سەرەکی » دۆسێ » گوتاری نووسەرە ئیسلامییەکانی تورکیا

ناسیۆنالیزمی کوردی لە روانگەیەکی ئیسلامییەوە

گوتاری نووسەرە ئیسلامییەکانی تورکیا

پەیڤێک
گەشەسەندنی گیانی ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەی کوردایەتی لە باکووری کوردستاندا، مەسەلەیەکی گرنگە لە لای کورد و غەیرە کوردیش، بەتایبەتی لە لای نووسەر و چاودێرە سیاسییە تورکەکان، بۆ ئێمەی کوردیش گرنگە بزانین نووسەرە غەیرە کوردەکان بەتایبەتی تورکەکان چۆن سەیری ئەم مەسەلەیەیان کردووەو چارەسەریان بۆ ئەم کێشەیە چۆن بووە.
لەم دۆسێ تایبەتەدا، کە لە لایەن نووسەرێکی تورکەوە نووسراوە بە ناوی «ئوميت جزرە ساكاڵيئۆغڵو « و مامۆستا «محەمەد حەمەساڵح تۆفیق» لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بەکوردی، باسی تێڕوانینی نووسەرە ئیسلامییەکانی تورکیا دەکات بۆ کێشەی کورد ، کە بەشێکیان کوردن و بەشێکی تریان تورکن.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا نووسەر پشتی بە نووسین و بەرهەمی 12 نووسەری ئیسلامی کردووە کە نیوەیان کوردن و لەناو پارتی رەفای ئیسلامی تورکیدا کاریانکردووە، نووسەر باسی شێوازی تێڕوانین و شرۆڤەی سیاسی و چارەسەری ئەوان بۆ کێشەی کورد لە تورکیا دا دەخاتە ڕوو.
ئێمەش لەبەر گرنگی ئەم بابەتە پێمانباشبوو وەکو دۆسێیەکی تایبەت بە دوو بەش ، لە کوردستانی نوێدا بڵاوی بکەینەوە.

کوردستانی نوێ

ئوميت جزرە ساكاڵيئۆغڵو

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

بەشی یەکەم
پێشەکی
بە هاتنی سەدەی بیستویەکیش، هێشتا هەر ناسیۆنالیزمی دانیشتوانی کوردی تورکیا و بە زمانێکی میللی بڵێین «مەسەلەی کورد» بابەتێکی پلە یەکە لە سیاسەتی تورکی و لە مەیدانی نێودەوڵەتیشدا. هیچ گومانی تێدا نیە کەوا کێشەکە کۆمەڵێک هۆکاری رەگداکوتاوی مێژوویی خۆی هەیە کە پێویستیان بە شیکاریی پرۆسە سیاسییەکانی باڵادەستیی دەوڵەت و ناسیۆنالیزمی تورکی و ناڕەوایی و ناهاوتایی مۆدێرنیزە کردن هەیە. بەهەرحاڵ هەڵکشانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە دەیەی ئەم دواییەدا رەنگدانەوەی گۆڕانکاریی قووڵە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لەپێش هەمووشیانەوە کاریگەریی جەنگی کەنداوی ساڵی 1991 و ئەو ئایدیا جیهانییە بەهێزانەی پەیوەندیدارن بە ناسنامە و جیاوازی و مافە کولتوورییەکان و مافەکانی مرۆڤەوە.
بە هۆی بێزاری و ململانێی بەردەوامەوە*، کەرتە گەورە و بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی سڤیلی تورکی و هەندێک لە ئەندامانی دەستەبژێری سیاسی کەوتوونەتە گومانەوە لەو نۆرم و کۆد و پەیڕەوە سیاسییانەی کۆمار لە رێگەی تێپەراندنی سنووری تورکیاوە و گەڕان بەدوای کۆنسێپت و تێگەیشتنی جیهانیدا وەک فرەیی و فرەکولتووری و پرسینەوە لە حکوومەت و باڵادەستیی یاسا. لەڕاستیدا، دەوڵەت سەرلەنوێ پێناسەی «بوونی» خۆی دەکاتەوە لە وێنە و لە واقیعدا لە بەرانبەر رابوردوو و پاشەڕۆژیدا، کەوا مەسەلەی کورد رۆڵێکی گرنگی تێدا دەگێڕێت. ئەڵبەتە مەسەلەی کورد بووە بە رەگەزێکی بنەڕەتی لە پرۆسەی پێناسەکردنەوەی شوناس و ناسنامەی تورکیدا.

رۆڵی نووسەرە ئیسلامییەکان لە دووبارە پێناسە کردنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا
پرۆسەی خۆتاقیکردنەوە کە بارودۆخی کورد بەرپای کردووە تەنها پرۆسەیەک نیە لەناو رۆشنبیرە سێکولارەکان و دەستەبژێرە سیاسییەکاندا. هەروەها هزر و بیری بکەرە ئیسلامییەکانیشی گرتەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکانەوە بایەخ و هەڵسەنگاندیان بۆ مەسەلەی کورد زیادی کردبوو پاش رادیکاڵ بوونی. ئامانجی سەرەکیی ئەم باسە شیکردنەوەی پەرەسەندن و سروشت و کاریگەریی ناسیۆنالیزمی کوردی نییە، بەڵکو لەبری ئەوە لێکۆڵینەوەیە لەو پاڵنەر و ئامڕازە هزرییانەی کەوا کۆمەڵێک لە نووسەرە ئیسلامییەکان بەکاریاندێنن بۆ تێگەیشتن و پێناسەکردن و کارکردن لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی لە رێگەی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئیسلامەوە.
لەبنەڕەتدا مەبەستی ئەم باسە شیکردنەوەی ئەو رێگایانەیە کە نووسەرە ئیسلامییە هاوچەرخەکان پەیوەندیی ئیسلامی پێ راڤە دەکەن لەگەڵ چەمکی ناسیۆنالیزم بەگشتی و ناسیۆنالیزمی کوردی بەتایبەتی. بێجگە لەوەش، باسەکە هەوڵدەدات ئەوە روونبکاتەوە کە تێڕامانی ئەم نووسەرانە چۆنە لە رۆڵی ئیسلام لەبەرانبەر ناسیۆنالیزمی کورددا لە رێگەی پرسیاری ئاخۆ ئیسلام ئەو هێزەیە کە جێگەی تایبەتمەندیی کورد بگرێتەوە یان ئیتنیک و نەژاد توخمی سەرەکین و خۆڕسکانە پاڵپشتی لە ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن وەک بەڵگەیەکی سەرەکیی ناسنامەی کوردی لە ئێستا و رابوردوودا.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەم رووەوە چەند روونکردنەوەیەک هەیە، کە تاڕادەیەک لە وردەکاری بۆ ئەوە دەچێت کە مەسەلەی کورد بووە بەو هۆکارەی کە لە رێگەیەوە بەرەی ئیسلامی بەگشتی مۆرکە تیۆرییە هزرییەکەی دەردەکەوێت لەبارەی ناسیۆنالیزم بەگشتی و ناسیۆنالیزمی تورکی و کوردی بەتایبەتی. لەبەر رۆشنایی حاڵەتی بیرکردنەوەی ئیسلامیی تاڕادەیەک نەخەمڵیو لەبارەی تیۆری و پراکتیزەی ناسیۆنالیزم بەگشتی، ئەوە ئامادەکردن و شیکاریی نووسینە مەنهەجییەکانی نووسەرە ئیسلامییەکان لەسەر مەسەلەی ناسیۆنالیزم بەدیاریکراوی ئەرکێکی قورسە. سەرەڕای ئەوەش، ئەو رووبەرەی کە نووسەرە ئیسلامییەکان کاری لەسەر دەکەن فشەڵە لەبەر نەبوونی بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندوتۆڵی خاوەن دید و بۆچوونێکی پتەوی پتەوی یەکگرتوو سەبارەت بە سروشت و کاریگەریی ململانێی کوردی.
ئەڵبەتە ئاڵۆزییەکی تر بەئاشکرا خۆی لە نەبوونیی گوتاری روونی ناسیۆنالیزمی کوردیدا دەبینێتەوە پەیوەست بە سروشت و داواکاری و دیدوبۆچوونی سیاسی. کاتێ تەواوی ئەم شتانە پێکەوە دەخرێنە سەریەک، دەبێ نووسینی ئیسلامی لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی بخرێتە چوارچێوەی ژینگەیەکی تیۆریی وا کە زۆر توند یان پتەو یان سیستماتیک نەبێت لە هەوڵدانیدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکەیدا. بە واتایەکی تر، مەسەلەکە بەندە بەوەی کەوا گوتاری نووسەران زۆرێک لە جیاوازی و چونیەکی لە مەسەلەی کورددا دەردەخەن و ئەنجامیش وادەکەوێتەوە کە هەندێجار ئاسان نەبێت نووسینەکانیان بە ڕێکوپێکی رێکبخرێن.

