سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » تاڵه‌بانی له‌ عیراقی و پوتین له‌ روسیا!

لەناو روداوەکاندا

تاڵه‌بانی له‌ عیراقی و پوتین له‌ روسیا!

له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست دا به‌گشتی و له‌ عێراقی دوای‌ ڕوخاندنی ڕژێمه‌كه‌ی‌ «سه‌دام حسێن» دا به‌ تایبه‌ت ته‌نها فریای ئه‌وه‌ ده‌كه‌وین ناوی‌ سه‌رۆك و سه‌رۆك وه‌زیران و قۆناغی حكومه‌تداریان بزانین و ئاگامان لێی بێت. ئه‌م هاتن و چوونه‌ش به‌ پله‌یه‌كی زۆر بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ گۆڕانی سه‌رۆكه‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت له‌ عێراقدا هه‌ڵگری‌ گوژمه‌یه‌كی به‌هێزی گۆڕانكاری ئه‌وتۆ نه‌بوون له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه‌ داوای‌ مانه‌وه‌یان بكرێت، به‌ڵكو زۆرێكیان به‌ خوێنڕشتن و هه‌ندێكی دیكه‌یش به‌ «ارحل ، ارحل»ی هاوڵاتیان ده‌سه‌ڵاتیان جێهێشت و هوو ! دران.
له‌ عێراقدا و دوای‌ مێژوویه‌كی دوور له‌ تاك ده‌سه‌ڵاتی‌ و سیستمێكی دیكتاتۆری‌ فاشیستی به‌عسی و نائومێدی هاوڵاتیان له‌ قۆناغێكی مێژوویی و بازدانی مێژوویی، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی سه‌رۆك «مام جه‌لال تاڵه‌بانی»، عێراق له‌ناوخۆدا بۆ یه‌كه‌مجار په‌رده‌ی نمایشێكی نوێی له‌ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات دادایه‌وه‌، له‌ئاستی ده‌ره‌وه‌شدا به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕوانككراو بازدانێكی گه‌وره‌ و كرانه‌وه‌یه‌كی مێژوویی كرد كه‌ له‌ مێژووی‌ عێراقدا هه‌رگیز عێراقییه‌كان قۆناغێكی وه‌هایان به‌خۆیانه‌وه‌ نه‌بینیووه‌. كاریگه‌رییه‌كانی‌ ئه‌م قۆناغه‌ به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ كاریگه‌رو پڕ به‌رهه‌م بوو كه‌ له‌دوای‌ ژیانئاوایی سه‌رۆك «تاڵه‌بانی»ش هێشتا باس له‌ ڕۆڵ و پێگه‌ی‌ مێژوویی تاڵه‌بانی ده‌كرێت و باس له‌په‌یام و دیدگا و فه‌لسه‌فه‌ی تاڵه‌بانی ده‌كرێت بۆ عێراقی ئێستا. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كه‌ «تاڵه‌بانی» به‌نه‌مریی‌ بمێنێته‌وه‌.
قۆناغی تاڵه‌بانی له‌عێراقدا به‌وه‌ له‌قۆناغه‌كانی‌ دیكه‌ جودا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌رچی لایه‌نه‌كانی‌ شیعه‌ و سوننه‌ له‌ مێژوویاندا له‌سه‌ر هیچ سه‌رۆكێك و زۆرینه‌ی‌ بنه‌ما دینییه‌كان و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری‌ ئیسلامیش كۆك نه‌بوون، به‌ڵام له‌سه‌ر «تاڵه‌بانی» كۆك بوون و هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌ مه‌زهه‌بییه‌كه‌ له‌سه‌ر خوانه‌كه‌ی‌ تاڵه‌بانی دانیشتن. به‌واتایه‌كی دیكه‌ قۆناغی تاڵه‌بانی قۆناغێكه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مێژووی عێراقه‌. قۆناغێكه‌ نه‌ك سیناریۆ و پیلانی دوورخستنه‌وه‌ و تیرۆركردنی‌ نه‌بوو به‌ڵكو به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك عێراق هه‌ڵده‌كێشێته‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ سیاسی له‌ناوچه‌كه‌دا و جارێكی دیكه‌ عێراق ده‌باته‌وه‌ ناو مه‌حفه‌لی ده‌ولی و هه‌موو ئه‌و لینكه‌ دیپلۆماسیانه‌ی‌ عێراق كه‌ بچڕابوون گرێی دایه‌وه‌ و سه‌ر له‌نوێ كه‌وتنه‌وه‌ كار.
هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و قۆناغه‌ی‌ عێراقی تاڵه‌بانی، ته‌نها وێنه‌یه‌ك ئێستا له‌ واقیعدا وجودی هه‌یه‌، ڕوسیای‌ پوتینه‌. له‌دوای‌ جه‌نگی به‌ناوبانگی ئه‌فغانستانه‌وه‌ كه‌ ده‌گوترێت به‌ په‌ڕینه‌وه‌ی‌ سه‌ربازه‌كانی‌ سۆڤییه‌ت له‌ ڕوباری‌ «ئامۆداریا» ئیدی بلۆكی سۆڤییه‌ت هه‌ره‌سی هێنا و دابه‌شبوو بۆ چه‌ندان وڵاتی دیكه‌، له‌و ده‌مه‌وه‌ بۆ چركه‌ساتی گه‌یشتنی پۆتین له‌ ساڵی (2000) بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌موو جوڵه‌ سیاسی و و دپلۆماسی و سه‌ربازی و ئابوورییه‌كانی‌ ڕوسیا وه‌ستابوون له‌سایه‌ی‌ سه‌رۆك «یه‌ڵتسین» كه‌ ئه‌ویش دواجار ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه‌ ، به‌ڵام پوتین له‌و كاته‌وه‌ كه‌ 53%ی ده‌نگه‌كانی‌ به‌ده‌ست هێنا تاكو هه‌ڵبژاردنی (2018) كه‌ جارێكی دیكه‌ وه‌ك سه‌رۆكی ڕوسیا هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و تاكو هه‌نوكه‌، هێنده‌ پێگه‌ی‌ ڕوسیای‌ به‌هێزكردووه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا چه‌ندان نازناویان پێبه‌خشراوه‌ له‌وانه‌ «قه‌یسه‌ر، دیكتاتۆر، سته‌مكاره‌كه‌ی‌ مۆسكۆ، زاڵمه‌كه‌ی‌ سه‌ده‌ی‌ 21، ده‌جالی گه‌وره‌و پیاوی ده‌ره‌وه‌».
ئه‌وه‌ی‌ له‌م به‌راوردكارییه‌وه‌ پێیده‌گه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانی سه‌رۆكه‌كان به‌ سه‌رۆكێكی نوێ به‌بێ ده‌ستكاریكردنی‌ لۆژیكی به‌ڕێوه‌به‌ری‌ و سیستم بێت و دنیابینی نوێی تێدانه‌بێت و هه‌ڵگری‌ خه‌ونی گه‌وره‌ نه‌بێت، شتێكی ئه‌وتۆ له‌دنیای هیچ وڵات و زلهێزێك ناگۆڕێت و هه‌نگاوێك ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ مێژوو.
ئه‌گه‌ر فراوانتریش له‌و دوو نمونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ قسه‌ بكه‌ین، هه‌ردوو گه‌ڕی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ وڵاتانی‌ عه‌ره‌به‌ كه‌ به‌كوشتن و ڕۆیشتنه‌كانی‌ سه‌رۆكه‌كانیان شكایه‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ئه‌و سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ی‌ كه‌ دوای‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می خۆپیشاندانه‌كان گه‌یشتنه‌ ده‌سه‌ڵات پرۆژه‌و خه‌ونی بنیادنانی‌ وڵاتێك و سیستمێكی تازه‌یان پێنه‌بوو، جارێكیتر هاوڵاتیان ڕۆشتنه‌وه‌سه‌ر شه‌قامه‌كان و گه‌ڕی‌ دووه‌می خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستی پێكرده‌وه‌. عێراقیش وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی دیكه‌ی‌ نێو ئه‌م بازنه‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ گۆڕانی سه‌رۆكه‌كان شتێكی نوێ نابێت ئه‌گه‌ر سه‌رۆكه‌ نوێیه‌كان وه‌ك «تاڵه‌بانی» خه‌ونی گه‌وره‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ و ده‌وڵه‌تدارییان نه‌بێت. یان ئه‌گه‌ر سه‌رۆكه‌كان خه‌ونی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌یان نه‌بێت ئه‌وا هیچ سه‌رۆكێك ناتوانێت ببێت به‌ تاڵه‌بانی له‌عێراق و پۆتین له‌ڕوسیا.

print

 49 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*