سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گونده‌كان و هێزی كار

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

گونده‌كان و هێزی كار

(24)

ڕوبه‌ری‌ گشتی كار و فه‌رمان له‌ گونده‌كان دا به‌ به‌راورد به‌ بڕ و چه‌ندێتی هێزی كار له‌ هه‌مان جوگرافیا و سنوری‌ گونده‌كاندا، گه‌لێك جیاواز و ماوه‌ی فراوان ده‌كه‌وێته‌ نێوانیان. به‌ مانایه‌كی دیكه‌ ئه‌و هێزه‌ كاره‌ زۆره‌ی‌ له‌ گونده‌كاندا كۆبووه‌ته‌وه‌ هێنده‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ش ڕووبه‌رێك نییه‌ بخرێته‌ كاره‌وه‌ و سوودی لێوه‌ربگیرێت. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م هێزه‌ كاره‌ سوودی لێوه‌ربگیرێت و به‌هه‌ده‌ر نه‌چێت چه‌ندان هۆ و ڕێگای جیاواز هه‌یه‌:
یه‌كه‌م: دروست كردنی كارگه‌ و ناوه‌ندی ئیش كردن و پرۆژه‌ی‌ خزمه‌تگوزاری‌ كه‌ جگه‌ له‌ هێزی كاری‌ گونده‌كان هیچ هێزێكی كاری دیكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ گونده‌كان سوودی لێوه‌رنه‌گرن. ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ كاره‌ زۆره‌ی‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوه‌ندی شار و پارێزگاكانه‌وه‌ به‌ هه‌ده‌ر نه‌چن.
دووه‌م: حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌توانێت له‌ ڕێگه‌ی‌ پێدانی‌ هاوكاری‌ مادییه‌وه‌ ده‌رفه‌تی باش بۆ ئه‌و جوتیار و كرێكار و هێزه‌ كاره‌ بڕه‌خسێنێت كه‌ بێ كار و بێ ئیش له‌ ناو گونده‌كاندان، به‌مه‌ش ده‌توانێت كارێكی وه‌ها بكات ئه‌و هێزه‌ كاره‌ بجوڵێت و به‌بێ پرۆژه‌ كاته‌كانیان به‌سه‌ر نه‌به‌ن.
سێیه‌م: وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ وه‌ك لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌توانێت كارێكی گرنگ بكات بۆ به‌گه‌ڕخستنی ئه‌و هێزه‌ كاره‌ زۆره‌، ئه‌وه‌ش به‌ پێبه‌خشینی تراكتۆر و تۆو و په‌ینی كیمیاویی و هه‌ر جۆره‌ «دان» و ماده‌یه‌كی دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و تاكانه‌ی‌ له‌ گونده‌كاندا هیچ كار و پرۆژه‌یه‌كیان ده‌ست ناكه‌وێت بتوانن له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه‌ ده‌ستیان بگاته‌ كار و به‌شداربن له‌ پرۆسه‌ی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ ناوخۆییدا.
چواره‌م: خاڵێكی دیكه‌ كه‌ پێشتر ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌كان له‌ به‌شێكی گونده‌كانی‌ كوردستاندا ئه‌نجامیان دا بوو، ئه‌وه‌بوو كه‌ له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌خشینی ئاژه‌ڵه‌وه‌ هاوكاری‌ گوندنشینانی‌ كرد و گوندنشینان توانییان له‌ ڕێگه‌ی‌ به‌خێوكردنی‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ هه‌م به‌رهه‌می ناوخۆیی زیاد بكه‌ن و هه‌م به‌شێكی زۆری هێزی‌ كار له‌ گونده‌كاندا بچنه‌ كاره‌وه‌، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی دواییدا كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌كی زۆری هاوڵاتیانی له‌ ناوه‌نده‌ حكومییه‌كاندا دامه‌زراند و كۆچ له‌ گونده‌كانه‌وه‌ بۆ شاره‌كان دروست بوو، ئیدی ئه‌و هێزی كاره‌ چوونه‌ ناوه‌ندی شاره‌كانه‌وه‌ و له‌ گونده‌كاندا لاواز بوون.
پێنجه‌م: له‌ ڕێگه‌ی‌ دانانی‌ نرخێكی تایبه‌ت و جیاواز به‌ ئه‌و كاڵا و شمه‌كانه‌ی‌ كه‌ ڕه‌نجی هێزو كاری ناوخۆییه‌ و به‌رهه‌می ده‌ره‌كی و هاورده‌ی‌ ده‌ره‌كی نییه‌. ئه‌گه‌ر لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌م پرسه‌ بتوانێت ئه‌و تموحه‌ بخاته‌ پێش چاوی گوندنشینان و ئه‌و هێزه‌ كاره‌ی‌ له‌ گونده‌كاندا ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌موو به‌رهه‌مێكی ناوخۆیی نرخی گرانتر و زیاتر بێت له‌به‌رهه‌می ده‌ره‌كی و ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌ ساغ بكاته‌وه‌ له‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستاندا و قه‌رزاری و زه‌ره‌ریان ببوژێنێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و كاره‌ هانده‌رێكی باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیاتر گرنگی به‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی بده‌ن و ڕۆحی مونافه‌سه‌ له‌ نێوان هێزی كاری‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیدا دروست ده‌بێت و به‌مه‌ش كاڵاو به‌رهه‌می ناوخۆیی ڕه‌واج و نرخێكی باش په‌یدا ده‌كات و به‌كارهێنه‌ران ئه‌وه‌نده‌ی‌ به‌ته‌نگ به‌رهه‌می ناوخۆییه‌وه‌ ده‌چن هێنده‌ به‌ده‌م به‌رهه‌می ده‌ره‌كییه‌وه‌ ناچن.
تێڕوانینێكی به‌هێز له‌مه‌ڕ پرسی جوتیارو زه‌وی هه‌یه‌ و ده‌ڵێت : ئه‌و كاته‌ی‌ جوتیار نه‌ما ئیدی به‌رهه‌می ناوخۆییش نامێنێت. بۆئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی به‌رده‌وامی هه‌بێت و ته‌نها پشت به‌به‌رهه‌می ده‌ره‌كی نه‌به‌سترێت له‌ناوخۆدا، ئه‌ركی له‌ پێشینه‌ی‌ هه‌موو حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێكه‌ به‌گشتی و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ گرنگی به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ بدات به‌ گشتی‌ و له‌ گونده‌كاندا به‌تایبه‌تی‌. ئه‌مه‌ش له‌پێناو، له‌لایه‌ك زیادكردنی‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستان له‌به‌رهه‌می كوردی، له‌لایه‌كیتی دیكه‌شه‌وه‌ به‌گه‌ڕخستن و جوڵاندنی‌ ئه‌و هێزی كاره‌ی كه‌ له‌ گونده‌كاندا كۆبووه‌ته‌وه‌ و نه‌توانراوه‌ له‌ ڕابردوودا سوودی لێوه‌ربگیرێت و بخرێته‌ خزمه‌ت وڵاته‌وه‌ و چیتر به‌و شێوه‌ سست و سڕ بووه‌ له‌ كه‌ناری شاره‌كاندا له‌ ده‌ست نه‌چێت.

print

 259 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*