سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » كۆتا خۆشەویستی

كۆتا خۆشەویستی

سەید شاڵاو

-ئەمڕۆ ماچێكت دەكەم.
-شەرم ناكەیت؟
-لە چی؟
-لەم هەموو مرۆڤەی لە چواردەورمانان لێمانەوە نزیكن.
-نەخێر هەرگیز. ئێمە هیچ كارمان بەوانەوە نییە.
-ئاخر ئەوان كاریان بە ئێمەوە هەیە!
-وازبێنە… لە ئێستادا نامەوێت بیر لەو بابەتە بكەمەوە.
-هەست دەكەم هەموو دونیا دژی ئەم خۆشەویستییەی نێوان من و تۆ بێت.
-من هیچ هەستم بەوە نەكردووە… ئاخر خۆ خۆشەویستی بایكۆت ناكرێت؟
-ئاخر لە ئێستادا هەموو شتێك بایكۆتە.
-خۆشەویستی ناچێتە ناو ریزی بایكۆتكراوەكان، ئاخر دڵ چوزانێت بایكۆت چییە!
-پێویستە فێر بێت… پێویستە فێربێت.
-كاتێكی دیكە قسە لەو بارەیەوە دەكەین. با ئێستا بچین كوپێك قاوەی تاڵ بەهێندەی تاڵی چارەنووسمان بخۆینەوە.
كاتێك لەگەڵ مریەمدا بەرەو قاوەخانەكە رێگام تەی دەكرد. نەمدەتوانی جیاوازی بكەم، ئایا من ئێستا لەبەردەركی سەرام یاخود مەیدانی تەقسیم. هەموو شتەكانی چواردەورمان زۆر تێكەڵ دەهاتنە پێش چاو. بۆم لێك نەدەدرایەوە هەنووكە شەوە یاخو رۆژ، بارانە یاخود هەتاو، مرۆكانی دەور و بەرمان كوردی نیشتمان پەروەرن یاخو توركی توندڕەو؟
ئوتومبیلەكان رێ‌ رۆیشتنیان لە شەقامەكانەوە گواستبوویەوە بۆ سەر شۆستەكان. مرۆڤەكانیش پێكڕا رژابونە سەر شەقامەكە و هوتافیان دەكێشا و هاواریان دەكرد، قەرەباڵغییەكی بێشوماریان دروست كردبوو. من و مریەم نەماندەویست تێكەڵ بەو قەرەباڵغییە ببین. تا دەهات هستریا شەڕەنگێزەكەی ناخی ئەو خەڵكە بەتینتر دەبوو. گا بە زمانی كوردی و گا بە زمانی توركی. ئەو حەشاماتە هاواریان دەكرد و ئێمە نەماندەتوانی لەو جۆرە قسەكردنە حاڵی ببین.
كاتێكمان زانی من و مریەم بەبێ‌ ویستی خۆمان كەوتووینەتە ناوەندی ئەو قەرەباڵغییە تووڕەیە. مرۆڤەكانی چواردەورمان وەك راوكەرێكی بێڕەحم تەماشایان دەكردین و لێمان نزیك دەبوونەوە. ئێمەش وەك دوو نێچیری ترساوی داماو لە نێو ئەو خەڵكە تووڕەیەدا دۆش دامابووین. ئاخر دەبێت ئێمە تاوانێكمان كردبێت. ئاوا بەو شێوە گڕاوییە لێمان دەنۆڕن.
مرۆڤەكانی چواردەورمان لێمان هاتنە پێشەوە. شێوەیەكی بازنەیی داخراویان بەدەوری ئێمەدا كێشا. رێژەی حەشاماتەكە هێندە زۆر بوو، دەرباز بوون لێیان ئەستەم بوو. ئەو كۆمەڵەی بە ئاراستەی من دەهاتن، بە زمانی كوردی قسە و هاواریان دەكرد. ئەو كۆمەڵەشی گەیشتبوونە لای مریەم و پرچە ئاوریشمییەكەیان رادەكێشا، بە زمانی توركی دەیانشیڕاند. زمانی كوردی و توركی تێكەڵ بەیەكتری ببوون. جیاكردنەوەی لە یەكدی ئەستەم بوو. ناچار من و مریەم توند چووینە ناو ئامێزی یەكدییەوە، باسكمان لە نێوان یەكدی گرێدا. لەم لاوە ئەو خەڵكە تووڕەیە منیان رادەكیشا، لەو لاشەوە مریەم بەر هەڵمەتی ئەو لێك جوداكردنەوە دەبۆوەوە. هەڵمەتەكە تا دەهات فراوانتر دەبوو. وەك بڵێی ئەو خەڵكە هیچ ئیشێكیان لەم سەر گۆی زەویەدا نییە تەنها جوداكردنەوەی من و مریەم نەبێت.
