سەرەکی » وتار » د.به‌ختیار شاوه‌یس‌ » نوێبوونەوەی یەکێتی لە رەفتارەوە تا روخسارپەڕە 2

له‌ كۆنگره‌ی چواره‌م

نوێبوونەوەی یەکێتی لە رەفتارەوە تا روخسار

 (14)

نوێگەریی و غیابی مام جەلال

رۆژێك لە كافتریای ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ پەرلەمانتارێكی شیعە كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی بوو دانیشتبووین، باسی دۆخی سیاسی و تاوانەكانی داعشمان دەكرد، ئەوكات ساڵی یەكەمی پەرلەمانتاریم بوو، كە داعش لەوكاتەدا بەرببووە وێزەی عیراق و نزیكەی سێ یەكی خاكەكەی كۆنتڕۆڵكردبوو. ئەو برادەرە لەقسەكانیدا بەیەقینەوەو دور لە موجامەلە وتی؛ ئەگەر مام جەلال لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بووایە، بڕوام وایە كە داعش دروست نەدەبوو. پرسیم چۆن؟ وتی: مام جەلال دەیتوانی خۆپیشاندانەكانی سوننەكان لە پارێزگاكانیان نەهێڵێت و نوری مالكی قەناعەت پێبكا كە توند نەبێ لە سەركوتكردنیان. چونكە ئەم سیاسەتە توندڕەوە بووە هۆی پەرچەكرداری سوننەكان بەوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ داعش لە سنوورەكان بكەن و بگوازرێنەوە ناو عیراق و ئەو كارەساتە بخوڵقێنن.
ئەگەر تێڕوانینی كابرایەكی عەرەبی شیعە بەم شێوەیە بێت، كە زۆربەی كەسایەتییەكانی عیراق و دەرەوەش كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە غیابی مام جەلال كاریگەریی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستكردووە و لەمیش زیاتر لەسەر عیراق و لەمەشیان زیاتر لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لەهەمووی زیاتر لەسەر یەكێتی دروستكردبێ، ئەوا بەدیدگای تایبەتیم لەهەموویان گرنگتر كاریگەریی لەسەر كۆنگرەی یەكێتی دروستكردوە و پێموایە كە ئەگەر ئەو كارەساتە رووی نەدایە و تووشی ئەو نەخۆشییە كتوپڕە نەبوایە، ئەوا لە بنەمادا چوارەمین كۆنگرە یان لەكاتی خۆی دەیەسترا یان زۆر كەم دوا دەكەوت.
لە یەكەمین و دووەمین ‌و سێیەمین كۆنگرە، پێویستی و ئامادەبوونی حەكیمانەی مام كەس ناتوانێ نكۆڵی لێبكات و لەمەش زیاتر رەنگە نەبوونی مام جەلال لەوكاتانەدا كۆنگرەكانی بەئاقاری نەخوازراودا ببردایە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا خۆ ناكرێت بەغیابی مام جەلال كۆتایی بە دونیای یەكێتی و كوردایەتی بێت و دەزانین كە ژیان بەردەوامە و میللەتەكەشمان لەهەموو كات زیاتر پێویستی بەیەكێتیە.
هەربۆیە لەلایەكەوە ئێمە لەبەردەم واقعێكی تاڵی غیابی مام جەلال-داین و لەلایەكی ترەوە لەناو واقعێكی پڕ لە حەماسی و جۆشی ئەو هەزاران دەنگدەر و سەدان تێكۆشەرەداین كە ئومێدەكانیان لەسەر نوێبوونەوەی یەكێتیی هەڵچنیووە و لەدوو هەڵبژاردنی رابردووشدا كاتێك نەیارانمان دەیانوت یەكێتی نەماوە، یان یەكێتی ئاخیر و ئۆخرەكەیەتی. ئەوا لەوكاتانەدا ئەم سەوزپۆشانە و كادرە دڵسۆزەكانی رێكخستن و مەكتەب و پێشمەرگە و دەزگا ئەمنی و داو ودەزگاكانی دیكە كۆڵیان نەدا و ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند، شار بەشار و گەڕەك بەگەڕەك لەگەڵ كاندیدەكاندا خەونی ناحەزانیان خستە چاڵەوە.
ئەوەی كە ئێستا هەزاران چاوی پڕ لەحەسرەتی دایك و خوشكی شەهید و هەناسەی قووڵی باوك و كوڕ و برای شەهید لەسەر یەكێتی دایناوە، نوێبوونەوەی ئەم حزبەیە و گەڕانەوەیەتی بۆ دۆخە ئاساییەكەی خۆی كە حزبی یەكەمی كوردستانە. كە من پێموایە كەرەستەكانی ئەم گەنجبوونەوەیە لە ئەرزی واقعدا هەیە و تەنانەت مام جەلال لەمەشدا دووربین بووە و زەخیرەی دادپەروەرانەی لەناو برازاو خێزانەكەی خۆیدا خستووە و كامەیان كە خۆی تیایدا بووبێت رێگریی لێ نەكردووە و حاڵی حازر خەریكە سەرمەشقی كاروانەكە دەگرن.

 177 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*