سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » «بەیتەكان عەیبی مەكەن خوار و كەچن»

«بەیتەكان عەیبی مەكەن خوار و كەچن»

ره‌هبه‌ر سه‌ید برایم

بەسەربەرزی و شانازی و شكۆیی، حەزرەتی حاجی قادری كۆیی، شاعیرێكی مەزن و نەتەوەیی و پێشكەوتن خواز بووە، پێش قۆناغی خۆی كەوتووە و دووربین و بە پێشنیاز بووە، سەلماندویەتی خەونی شاعیرانە مەحاڵ نیە، بەیرەقی كوردان، سەربەخۆیی هەر تەنها خەیاڵ نیە، گەر گەشتێ‌ بكرێ‌ بەناو شیعرەكانیدا، لە بواری زمان و رۆژنامەوانیدا، لە پەیام و داهێنان و هونەری جوانیدا، بێ‌ گرێی لە شیعرە نیشتیمانیەكانیدا، دەردەكەوێ‌ بۆ گەلەكەی سووتاوە، برژاوە، سەری بۆ لە قوڕ هەڵهێناوە، بێ‌ تەم و مژ، بێ‌ ئارایش، شیعری نەتەوەیی داناوە، خۆی وەرام دەداتەوە، دەبا بەناخی شیعرەكانیدا رۆبچن بۆ ئەوەی بەهەڵەدانەچن:

بەیتەكان عەیبی مەكەن خوار و كەچن
مەقسەدم لەم بەند و باوە دەربچن

حاجی قادری كۆیی نەك هەر شاعیرێكی مەزن و بەتوانا بووە، بەڵكو سیاسەتمەدارێكی ژیر و وریا و بە ئاگابووە، گەشبین و بە بڕوا، بەهیمەت بەهیوا، ڕێگا پیشاندەر و بەرچاو ڕون و دڵسۆزێكی كۆلنەدەر بووە، نیشتیمان پەروەری لێ‌ بۆتە عیللەتی سەوداو دەربەدەربووە، شیعرەكانی وەك دەستووری كوردایەتین، كورد هەیە دیوانەكەی لە بن قورئان دادەنێ‌:

(پێ‌ لەسەر تاقی مەه و ئەیوانی كەیوان دادەنێ‌)

شیعری دارشتووە لەسەر بنەمای زانستی و هونەری جوانی، بەهۆشیار كردنەوەی میللەت و یەكگرتنی چین و رۆلەكانی، لە پێشخستنی ئابووری و جۆشدان و پەیداكردنی پشتیوانی، هەڵگری ئاڵا و ڕامیاری بۆ سەربەخۆیی كوردستانی، مێژووی كورد و ناو هێنانی شاعیران و بەگژداچوونی كۆنە پەرستی و نەزانی، (شیعرەكانی دەلیل و برهانە) گەربەوردی و قوولی لێك بدرێتەوە بەشێوازی زانستی، بە ڕوونی و ڕۆشنی، بە ئاشكرا و ڕاشكاوی لە شیعرەكانی دەردەكەوێ‌، مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم لەبارەی بیرو شیعری حاجی قادری كۆیەوە دەبێژی: (بۆیە جوانی و بەرزی باڵای لە دارشتنی شیعر ئەكا بە قوربانی سودمەندی واتاكەی ئەوەی لە شیعر ئەوێ‌، باوەڕی وابووە هونەر دەبێ‌ بۆ گەل بێ‌) نەك بۆ ڕازاندنەوەی ڕستە و ئارایشی غەزەل بێ‌، حەزرەتی حاجی هەڵگری بەهای مەڵۆیەك داهێنان ئامێزە، بەكەرەستەی رۆح نەخشاون و غەزەلەكانی بەهێزە، شیعر فەلسەفەی تێدایە هونەرە، هونەریش لە واقیع یاخیی دەبێت، شاعیری بە توانا (ئیلیۆت) پێ‌ی وایە ئەركی سەرشانی شاعیر ئەوە نیە ڕستەی ڕازاوە و شێوازی زەركەفت و گوزارەی سەرسور هێنەر بێنێتە كایەوە، بەڵكو ئەركی گەورەی شاعیر ئەوەیە دەست نیشانی شتەكان بكات، هەروەكحاجی قادری كۆیی كردی، بۆیە گلەیی لێ‌ ناكرێ‌ گەر شیعرە نیشتیمانیەكانی بە سادە و ڕەوانی داڕشتبێ‌، چونكە ویستویەتی ئەرك و پەیام بگەیەنێ‌، میللەتی كورد لەخەوی گران وقووڵی غەفڵەت ڕاچڵەكێنێ‌، شارەزایەك پێ‌ی وایە (ئەزموون و بەهرەی شاعیر تا بەرەو سەر هەڵگەڕێ‌ هێندە لەڕووی گوزارشت كردنەوە، بەرەو سادەیی و قووڵ هەڵدەكشێ‌، هەندێ‌ جار ئەم سادەییە زۆر ئاڵۆز و قوڵترە لە تەم و مژو ئارایش، حەزرەتی حاجی قادری كۆیی لە بازاری ئەدەب شیعرەكانی (بەهەرزان دەدا دوڕی گرانی) لە شیعرە نیشتیمانیەكانی گەڕێ‌ (وەرە سەر باسەكەی وا فائیدەی بێ‌).
نكووڵی لێ‌ ناكرێ‌ لە حەزرەتی نالی، لە وردەكاری و فەلسەفە و ناسك خەیاڵی، پارچەغەزەلەكانی پڕ دوڕ و گەوهەرە، غەواسی دەوێ‌،سەد داوی ناوەتەوە، شارەزا و نالیناسی دەوێ‌، حاجی قادری كۆیی لە شیعرەكانیدا دوانزە (12) جار ناوی (نالی) هێناوە، بۆ مەزنی شاعیریەتی و بەراورد و پێش بڕكێیەتی، پێ‌ی سەرسام بووە، ناو هێنانی بە قۆناغ و هەنگاو بووە:

