سەرەکی » دۆسێ » لیستی ئەو سزایانەی بۆ سەپاندن بەسەر عیراقدا ئامادەكراوە

لە حاڵەتی پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكادا

لیستی ئەو سزایانەی بۆ سەپاندن بەسەر عیراقدا ئامادەكراوە

رەووتەكان-

ویلایەتە یەكگرتووەكان لە وەڵامی بڕیارەكەی پەرلەمانی عیراق كە حكومەتی پابەندكرد بە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە وڵاتدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمركیا، ئاماژەی بە ئەگەری سەپاندنی سزاكان كردبوو بەسەر عیراقدا كە بە گوتەی ئەو «زۆر لە سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران زیاتردەبن، ئەمەش لەڕێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی ئەمریكاوە كە پشتییان بە قسەی بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی بەستبوو تەئكیدی لەسەر كرایەوە و باسیان لە ئامادەكردنی لیستێك كردبوو بۆ ئەو سزایانەی كە ئەگەر هەیە بەسەر عیراقدا بسەپێنرێن.
میدیاكانی عیراق لە زاری بەرپرسێكی گەورەی حكومەتی عیراقەوە بڵاویانكردبووەوە»پێشبینی سەپاندنی سزای گەورە دەكەن گەر رووداوەكان بەو ئاقارەدا بڕوات، دەستەواژەی ڕاست لەلایەن واشنتۆنەوە لەو بارەیەوە بەدی دەكرێت گەر عیراق سوربێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی پەرلەمان».
بە گوتەی ئەو بەرپرسە»سزاكان لەگەڵ كۆتایی بەخشینی عیراق لە بابەتی مامەڵەكردنی لە كڕینی كارەبا و غازی ئێرانییەوە دەستپێدەكەن، و دەگەنە راگرتنی پارچە پێویستەكان و چەك و تەقەمەنی بە سوپای عیراق كە لەئێستادا چەكە ئەمریكاییەكانی دەگاتە نزیكەی 70%ی كۆی گشتی جبەخانەكەی، بە فڕۆكە دەنگییەكانی (F-16)، پێشبینیش دەكرێت سزاكان بانكی ناوەندیش بگرنەوە، وێڕای بانكەكانی تر لەگەڵ سەپاندنی سزا بەسەر دەیان كەسێتی سیاسی عیراقی».
ئەو بەرپرسە ی حكومەتی عیراق، پێشبینی كردووە»هەرێمی كوردستان لەو سزایانە ببوردرێت كە واشنتۆن هەوڵ دەدات لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی ئێستای عیراقی داببڕێت».
هەر بە گوتەی ئەو بەرپرسە كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرا بكات»عیراق لەئێستادا بەگەی هیچ سزایایەك ناگرێت و دەبێتە مایەی دروستبوونی كارەسات و زیانی گەورە بە هەژاران و هاووڵاتیانی ئاسایی گەل دەگەیەنێت، بەڵام بەرپرسان و سیاسییەكان زیانیان پێناگات».
هەر لەو بارەیەوە، حامید موتڵەگ، ئەندامی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق رایگەیاندووە»عیراق باجێكی گەورە دەدات گەر سزاكانی ئەمریكای بەسەردا بسەپێنرێت، دامەزراوەی سەربازییش گەورەترین بارگرانی لەو رووەوە دەكەوێتە ئەستۆ».
موتڵەگ داوای لە «هێزە سیاسییەكان و حكومەتی كاربەڕێكەر كردبوو، بەشێوەیەكی عەقڵانی و بەپێی بەرژەوەندی گەلی عیراق و بەدوور لە بەرژەوەندی وڵاتانی تر كاربكەن، چونكە هەر داڕمانێك لەبواری ئەمنی رووبدات، كاریگەریی لەسەر بوارەكانی تری ژیان دەبێت، وەك گەشتیاری و فێركاریی و بوارەكانی تر».
ئەو ئەندامەی خولی پێشووی پەرلەمان، داوای ماڵەیەكی ژیرانە و دووركەوتنەوە لە كێشەكان و بەدوورگرتنی عیراق لە تەنگژەكان كردبوو، چونكە بە بۆچوونی ئەو»سزاكانی ئەمریكا تا ئەندازەیەكی گەورە ئازاربەخش دەبن بۆ عیراق كە بە رەوشێكی نالەباردا تێدەپەڕێت».
حامید موتڵەگ، جەختی لەسەر دووركەوتنەوە لە بڕیاری بەپەلە كردبوو لەسایەی بوونی «هەندێك لە كەسێتییەكان كە دوورن لە دەركردنی بڕیاری دروست بۆ وڵات»، نەهامەتی ئەو سزایانەشی وەبیرهێنابووەوە كە لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ساڵی 1991 بەسەر عیراقدا سەپێنران.
موتڵەگ دەڵێت»ئێمە لەئێستادا بە رەوشێكدا تێدەپەڕین كە لە گەمارۆكانی ساڵانی نەوەد خراپترە، چونكە فۆرمی بەشەخۆراكی مانگانە، خۆراكی دەگەیاندە هەموو خێزانە عیراقییەكان، بەڵام لەئێستادا گەلی عیراق سنگی خۆی بە گوللـەوەناوە و لەپێناو پارویەكی ژیاندا دەمرێت، بۆیە پێویستە ئەو نەهامەتییانە وەبیر عیراقییەكان بهێنینەوە، گەر سزاكان سەپێنران، لەكاتێكدا ئەوان بەو رەوشە قورس و ناهەموارەدا تێدەپەڕن».
لە دوای داگیركردنی كوێت لەلایەن سوپای عیراق لە مانگی ئابی ساڵی 1990، ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە جەنگەكەدا، گەمارۆیەكی ئابوری هەمەلایەنەیان بەسەر عیراقدا سەپاند، كاریگەریی ئەو سزایانەش تا هاتنەناوەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ عیراق لە ساڵی 2003، بەسەر عیراقەوە مابوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، گەر سزاكان لەلایەن ئەمریكاوە بەسەر عیراقدا بسەپێنرێن، حكومەت ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەریی لەسەر ئێران دەبێت.
جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو”ئەو پارەیەی لە هەموو بودجە گشتییەكاندا بۆ مووچە دابین دەكرێت، بە 40 ملیار دۆلار دەخەمڵِێنرێت، بۆیە گەر ئەمریكا سزاكانی بەسەر عیراقدا سەپاند و داهاتەكانی نەوت بلۆككران لە بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمریكا، ئەوا كاریگەریی بۆسەر دابینكردنی ئەو مووچەیە دەبێت، بەو پێیەی نەوت نزویكەی 90%ی بودجەی گشتی دەوڵەت پێكدەهێنێت”.
بە گوتەی جەمال كۆچەر”سزاكان لەحاڵەتی سەپاندییان، كاریگەرییان بۆسەر ئێرانیش دەبێت، بەو پێیەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانی نێوان عیراق و ئێران دەگاتە 14 ملیار دۆلار، بەو واتایەی ئێران چی دی ناتوانێت دراوی دۆلار لە عیراقەوە دەستەبەر بكات”.
پێشتر ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكایی بڵاویكردبووەوە، ئیدارەكەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ ڕوو لە لاوازكردنی ئابوری عیراق دەكات، گەر وڵاتەكە بەردەوامبێت لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری پەرلەمان كە داوای چوونەدەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكات لە عیراق، بەهۆی ئەو هێرشەی كە لەم ماوەیەی دواییدا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی ئەنجامدرا و تێیدا هەریەك لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قوسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عیراقی كوژران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*