سەرەکی » دۆسێ » سەدرییەكان خۆپیشاندانی ملیۆنی دەكەن

ناڕەزاییەكان بەردەوامن

سەدرییەكان خۆپیشاندانی ملیۆنی دەكەن

رەوتەكان-

خۆپیشاندانەكان لە بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بەردەوامن، لایەنە سیاسییەكانیش لەسەر هیچ كاندیدێك بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوە پێكنەهاتوون و داوا دەكەن پەرلەمانی عیراق هەڵبوەشێتەوە،÷ ئەمەش لەكاتێكدایە كە سەدرییەكان لەسەر بانگەوازێكی ڕابەرەكەیان خۆیان بۆ خۆپیشاندانی ملیۆنی ئامادە دەكەن، بەڵام ئامانجی خۆپیشاندانەكانی ئەوان جیاوازە و بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە لە عیراق.

سوتاندنی بارەگا حزبییەكان
میدیاكانی عیراق لە 19ی كانوونی دووەمی 2020 بڵاویانكردەوە، خۆپیشاندەران لە پارێزگەی نەجەف بارەگای كەتیبەكانی حزبوڵڵایان سوتاند.
بەپێی زانیارییەكان رۆژنامەوانییەكان، سەدان خۆپیشاندەری تر لە نەجەف، دەروازەی سەرەكی فڕۆكەخانەی شارەكەیان داخست و تایەیان لەسەر شەقامەكان سوتاند، بەشێكی تری لە خۆپیشاندەران، دەرگای ژماریەكی زۆری فەرمانگە حكومییەكانیان داخست، تا رێگری لە دەوامی فەرمانبەران بكەن.
هەر لەو چوارچێوەیەدا لە بەغدا و چەند شارێكی تر خۆپیشاندانەكان بەردەوامن و خۆپیشاندەران هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تر فراوانكردنی خۆپیشاندانی نارەزایەیی دەكەن.

سەدر و خۆپیشاندانی ملیۆنی
لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەكان لە بەغدا و شارەكانی تری عیراق، موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر، بۆ مەبەستێكی تر كە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكایە لە عیراق، داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی كرد.
موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە 14ی كانوونی دووەمی 2020، لە پەیامێكدا كە لەڕێگەی (تویتەر)ەوە بڵاویكردەوە، رایگەیاندبوو»سەروەریی ئاسمان و خاكی عیراق لەلایەن هێزە داگیركەرەكانەوە پێشێل دەكرێت».
بە گوتەی سەدر “پێویستە لەسەر شۆڕشی عیراقی سەركەوتنەكانی بۆ عیراق و گەلەكەی بە خێر و خۆشی تەواو بكات، و پێویستە سەربازانی خودا و نیشتمان خۆپیشاندانی ملیۆنی ئاشتیانە و یەكگرتووە بۆ ئیدانە كردنی بوونی هێزە ئەمریكاییەكان و پێشێلكارییەكانیان سازبكەن».
سەدر بە هاووڵاتیان راگەیاندبوو كە“ گومانی نییە لەوەی، ئەوان دەیسەلممێنن كە سەر بۆ ستەمكاری جیهانی دانانەوێنن، و تەنیا بۆ خودا كڕنوش دەبەن».

عامری و خەزعەلی پشتیوانی لە سەدر دەكەن
سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، پشتیوانی خۆی بۆ ئەو خۆپیشاندانە ملیۆنییە دەربڕی كە موقتەدا سەدر، رابەری ڕەوتی سەدر لە دژی بوونی ئەمریكا لە عیراق بانگەوازی بۆ كرد و داواش لە گەلی عیراق كردبوو بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بەشداری تێدا بكەن.
لە 14ی كانوونەی دووەمی 2020 نوسینكەی هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، لە بەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاندبوو، “عامری پشتیوانی لەو خۆپیشاندانە ملیۆنیە دەكات، كە سەماحەتی موقتەدا سەدر بانگەشەی بۆ كردووە”.
لە بەیاننامەكەدا، عامری داوای لە گەلی عیراق كردبوو، “بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بەشداری لە خۆپیشاندانە ملیۆنییەكەدا بكەن، كە سەماحەتی موقتەدا سەدر داوای سازدانی كردووە بۆ رەتكردنەوەی داگیركاری ئەمریكایی و بیانی و هێنانەدی تەواوەتی سەروەری نیشتمانی لە خاك و ئاسمانی عیراق.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، قەیس حەزعەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق، بە هەمان شێوەی هادی عامری، داوای لە گەلی عیراق كربوو، بەوپەڕی گەروگوڕییەوە بەشداریی لە خۆپیشاندانەكەدا بكەن و پێشێلكارییەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عیراق ئیدانە بكەن.

