی ئەنجامی دەدەن، دەستبەجی ڕووبەڕووی دادگا دەكرێنەوە”.
پێشتر عەبدولكەریم خەڵەف ڕایگەیاندبوو، “گوشار خستنە سەر بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگەكان بۆ ڕێگرتن لە دەوام، تاوانكارییە و دەبێتە مایەی دروستبوونی تەنگژەیەكی پەروەردەیی لە خوێندنگەكانی ناوەڕاست و باشوور.
لە هەمان كاتدا محەمەد بدێری، نەقیبی مامۆستایان لە نەجەف بانگەوازێكی ئاراستەی بەڕێوەبەری خوێندنگەكان كرد و داوای لێ‌ كردن بایكۆتی دەوام بكەن و مامۆستایان و خوێندكاران بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەن.
بە گوتەی بدێری، بەرپرسانی پەروەردە لەم دۆخە ئاڵۆزەدا مامۆستایان و خوێندكارانیان لە دەوامدا جێهێشتووە و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە.
چالاكوانان داوای مانگرتنی گشتییان كردبوو لە پارێزگەكانی ناوەڕاست و باشوور بۆ گوشارخستنە سەر حكومەت لەپێناو جێبەجێكردنی داواكاریی خۆپیشاندەران، لە هەمان كاتدا خۆپیشاندەرانی ناڕزایی لە ناوەڕاست و باشووری عیراق، وەك بەدەنگەوەچوونی مانگی گشتی، خوێندنگەكانیان داخستبوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*