کورتەیەک لەبارەی نووسەرە ئیسلامییەکانەوە

دوانزە نووسەری ئیسلامی1 بۆ ئەم باسە هەڵبژێردراون کە پێوەری هەڵبژاردنیان بەهۆی چەندین جار مامەڵە کردنیان بووە لەگەڵ لایەنە جۆراوجۆرەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە نووسینەکانیاندا لە ساڵی 1990وە. لەسەر ئاستی ئەزموونیش، ئەوان دیارترین ئەو ناوانەن کە لە میدیای ئیسلامیدا دەرکەوتوون و کەم و زۆر بە هێز و تواناوە سیستماتیکی مامەڵەیان لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا کردووە پاش ئەوەی لە ساڵانی 1990کانەوە تۆکمەیی و پتەوەیی خۆی سەلماندووە. لە ناو نووسەرە ئیسلامییەکاندا نزیکەی نیوەیان بە رەگەز کوردن2. ئەڵبەتە لەبەر ئەوەی پێگەی نووسەرە کوردەکان وەک ئەوەی کە هەوڵی روونکردنەوەی دەدەن دەگونجێت لەگەڵ بابەتی لێکۆڵینەوەکەیاندا، بۆیە گرنگە پرسیاری ئەوە بکرێت کە ئاخۆ نەژادی کوردبوونیان یان پابەندبوونی ئیسلامییان مەرجی تێگەیشتن و لێکدانەوەیە بۆ ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی. لە سیاقی ئەم باسەدا ئەوە رووندەبێتەوە کەوا نووسەرە کوردە ئیسلامییەکان لە توێژینەوەکانیاندا بەدوای «رووبەرێکی» تایبەتمەندی ئیتنیک یان نەژادی کورددا دەگەڕێن لە چوارچێوەی فۆرمەلە پێشنیازکراوەکەی ئوممەدا، وەک کۆمەڵگەی ئیسلامیی باوەڕداران، کەچی هەڵوێست و پێگەی نووسەرە ئیسلامییە تورکەکان بەتوندی داشکاندنە بەلای داکۆکی کردن لە یەکگرتوویی دەوڵەتی تورکیا، لەبری دانپیانان و سەلماندنی تایبەتمەندییەکی ئیتنیکیی کوردی. گوتاری نووسەرە کوردە ئیسلامییەکان جیاوازییەکی تری دێتەسەر، کە بێگومان ئەوپەڕی گرنگە، ئەویش ئەم جۆراوجۆریی ئێستای نەخشەی مەعریفیی نووسەرە ئیسلامییەکانە.

