سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » وریا نەبن، بەعس لە بەرگی تردا دێتەوە

وریا نەبن، بەعس لە بەرگی تردا دێتەوە

گرژی و ئاڵۆزییەكانی بەغدا و شارەكانی باشووری عیراق گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، خۆپیشاندان لە داواكاریی نەهێشتنی گەندەڵی و دابینكردنی خزمەتگوزاری و نەهێشتنی بێكاری و فەراهەمكردنی ئاو و كارەباوە، گەیشتۆتە گۆڕینی دەستوور و سیستمی حوكم و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و نەهێشتنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و سووتاندنی دامودەزگای حكومی و بارەگای حزبی و تاڵانكردنی بانك و دوكان و بازاڕ، تا دەگاتە پەلاماردانی ناوچەی سەوز لە بەغدا كە بارەگای ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان و چەند دامودەزگایەكی گرنگی تری لێیە.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، ئەو بارودۆخەی ئێستای عیراق تەنها هۆكاری ناوخۆیی نییە، بەڵكو لە دەرەوەی عیراق ئاڕاستە دەكرێت، ئەو سەرچاوانە دەڵێن، هەندێ وڵاتی كەنداو پارە و هەوڵێكی زۆریان خستۆتەگەڕ تاكو شیعەكان بكەن بەگژ یەكتردا و بەڵێنیان بە هەندێكیان داوە هاوكاریان بن لە هەوڵەكانیاندا، هەر ئەو وڵاتانەش لە رێی نوێنەرەكانیانەوە چەندین كۆبوونەوەیان لەگەڵ سوننەكان و هەندێ لایەنی تری غەیرە سوننە و شیعەشدا كردووە و بە سوننەكانیان وتووە لەم ساتەوەختەدا بێدەنگ بن و خۆیان لە ئاڵۆزكردن و گرژی خوڵقاندن لە شار و ناوچە سوننی نشینەكان لابدەن، تا ئەو كاتەی شیعە، شیعە هیلاك دەكات و شەڕەكەیان گەرم دەبێ، ئەوسا بێنە مەیدانەكە.
ئەوەی دیار و مەعلومە لەم بارودۆخەدا هەوڵی بەعسییەكانە هەلەكە بقۆزنەوە و لە بەرگ و دیكۆری تردا بگەڕێنەوە نێو پرۆسەی سیاسیی عیراق، ئەم هەوڵەش بێگومان لای وڵاتە عەرەبییە سوننەكانی ناوچەكە قبوڵكراوە، مادام بەعسییەكان هەم سوننەن و هەم عەرەبی شۆڤێنیشن و هەمیش دوژمنی ئێرانن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەمان بۆ ئەو وڵاتە عەرەبییانە، لە حوكمی شیعەی دۆستی ئێران باشترن.
جێی سەرنجیشە، بەشێكی زۆری ئەو داواكارییانەی رۆژانە لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بەناوی خۆپیشاندەرانەوە بانگەشەی بۆ دەكرێ، بۆنی عەقڵیەتی شۆڤێنییانەی بەعسی لێ دێ و هەندێ كەناڵی تەلەفزیۆنی ئاسمانی كە كۆنە بەعسی خاوەندارێتی دەكەن، بە ئاشكرا بانگەشە بۆ گۆڕینی سەرتاسەری سیستمی حوكم دەكەن لە عیراقدا.
ئەوەی پێویستە لێرەدا بوترێ ئەوەیە كە كوردستان لە هەر گۆڕانكارییەكی لەو جۆرە لە عیراقدا، زەرەرمەندی گەورە دەبێ و دوور نییە هەوڵ بدرێت، سەرەتا كاركردن بە دەستوور رابگیرێت و هەڵپەسێردرێت، ئەو كاتە هەرێمی كوردستان هیچ بوونێكی یاسایی و دەستووری نامێنێ و ئەوەی بەدەستهاتووە، لەدەست دەچێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*