مریەم كچە كوردێكی دانیشتووی باكووری كوردستان بوو. بەڵام لەبەر هۆكاری سیستەمی حوكمڕانی دیكاتۆری رژێمی توركیا بەرامبەر كورد لە باكووری كوردستان. هەوڵدان بۆ لەناو بردنی زمانی كوردی و خوێندن بە زمانی توركی لە ناوەندەكانی خوێندن، مریەم نەیدەتوانی بە كوردییەكی رەوان قسان بكات و ئەویش وەك زۆر كەسانی دیكە ببووە قوربانی ئەو سیستەمە دیكاتۆرییە.
هەڵمەتەكە بەردەوام بوو، تا دەهات شێتگیری ئەو خەڵكە زیاتر دەبوو. توند رایاندەكێشاین. تاكە ئاواتی ئەو هەموو خەڵكە، تەنها لێك جوداكردنەوەی ئێمە بوو. هێندە توند لێمان دەنەوین. پۆشاكیان لەبەرماندا دڕاند. پێستی لەشمانیان روشاند و برینداریان كردین. لەبرینەكانەوە خوێن تنۆك تنۆك بە لەشماندا دەچۆڕایەوە و دەكەوتە سەر عەردەكە. عەردەكە بە خوێنی ئێمە سوور بوو. هەندێك لەو خەڵكە تووڕەیە بە خوێنی ئێمە و هاوشێوەی كۆماندۆ سەربازییەكان هێڵ و نەخشی سووریان لەسەر روخساریان دەكێشا. زۆر توند رایان دەكێشاین. مریەم دەگریا و دەپاڕایەوە. دەیگوت: چیتان لە گیانی ئێمە دەوێت، خۆ ئێمە هیچ تاوانێكمان نەكردووە. منیش بەبێدەسەڵاتی و زمانی لاڵەوە توند خۆم خزاندبووە ناو ئامێزی مریەم. ئای لە خۆشەویستی و بەزەیی مریەم، لە زۆربەی ئەو زەبرانەی ئاڕاستەمان دەكرا، ئەو خۆی دەخستە بەری و دەیگوت: ئەو هیچ تاوانێكی نییە. واز لەو بهێنن، تكایە لەبری ئەو من بكوژنن.
رایاندەكێشاین… هێندە توند رایاندەكێشاین، هەتا توانای بەرگریكردنمان بەرامبەر ئەو مرۆڤە تووڕانە نەما. لە ئامێزی یەكتردا دەریانهێناین. رایاندەكێشاین… هێشتاكە دەستی راستمان مابوو لە یەكتری جیای بكەنەوە. توند دەستی یەكتریمان دەگوشی، دەمانویست بەو دەستە لاوازانە بەرامبەر ئەو لەشكرە بوەستینەوە. ئەو كاتەی لەسەر ئەو بەشەی عەردەكە نەماینەوە كە پێشتر لە ئامێزی یەكتردا لوولمان خواردبوو. بینیم، دڵنیام مریەمیش بینی. لە نێوەندی من و مریەمدا لە ژێر دەستماندا لەسەر عەردەكە تابلۆیەكی خوێنی، بە خوێنی ئێمە نەخشابوو. تابلۆكە هاوشێوەی دوو خۆشەویست بوون لە ئامێزی یەكتردا، كە ماچی لێوی یەكتری بكەن. بەڵێ‌… من و مریەم ئەو رۆژە، وەك دوو نیگاركێشی لێهاتوو. بەخوێنی خۆمان جوانترین تابلۆی خوێنیمان لەسەر ئەو عەردە لە نێوان كورد، توركدا نەخشاند. هێندەی نەمابوو دەستیشمان لە یەكدی بترازێ‌، هێزێكم دایە بەر خۆم و دەستە خوێناوییەكەی مریەمم گەڕاندەوە ناو دەستم. مریەم بێ گوێدانە دیوە شەڕەنگێزەكەی ئەو حەشاماتە. بەپرچی ئاوریشمی ژاكاو و روومەتە سوور هەڵگەڕاوە پەژمردەكانی. تەماشایەكی كردم و ئەشك زانە ناو دیدەكانی. بەدەنگێكی نووساو بێهێز كە بە ئەستەم توانیم لێی تێبگەم گوتی: پێویستە ئێمەش فێر ببین… پێویستە فێرببین خۆشەویستی بایكۆت بكەین.
