سەرەکی » راپۆرت » هێوربوونەوەی دۆخەكە

شرۆڤەی رۆژ

هێوربوونەوەی دۆخەكە

هەواڵ و بەدواداچوون

بە تێپەڕبوونی هەفتەیەك بەسەر رووداوەكانی بەریەككەوتنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عیراق، ناوچەكە جۆرێك لە ئارامی بەخۆیەوە بینی، كە دەكرێت بە هەفتەی ئارام لە گەرمەی ئاڵۆزییەكانی هەردوولایەن ناوی ببەین. ئەو ئارامییەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە.

هۆكارەكانی هێوربوونەوەی دۆخەكە
دوای رووداوەكانی چەند رۆژی رابردوو، هەردوولایەن وەك ئەوەی لە مەترسی هەنگاونان بۆ شەڕێكی ماڵوێرانكەر تێگەیشتبێتن، دەستیان لە خۆشكردنی ئاگرەكە هەڵگرت و دۆناڵد ترەمپ لە كۆشكی سپییەوە رایگەیاند: ئەمریكا باوەشی بۆ ئاشتی كراوەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا پرسی تر هەبوون كە وایانكرد دۆخەكە هێور ببێتەوە، لە ناوخۆی هەردوو وڵاتدا، نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا و ئێران چارەنووسسازن، واتە لە هەردوو بەرەكەدا ئەوان حسابێكی ورد بۆ ئەو پرسە دەكەن. بەوپێیەی پەیوەندییەكانیان لە دروشمی هەڵبژاردنەكاندا رەنگدانەوەی زۆری دەبێت، هاوكات پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكاش لە عیراق و دەركردنی بڕیارەكە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، دیسانەوە كاریگەری خۆی بەسەر رووداوەكانەوە هەبوو، بەڵام وێڕای ئەو هۆكارانەش، كۆتاییهێنان بە زمانی زبر و دووبارە جەختكردنەوەی ئەمریكا لە بارەی كردنەوەی دەرگای واشنتۆن بۆ گفتوگۆی بێمەرج لەگەڵ ئێران گۆڕانكاریی بەسەر هەلومەجەركەدا هێنا.

مێزی گفتوگۆ
ئەمریكا، «ئێران بە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە تۆمەتبار دەكات»، لەكاتێكدا ئێران پێیوایە «ئەمریكا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كار بۆ تێكدانی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی وڵاتان دەكات»، ئەو یەكتر تۆمەتباركردنە كە ماوەیەكی زۆرە پاڵ بەهەردوو لایەنەوە دەنێت ململانێكانیان لە ناوچەكەدا قووڵتر بكەنەوە، ئەمەش وایكردووە دۆخی ناوچەكە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە هەر كاتێكی تر، ئاڵۆزیی بەخۆیەوە ببینێت.
ئێران دەڵێت، «ئێمە لەگەڵ ئەمریكا ناچینە سەر مێزی هیچ گفتوگۆیەك ئەگەر ئەمریكا گەمارۆ ئابووری و سیاسییەكان هەڵنەگرێت»، جگە لەوەش ئێران ئاماژە بەوەشدەدات «لەگەڵ ئاڵۆزی دۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەكەدا نین و نایانەوێت هەنگاو بە ئاڕاستەی شەڕ لەگەڵ ئەمریكادا بنێن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*