سەرەکی » ئاراستە » حاجی سەراویپەڕە 2

حاجی سەراوی

ئازاد سه‌راوی

وەك چۆن هەڵۆ لە لوتكەدا نەبێ‌ نامرێ‌، هەمیشە بەرز دەڕوانێ‌ و بەرز دەفڕێ‌، هەرلە وێدا هێلانە درووست دەكات و لە بناردا ئۆقرە ناگرێ‌، حاجی سەراویش وەهابوو هەربەرەو لوتكە دەیڕوانی، لە لوتكەدا هێلانەیەكی دروستكرد لەوێ‌ ژیا، لە مەرگیشدا لەبەرزی دا چاوی لێك نا.
لوتی دەروازەو كونەڕۆن دوو نیگای تۆن، لە گەردنی بەرزی گمۆت هاڵاندوون و بۆیەكتری پێدەكەنن، دێن و دەڕۆن، دوو نیگاو دوو چۆڕەی خوێنی لەبەر ڕۆیشتووی زامەكانت، دەتكێنە سەردڵی خاك و هەزاران گوڵ خونچە دەكەن و دەپشكوێن.
ڕەوت و ڕێگەت لە پشت خۆتەوە دەڕۆیشتن، هەنگاوەكانت دەبوونە سێبەرێك و جێت دەهێشتن، هێند گورج و گۆڵ و ئازا بوویت قاچەكانت تێك دەهاڵان لە پێش خۆتەوە دەگەیشتن.
لە هەڵمەتدا چاوەكانت دەبریسكان و دەبوونە مانگ و ئەستێرە و دادەگیرسان، هەتا مۆڵگەو پێگەی دوژمن خامۆش دەبوون، دادەمركان، چاوەكانت بڵێسە بوون و دەسووتان.
رێگەی شاخەكانی گوڵێ جێپەنجەو هەنگاوی خیرات بەسەر سێرەی تفەنگەوە، بەسەر (گوڵێ‌)وە جێ‌ دێڵێ‌، پەنجەكانت دەبنە بزوێنەری تفەنگ، كە بەلەپیتكە دەترازێ‌ دەبنە هاڕەو هاوار و دەنگ، هەنگاوەكانت هێند گورجن هێندە خێرابوون، بە تەوێڵی ماوەتەوە بەجێمابوون، ببوون بەڕەنگ، بە تارمایی و بە ڕووناكی دوای شەوەزەنگ.
زۆر رەنج و ئازارت كێشا، زۆرت هەوراز و ڕێ بڕی، زۆر ئارەقەت هەڵڕشت و ڕشت، زۆر فرمێسكی شاخ و دەربەندوو ڕێت سڕی، لە هەڵمەت و پەلاماردا دەستەی پێشەوەی هێرش بوویت، لە ژێر بەلەپیتكەتەوە هەزاران گوللە هەڵفری، نەك لە مەرگ نەترسایت و دانەچڵەكایت، تۆ مردن و مەرگت كڕی، لە نێوان گۆڕ و مەرگدا گەڕایتەوە، زامدار بوویت و هەستایتەوە، رێبواری ئە و كاروانە بوویت تۆیی گەیاندە دوا مەنزڵ و گیانت سپارد، بەبەهەشتی نەمران و ڕێبوارانی بەختەوەری.
سێبەرەكانی ئێوارەی بنار و دامێنی گمۆ، شەكەت و ماندوو هیلاكن بۆ مەرگی تۆ، وەك نەغمەیەكی تاساون لە گەرودا، بۆ كۆستی تۆ، لەوكاتەوە هەتا ئێستا گشت ئێواران كەسێبەر دادەگەڕێت و دەگاتە دێ‌، كە چراكان كزدەبن و دەشت و دەر ڕەش هەڵدەگەڕێ‌، لە نێو شەوو ڕەشایدا دەبنە نەغمەیەكی غەمگین، بۆیادی تۆ بەكوڵ دەگرین،گوڵی برین.
كێوو لوتكە و هەوراز و تولە ڕێی ئێرە تۆ دەناسن، وێنەت بە سنگ و بەرۆك دا هەڵدەواسن، هەڵمەت و نەبەزینی تۆ تائێستاكەش گەرمترین باس و خواسن، تۆپیاوێك بوویت پەسەن، ڕەسەن، لە نێو كۆڕی تێكۆشاندا كەم و دەگمەن، تۆ بوویت لە ئەنفالدا دەت وت گەر ئەم شۆڕشەش نەمێنێ‌ خۆم هەڵدەگرم بۆ خەبات و بزاڤ و شۆڕشێكی تر، ورەت هێندە پۆڵاین بوو لە سەنگەردا بۆ نیشتمان دەبوویتە پرد، هێندە جەسورو چەلەنگ بوویت هەتا برینەكانیشت گوڵیان دەگرت.
سەنگەر هەر چاوی لە ڕێتە كەی دێیتەوە ، كەی دەبیتە كانیە بەهارەی كوێستان و دەژێیتەوە، كەی دەبیتە دوو فرمێسك و لە چاوەكانی سەنگەردا دەزێیتەوە، تۆ ئەو سروودە نەمرەبوویت هەر دەیڵێین و هەردەیڵێین و نابڕێتەوە، هەردوو سەنگەر عەیامێكە چاوەڕێتن، هەرچاوەڕێن وەك خۆرەتاو لە دەم كەلی نیشاماندا هەڵ بێیتەوە، داخم ناچێ‌ جارێكی تر لە ناو دڵی هەردوو سەنگەر گوڵ دەرناكەیت، ناڕوێیتەوە.
لە خواكورك بوویتە تابلۆیەك هەمیشە هەڵواسراوی، بوویتە میلی رادیۆیەك و تا ئێستاكە بانەدراوی، بوویتە جوانترین گوڵی خوێن، ئەو گوڵانەی لە خوێنی ڕژاوی تۆدا هەموو ساڵێ‌ سەردەردێنن و دەڕسكێن.

 171 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*