سەرەکی » وەرزش » سیستمه‌ تازه‌‌كه‌ی مۆندیالی باسكه‌ چۆنه‌؟پەڕە 24

سیستمه‌ تازه‌‌كه‌ی مۆندیالی باسكه‌ چۆنه‌؟

مۆندیالی داهاتووی باسكه‌ به‌سیستمێكی نوێ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و یارییه‌كانی پاڵاوتنی سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كانیش گۆڕانكاری ریشه‌ییان تیادا كراوه‌ و له‌م سیستمه‌ نوێیه‌دا چاویان له‌ فیفا كردووه‌.
لیژنه‌ی ناوەندی یه‌كێتیی نێو ده‌وڵه‌تی یاریی باسكه‌ پاش ته‌واو بوونی ئۆڵۆمپیادی ریۆ دی جانیرۆو له‌مساڵه‌وه‌ (2017) سیستمێكی نوێ له‌ یارییه‌كانی پاڵاوتنی هه‌ڵبژارده‌كان و ته‌نانه‌ت دوا یارییه‌كانی مۆندیالی داهاتووش په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌مه‌ش پاش گفتوگۆیه‌كی چڕ چ له‌ڕوی ئابوریی و چ له‌ روی رێكخستنی مۆندیاله‌وه‌ هات له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و دواتر هه‌موولایه‌كیان گه‌یشتنه‌ داڕشتنی سیستمێكی نوێ و گرنگترین گۆڕانكارییه‌كانیش به‌مشێوه‌یه‌یه‌:
1-دوای پاڵه‌وانێتیی جیهانی ئیسپانیا-2014، پاڵه‌وانێتیی داهاتوو ساڵی 2019 ده‌بێت نه‌ك 2018، ناوی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ش كرا به‌(مۆندیالی باسكه‌) و هه‌موو چوار ساڵ جارێك رێكده‌خرێت.
2-ژماره‌ی وڵاتانی به‌شداری مۆندیال له‌ 24 هه‌ڵبژارده‌وه‌ زیاد ده‌كرێن بۆ 32 هه‌ڵبژارده‌.
3-یارییه‌كانی پاڵاوتنی ئه‌م مۆندیاله‌ له‌سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كاندا ماوه‌ی دووساڵ ده‌خایه‌نێت، پاڵاوتنه‌كان به‌شه‌ش قۆناغ ده‌بێت، هه‌رقۆناغه‌ واده‌ی خۆی بۆ دیارییكراوه‌، سه‌رجه‌م هه‌ڵبژارده‌كان به‌سه‌ر دوو ئاست یان پله‌ی (ئه‌ی، بی) یان یه‌ك و دوودا دا‌به‌شده‌كرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌مانیشدا ئاسته‌كان یان پله‌كان گروپه‌كانیان ده‌بێت به‌ 3 یان چوار هه‌ڵبژارده‌، یارییه‌كانیش به‌سیستمی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بن.
4-له‌ساڵی 2017-ه‌وه‌ هه‌موو چوار ساڵ جارێك پاڵه‌وانێتیی كیشوه‌ره‌كانیش (ئاسیا، ئه‌فریقا، ئه‌وروپا،…..) رێكده‌خرێن، سه‌ركه‌وتنیش بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتییانه‌ به‌هه‌مان سیستمی یارییه‌كانی سه‌ركه‌وتن بۆ مۆندیاله‌و ده‌بێت ره‌چاوی یارییه‌كانی پاڵاوتنی ئۆڵۆمپیاد بكرێت، ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ی كیشوه‌ره‌كان هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر پاڵاوتنی مۆندیال نابێت و ته‌نیا پاڵه‌وانی كیشوه‌ر دیاریی ده‌كات و به‌س.
-سه‌ركه‌وتن بۆ دوا یارییه‌كانی ئۆڵۆمپیادی 2020 پشت به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژارده‌كان له‌ مۆندیالی 2019- ده‌به‌ستێت و جگه‌له‌وه‌ش په‌نا بۆ پاڵاوتنه‌ جیهانییه‌كان(كه‌ هاوشێوه‌ی پاشكۆی ئۆڵۆمپی) یه‌ ده‌به‌سترێت.
ئه‌م كار نامه‌ نوێیه‌ ماوه‌ی دووساڵه‌ فیبا خه‌ریكییه‌تی و ته‌نیا مه‌به‌ستیشیان ئه‌وه‌یه‌ یاریی باسكه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان زیاتر پێشبكه‌وێت.
یارییه‌كان ده‌ستیانپێكردووه‌
ئێستا به‌پێی به‌رنامه‌ی نوێ یارییه‌كانی پاڵاوتنی سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ مۆندیالی داهاتوو ده‌ستیپێكردووه‌ كه‌ ساڵی 2019 چین میزانداریی ده‌كات.
ئه‌وروپا
32 هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌وروپا به‌شداریی یه‌كه‌م قۆناغی پاڵاوتن ده‌كه‌ن، به‌سه‌ر 8 گروپدا دابه‌شكراون، یارییه‌كان به‌سیستمی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێت، یه‌كه‌م تا سێیه‌می سه‌رجه‌م گروپه‌كان بۆ قۆناغی داهاتوو سه‌رده‌كه‌ون، 24 هه‌ڵبژارده‌كه‌ش به‌سه‌ر 6 گروپی تردا دابه‌شده‌كرێنه‌وه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ یارییه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ش چوون و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌و یه‌كه‌م تاسێیه‌می هه‌رچوار گروپه‌كه‌(18 هه‌ڵبژارده‌) بۆ مۆندیال سه‌رده‌كه‌ون.

