سەرەکی » دۆسێ » لە بەرانبەر خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەدا تاران داوای لێبوورنی لە كێیڤ كرد

ئۆكرانیا داوای قەرەبوو دەكات

لە بەرانبەر خستنەخوارەوەی فڕۆكەكەدا تاران داوای لێبوورنی لە كێیڤ كرد

لەبەرانبەر خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لەلایەن ئێرانەوە، كێیڤ داوای قەرەبوو لە تاران دەكات، رووداوەكەش لەكاتێكدایە كە ئێران بەهۆی ململانێكانی لە ناوچەكە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان و خۆپیشاندانەكانی ناڕەزایی لە ناوخۆدا، بە رەوشێكی نالەباردا تێدەپەڕێت.

رۆحانی: هەڵەیەكی كوشندە بوو
لە لێدوانێكیدا لەبارەی رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە، سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندبوو»خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لە وڵاتەكەیدا زۆر خەمباری كردون» و بە «هەڵەیەكی كوشندە»ش رووداوەكە ناودەبات.
حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی لە بارەگای سەرۆكایەتی كۆمار رایگەیاندبوو»روداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لە ئاسمانی تاران روداوێكی ئاسایی نییە و ئەو بابەتە هێندە گرنگە كە هەركەسێك كە كەمتەرخەم بووە، یان دەستی لە رووداوەكەدا هەبێت، دەبێت دەستنیشان بكرێت».
بە گوتەی رۆحانی»دوای راگەیاندنی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە بەپەلە لێكۆڵینەوەكان لەوبارەیەوە دەستیانپێكرد، هەموو ئەو كەسانەش سزا دەدرێن كە كەمترخەم بوون لە روداوەكەدا».
سەرۆكی ئێران دەڵێت»تاران بەردەوام دەبێت لە لێكۆڵینەوە لە پۆشاكی قوربانییەكان، بۆ ناسینەوەی ناسنامەكانیان، هەروەها هەموو ئەو كەسانەش سزا دەدات كە كەمتەرخەمبوون لەكارەكانیان و دەستییان لە روداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكەدا هەیە».
رۆحانی پێیوایە كە «دەبێت جیهان و گەلی ئێران دڵنیابن، روداوی هاوشێوە دوبارە نابێتەوە لەئێراندا».
لەكۆتایی قسەكانیدا رۆحانی رایگەیاندبوو»حكومەتی ئێران بەرپرسە بەرانبەر گەلی ئێران و هەموو ئەو وڵاتانەنەی هاووڵاتییەكانیان لە روداوەكەدا بوونە قوربانی، بەرپرسی روداوەكەش بەدوورخستنەوە لەكارەكەی سزای خۆی وەردەگرێت».

داوای لێوردن لە گەلی ئۆكرانیا دەكەن
چەند رۆژێك لە دوای رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە، سەرۆكی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوای لێبوردنی لە سەرۆكی ئۆكرانیا كردبوو.
سەرۆكایەتی ئۆكرانیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا، بەناوی حكومەت و گەلی ئێرانەوە داوای لێبووردنی لە ئۆكرانیا كردووە كە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی هەڵەیەكەوە فڕۆكەیەكی مەدەنی ئەو وڵاتەیان لە نزیك تاران كردووەتە ئامانج».
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆكی ئێران رایگەیاندووە» لە چەند ڕۆژی داهاتوودا نوێنەرێكی ئێران سەردانی كێیڤی پایتەختی ئۆكرانیا دەكات و بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی داوای لێبووردنی كۆماری ئیسلامی بگەیەنێتە حكومەت و گەلی ئۆكرانیا».
بەر لەوە، ئۆكرانیا داوای لە حكومەتی ئێران كردبوو، بە فەرمی داوای لێبووردن بكات لەبەرانبەر خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانیاییەكە.
ئۆكرانیا داواشی لە تاران كردبوو قەرەبووی قوربانیانی ڕووداوەكە و كەسووكاریان بكاتەوە و لێكۆڵینەوەی تەواو بكات و بەرپرسانی ڕووداوەكە بداتە دادگا.

