سەرەکی » دۆسێ » رەوشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەوروپا نیگەران دەكات

روودانی جەنگ بە كارەساتبار دادەنێت

رەوشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەوروپا نیگەران دەكات

یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی بەرانبەر بە رەوشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕێت و بۆ ئەو مەبەستەش كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، نیگەرانی وڵاتەكەی بەرانبەر پەرسەندنی رەوشی خۆرهەڵات دەردەبڕێت و پێیوایە گەر جەنگ لە ناوچەكەدا رووبدات، بەرەنجامی زۆر كارەساتباری دەبێت.
لەسەر تەنگژەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە 10ی ئەم مانگەدا كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد.
ئاژانسی (فرانس پرێس) بەر لە سازكردنی كۆبوونەوەكە ئاماژەی بە نیگەرانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا كردبوو، سەبارەت بە تەنگژەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسییەوە بڵاویكردبووەوە “وەزیرەكانی دەرەوەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە 10ی كانوونی دووەمی 2020 لە بڕۆكسل، كۆبوونەوەیەكی نائاسایی بۆ گفتووگۆ لەبارەی تەنگژەكان لەگەڵ ئێران و پەرەسەندنی ڕووداوەكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، سازدەكەن”.
هەر بەپێی ئاژانسەكە، كۆبوونەوەكە لەكاتێكدایە، كە یەكێتی ئەوروپا هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەك دەدات لەپێناو هێوركردنەوەی ڕەوشەكە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

جەنگێكی كارەساتبار
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، نیگەرانی وڵاتەكەی بەرانبەر بە هەڵگیرسانی جەنگێكی زۆر كارەساتبار و كاولكەر دەربڕی، جەختیشی لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێڕەوێكی دیپلۆماسی لەبارەی ئێرانەوە كردەوە.
ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لە زاری دۆمینیك راپ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە بڵاویكردبووەوە، “بەریتانیا داوای هێوربوونەوە دەكات لەدوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێرانی، چونكە هەر جەنگێك لەگەڵ ئێراندا ڕووبدات لە بەرژەوەندی توندڕەوەكان دەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست”.
بە گوتەی راپ، “ئەوەی ئێمە دەمانەوێت هێوركردنەوەی تەنگژەكانە لەگەڵ ئێران و لەدەستنەدانی ئەو دەستكەوتانەیە، كە دەستەبەركران لە جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عیراق”.
راپ: “ئەوەی مایەی نیگەرانی ئێمەیە، ئەگەر جەنگ ڕووبدات زۆر كارەساتبار دەبێت و تاكە سەركەوتووش لەو جەنگەدا تیرۆریستان دەبن، بە تایبەت داعش”.
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئاماژەی بەو هەوڵانەش كردبوو، كە لەلایەن وڵاتەكەیەوە دەخرێنەگەڕ بۆ هێوركردنەوەی ڕەوشەكە و چارەسەركردنی تەنگژەكان بەشێوازی دیپلۆماسی.

خۆئامادەكردن بۆ جەنگ
هەر لەبارەی تەنگژەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژنامەیەكی ئەمریكایی، باسی لە دەرچوونی فەرمانێك كردبوو لەلایەن عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێرانی بۆ وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، كەناڵی (سی ئێن ئێن)ش دەڵێت، “واشنتن خۆی بۆ هێرشی ئێرانی لە پێنج وڵاتدا ئامادەكردووە”.
رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكایی لە 7ی كانوونی دووەمی 2019 بڵاویكردبووەوە، “خامنەیی فەرمانی بە هێزەكانی ئێران كردووە، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ وەڵامی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بدەنەوە”.
لای خۆیەوە كەناڵی (سی ئێن ئێن)، ئاماژەی بە خۆئامادەكردنی واشنتۆن كردبوو بۆ هێرشەكانی ئێران بۆ سەر پێگەكانی ئەمریكا لە هەریەك لە سعودیە و ئەردەن و عیراق و كوێت و ئیمارات.
كەناڵەكە لە زاری بەرپرسانی ئەمریكاوە بڵاویكردبووەوە، “واشنتۆن هێزەكانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خستۆتە ئەوپەڕی ئاستی ئامادەباشی بۆ هێرشەكانی ئێران”، ئاماژەی بەو زانیارییانەش كردووە، كە باس لە جوڵاندنی كەرەستە سەربازییەكان دەكەن لەلایەن ئێرانەوە.
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا، “ئێران جموجۆڵی بە مووشەكە بالیستییەكان و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان كردووە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بۆیە واشنتن خۆی بۆ هێرشی چاوەڕوانكراوی ئێرانی بۆ سەر پێگەكانی ئەمریكا لە سعودیە و ئەردەن و عیراق و كوێت و ئیمارات، ئامادەكردووە”.
ئەم پەرەسەندنە لەكاتێكدایە لە 3ی كانوونی دووەمی 2020، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی، لە هێرشێكی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سوپای ئەمریكا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عیراقی، كوژران.

بڕیاری تۆڵەكردنەوە
لەبەرانبەر كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە هێرشێكی ئەمریكادا لە عیراق، پەرلەمانی ئێران”ئەنجومەنی شورا” بڕیاریدا تۆڵەی كوشتنی قاسم سولەیمانی بكاتەوە.
لە 7ی كانوونی دووەمی 2020، میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، پەرلەمانی ئێران بڕیاریداوە سوپای ئەمریكا و هەموو ئەوانەی رۆڵیان هەبووە لە كوشتنی “قاسم سولەیمانی”دا بخاتە لیستی تیرۆرەوە و بیانكاتە ئامانجی هێرشەكانی.
هەروەها پەرلەمانی ئێران بڕیاریدابوو، بودجەی پێویست بۆ پشتیوانیكردنی فەیلەقی قودس تەرخان بكرێت، كە پێشتر لەلایەن “قاسم سولەیمانی”یەوە سەرۆكایەتی دەكرا و بڕی بودجەكەش بە 200 ملیۆن یۆرۆ دیاریی كرابوو.
عەلی لاریجانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندبوو رایگەیاندبوو»ئێران كەوتووەتە رەوشێكی تایبەتەوە و تا تۆڵە نەكەنەوە رەوشی وڵاتەكەیان ناگەڕێتەوە بۆ حاڵەتی ئاسایی».
دوابەدوای ئەو بڕیارەی پەرلەمانی ئێرانیش، لە 8ی كانوونی دووەمی 2020، تاران بە ژمارەیەك مووشەكی بالیستی بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و بنكەیەكی تری ئەمریكایی لە پارێزگەی هەولێر لە بۆردومان كرد، راوێژكاری سوپای پاسدارانی ئێرانیش لەو بارەیەوە ئاماژەی بە كوژرانی زیاتر لە 80 سەربازی ئەمریكایی كردبوو لە بۆردومانەكاندا.

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*