هه‌ردوو ئه‌مریكا
16 هه‌ڵبژارده‌ به‌شداریی یارییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌سه‌ر چوار گروپدا دابه‌شكراون، به‌هه‌مان شێوه‌ یارییه‌كان به‌سیستمی چوون و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌، یه‌كه‌م تاسێیه‌می هه‌رچوار گروپه‌كه‌ بۆ قۆناغی دووه‌م سه‌رده‌كه‌ون، 12 هه‌ڵبژارده‌كه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ به‌ دوو گروپی تر و یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می هه‌ردوو گروپه‌كه‌ ده‌گه‌نه‌ مۆندیالی چین.
ئه‌فریقا
له‌م كیشوه‌ره‌شدا به‌هه‌مان شێوه‌ 16 هه‌ڵبژارده‌ به‌شداریی یارییه‌كانی پاڵاوتن ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تا به‌سه‌ر 4 گروپدا دابه‌شکراون، یارییه‌كانی چوونی ئه‌م كیشوه‌ره‌ له‌وڵاتێك و یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ش له‌وڵاتێكی تر ده‌بێت.
یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می سه‌رجه‌م گروپه‌كان بۆ قۆناغی دووه‌می یارییه‌كان سه‌رده‌كه‌ون، 12 هه‌ڵبژارده‌كه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ به‌ دوو گروپی تر و به‌سیستمێكی تایبه‌ت یارییه‌كان ده‌كرێن و یه‌كه‌م و دووه‌می هه‌ردوو گروپه‌كه‌ ده‌گه‌نه‌ مۆندیال.
ئاسیا
له‌م كیشوه‌ره‌شدا 16 هه‌ڵبژارده‌ به‌شدارن و به‌سه‌ر 4 گروپدا دابه‌شكراون و هه‌ڵبژارده‌كانی ئۆکیانیاشیان له‌گه‌ڵدا ده‌بێت.
له‌م گروپانه‌شه‌وه‌ یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م بۆ قۆناغی داهاتوو سه‌رده‌كه‌ون، 12 هه‌ڵبژارده‌كه‌ش به‌سه‌ر دوو گروپی تردا دابه‌شده‌كرێنه‌وه‌و یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و باشترین چواره‌می دووگروپه‌كه‌ ده‌گه‌نه‌ مۆندیال.
واتا 32 هه‌ڵبژارده‌ی سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كان به‌شداریی مۆندیالی چین-2019 ده‌كه‌ن، 5 ئه‌فریقا، 7 ئه‌مریكا، 7 ئاسیاو ئۆكیانیا، 12 ئه‌وروپا، له‌ڕۆژی 23/11/2017-ه‌وه‌ یارییه‌كان له‌سه‌رجه‌م كیشوه‌ره‌كاندا ده‌ستیانپێكردووه‌، 81 هه‌ڵبژارده‌ش له‌سه‌رجه‌م كیشوه‌ركاندا به‌شداریی سه‌رجه‌م یارییه‌كانی پاڵاوتن ده‌كه‌ن بۆ گرتنی 31 كورسی مۆندیال له‌گه‌ڵ چینی وڵاتی رێكخه‌ر 32 هه‌ڵبژارده‌كه‌ پێكده‌هێنن.

print

 63 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*