سەرەکی » ئابووری » دەكرێ بەم شێوەیە مـووچە پاشەكەوتكراوەكان بدرێنەوە

دەكرێ بەم شێوەیە مـووچە پاشەكەوتكراوەكان بدرێنەوە

رزگار حەمەڕەحیم

گومانی تێدا نییە پاشەكەوتكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، كارێكی نەخوازراو بوو بۆ حكومەتی هەرێم، كە دووچاری ئابوورییەكی سەخت بووەوە، هەمووانیش دەزانین و لەبیرمانە كە ئەم داهێنانە سەر سوڕهێنەرە لە كەسێكی ئابوورینەناسەوە داهێنرا، حكومەتی هەرێمیش وەك هەنگوینی لەكلۆرە دارا دۆزیبێتەوە دەستبەجێ سیستمەكەی جێبەجێكرد، بەبێ ئەوەی تاوتوێی لایەن خراپەكانی ئەم بڕیارە بكات.

(2) مانگ بۆ ساڵێك
ئەوەبوو بڕیارەكە بووە هۆی دابەزاندنی ئاستی بژێوی مووچەخۆران بۆ رادەیەكی زۆر خراپ‌و حكومەتی هەرێمیشی خستە دۆخێكی زۆر خراپەوە، ئێستا حكومەتی هەرێم بڕێكی ئێجگار زۆر پارەی لای هاووڵاتیانە، لەبری پارەی (ئاو و كارەبا و..تد)، لەبەرامبەریشدا مووچەخۆران بە دەیان مانگ مووچەیان لای حكومەتی هەرێمە، بۆ چارەسەركردنی ئەم دۆخە هەمووان دەزانین كە حكومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەك بەم دۆخەی ئێستایەوە ناتوانێت ئەو مووچە پاشەكەوتكراوانە بگێڕێتەوە بۆ مووچەخۆران، بەم شێوەیەش ناتوانێت فشار لە هاووڵاتیان بكات بۆ پێدانی ئەو بڕە پارانەی كە لای هاووڵاتیانە، بەڵام حكومەتی هەرێم دەتوانێ بەم شێوەیە هەنگاو بنێت‌و بڕیار بدات بەشێوەیەكی لەسەرخۆ مووچە نەدراوەكانی مووچەخۆران بداتەوە ئەویش بەوەی كە هەموو (25) رۆژ جارێك مووچەیەك دابەش بكات لە بری (30) رۆژ جارێك، واتە هەموو مانگێك (5) رۆژ مووچە پێشبخات، بەم شێوەیە لە ساڵێكدا كە (12) مانگە دەكاتە (12 × 5 = 60) رۆژ لە ساڵێكدا مووچەی پێشخستووە كە دەكاتە (2) مانگ بۆ ساڵێك.

هەڵاوسانی ئابووریش روو نادات
بەمەش بە چەند ساڵێك دەتوانێ مووچەنەدراوەكان بداتەوە، بەم شێوازەش مووچەخۆران بژێویان باش دەبێت‌و قورساییەكی زۆریش ناكەوێتە سەرشانی حكومەتی هەرێم، هەڵاوسانی ئابووریش روو نادات، بەڵكو حكومەتی هەرێم ئەم پێشنیازە تاوتوێ بكات‌و ئاهێك بهێنێتەوە بەر ئەو بێ متمانەیەی كە لەنێوان حكومەتی هەرێم و مووچەخۆراندا دروست بووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*