گرنگیی نووسەرە ئیسلامییەکان3
راستە کەوا لە حاڵی حازردا فرەیەک لە بکەر و پلاتفۆرمە ئیسلامییەکان هەن کە دیدوبۆچوونی دژبەیەک و لێکدانەوەی جیاجیایان هەیە بۆ ململانێی کوردی. لەم بوارەدا، تەریقەتەکانی سۆفیگەری (کە سەر بە ئیخوانن)، کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، پارتی رەفا (واتە حیزبی خێر و خۆشی Refah Partisi) کە حیزبیکی ئاینییە و لەئێستادا قەدەغەی لەسەرە و دووەم دەنگی ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژئاوای هێنابوو4، دەوڵەتی تورکیا و تەنانەت سەرکردایەتیی پەکەکەش5 هەر هەموویان زمان و سیمبۆڵی ئیسلامی بەکاردێنن6 بۆ ئەوەی پلەیەک رەوایی بدەنە گوتار و کردەوەکانیان. ئەمەش سەلماندنی ئەو لایەنانەیە کەوا ئیسلام دەسەڵات و کاریگەرییەکی بەهێزی هەیە لە ناوچەکەدا و ئامرازێکی شەرعی و کاریگەرە.
لەنێو دەنگە زۆر و زەبەندە ئیسلامییەکاندا، نووسەرە ئیسلامییەکان لە تورکیای ئەمڕۆدا توێژێکی بایەخدار و بەهێزی ئەو ئەکتەرانە پێکدێنن کە تاڕادەیەک جیاوازن لە «رۆشنبیرە ئیسلامییەکان». ئەم نووسەرانە لە گۆڤار و رۆژنامە ئیسلامییەکاندا ستوون دەنووسن و/ یان کتێب دادەنێن و/ یان لە کەناڵەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆنە ئیسلامییەکانەوە دەردەکەون. بە پێچەوانەی رۆشنبیرە ئیسلامییەکانەوە کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەشدارن لە «دووبارە بنیاتنانەوەی» بناغەکانی ئیسلامدا، بەڵام ئەم نووسەرانە راوبۆچوونی خۆیان لەسەر مەسەلە گرنگەکان «بڵاودەکەنەوە» بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ئیسلامی بۆ ئاستێکی بەرزتر و گۆشکردنی خوێنەرە موسڵمانەکان بە دید و بۆچوونە ئاینییەکان لە لێکدانەوەی رووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. بەهەرحاڵ، هێڵی جیاکەرەوەی ئەوەی کە پێیدەوترێت «رۆشنبیرێکی موسڵمان» و «نووسەرێکی موسڵمان» بەزۆری لاوازە و بایەخێکی ئەوتۆی نیە. لە جیهانێکی ناوخۆیی و دەرەکیی خێرا گۆڕاودا، ئەم نووسەرانە بوون بە بریکاری تەواو کاریگەر کە لەو رێگەیەوە ئیسلام دەبەسترێتەوە بە پێداویستییە جەخت لەسەرکراوەکانی کاتەوە و مامەڵە لەگەڵ کێشە دینامیکییەکانی تورکیای هاوچەرخدا دەکات. پێکەوە لەگەڵ رۆشنبیرە ئیسلامییەکاندا، نووسەرەکان بە تۆنێکی بەهێزترەوە دەردەکەون و دەتوانن وێنەیەکی گشتی بنیات بنێن و میللیگەراییەک دەستەبەر بکەن کە لەلایەن نووسەرانی پێش خۆیانەوە بەئەنجام نگەیشتبێت. ئەوان هەرچەندە ئاستی بەشداریی سیاسییان بەرزترە لە رۆشنبیرانی ئاڕاستە ئیسلامی، بەڵام سەرلەنوێش ئیسلام بنیاتدەنێنەوە و دایدەڕێژنەوە لە کایەی مامەڵەکردنی لەگەڵ راستییە نوێکاندا.
روخساری دوای جەنگی سارد بارودۆخێکی زیاتری دەرکەوتنی گشتی بۆ ئیسلام رەخساند لە تورکیادا. لە لایەکەوە، ئایدیۆلۆجیای فەرمیی کۆمار، واتە کەمالیزم (وشەکە لە ناوی مستەفا کەمالی دامەزرێنەری کۆماری تورکیاوە سەرچاوەی گرتووە) باڵادەستیی بێڕکابەری لەدەستدابوو وەک بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی گشتگیری مۆدێرن کردنی تورکیا. ئەم پرۆژەیە نکووڵی لە هەر رۆڵێکی ئیسلام دەکرد لە کایەی گشتیدا. ئاوێتەبوونی روولەزیادی تورکیا لەگەڵ جیهاندا پاش کوودەتا سەربازییەکەی ئەم دواییەی ساڵی 1980 جومگەسازی و خولیا و ئاواتی نوێی خوڵقاند. سیاسەتی تورکی تووشی دژبەری و پارادۆکسێک هات و لەکاتێکدا کە چینی سیاسی و دەزگا و دامەزراوەکان شکستیان هێنا لە چارەسەر کردنی داخوازیی نوێدا و بەوپێیە بواری سیاسی تەسک بووەوە بۆ رکابەریی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا و جیهانگیریی (گڵۆباڵیزم) بە کردەیی «ئایدیای نوێی» بۆ خەڵکی ئاسایی رەخساند بەهۆی شۆڕشێکەوە لە تەکنۆلۆجیای زانیاری و ماسمیدیادا. بەواتایەکی تر، هاوزەمان بوو بە مایەی فراوانکردنی کایەی سیاسی و رەخساندنی بوار بۆ دەنگە نوێکان بەهۆی کاریگەریی دەستلێدانیکی لەسەرەخۆ و شاراوەی گڵۆباڵیزمەوە. ئەمەش وادەگەیەنێت کە کەمالیزم، وەک ستراتیجییەتێک بۆ مۆدێرنیزەی کۆنترۆڵکراو، شکستی هێناوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵۆزییە سیاسی – کۆمەڵایەتییە تازە پەیدابووەدا و رەخساندنی چوارچێوەیەکی سوودبەخش وەک لەرابردوودا دەیکرد. رۆڵی روولەهەڵکشانی نووسەرە ئیسلامییەکان لە تورکیادا لە ماوەی دەیە و نیوی ئەم دواییەدا دەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنی ئیسلام لە کایەی گشتیدا وەک ئایدیۆلۆجیایەکی گشتیی متمانەپێکراو و ئەڵتەرناتیڤێک بۆ کەمالیزم.
بەدەر لە گۆڕانکاریی ئابووریی سیاسیی تورکیا لە ماوەی دوای جەنگی سارددا، رەهەندێکی جیهانیش هەیە بۆ زیادبوونی دەرکەوتنی ئیسلام و نووسەرە ئیسلامییەکان. چەمک و تێگەیشتنێکی سوودبەخش هەیە بۆ لێکدانەوەی بایەخی روولەزیادی دووبارە راڤەکردن و لێکدانەوەی بیروباوەڕی ئیسلامی لە سیاسەت و لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا ئەوەیە کە ئیکڵمان و پیسکاتۆری ناویان لێناوە «بەرجەستە کردنی هۆشیاریی ئیسلامی»7. بە کورتی و بە پێی ئەم چەمکە سیاسەتەکانی کۆتایی دوو جەمسەر و جەنگی سارد دۆخێکی ناسکی گۆڕانکاری رەخساندووە لە دەقەکانی نووسەری ئیسلامیدا و پرۆسەی خێراکردنی پەیوەندیی جەماوەری و خوێندنی باڵا بۆ خەڵکی ئاسایی و بڵاوکردنەوەی دەقە ئیسلامییەکان بوون بە هۆی بەزاندنی ئەو قۆرخکارییە نەریتییەی کە تەنها زانا ئاینییەکان (عولەما) دەیانتوانی ئایدیا و باوەڕی ئیسلامی بۆ خەڵک بگوێزنەوە و راڤەی بکەن لە زۆرێک لە وڵاتە موسڵمانەکاندا. دەستڕاگەیشتنی راستەوخۆ و بەرفراوان بە جیهانی چاپەمەنی بوو بەهۆی رەخساندنی «پرۆسەیەک کە پرسیارە سەرەکییەکان لە زەین و هۆشی ژمارەیەکی زۆری باوەڕداراندا سەریهەڵدا و ئەم پرسیارە راشکاو و هاوبەشانە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان و داواکردنی نوێن و بەشێوەیەکی روولەزیاد گوتار و پراکتیزەی موسڵمانان لە هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکان پێکدێنێت»8. لە هەمووشی گرنگتر، بۆ ئيكڵمان و پيسكاتۆري، بەرجەستەکردنی ئیسلام رێکخستنی ئاینیش دەگرێتەوە لەبری یاسا و رێسا غەیرە ئاینییەکان، بە واتای سنووردانان لەنێوان ئیسلامی و نائیسلامیدا. ئەڵبەتە هەر کە نەریتی ئاینی وەرچەرخا بۆ سیستەمێکی هۆشیار و بابەتی و رێنومایەک بۆ رەفتاری سیاسی ئەوە «پرسیار کردن لەبارەی ئەوەی کێ قسە لەسەر ئیسلامی میانڕەو دەکات» دەبێتە مەسەلەیەکی سێنتراڵ لە سیاسەتی ئیسلامیدا9.
بەپێی ئەم لێکدانەوەیە بێت، پێویستە بەدوای بایەخی ئێستای نووسەرە ئیسلامییەکاندا بگەڕێین لە کاریگەریی توندی دەقە چاپکراوەکان لەسەر هۆشیاریی موسڵمانان. ئەنجامی ئەمەش پێویست بوونە بە وەڵامی ئیسلامی بۆ ئەو پرسیارە مۆدێرنانەی لە بایەخی روولەهەڵکشانی رۆشنبیر و نووسەرە ئیسلامییەکان دەکرێت کە لەگەڵ نوێگەریدا دەگونجێن بەپێی تێرمە ئیسلامییەکان. بەهەرحاڵ، یەک لە تێزەکانی «روونکردنەوە و بەرجەستەکردن» ئەوەیە کە ئەو پرسیارانەی کە خەڵک دەیکەن، خەڵکەکە خۆیان و وەڵامەکان پێکهاتەی گرنگی ئەم پرۆسەیە بن. پرسیاری جۆراوجۆر دەکرێن لە سیاقی جۆراوجۆردا لەلایەن هەمان ئەو کەسانەوە، کە دواتر ماناگەلی جیاواز دەدەنە وەڵامەکان. بەهەمان شێوەش وەڵامی جیاجیا لە خاڵی زەمەنیی جیاوازدا دەدرێنەوە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ راستییەک کەوا پرسیارەکان کە کراون و وەڵامەکانیان هی واقیعێکی کۆمەڵایەتیی دیاریکراون. ئەوەی کە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ئیسلامی و غەیرە ئیسلامییە ئەو راستییەیە کە بەپێی کات و سەردەم دەگۆڕێت. یاسا و رێساکانی بەسیستەمکراوی ئیسلام زیاتر زادەی چەرخ و رۆژگارن وەک لەوەی بەرهەمی سەرچاوە نەگۆڕەکانی باوەڕ و قەناعەتی ئیسلام بن.
ئەوانەی کە پرسیارەکان دەکەن ئێستا بەشێکن لە چینێکی ناوەڕاستی نوێ و ئاڵۆز کە مێژوویەکی کۆچکردنیان هەیە لە ناوچەکانی دێهاتەوە بۆ ناوەندی هەرێم و ویلایەتەکان و بوون بە توخمێک لە توخمەکانی بڵاوبوونەوەی شارنشینیی خێرا لە تورکیادا. ئەوانە گوزارش لە هەست و سۆزی ئاڵۆز دەکەن کە لە نائومێدیی سیاسەتەکانی بەڕۆژئاوایی بوون و شاڵاوی بێبەزەییانەی سەرمایەدارییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەهەمان شێوەی مەیلداریی ئاینی. ناڕەزایی و قایل نەبوون بە پابەندیی کۆمارییەکان بە ئاڕاستەی رۆژئاواییدا تاقە هۆکار نیە کە وا لە ئیسلام و نووسەرە ئیسلامییەکان دەکات زیاتر نزیک ببنەوە لە جەماوەرە رەخنەگرەکەیان. مەسەلەکە بێڕادە ئاڵۆزترە و دیسان گرێدراویشە بە پرۆسەی وەرچەرخانی دیموکراتیبوونی رێژەیی تورکیا لە ساڵانی 1980کاندا، کە رەنگدانەوەی کاریگەریی ئایدیا نوێکانی جیهان بوو و هەروەها دەرکەوتنی نەوەیەکی نوێی سیاسەتمەداران کە بڕیاریاندابوو زیاتر کراوە و لیبراڵ بن لەبەرانبەر ئیسلامدا. پرسیارەکانی کە دەکران زادەی بەرفراوانبوونی رووبەری گشتی ئیسلامی سیاسی بوون لە دەیە و نیوی ئەم دواییەدا و پۆزشی ئایدیۆلۆجییە ئەڵتەرناتیڤەکان لەو فەزا و رووبەرەدا. راستییەکیش هەیە کەوا چینی ناوەراستی ئاڵۆز ئارەزووی ئەوە دەکات کە لە ژیانی گشتیدا وەک موسڵمانان بژی، بەڵام توانای ئەوەشی نەبێت کە تێکەڵ بە شێوازی ژیانی بەکاربەر و خولیا و ئاواتەکانی ببێت.