من و مریەم لەسەر رووی ئەو تابلۆیەی كە بەخوێنی خۆمان لەسەر عەردەكە نەخشاندبوومان. شەڕی مان و نەمانمان دەكرد. هەتا ئەو كاتەی كەسێك بەتێڵایەكەوە خۆی گەیاندە سەر ئێمە. شتگەلی سەیری دەوت، هەر لەبەر ئەمەش بوو كە نەمزانی كوردە یاخود تورك. بەهەموو هێزی تێڵاكەی هەڵبڕی، بەهەموو تووڕەییەكەی ناخی تێڵاكەی داگرت. ئیدی لەو شوێنەی كە نەمزانی بەردەركی سەرایە یاخود مەیدانی تەقسیم. ئەو كەسە تێڵاكەی كێشا بەدەستماندا و دەستمان لەیەكتری ترازا. بۆ ئەبەد ئێمەیان لێكدی جودا كردەوە و عەشقەكەمانیان لەناوبرد. تەنها ئەوەی بۆ ئێمە مایەوە نیگارێكی خوێنی دوو خۆشەویست بوو. كە بەخوێنی خۆیان كێشابوویان. تابلۆكە شێوەیەكی سەیری دوو خۆشەویستی وەرگرتبوو، هەروەك بڵێی لێوەكانی یەكتر ماچ بكەن.
هەر لەو كاتەی كە ئەو مرۆڤە تووڕەیە، تێڵاكەی كێشا بەدەستی من و مریەمدا. ئیدی منیش لە سوێی ئازاری ئەو تێڵایە لەخەو راپەڕیم. تا ماوەیەكیش لەناو جێخەوەكەمدا گیانم دەلەرزی، هەروەكو ئەوەی ئەو رووداوە بەڕاستی لە من روویدابێت. پاش ماوەیەك لە جێخەوەكەم هەستام و چومە دەست شۆر و روخسارم شۆرد. لە كاتی وشككردنەوە روخسارم لە ئاوێنەی بەردەم مەخسەلەكەدا لە خۆم دەڕوانی. هەر بەڕاست بۆ سیا چارەیی چارەنووسی من و مریەم لە خەونەكەمدا، غەمگین بووم، ئەی ئەو مریەمەی كە لەگەڵ مندا ئەو خەونەی بینیوە، دەبێت ئێستا لە كوێ‌ بێت؟ تۆ بڵێی ئەویش ئێستا هەمان هەستی منی هەبێت؟ پاش ماوەیەك مانەوە لەبەردەم هاوێنەكەدا. بۆ بەرچایی رۆیشتمە ناندینەكە. لە كاتی نانخواردنی بەیانیدا بووم. دایكم بەخۆی و لیستێكەوە بەرەو رووم هات و گوتی: كوڕم ئەم لیستەم ئامادەكردووە. هەندێك كەلوپەل و خواردەمەنیمان پێویستە. هەر كاتێك بەرچاییەكەت تەواو كرد. هەلێك بدۆزەرە و بڕۆ بیكڕە. بەس لە بیری نەكەیت هیچ كام لەو پێداویستیانە توركی نەبێت. چونكە ئێستا سەردەمی بایكۆتە. ئەمەی گوت و لیستەكەی لەسەر مێزەكە دانا. منیش بە بێهێزییەكەوە گوتم: ئەی دەبێت خۆشەویستیش بایكۆت بكەین؟ دایكم بەسەرسوڕمانەوە تەماشای كردم و قسەكەمی تەنها وەك گاڵتەیەك وەرگرت، خەندەیەكی بۆ كردم و ناندینەكەی بەجێهێشت. پاش ماوەیەك تێفكرین لە ناندینەكە هەستام و لیستەكەم هەڵگرت. بە مەبەستی كڕینی پێداویستییەكان لە ماڵ هاتمە دەرەوە و بەرەو ماركێتێك كەوتمە ڕێ‌. لە كاتی تەی كردنی رێگاكەدا هێشتا كاریگەری خەونە ناخۆشەكەم و چارەنووسی نادیاری مریەم پێمەوە دیار بوو، ئەو وتەی دایكیشم كە گوتی ئێستا سەردەمی بایكۆتە، لە زەینمدا دەرنەدەچوو. بەدەم ئەم خەیاڵانەوە گەیشتمە بەردەم قاپی ماركێتەكە. پاش وچانێك مانەوە لەبەردەم قاپیەكەدا. هەناسەیەكی قووڵم هەڵكێشا و سنگم دەرپەڕاند و سەرم بەرز كردەوە و بەبڕوابەخۆبوونەوە هەنگاوم نا بەرەو ژوورەوە. ئیدی منیش بڕیارم دا بایكۆت بكەم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*