سەرەکی » راپۆرت » ئه‌حمه‌د شه‌فیق ده‌بێته‌ نه‌یاری سیسی

ئه‌حمه‌د شه‌فیق ده‌بێته‌ نه‌یاری سیسی

هه‌فته‌ی پێشوو ته‌واوی میدیا عه‌ره‌بی و جیهانییه‌کانیش، باسی ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د شه‌فیق سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی میسر و کاندیدی پێشووی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی ساڵی 2012 بووه هه‌واڵی سه‌ره‌کیان، له‌پاش گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ قاهیره‌ هێنده‌ی تر هه‌واڵه‌کا‌ن له‌باره‌ی ده‌ستبه‌رسه‌ربوون یان ئازادبوونی گه‌رمتربووه‌. هۆکاری ئه‌م گرنگی پێدانه‌ش پاشئه‌وه‌ هات، که‌ ئه‌حمه‌د شه‌فیق رایگه‌یاند: خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری ده‌پاڵێوێت و ‌به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2018 ده‌کات، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ نه‌یارێکی به‌هێزی عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆکی ئێستای میسر.

گه‌یشته‌وه‌ قاهیره‌
رۆژی شه‌ممه‌ ئه‌حه‌مد شه‌فیق به‌ فرۆکه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌ ئیماراته‌وه‌ گه‌یشته‌وه‌ قاهیره‌، دواتریش دینا عه‌دلی ژنه‌ پارێزه‌ره‌ تایبه‌ته‌که‌ی شه‌فیق به‌ که‌ناڵی بی بی سی به‌ریتانیای راگه‌یاند: ئه‌حه‌مد شه‌فیق هیچ داوایه‌کی یاسیای له‌سه‌ر تۆمار نه‌کراوه‌و ئازاده‌.

ئیمارات ده‌ستگیریکردووه‌
دواتر پارێزه‌ره‌که‌ی شه‌فیق رایگه‌یاند: پێشتر ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی ئیمارات ئه‌حمه‌د شه‌فیقیان له‌ماڵه‌که‌ی خۆی ده‌ستگیرکردووه‌و دواتریش به‌ فرۆ‌که‌یه‌کی تایبه‌ت ناردوویانه‌ته‌وه‌ بۆ میسر. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ پێشتر شه‌فیق له‌ وته‌یه‌کی ته‌له‌ڤزیۆنیدا که‌ که‌ناڵی « الجزیرة» ی قه‌ته‌ری بڵاویکرده‌وه‌، تێیدا رایگه‌‌یاند: له‌پاشئه‌وه‌ی رایگه‌یاندووه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری ده‌پاڵێوێت، حکومه‌تی ئیماراتی ده‌ستبه‌سه‌ریان کردووه‌ وناهێڵن سه‌فه‌ر بکات. وتیشی: ئه‌و به‌نیازه‌ سه‌ردانی فه‌ره‌نسا و ئه‌مریکا بکات، به‌ڵام حکومه‌تی ئیماراتی رێگه‌ی پێا نادده‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌داخولکردنه‌ راسته‌وخۆیه‌ له‌کاروباری ناوخۆی میسر.

هه‌موو تۆمه‌ته‌کان ره‌ت ده‌کاته‌وه‌
‌ به‌رپرسانی ئیماراتیش هه‌موو تۆمه‌ته‌کانی شه‌فیقان ره‌تکرده‌وه‌، ئه‌نوه‌ر قرقاش وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری ده‌ره‌کی ئیماراتی له‌سه‌ر واڵه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند: ده‌وڵه‌تی ئیمارات زۆری پێیناخۆشه‌ که‌ فه‌ریق ئه‌حمه‌د شه‌فیق نمه‌ک سوێر ده‌رچوو، ‌له‌دوای ده‌رکه‌وتنی ده‌رئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2012 دا، شه‌فیق رایکرد و ئێمه‌ش به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک یارمه‌تیی و میواندارییه‌کی زۆرمان دا، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڵوێستێکی سیاسی ئه‌ودا هاوڕا نه‌بووین، به‌ڵام هه‌ر یارمه‌تیمان دا. که‌چی ئه‌ویش ئاوا پاداشتمان ده‌داته‌وه‌.

ده‌ستبه‌سه‌ر نییه‌
له‌یه‌که‌مین لێدوانیدا بۆمیدیاکان، به‌ که‌ناڵی دریمی میسری راگه‌یاند: حکومه‌تی میسری ده‌ستگیری نه‌کردووه‌و ئازاده‌، له‌ئێستاشدا ده‌یه‌وێت دابه‌زێته‌ ناوشه‌قام و له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداری ره‌وشی ژیانی خه‌ڵكی بێت. وتیشی: به‌وردییه‌وه‌ بارودۆخه‌که‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنم، ئینجا بڕیاری دروستی خۆم ده‌ده‌م.

که‌سایه‌تییه‌کی ناسراوه‌
ئه‌حمه‌د شه‌فیق ‌ پێشتر له‌ناو سوپای میسریدا خزمه‌تیکردووه‌ گه‌یشتۆته‌ پله‌ی فه‌ریقی ، له‌سه‌رده‌می حوکمی حوسنی موباره‌کدا،ماوه‌ی چه‌ندساڵێک پۆستی وه‌زیری فرۆکه‌وانی ‌مه‌ده‌نی هه‌بووه‌، له‌پاش سه‌رهه‌ڵدانی راپه‌رینه‌کانی میسر له‌ساڵی 2011 له‌دژی حوسنی موباره‌، ماوه‌ی سێ مانگ پۆستی سه‌رۆک وه‌زیرانی میسری گرته‌ ده‌ست. له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 2012 دا، خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری هه‌ڵبژارد، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر محه‌مه‌د مورسی کاندیدی ئیخوان موسلمین، هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی دۆڕاند و دواتریش رایکرد بۆ ئیمارات و ماوه‌یه‌کی زۆر‌ له‌و وڵاته‌ ده‌ژیا.

نه‌یارێکی به‌هێزی سیسییه‌
زۆرێک له‌ میدیا‌و سه‌نته‌ره‌ سیاسیه‌کانی گێتی عه‌ره‌بی و جیهانیش باس له‌وه‌ده‌که‌ن، ئه‌حه‌مد شه‌فیق که‌سایه‌تییه‌کی ناسراوی میسرییه‌و گه‌ر خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆماری کاندید بکاته‌وه‌،‌ئه‌وا ده‌بێته‌ رکابه‌رێکی به‌هێزی عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆکی ئێستا میسر، ئه‌‌مه‌ش به‌دڵی ئه‌و نییه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ئێستاوه‌ که‌وتونه‌ته‌ کێشه‌وگرفت بۆی.
سه‌رچاوه‌: -بی بی سی ، فرانس 24

print

 31 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*