کاریگەری و کارامەیی نووسەرە ئیسلامییەکان
ئاخۆ ئەم نووسەرانە دەتوانن هەلومەرجی گوتاری ئیسلامیی باڵادەست دیاری بکات کاتێ راوبۆچوونی خۆیان دەردەبڕن لەبارەی کێشە بەردەوامەکانی وەک ناسیۆنالیزمی کوردی؟ تا چەند دەتوانن ئازاد و رەخنەگر و داهێنەر بن لەم پرۆسەیەدا؟ دەبێت وەڵامەکانی ئەم پرسیارانە لە یەک کاتدا ئەرێنی و نەرێنی بن. تا ئەو ئاستەی هێز و پێگەیان پشتی بە بە هەڵکشانی بانگەشە بۆ ئیسلام دەبەست لەبری بەشداربوونیان لە خەبات و ململانێدا وەک «ئایکۆنی» رێکخراوە شۆڕشگێڕەکانی وەک کۆمەڵی برایانی موسڵمان (ئیخوان موسلیمین) لە میسر یان بەرەی ئیسلامیی نیشتمانی لە سوودان، کاریگەریی راگەیاندنەکانیان تاڕادەیەک سنووردار بوو، چونکە ئەوان پابەند بوون ئەوە بدەنە بازنە «سروشتییەکانی» خۆیان لە بازاڕی ئیسلامدا کە دەخوازن گوێیان لێبێت. لە هەمان کاتیشدا و بۆ هاوکاری کردن لە مەسەلەی برەودان بە ئیسلام لە تورکیادا، هەندێکجار ناچار دەکرێن کێشەیەکی هاوبەش بورووژێنن لەگەڵ توخمە نائیسلامییەکانی کۆمەڵگەدا کە توخمە سێکولار – لیبراڵی و چەپەکان لەخۆدەگرێت. ئەم راستییە رێگرە لەبەردەم هەوڵ و کۆششی نووسەرە ئیسلامییەکاندا لەپێناوی رزگارکردنی ئیسلام لەوەی کە هەموو شتێک بێت بۆ گشت خەڵک. بەهەرحاڵ، لە شیکردنەوەی کۆتاییدا، ئەوان بەدوای «کاریگەریدا» دەگەڕێن لە ژیانی گشتیدا تاوەکو بتوانن سیاسەتی ئیسلامی توانادار بکەن کە «دەسەڵاتی» بەسەردا بشکێت. ئەوان لە رێگەی ناردنی بیروبۆچوون و تێگەیشتنی ئیسلامییەوە بۆ ناو گوتاری گشتی، بناغەی گۆڕانکاریی هەلومەرجی تێکۆشان و ململانێی سیاسی دادەنێن.
ئەو نووسەرانە لێرەدا کۆمەڵێک نیگەرانی و مەترسیی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە مەسەلەی کورد، کە هەموویان لەو بارودۆخەی کە هەیە سەرچاوەیان گرتووە. سەرنەکەوتنی ئیسلامییەکانی تورکیا لە فۆرمەلەکردن و ئاڕاستەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی دوور لە سەرکردایەتیی «سێکولاری» پەکەکە، یەک لە بابەتە گرنگەکانی ساغکردنەوەیان بوو. ئەوان لەم کارەیاندا چاو بە پرۆژەی بەڕۆژاوایی کردنی کەمالیستەکاندا دەگێڕنەوە و رەخنەی لێدەگرن لە هەلومەرجی کاریگەریدا لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردی. یەک لەو مەسەلە بنەڕەتیانەی مامەڵەی لەگەڵ دەکەن جەختکردنەوەیە لەسەر شوناسی ئەتنیکی ناسیۆنالیزمی کوردی لە حاڵی حازردا. ئەمە بە شێوەیەکی تایبەتی پرسێکی تۆقێنەر بوو بۆ ئیسلامییەکان بۆ ئەوەی پێی بگەن، چونکە مەسەلەیەک دەخاتەڕوو کە پێچەوانەی جەمسەربەندیی داواکاریی ئیسلامییە بۆ تێپەراندنی تایبەتمەندیی نەژادی. دواجاریش، ئەوان بایەخ بە ئەزموونی پاڵنەر و ئەدای سیاسیی پارتی رەفا دەدەن سەبارەت بە کێشەکە. دواتر، ئەم بابەتانە لە ژێر ناونیشانی جیاوازدا هەڵدەسەنگێنرین. کۆتا بەشیش هەوڵدەدات رەخنەیەکی گشتگیر بخاتەڕوو بۆ ئەو گوتارانەی شیکردنەوەیان بۆکرابوو.