سائیرون: خۆپیشاندانەكە دەنگدانەوەی دەبێت
سەركردەیەكی هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیااندبوو، ئەو خۆپیشاندانەی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر بانگەشەی بۆ كردووە لە هەینی داهاتوودا، دەنگدانەوەی دەبێت.
عەللا ڕوبەیعی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، “ئەو خۆپیشاندانە ملیۆنییەی، كە لە هەینی داهاتوودا سازدەكرێت، لێدانێكی گورچكبڕ دەبێت بۆ لەباربردنی پاشماوەی پڕۆژەكەی ئەمریكا لە عیراق، لەگەڵ ئەوەشدا بانگەشەیە بۆ بەشداری هەموو ئەو نیشتمانپەروەرانەی، كە داوای دوورخستنەوەی دەستوەردانی دەرەكی دەكەن لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی تر”.
بە گوتەی ڕوبەیعی، “ئێمە لە هاوپەیمانی سائیرون، هەڵوێستی خۆمان دووپاتدەكەینەوە و هەموو جۆرە دەستوەردانێكی دەرەكی لە كاروباری عیراق لەلایەن خۆرئاواوە بێت یان خۆرهەڵات، ڕەتدەكەینەوە”.
لەبارەی ڕێككەوتنی چینی – عیراقییەوە، سەركردەكەی هاوپەیمانی سائیرون دەڵێت: “ئەو ڕێككەوتنە ئەگەر سەربگرێت، دەكرێت ببێتە مایەی بازهەڵدانێكی جۆری لە لایەنی ئابووری و بیناسازی لە عیراق و جوڵەی وەبەرهێنانیش لە وڵاتدا دەخاتەگەڕ، ڕێخۆشكەریش دەبێت بۆ خولقاندنی هەلی وەبەرهێنانی گەورەتر و بەهێزتر لە ئایندەدا”.

سەدر جارێكی تر باسی خۆپیشاندانەكە دەكات
ساڵح محەمەد عیراقی نزیك لە موقتەدا سەدر، جارێكی تر باسی خۆپیشاندانە ملیۆنییەكە دەكات كە چاوەڕوان دەكرێت ڕۆژی هەینی داهاتوو سازبكرێت.
ساڵح محەمەد كە بە كەسێكی نزیك لە موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر دادەنرێت، لە 18ی كانوونی دووەمی 2020 لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك) بڵاویكردیووەوە”خۆپیشاندانەكەی ڕۆژی هەینی داهاتوو ملیۆنی دەبێت، بەڵام پێویستە وەك ئەوانی پێشوو نەبێت و ژمارەیەكی زیاتر بەشداریی تێدا بكەن، چونكە چارەنوسی وڵات و سەروەریی و سەربەخۆیی و ئازادیی دیاریی دەكات”.
بە گوتەی ساڵح عیراقی”سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی پشتیوانی لە نیشتمانەكەیان دەكەن، لێخۆشبوون بۆ ئەوانەش كە پشتیوانی لە نیشتمانەكەیان ناكەن”، لە كۆتایی نوسینەكەیدا دەڵێت”#بڕۆن بەرەو- ملیۆنی بەرەو#سەروەریی- سەربەخۆیی”.
وابڕیارە سبەینێ‌ هەینی، خۆپیشاندانی ملیۆنی لەسەر بانگەوازیی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر لە بەغدا و شارەكانی عیراق لە «دژی پێشێلكارییەكانی ئەمریكا بۆ سەروەریی عیراق» سازبكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*