سەد قوببەیی خەورنەق و سەدی سكەندەری
ناگاتە بەیتە كاولی (نالی) و مەتا نەتی
*******
بەتەزمین فەردەكی (نالی) دەهێنم تارەقیقانم
بزانن فەرقمان زۆرە خەزەف قەت وەك گەوهەر نابێ‌
*******
ئیتیفاقەن ئیتیفاقم بوو لەگەڵ (نالی)وەكو
تاجر و گەوهەر لەگەڵ گەوهەر فرۆش و موشتەری
*******
ونی مەكەن وەكو ئاساری (نالی) و (كوردی)
لە سەهوی دیدە بپۆشن گوزەر بكەن لە خەتا
*******
زاهیرا بەیتم لە (نالی) و (كوردی) زۆر كەمتر نیە
تالعم بەرگەشتەیە، بەدبەختە بەختم نوستووە
*******
(نالی) و خاكی بەبە (حاجی) و كۆیە بە مەسەل
عەینەهی حافز و شیراز، كەلیم و هەمەدان
*******
سولەیمانێكە (نالی) خاوەنی دیوان و فەرمانە
نیە كەس بێتە مەیدانی مەگەر حاجی خود ئاسایە

بەیتی (نالی) و بەیتی من گەر تێكەڵی یەكتر دەكەن
ئەحمەق سورەت پەرست و جاهیلێكی مەعنا نەزان
*******
بەجێما (نالی) وەك ناڵی بە پاشكەوت كوردی وەك گەردی
كە (حاجی) غاریدا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی

حاجی قادری كۆیی مەزنایەتی و توانایی شاعیریەتی (نالی) سەلماندووە كە بە ئوستادێكی گەلەك چاكی دانابوو،
نالی ئوستادێكی گەلێ‌ چابوو
خزری ئاوی حەیاتی مەعنابوو