ناسیۆنالیزمی کەمالی وەک هاندەرێک بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی
پەیوەست بە نووسەرە ئیسلامییەکان، کێشەی راستەقینە کە بەرەوڕووی موسڵمانەکان دەبێتەوە لە ناسیۆنالیزمی کوردیدا نیە بە ئەندازەی ئەوەی کە کێشەی ناسیۆنالیزمی تورکییە. یەک لە پەرۆشی و خۆخەریککردنی نووسەرە ئیسلامییەکان دەرخستنی ئەوەیە کە چۆن، لە سەرانسەری کۆماردا، ناسیۆنالیزمی کەمالی دەرفەتەکانی روانگەی ئیسلامیی لەباربردووە بۆ بەدیهێنانی هەر پێشکەوتنێک لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیدا. بەم پێیە و لە رێگەی دەستگرتن بە سێکولاریزمێکەوە کە «ناسیۆنالیزمی دژە ئاینە» و لەسەر بنەمای ئیتنیک و نەژاد راوەستاوە و ناسیۆنالیزمی تورکیی فەرمی هاوکار بووە لە هەڵکشانی دەستەخوشکە جمکەکەی، کە ناسیۆنالیزمی کوردییە. مشتومڕی نووسەرەکان، لەسەر یەک ئاست، دان بە سەرکەوتنی پرۆژە کەمالیستییەکەدا دەنێت پەیوەست بە سەپاندنی مۆرکی دامەزراوەیی بەسەر شوناسی «هەرێم یان ناوچەدا» کە لە خولگەی دەوڵەتدا دەسووڕێتەوە وەک سیاقێکی رەوا و شەرعی بۆ دانیشتوانە موسڵمانەکانی تورکیا و ئیسلامی سیاسی. ئەمە و بە پێی ئەنجامگیریمان لە بەرهەمەکانی نووسەرە ئیسلامییەکان، پێدەچێت ناسیۆنالیزمی کەمالی لەسەر دوو ئاست سەرکەوتنی بەدەستهێنابێت: یەکەمیان بە خۆخزانە نێو هزر و هۆشی دانیشتوانی موسڵمانی تورکیاوە، بە سەرکردە و پلاتفۆرمەکانیانەوە، دووەمیش بەهۆی قۆرخکردنی کایەی سیاسییەوە.
سەبارەت بە نووسەرەکانیش، گرنگترین لێکەوتەی خەیاڵدانی ئیسلامی کە لەلایەن گوتارێکی سێکولاری نیشتمانییەوە بەتەواوی بەزێنرابێت، بریتییە لە دیارکەوتنی بایەخ نەدانی «موسڵمانان» لەئاست هەستەوەری و داواکاریی دانیشتوانی کورد سەبارەت بە رەچاوکردنیان وەک نەتەوە و گەلێکی جیاواز. بەم پێیە و بەگوێرەی راوبۆچوونی ئەو نووسەرانە، داگیرکردنی کەمالی بۆ دڵ و دەروونی ئیسلامی لە تەوەری دوو چەمک و تێگەیشتندا دەسووڕێتەوە کە بریتین لە «دەوڵەت» و «یەکێتیی خاک». بەگوێرەی نەریتی ئیسلامی لە تورکیادا، لەڕووی مێژووییەوە وا وێنای دەوڵەت دەکرێت کە قەوارەیەکی پیرۆز و باڵا و هەتەهەتاییە (Devlet-i Ali و Devlet-i Ebed-Muddet)، ئەمەش فەرمانە بە دڵسۆزیی رەها و ملکەچی بۆ فەرمانڕەوا10. نەریتی مونەوەرانی (رۆشنبیرانی) ئیسلامی دەوڵەتی عوسمانی هەمیشە بەشداری بووە لە ملکەچیی بێ قەید و شەرت بۆ فەرمانڕەوا، بەپێی ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی بەرجەستەکاری دەزگایی سەرەتاکانی ئیسلام و خەلافەت بووە11.
ناوەندێتی دەوڵەت و باری دەروونی و ئەقڵیی ئیسلامی لەگەڵ یەکتر کۆکرانەوە، ئاوێتە بە ترس لە دابەشبوونی ئیمپراتۆرییەت لەلایەن هێزە مەسیحییەکانەوە، کە پرۆسەیەکە بە پێی ئیدیعای ئەو نووسەرانە لە مەودای دووسەد ساڵی ئەمدواییەی ژیانی ئیمپراتۆرییەت لە پەرەسەندن و پێشڕەویدا بووە12. لەبەرئەوە شتیکی مێژوویی نەگۆڕ بووە بۆ تورکە موسڵمانەکان کە دەوڵەتی تورکی و شوناسی هەرێمایەتی قبووڵ بکەن وەک پێناسەیەک بۆ یەکگرتنێکی بەکۆمەڵ.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئاخۆ نووسەرە ئیسلامییە هاوچەرخەکان هەمان بایەخ و رۆڵ دەگێڕنەوە بۆ ئەم دەوڵەتە تورکییەی ئێستا، کە بۆ دەوڵەتەکەی پێشوو کردیان یان نە، ئەگەرچی ئەمەیان هیچ خاسییەتێکی ئیسلامیی تایبەتمەندی تێدا بەدیناکرێت. ئەوان بەهۆی رەتکردنەوەیان بۆ بەکارهێنانی وشەی «دەوڵەت» بە شێوەیەکی بەردەوام، پێدەچێت خۆ لەو پرسیارە بپارێزن و جیاوازی بکەن لە نێوان دەوڵەت لەلایەک و «رژێم» وەک ناوەرۆکێکی رۆژئاوایی بۆ دەوڵەت. ئەم جیاکردنەوەیە رژێم وا دەسنیشان دەکات کە ئامانجێکە بۆ بەئیسلام کردن و لە دەوڵەت دەگەڕێت بەو پێیەی ئەبستراکتێکی قبووڵکراوە و هێمایە بۆ هەژموون و باڵادەستیی دەزگایی. بەڵام بەهەرحاڵ هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ئەم پێگانە بە هیچ شێوەیەک روون نیە.
نووسەرەکان پێ لەوە دەنێن کەوا ئەم نەریتە مێژووییەی بەپیرۆز تەماشاکردنی دەوڵەت پاڵی بە جووڵانەوە ئیسلامییەکانی رابردووەوە ناوە کە خۆیان بخەنە ژێر سایە و رکێفی دەوڵەتەوە. پرۆسەکە لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم دەستپێکرد کاتێ کە ئەم سەرکردانە پشتگیریی حکومەتە موحافزکارە راستڕەوەکانیان دەکرد بە مەسەلەکانی چاو لە رۆژئاوا کردن و دژە کۆمۆنیستیشیان پەیڕەوی دەکرد. ترۆپکی ئەم حاڵەتە سەری کێشایەوە بۆ دەوڵەتێکی «ناسیۆنالیستی» لە زەینی هاووڵاتییە «موسڵمانە» ئاساییەکانی تورکیا و دەرکردەکانیاندا. نووسەرەکان هەڵوێستی موسڵمانە تورکەکان بەهەڵە دادەنێن بەو هۆیەوە کە نایانەوێت لە روانگەیەکی ئاینییەوە بڕواننە ململانێی کورد و بوون بە گەمەی دەستی ئایدیۆلۆجیای نەتەوەیی.
دووەم کۆڵەکەی گوتاری ناسیۆنالیستیی فەرمیی تورکی، یەکگرتوویی و پارێزراویی خاکی دەوڵەتی نەتەوەیی تورکیایە، کە وەک باس دەکرێت بووە بە هۆکاری «زیان» و «شێواندن» لە بیروبۆچوون و ئاڕاستەی سیاسیی موسڵمانان لە مامەڵەکردنی کورددا13. لە رێگەی پێناسەکردنی خۆیانەوە بە ناسیۆنالیزمی تورکیی هەرێمی، موسڵمانەکان بەخێرایی یان سەرکۆنەی مەیلداریی ناسیۆنالیزمی دژ بە کورد دەکەن یان هەڵوێستێکی بێباکانە دەگرنەبەر لەئاستیاندا. ئەوان لەم کاتەدا ئەوەیان لەبیرچووە کە هیچ ناسیۆنالیزمێک یەکناگرێتەوە لەگەڵ بیروباوەڕی راستەقینەی ئیسلامیدا کە بناغەکەی پابەندییە بە ملکەچی بۆ ئوممەت. وەک باس دەکرێت کە «رەنگدانەوەی ناسیۆنالیستی»14 هۆکاری شکستهێنانی موسڵمانانە لە پەرەپێدانی نزیکبوونەوەیەکی «ئیسلامی» بۆ ئەم مەسەلەیە. نموونەی زۆر روونیش بۆ ئەم رەنگدانەوەیە ئەو هاوپەیمانییەی هەڵبژاردن بوو کە لەنێوان پارتی رەفا و پارتی کاری بان نەتەوەییNAP توندڕەو پێکهات لە پێش هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 1991دا. عەلی بوڵاك15 ئەم هاوپەیمانییە بە «نموونەی عیبرەت» (ibret verici) یان دیار وەسف دەکات وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی تورکی بیروهۆشی پارتی رەفای کۆمەڵایەتیشی داگیرکردووە16 و کار گەیشتووەتە ئەوەی کە تەنانەت ئەم حیزبە بایەخی زیاتر بە یەکێتیی هەرێمی (ئیقلیمی) دەدات وەک لە ئیسلامی ناهەرێمی.
نووسەر یان دانەرە ئیسلامییەکانی بە بنەچە کورد راشکاوانەتر هەردووک دەوڵەتی تورکی و ناسیۆنالیزمی رەسمی خەتابار دەکەن لە بەرپرسیارێتیی ئاوێتەکردنی سیاسییە ئیسلامییەکاندا (ئەگەر وابووبن) لە ناو رژێمدا و گۆڕینیان بۆ هەواداری ئەو دۆخەی کە هەیە بە نەهێشتنی زەمینەی بەرهەڵستییان بۆ دەوڵەت17. دەستگرتن بە پیرۆزیی دەوڵەتەوە لە زەینیاندا کەمترە لە پابەندبوونی نووسەرانی تر، بۆ نموونە، عومەر وەهبی خەتیبئۆغڵو18 ئەوە دەردەبڕێت کە خەریکە ئۆقرەی لەبەر دەبڕێت لەئاست «گرووپێک لە موسڵماناندا» کە هاوسۆزی دەردەبڕن لەگەل توندوتیژیی رێکخراوی تاقمە میلیشیایەکی ئیسلامی، کە حیزبوڵڵای بە رەگەز سوورییە لە ناوچە کوردییەکەدا19. ئەڵبەتە ئەوە راستییەکی زانراوە کە هەندێ تاقمی ئیسلامی لە ناوچەکەدا پاڵپشتیی توندوتیژیی حیزبوڵڵایان کردووە دژ بە هەوادارانی پەکەکە بەپێی ئەو بنەمایەی کەوا پەکەکە رێکخراوێکی زەندیق و دژە ئاین بووە. بێجگە لەوەش، باوەڕ وابوو کە حیزبوڵڵا جێمتمانەی دەوڵەتی تورکی بێت و لە ژیر سایەی پارێزگاریی ئەو دەوڵەتەدا بێت. خەتیبئۆغڵو، بە رەتکردنەوەی توندوتیژیی حیزبوڵڵا بە هیچ هاوپەیمانییەک قایل نابێت لەگەڵ ئەو هێزانەی تێوەگلاون لە رزگار کردنی ئەو سیستەمە سیاسییە. بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو رێککەوتنەی هەڵبژاردن لەلایەن پارتی رەفاوە لەگەڵ پارتیNAP لە ساڵی1991دا، نووسەرێکی تری ئیسلامی، کە ئاڵتان تانە، زمانێکی لەوەی عەلی بوڵاک بەهێزتر بەکاردێنێت و بەوە وەسفی دەکات کە ئەمە «پرۆسەیەکە بۆ فرۆشتنی جەماوەری کورد»20.
بەشێوەیەکی گشتی، نووسەرە ئیسلامییەکان نیگەرانیی خۆیان لەوە دەردەبڕن کەوا موسڵمانە تورکەکان بەردەوام رەهەندی ئیسلامییان پشتگوێ خستووە لە راڤەکردنی مەسەلەی کورد و شکستیانخواردووە لە چارەسەرکردنی ناوەرۆکی کێشەکەدا، کە بەهۆی بەئاڕاستەی رۆژئاواچوونی کۆمارییەکانەوە بوو، چونکە ئاسەواری بوونی ئیسلامی لەناوبرد. لەهەمان کاتیشدا، بێجگە لە مۆدێرنیزە و کاریگەریی رۆژئاوا، ئەوان ئەو مەسەلە مێژووییانەی تریش تاوتوێ دەکەن کە ناسیۆنالیزمی کوردی دروستی کردوون.

