سەرەکی » دۆسێ » وڵاتان و رێكخراوەكان عیراق بەجێدەهێڵ

رەوشەكە روو لە ئاڵۆزبوونە

وڵاتان و رێكخراوەكان عیراق بەجێدەهێڵ

هەڵكوتانە سەر باڵێوزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و دواتر كوژرانی هەریەك لە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عیراقی لە هێرشێكی ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی، رەوشەكەی لە عیراقدا هێندەی تر ئاڵۆزتركردووە، وێڕای ناكۆكییە سیاسییەكان و بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری وڵات.

كۆشكی سپی هۆشداریی دەدات
لە ئاگادارییەكی بە پەلەدا، كۆشكی سپی داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریكا كردبوو بە پەلە عیراق جێبهێڵن.
ئاژانسەكانی هەواڵ ئاماژەیان بە ئاگادارییەكی كۆشكی سپی كردووە، كە داوای لە هاووڵاتییەكانی ئەمریكایی كردووە، بە خێرایی عیراق جێبهێڵن و بگەڕێنەوە بۆ ئەمریكا.
داوای گەڕانەوە بۆ ئەمریكا دوای ئەوەدێت، كە بەرەبەیانی هەینی رابردوو هەریەك لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە هێرشێكی ئاسمانیدا لەلایەن ئەمریكاوە كوژران.
دوای ڕووداوەكە لەسەر ئاستی باڵا ئێران وەڵامی دایەوە و رایگەیاندبوو، ئێران وەڵامی توندی دەبێت.

هاوپەیمانی نێودەوڵەت و ناتۆ مەشق و راهێنانەكانیان رادەگرن
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هاوپەیمانی ناتۆ كاروبارەكانیان لە عیراق كەمدەكەنەوە بەهۆی ئەو رەوشە ئەمنییەی هاتووەتەئارا.
بەپێی هەواڵی ئاژانسەكان، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كاروبارە سەربازییەكانی لە عیراق كەمكردووەتەوە و مەشق و راهێنانی بە هێزە عیراقییەكان ڕاگرتووە.
لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری دانیمارك دەڵێت، مەشق و راهێنانیان بەهێزە عیراقییەكان هەڵپەسارد و سوپای دانیماركیش تەواوی چالاكییەكانی لە عیراق ڕاگرت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا سوپای ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەو رەوشەی هاتووەتەئارا، كاروبارەكانیان لە عیراق ڕادەگرن.