ئێران دانی بە خستنەخوارەوەی فڕ‌وكە ئۆكرانییەكەدانا
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە 10ی كانوونی دووەمی 2020، بە فەرمی دانی نا بە خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە و رایگەیاندبوو»فڕۆكە ئۆكرانیاییەكە بە هەڵەخراوەتەخوارەوە و داوای لێبووردن لە گەلی ئۆكرانیا دەكەین». هەر لەو بارەیەوە سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندبوو، فڕۆكە ئۆكرانییەكەیان بە هەڵە خستووەتە خوارەوە.
میدیای فەرمییەكانی ئێران بڵاویانكردەوە، سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران بە هەڵە فڕۆكە ئۆكرانییەكەی خستووەتە خوارەوە و زۆریش پەشیمانە لە خستنە خوارەوەی فڕۆكەكە .
سوپای ئێران رایگەیاندبوو، فڕۆكە ئۆكرانییەكە لە ناوەندێكی ئەمنی هەستیار نزیك بووەتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو، خستنە خوارەوە فڕۆكەكە لەلایەن ئێرانەوە كارەساتێكی گەورەیە، و لەئەنجامی خستنە خوارەوە فڕۆكەكەش لە نزیك تاران 176 كەس گیانیان لەدەستدا.
بە گوتەی رۆحانی»ئەو لایەنەی فڕۆكەكەی خستووەتە خوارەوە، دەستبەجێ دەدرێتە دادگا».
لەلایەكی ترەوە وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، كارەساتەكە بەهۆی هەڵەیەكی مرۆییەوە روویداوە.

كەنەدا پێشوەخست دەستی تۆمەتی بۆ ئێران درێژكرد
جاستن ترودۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لە دوای رۆژێك لە رووداوەكە، ئاماژەی بە دەستەبەركردنی زانیاریی هەواڵگری كردبوو لە چەند سەرچاوەیەك كە دەڵێن» ئێران فڕۆكە ئۆكرانییەكەی خستووەتەخوارەوە».
ترودۆ لە لێدوانێكی ڕۆنامەوانیدا رایگەیاندبوو”بەپێی زانیارییەكانمان، فڕۆكە ئۆكرانییەكە بە مووشەكی ئێرانی خراوەتەخوارەوە، ڕووداوەكەش لەڕێی هەڵەوە بووە”.
بە گوتەی سەرۆك وەزیرانی كەنەدا”جۆری ئەو مووشەكەی بەر فڕۆكەكە كەوتووە، زەوی بە ئاسمان بووە”.
جاستن ترودۆ دەڵێت”حكومەتەكەیان بەشێوەیەكی توندوتۆڵ لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان بۆ زامنكردنی لێكۆڵینەوەیەكی ورد لە ڕووداوەكە و دەستخستنی وەڵامی دروست بۆ پرسیاری كەنەدییەكان هەماهەنگی دەكات، فرانسۆ فیلیپ شامپان وەزیری دەرەوەش، لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ حكومەتی ئۆكرانیا و دەسەڵاتدارە گرنگەكانی تر”.
كاتژمێر 5:15ی سەرلەبەیانی 8ی كانوونی دووەمی 2020، فڕۆكەیەكی بۆینگ 737 بە 180 سەرنشینەوە كە لە فڕۆكەخانەی ئیمام خومەینی ئێرانەوە بەرزبووەوە، تا بەرەو فڕۆكەخانەی (بوریسببیل)ی ئۆكرانیا بڕوات، بەڵام پاش نزیكەی كاتژمێرێك لە فڕین فڕۆكەكە لە نێوان شەهرەیار و باراند كەوتووەتە خوارەوە.
فڕۆكەكە، فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی ئۆكرانی بووە و بەشی زۆری سەرنشینەكانیشی كەنەدی و ئێرانین.
بەهۆی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی ئۆكرانیا 180 كەس بوونە قوربانی و لەنێویشاندا 8 كەس بە ڕەگەز كوردبوون.
لە ڕووداوی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی ئۆكرانیا 180 هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و لەنێویشیاندا 8 هاوڵاتی كوردیان تێدابوو كە هەندێكیان بڕوانامەی دكتۆرایان هەبووە و مامۆستای زانكۆ بوون.
سەرلەبەیانی 8ی كانوونی دووەمی 2020 لە دوای كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بۆینگ 737 لە وڵاتی ئێران، وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا رایگەیاندبوو ئەو فڕۆكەیەی كەوتووەتە خوارەوە زۆرترینی خەڵكی ئێرانی بوون، بۆیە داوا لەبەرپرسانی ئێران دەكات بەر لەوەی ئۆكرانیا لێكۆڵینەوە دەست پێبكات ئەوان لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێبكەن.
لای خۆشییەوە كەناڵی (CNN)ی ئەمریكایی، ژمارە و رەگەزنامەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە لەناو فڕۆكەكەی بڵاوكردبووەوە كە بەم شێوەیە بوون:
( 74 ئێرانی، 63 كەنەدی، 11 ئۆكرانی، 10 سویدی، 4 ئەفغانی، 3 ئەڵمانی، 3 بەریتانی، 8 كورد).

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*