مۆدێرنیزە و پاشەکشەی مۆراڵ و ناسیۆنالیزمی کوردی
گەلێک جار نووسەرە ئیسلامییەکان چاو بە مەسەلەی مۆدێرنیزەکردنی کۆماریدا دەگێڕنەوە، کە ئەوان بەرۆژئاواییبوون لەقەڵەمی دەدەن و بە هۆکاری بنەڕەتیی کێشە و ململانێی کوردی دەزانن. بەهەرحاڵ، کۆدەنگییەک نیە لە ناو ریزەکانیاندا لەبارەی ئەم کاریگەرییەی رۆژئاوا و رۆڵی لە رادیکاڵ بوونی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. بەو پێیە، دەکرێت دوو پێگەی پانوپۆڕ لە ناو نووسەرە ئیسلامییەکاندا جیابکەینەوە سەبارەت بە رۆڵ و کاریگەریی هەژموونی کولتووری رۆژئاوا لە ناوچە کوردییەکانی تورکیادا و بە رای نووسەرە ئیسلامییە غەیرە کوردەکان ئەمە سەرکەوتنە، بەڵام لای زۆربەی نووسەرە کوردەکان ئەمە خۆی شکستە و سەرکەوتنی مۆدێرنیزەی رۆژئاوایە کە پاڵنانێکی داوە بە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کوردی دژ بەم رژێمەی ئێستا.
بەلای نووسەرە ئیسلامییە ناکوردەکانەوە، وەرچەرخان بەرەو سێکولاریزم بە ئیلهامبەخشیی رۆژئاواییەکان کۆتایی دنیا بوو لەسەر ئاستی تەواوی تورکیا و «تێکشکانی بەها هاوبەشەکان –کە بە هەست و سۆز و نۆرمە ئیسلامییەکان دەناسرێن – کەوا خەڵک لە ناوچەکەدا پێیانەوە بەندە لەسەر بناغەی ئاین»21. دەستەبژێری کەمالیست بە سووک تەماشای کولتووری ئیسلامییان دەکرد چونکە ئیسلامیان بە ئاینێکی «کۆنەخواز و دواکەوتوو» لەقەڵەم دەدا و بە کۆسپ و تەگەرەیان دەزانی لەبەردەم نوێبوونەوەدا و هەرکە بەها ئیسلامییەکانیان گۆڕییەوە بە یاسا و رێسا رۆژئاواییەکانی کولتوور و بیرکردنەوە، ئیسلام رۆڵی خۆی لەدەستدا وەک ئاینێک بانگەشە بۆ ئاشتی دەکات و هانی ئاڵوگۆڕی دۆستایەتی و هاوسۆزیی دەدات لە نێوان برایانی موسڵمانی تورک و کورددا. ئەنجامی ئەوەش رەوینەوە و نەمانی هەستی برایەتی بەرانبەر بە یەکتر و رقهەڵگرتن لەیەکتر تا ئاستی هەوڵدان بۆ «خنکاندنی یەکتر»22. خاڵی سەرەکی لێرەدا لێکچوونە لەگەڵ گریمانەی سەرەکیی تیۆری مۆدێرنیزەی کلاسیکیدا و ئەویش بریتییە لە لابردنی ئیسلام وەک بەشێک لە داب و نەریت لە ژیانی گشتی و تایبەتیی تورک و کورددا لە رێگەی پەلامار و شاڵاوی ئایدیا و بەها و سترۆکتوورە مۆدێرنەکانەوە. رزگاربوون لە ئیسلام مانای لەناوبردنی ئەو یەکێتییەیە کە ئیسلام دابینی کردووە لەناو ریزەکانی برا موسڵمانەکاندا. ئەمەش ئەو پاڵنەرەی رەخساند بۆ گەشەکردن و هەڵکشانی هەستی نەتەوایەتی لەناو کوردەکاندا.