چالاكییەكانیان دەبەنە هەولێر
سەرچاوەیەكی ئاگادار ڕایگەیاندبوو، بڕیارەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ گەشتنەكردنی هاووڵاتیانی ئەمریكایی بۆ عیراق، هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و دەڵێت، ژمارەیەك ڕێكخراوی نێودەوڵەتیش بەغدا بەجێدەهێڵن و ڕوو لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن لە دوای ڕووداوی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە 2ی كانوونی دووەمی 2020، بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندبوو”بەهۆی پشووەكانی سەری ساڵەوە، كونسوڵخانەی ئەمریكا لە پارێزگەی هەولێر، دەستدەكات بە پێشوازیی لە هاووڵاتیانی ئەمریكایی”.
بە گوتەی سەرچاوەكە”بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هیچ كێشەیەك لە گەشتی كارمەندان و هاووڵاتیانی ئەمریكایی نییە بۆ هەولێر و شارەكانی تری هەرێم”.
سەرچاوەكە دەڵێت”ژمارەیەك ڕێكخراوی نێودەوڵەتی ئەمریكایی بەهەمان شێوە چالاكییەكانیان دەگوازنەوە بۆ شارەكانی هەرێم، دوای ئەو ڕووداوانەی لە بەغدا ڕوویاندا، ئەو ئوتێل و شوێنانەش هەڵدەبژێرن كە زیاتر دڵنیاییان هەیە بۆ نیشتەجێبوون”.
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هۆشداریی دابووە هاووڵاتییەكانی تا گەشت نەكەن بۆ عیراق و ڕایگەیاندبوو”گەر دەتەوێت گەشت بكەیت بۆ عیراق، وەسێتنامەكەت بنوسە”.
پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پنتاگۆن) بەهۆی رەوشی ئێستای عیراق و ڕووداوەكانی بەردەم باڵیۆزخانەكەی، داوا لە ئەندامانی كۆنگرێسی وڵاتەكەی دەكات سەردانی عیراق و سوریا نەكەن.
لە یاداشتێكی ڕۆژی 16ی مانگی ڕابردووی پنتاگۆندا هاتبوو، لێپرسراوانی حكومەت و ئەندامانی كۆنگرێس ڕێگەیان پێنادرێت تا 15ی كانوونی دووەم سەردانی عیراق و سوریا بكەن.
یاداشتەكە لەلایەن مارك ئیسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریكا واژۆكراوە، بەڵام “ڕێگەگرتن لە سەردانكردنی عیراق و سوریا” سەرۆكی ئەمریكا، جێگری سەرۆك، وەزیری بەرگری و ژمارەیەك وەزیری تر و سوپاسالار ناگرێتەوە.
لێپرسراوانی پنتاگۆن هۆكاری ناوەڕۆكی یاداشتەكەیان بۆ ئەو بارودۆخە گەڕاندووەتەوە لە ناوچەكەدا هەیە.
دواجار شاندی كۆنگرێس كە سەردانی عیراقی كردبێت لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا بوو و ئێستاش ژمارەیەك شاندی كۆنگرێس لە وڵاتانی جیاوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان.
هەر لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێ‌ باڵیۆزخانەی ئەمریكا تەواوی كارەكانی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا هەڵدەپەساردبوو، بەڵام كۆنسوڵخانەكەی لە هەولێر كردەوە بۆ پێدانی ڤیزا و خزمەتگوزارییەكان بە هاووڵاتیانی ئەمریكایی.
هەر لەو چوارچێوەیەدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاندبوو” بەهۆی هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر باڵیۆزخانەكەمان، تا كاتێكی نادیار تەواوی كارە دیپلۆماتییەكانمان هەڵپەساردووە. تەواوی كاتە دیاریكراوەكان بۆ چاوپێكەوتنەكانیشمان لە داهاتوودا هەڵوەشاندووەتەوە”.
باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا ئەوەشیخستووەتەڕوو كە ”هاووڵاتیانی ئەمریكایی ئاگاداركراونەتەوە نزیكی باڵیۆزخانە نەكەون”.
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو» كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، كاری ڤیزا و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی ئەمریكایی رادەپەڕێنێت”.

وڵاتانی تر هاووڵاتیانیان ئاگاداردەكەنەوە
هەر بەهۆی ئاڵۆزبوونی رەوشی عیراق، وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كردبوو گەشت بۆ عیراق نەكەن.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكیدا لە 4ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو» دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران رەوشی عیراق خراپ بووە و ئەگەر هەیە رەوشەكە ئاڵۆزترببێت».
وەزارەتی دەرەوەی توركیا داوا لە هاووڵاتیانی كردبوو، ئەگەر پێویست نەكات سەردانی عیراق نەكەن و ئەوانەشی لە عیراقن، خۆیان لە سەردانی شوێنە قەرەباڵغەكان بپارێزن.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەریەكە لە ئەمریكا، بەریتانیا، كەنەدا، هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی دیكە هۆشدارییان دابووە هاووڵاتی و دیپلۆماتكارەكانیان دەربارەی خراپ بوونی ڕەوشی عیراق، بەڵام ئەو هۆشدارییانە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
بەریتانیا لە دوای ئەمریكا و هۆڵەندا داوا لە هاووڵاتییەكانی كردبوو نەچنە عیراق و ئێران.
بەریتانیا داوای لە هاووڵاتییەكانی كردووە سەردانی عیراق و ئێران نەكەن.
هۆشدارییەكەی حكومەتی بەریتانیاش هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
لەبەرانبەر ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران لە عیراقدا، رەوشی ئەمنی عیراق بەرەو زیاتر ئاڵۆزبوون دەڕوات.
هاوكات كۆمپانیاكانی هێڵی ئاسمانی ئەردەن و خەلیج گەشتەكانیان بۆ فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكانی بەغدا و نەجەف ڕاگرت.
لەلایەكی ترەوە كارمەندە ئەمریكاییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتیش، عێراقیان بەجێهێشت.
بەپێی هەندێك سەرچاوەی هەواڵ، كارمەندانی باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، توركیا و سعودیە بەغدایان جێهێشتووە و ڕوویان لە هەولێر كردووە.

print

 79 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*