سەرەکی » راپۆرت » رێگرییەكانی بەردەم رێكەوتنی هەرێم و بەغدا

شرۆڤەی رۆژ

رێگرییەكانی بەردەم رێكەوتنی هەرێم و بەغدا

هەواڵ و بەدواداچوون

حكومەتی هەرێم گەیشتنە دەرەنجامی كۆتایی گفتوگۆ و رێكەوتنەكانی لەگەڵ بەغدا و وەزارەتی دارایی عیراق راگەیاند و داواشدەكات «رێكەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت و فراكسیۆنە كوردستانییەكان پشتیوانیی لێبكەن».
ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە بەوجۆرەیە هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات و پشكی لە بودجەی خەمڵێنراوی عیراق 10 ترلیۆن و نیو دینار دەبێت.
تائێستا رێكەوتنەكە تەنها لە نێوان وەزارەتی دارایی عیراق و هەرێمدایە، بەڵام قۆناغی دووەمی رێكەوتنەكە پەیوەندیی بە ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە و هەرێم چاوەڕێی هەردوو ئەنجومەنەكە دەكات بۆ ئەوەی رێكەوتنەكە پەسەند بكەن، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە هەندێك لایەن لە ئەنجومەنی نوێنەران گرفت بۆ رێكەوتنەكە دروست بكەن.

رێگرییەكان چین؟
هاوپەیمانیی فەتح لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت «حكومەتی هەرێم لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، بەڵام بڕەكەی تر هەرێم خۆی دەیفرۆشێت بۆ دانەوەی قەرزەكان و حەقدەستی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان»، هاوپەیمانییەكە دەشڵێت: وەفدی هەرێم لە بەغدان تا لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە ژمارەیەك رێكەوتن بكەن و قەرزەكانی ساڵانی رابردوو بسڕنەوە، بەڵام ئێمە لێناگەڕێین ئەو رێكەوتنە لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێت.
هاوشێوەی فەتح، دەوڵەتی یاساش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت «حكومەتی ئێستا، حكومەتێكی كاربەڕێكەرە و ناتوانێت ئەو رێكەوتنە و هیچ رێكەوتنێكی تر ئیمزا بكات»، جەخت لەوەش دەكاتەوە «دۆسێیەكی وەك نەوت و بودجە ئاسان نییە لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەرەوە رێكەوتنی لەبارەوە بكرێت».

پەرلەمانتارێك: پێدەچێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پڕۆژەی بودجە بگاتە نوێنەران
لە بەرامبەردا شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەگەر هەر لایەنێك بەڵگەی هەیە لەسەر هەر شتێك، با بیدەنە دادگا، ئەگەرنا ئێمە قبووڵمان نییە ئەوان كار لەسەر بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان بكەن و لێنەگەڕێن پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 تێپەڕێت، راشیگەیاند: پێدەچێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی تێدا جێگیركراوە.
ئێستا پرسیار ئەوەیە، ئایا لە ئەنجومەنی نوێنەران، لایەن و فراكسیۆنەكان ئەوانەی كە رێكەوتنەكەیان بە دڵ نییە و روونە لە كوێ و بە كام ئەجێندا لێدوان دەدەن؟، دەتوانن رێگری لەو رێكەوتنە بكەن و نەهێڵن دەنگ بە ماف و شایستە داراییەكانی هاووڵاتیانی هەرێم بدرێت؟. بۆ ئەوە دەبێت هەم فراكسیۆنەكان و هەم حكومەت چ رێكارێك بگرنەبەر بۆ ئەوەی روبەڕوی هەر جۆرە دەستكاری و رەتكردنەوەیەكی رێكەوتنەكە ببنەوە؟. ئەمەش لەكاتێكدایە ئێوارەی دوێنێ عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند: حكومەتی كاربەڕێكەر ناتوانێت پڕۆژەیاسای بودجە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*