سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » زەنگەكە،لە گۆڕەپانی وەسبەوە لێ درا

زەنگەكە،لە گۆڕەپانی وەسبەوە لێ درا

ئەوەی لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا روویدا، زەنگی مەترسییە و پێویستە هەموو لایەك گوێیان لێ بووبێت و لێی بەئاگا بێنەوە. گەنجێكی چواردە ساڵانی بێ باوك، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە دەگیرێ و بە چەقۆ و بە لەقە و بە دار دەیكوژن و دواتریش تەرمەكەی بە عەمودی ترافیكدا هەڵدەواسن.
بەداخەوە ئەمە نموونەی عەقڵ و بیركردنەوەی بەشێكی ئەوانەی لە بەغدا ‌و هەندێ لە شارەكانی تری عیراق، خۆیان ناوناوە خۆپیشاندەر و رژاونەتە نێو هەندێ گۆڕەپانەوە و رۆژانە داواكاریی سەیر و سەمەرە دەدەن بە گوێی خەڵكدا، راستتریش وایە بڵێین، ئەو هەڵسوكەوتە رەنگدانەوەی ئەو هزر و بیركردنەوە و عەقڵییەتەیە كە لە پشت ئەو كەسانەوەن ئێستا لە هەندێ گۆڕەپان و شەقام رۆژانە گرد دەبنەوە.
دەبێ هەموو لایەك بە وردی ئەو پرسیارە بكەن، خۆپیشاندان لە داواكاریی خزمەتگوزارییەوە گەیشتۆتە چی؟ ئێستا داواكارییەكان چییە؟
وێڕای ئەو هەموو هێزی پۆلیس و چەندین هێزی ئەمنیی تر، یانی چی خەڵكی تر خۆی ئەكات بە پارێزەری خۆپیشاندەران و دەمڕاستی خەڵك. سەدام حسێن 35 ساڵ لە كورد بە تایبەتی و لە خەڵكی عیراق بە گشتی كوشت و دەیان هەزاری لە زیندان قایم كرد و دەیان هەزار كوردی فەیلی لە عیراق دەركرد و هەزارانی لە زیندانەكاندا بێسەر و شوێن كرد نەUN ی بەڕێز نە كەس نەیوت ئەرێ ئەوە چی دەكەیت؟ بەڵام ئێستا دەیان دەوڵەت و خودی UN رۆژانە لەسەر خەتن و سەركۆنەی حكومەتی عیراق دەكەن لە هەڵسوكەوتی توندی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، كە دیارە لە یەك رووەوە هەقیانە، چونكە بەداخەوە دەیان كەس بوونەتە قوربانی پیاداهەڵپژانی هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران، ئەگەرچی لە زۆر شوێن ئەو پیاداهەڵپژانە لە دەرەنجامی سووتاندنی دامودەزگای حكومەت و بڕینی بانك و هەڵكوتانە سەر بارەگای حزبی، روویانداوە.
داواكاری خەڵك، مافی رەوای خۆیانە، خۆپیشاندانی ئاشتییانە روویەكی جوانی دیموكراسییە، بەڵام ئەوەی لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا روویداوە، زەنگێكی مەترسی دەنگ گەورەیە. ئەوانەی ئەو كارەیان كرد و ئەوەشی دەرسی ئەوانەی داداوە، هێشتا لەسەر جادە و بێ دەسەڵاتن، جا ئەگەر دەسەڵات بگرنە دەست و حاكم بن، دەبێ عیراق بە دەستیانەوە چی بەسەر بێ؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*