بۆچوونیکی وا بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ناگوێزرێتەوە بۆ مشتومڕی سەرهەڵدانی ئەزموونی تورکیا لە داشکاندن بەلای رۆژئاوادا و بوو بە هاوشانی مۆدێرنەبوون. بۆ هەندێک، وەرچەرخانەکە راستەوخۆ بەدوای ماوەی چاکسازیی دەستووریی دووەمدا دێت23
(1908 – 1918) کاتێک کە مۆدێرنبوونی عوسمانی وەرچەرخا بۆ سیاسەتی بەتورک کردن لەسەر دەستی تورکە لاوەکان. بەڵام هێشتا بۆ هەندێکیتر، مەسەلەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ جووڵانەوەی ناوەندێتی (سەنتراڵیزم) لە مێژووی عوسمانیدا، کە لە سوڵتان سەلیمی سێهەمەوە (1761 – 1807) دەستیپێکرد و گوژمێکی زۆری بەدەستهێنا لە چاکسازییەکانی مەحمودی دووەمدا (1808-1839) 24. ئێمە کاتێک دەڕوانینە راستییە مێژووییەکانی کە ئەو نووسەرانە لە مشتومڕەکانیاندا پشتیان پێدەبەستن، دەردەکەوێت کە ئەم چاکسازییانەی ئامانجیان بەناوەندی کردنی کارگێڕی بووە کۆتایی بە سیستەمێکی ناڕەسمیی شێوە میللیی میرنشینە کوردییەکان هێناوە کە نیمچە سەربەخۆ بوون و بووە بە هۆکاری ئەوەی کە شێخەکانی رێبازە سۆفیگەرییەکان لە ناوچەکەدا رۆڵی دادوەری و رەسمی ببینن25 و ئەمەش ناچاریکردن کەوا بۆشایی دەسەڵات پڕبکەنەوە. هەر ئەم هۆکارەش وایکرد کە شێخەکانی تەریقەتە سۆفییەکان ببنە چەقی بەرپرسیار لە هەڵکشانی هەستی نەتەوایەتی لەناو کوردەکاندا26.
بە چاوپۆشی لەو بزووتنەوە چاکسازییەی هەڵیدەبژێرن وەک کرۆکێک بۆ گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا، نووسەرەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە نەخشەی سیاسیی دەوڵەتی نەتەوەیی کەمالی گەورەترین تەحەدا دەگەیەنێت بۆ تانوپۆی ئیسلامی لە ناوچەکەدا27. ئەوان زنجیرە راپەڕیەکانی کوردیان لە مێشکدایە لە ساڵانی 1925 بۆ 1937، کە گرنگترینیان بەناوی رابەرەکەیەوە ناونرا و ئەویش راپەڕینی شیخ سەعیدی (نەقشبەندی) بوو لە ساڵی 1925دا. زۆربەی توێژەرانی غەیرە ئیسلامی کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئامانجی رواڵەتیی ئەم راپەڕینانە گێڕانەوەی کاراکتەری ئیسلامی بووە بۆ دەوڵەت، کە بە زنجیرەیەک جموجووڵ تێکشکێنرا و گرنگترینیان هەڵوەشانەوەی سەڵتەنەت (1923) و خەلافەت (1924) بوو. لەهەمان کاتیشدا راپەڕینەکان هەندێ خولیا و ئاواتی نەتەوەییان بوو لەڕووی «دەستگرتن بە شوناسی نەریتیی (کوردییەوە)، بەدەر لەوەی ئاخۆ لایەنی ئاینی یان ئیتنیکی جەختی لەسەر کرابێت»28.