خدر ناوی ڕاستەقینەی (نالی)یە حاجی قادری كۆیی شیعری زۆر كەمتر نەبووە بەڵام چ بكا (تالعی بەر گەشتەیە):
ستەم كردن لە توانا و شان و شایانی پلەی شاعیریەتی حاجی قادری كۆیی مایەی نیگەرانیە، روخساری غەزەل و قەسیدەكانی پڕە لە وێنەی هونەری و جۆرەكانی هەست و هێما و ڕەوانبێژی و لێكچواندن و دركە و خوازە و خواستن و پێچ و پەخش و دژیەك و ڕەگەز دۆزی و تیل نیشان و تێك هەڵكێشی و زمانی هونەری جوانی و وێنەی رۆحی كێشاوە خەزنەیەكە بەیتی ئەو، وەك: (كە هەستا قامەتی بەرزی، لەسەر شەو ڕۆژی داناوە، گوتم بەبەختی خەوالوو، ئەی بێ‌ نەزیر و هەمتا، تا گوڵی روخساری تۆ، بەشەستی زولف و رووماهی، وەكو رۆژ و شەوە، ئافتابی بێ‌ حوسنی تۆ، تابڵێ ی فەرقی هەیە، لە عەینی لەعلی كانی، مەه و میهری بەغارەت دا، دالی قەدم، لە نەزاكەت كەمەری، وەسفی روخساری، گەر حاجی قادری كۆیی ئەو شاعیرە مەزن و بە توانایە نەبێ‌.


یەك پارچە غەزەلی ئاوریشمینی پڕ لە وردەكاری و جوانكاری و گوڵداری حەزرەتی حاجی دەهێنمەوە تابزانن:

نەققاشی دەمی نوقتەكی دانا بە نیشانی
زانی كە زەمی كردووە، بێزارە لە مانی

(مانی)ی نەققاش، نیگاركێشێكی بەتوانا و داهێنەر بووە، وێنەی (دەمی) یاری كێشاوە، نوقتەكی داناوە، گوایە دەمیەتی، كەچی ئەو نوقتەیە (دەم)ەكەی كردووە بە (زەم)، بێزارە لە (مانی) هەم نیگار كێشەكەیە، هەم بێزارە لە (مانی) لە بوونی، بێزارە واتا بێ‌ (دەم)ە بێ‌ دەم و پلە لە ئاست بوونی (مانی) زۆر بێزارو و وەرزە لە نیگار كێش (مانی)، ئەوەیە هونەری شیعر!! حەیفە حاجی قادری كۆیی (زەم بكرێ‌) زێڕی بە زبڵ بدرێ‌، مادام توخوا:

حاجی بكوژن خێرە ئیتر مەیدەن ئەمانی

هەرتەنها قەسیدەكەی (گوتم بە بەختی خەواڵوو)ەكەی پڕە لە هونەر و جوانكاری و وێنەی شیعری دەگمەن، گەر زیاتر نەبێت لە (قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور)ەكەی نالی چی كەمتر نیە، كەچی حاجی بەدبەختە بەختی نووستووە!!.
هەركەسێ‌ پێ‌ی وابێ‌ هونەر لە شیعری حاجی قادری كۆیی دانیە، جگە لەوەی ڕاست و ڕەوا نیە، هەیەوا پێ‌ موكەدەر دەبێت، وادەزانێت لە دین دەردەچێت!

چ قەوماوە گەلێ‌ حەیفە مەگریە هەروەكو باران
چ قەوما، كەعبەكە چ بوو مەسجیدول ئەقسایە روخاوە

حاجی و نالی شعریان بە جگەرگۆشەی خۆیان زانیوە، حاجی (لە سایەی شیعرەكانی بابی كوڕانە، بۆیە نالی هەقیەتی بڵێ‌:

لە جگەر گۆشەی شیعرم مەدە مەعنایی خراپ
بێ‌ خەتا كەس نیە رازی لە ئەولادی درێ‌

سەرچاوەكان:
1. غەزەل و قەسیدەكانی حاجی قادری كۆیی لەژێر تیشكی لێكۆلینەوەدا (ئاری صبحی احمد).
2. دیوانی حاجی قادری كۆیی پێداهاتنەوەی نوێ‌- (هێرش بێتووشی).
3. دوو بابەت لەبارەی بیرو شیعری حاجی قادری كۆییەوە (محمد مەلا كریم).
4. ئەو رەوتە نەتەوەییەی دەمانگەیەنێتە كیانی سیاسی، نوسینی (كەریم شارەزا) – گۆڤاری K21 ژمارە 12 ساڵی 2011.
5. شیعر – خەنافس وتارو لێكۆلینەوە- (لەتیف هەڵمەت).
6. دیوانی نالی.
7. سێوی هۆشیاری – (حەمەسەعیدحەسەن).

print

 221 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*