نووسەرانی کوردی قەناعەت ئیسلامی سوورن لە سەر ئەوەی کە نە ئایدیای لاساییکردنەوەی رۆژئاوا و نە نەتەوەگەرایی لەناو کورددا رەگیان داکوتاوە، بەڵکو لەڕاستیدا، وەک پاساوەکە دەڵێ، ئەوە سیناریۆ نێودەوڵەتییە بەردەوامەکەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئامانجێتی ناسیۆنالیزم بەهێز بکات لە نێو کوردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ئەوەی تێکەڵیان بکات لەگەڵ سترۆکتوور و هۆشیاریی رۆژئاوادا تاوەکو بەرپەرچی تواناکانی ئیسلامی پێبداتەوە. هەر وەک ئاڵتان تان دەڵێت کەوا «کورد لە نێو میللەتانی رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا کەمترین مەیلیان بەلای رۆژئاواوەیە. مەبەستیش لێرەدا دوورخستنەوەی ئەو هەڕەشەیەی کە پێکیدەهێنن بۆ پاڵپشتی کردنی جوولانەوەی ئیسلامی و … ئامانجی سەرەکیش پەکخستنی شوناس و هەستی ئاینییە و گێڕانەوەیەتی بۆ پشت رووداوەکان و جۆشدانی هۆشیاریی نەتەوەیی لای کورد و تێکەڵ کردنیان بە رۆژئاوا»29. لەم رووەوە یۆکسڵ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێ کە «ئەوە راستییەکە کەوا کۆمەڵگەی کوردی لەو سۆنگەیەوە کە کەمتر بەر شاڵاوی بەڕۆژئاوایی کردن کەوتووە، کەمتر تووشی داڕووخان و تێکچوونی شیرازە بووەتەوە لە دید و بۆچوونێکی ئیسلامییەوە»30. هەر هەمان نووسەر وایبۆدەچێت کەوا یەکێک لە نیشانەکانی دڵسۆزی و پابەندیی کورد بە ئیسلامەوە ئەوەیە کە ئەو ئیلهامبەخشییە نەتەوایەتییەی لەسەرەتای سەدی بیستدا لە ناو ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا پەیدابوو «ناکرێ بڵێین کاریگەریی بەسەر کوردەوە بە ئەندازەی کاریگەریی بووبێت بەسەر گەلانی ترەوە»31.
ئەم فۆرمەلە و شێوازە لەوی پێشتر جیاوازە لەڕووی ئەو رۆڵ و بایەخەوە کە لەسەر ناوچە کوردییەکە هەڵیدەچنێت بۆ دەستپێکردنی بووژانەوەیەکی بنەما ئیسلامی. لەکاتێکدا لەلای نووسەرەکانی پێشوو، کەشوهەوای ئیسلامی لەو ناوچانەی باشووری رۆژهەڵاتدا کە زۆربەی دانیشتوانیان کوردن نەگونجاوە و جێی متمانە نیە، کەچی لای نووسەرە ئیسلامییە کوردەکان، دانیشتوانی کوردی تورکیا دوا سەنگەر و قەڵایە کە تا ئێستا مابێتەوە وەک پێگەیەکی پتەوی ئیسلام و بەردەوامی پێدانی ئایدیۆلۆجیایەکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەوەی کەمالیستە رۆژئاواییخوازەکان. وا ئیدیعا دەکرێت کە پاڵنەری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بۆچوونی نەژادیی تێپەڕاندووە، بەجۆرێک کە وا تەماشای یاخیبوونە کوردییەکان دەکرێت لە سەردەمی عوسمانی و کۆمارییەکانیشدا کە کاردانەوە بن دژ بەو کرانە هەستی ئاینی بەهۆی دامەزراندنی سێکولاریزمەوە، لەجیاتی ئەوەی بەڵگەبن بۆ جەختکردنەوە لە شوناسی ئەتنیک و نەژاد32. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەگەر نەتەوەی کورد ئامانجی کۆتایی بەدەستهێنا لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆدا ئەوە موسڵمان بوونی کۆمەڵگەی تورکی هێز و گوڕی خۆی لەدەستدەدا.
لە بەشی کۆتاییدا رەخنەیەکی هەمەلایەنە لە نووسەرە ئیسلامییەکان دەگرین. بەهەرحاڵ دەکرێ دوو خاڵ لێرەدا باس بکەین: یەکەمیان، لە رێگەی ئاڕاستە کردنی مشتومڕی دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی و گێڕانەوەی بۆ «هۆکارە بنەڕەتییەکانی» کە بە مۆدێرنیزە کردنی عوسمانی – تورکی پێناسە دەکرێت و نووسەرە ئیسلامییەکان سەرنجی دابەشکردن و بەناوەندی کردنی دەسەڵاتی سیاسیی لێ دووردەخەنەوە و بەرپرسیاری دەخەنە ئەستۆی دامودەزگا و ستراتیجییەکانی کۆنترۆڵ کردن کە گریمانەی رۆڵێکی گەورە و گرانی هەیە لە پەرەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردیدا. بەم مانایە بێت، ئەوە رەخنەکانی ئەوان فەلسەفی و سترۆکتووری نیە بۆ مێژووی نوێگەری و ئەو چەمکانەی لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە لە نەتەوە و ناسنامەی نەتەوەیی/ نیشتمانی و هاووڵاتیبوونەوە سەرچاوە دەگرن. بێگومان هیچ بەرفراوانییەکی مێژوویی و هزری لە شیکردنەوەیاندا نیە سەبارەت بە دۆزینەوەی دەستێوەردانی هێزە خۆڕسکییەکان کە بووە بە هۆی پەیدابوونی رەوتی دیاریکراو لە رێچکەی رژێمدا بۆ مۆدێرنیزە کردن بێئەوەی کۆنترۆڵی سیاسیی خۆی بە سەر دەسەڵاتدا لەدەستبدات. لەبری ئەوە گریمانە هەیە کە بڵاوکردنەوەی ناوەرۆک و سترۆکتووری هۆشیاریی ئەوەروپی ببێتە هۆی دەرکەوتنی ئەوەی دەیکات لە شوێنێکی تردا، ئەمەش واتای بەهەند وەرنەگرتنی بەها و بیروباوەڕی ئاینییە بەو پێیەی کە بەڵگەی هەرە بەربڵاوە بۆ رەفتار و مامەڵەکردنی مۆراڵی. کورتکردنەوەی هەلومەرجی پێش ناسیۆنالیزم بە دابەزینی ئەو بەها مۆراڵییانە تەواودەبێت کە لە پەلاماردان و شاڵاوی مۆدێرنیزەوە سەرچاوە دەگرێت.
دووەم، وادیارە، لە دووتوێی دێڕەکاندا، نووسەرەکان کۆمار تۆمەتبار دەکەن بە شتێک کەوا زۆر گرنگترە لە چاولێکەریی کولتووری رۆژئاوایی: دەوڵەتە نەتەوەییەکەی تورکیا مۆدێلێک بوو بۆ کۆمەڵگەیەکی وێناکراو لە نێو بژاردەگەلێکی تردا کە ئەزموون نەکرابوون بەهۆی سەپاندنی ئەم مۆدێلە لەلایەن بازنەیەکی بەرتەسکی دەستەبژێرەکانەوە. بەڵام ئاخۆ دەکرێت ئەم بژاردە تایبەتەش زادەی هەلومەرجی لەناکاو و بارودۆخی مێژوویی بێت و بژاردەیەکی رەفتار نامۆ نەبێت لەلایەن دەستەبژێرەوە، ئەگەر دەربڕینەکە گونجاو بێت؟ ئەم پرسیارە تاڕادەیەکی زۆر وەڵامی نیە مەگەر لە هەندێک کات و ساتی دەگمەندا نەبێت، وەک ئەوەی کە ئاڵتان تان رایدەگەیەنێت «…. من نامەوێت چەندوچوون لەسەر هەڵە و راستی ئەمە بکەم (واتە دەوڵەت – نەتەوەی تورکیا)، رەنگە ئەمە پرۆسەیەکی مێژوویی بووبێت … کەوا لەکۆتایی نزیبێتەوە لەگەڵ جیهانگیریدا»33.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*