سەرەکی » وەرزش » لیڤەرپوڵ لە بەردەم چەندین ریكۆردی نوێدا لە پریمەرلیگ

لیڤەرپوڵ لە بەردەم چەندین ریكۆردی نوێدا لە پریمەرلیگ

یانەی لیڤەرپوڵ دوای ئاستێكی ناوازە تا رادەیەكی زۆر نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئینگلتەرای یەكلایی كردۆتەوە كە دەبێتە یەكەم نازناوی پریمەرلیگ لە مێژووی یانەكەدا، ئەمەش دوای ئەوەی بەجیاوازی 16 خاڵ لە نزیكترین ركابەری دووركەوتۆتەوەو یارییەكی دواخراویشی هەیە.
لیڤەرپوڵ ئەم وەرزە 21 یاری بردۆتەوەو تەنها یارییەك یەكسان بووە بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێنێت ئەمەش باشترین دەستپێكی یانەیەكە لە مێژووی 5 خولە گەورەكەی ئەوروپا بەهۆی ئەمەش خەونی یانەكە ئەم وەرزە تەنها بردنەوەی نازناوەكە نییە بەڵكو بەدەستهێنانی جامی زێڕینی پریمەرلیگە ئەویش لە رێگەی بردنەوەی پریمەرلیگ بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێنێت كە پێشتر تەنها ئەرسناڵ ساڵی 2004 ئەو نازناوەی بردۆتەوە.
ئەوەی زیاتر هیوای لیڤەرپوڵ زیاد دەكات ئەو كەسایەتیە بەهێزەیە كە تیپەكەی كلۆپ هەیەتی كە وای لە هاندەران كردوە هەستی ئەوەیان هەبێت كە تیپەكەیان دەتوانێت بەسەر هەموو بەربەستێك سەربكەوێت و لە هەموور یارییەك براوەبێت ئەمەش بەبێ گوێدانە ئەو پێكهاتەیەی یانەكە یاری پێدەكات كە بەرامبەر ئێڤەرتۆن لە جامی یەكێتی ئینگلتەرا بە تیپی یەدەك براوەبوون و ئەم وەرزەش چەندین پێكان بەرۆكی گرتون بەڵام هیچ یانەیەك نەیتوانیوە دووچاری شكستیان بكات.
دوای بردنەوەی كلاسیكۆی ئینگلتەراش لیڤەرپوڵ توانی لەم وەرزە لەسەرجەم ئەو یانانە بباتەوە كە یاری بەرامبەر كردون و توانیویشیەتی جامی سوپەری ئەوروپا و مۆندیالی یانەكانیش بباتەوەو لەگەڵیشدا لەدوا 7 یاری یانەكە هیچ گۆلێكی لێنەكراوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی یانەكە توانای ماتیپ و لۆڤرینی لەدەستداوە.
بەهۆی ئەو ئاستەش یانەی لیڤەرپوڵ چەندین ریكۆردی لەبەردەمدایە كە دەتوانێت لەم وەرزەدا لە پریمەرلیگ تۆماریان بكات و یەكەم ریكۆردیش كە تۆماری كرد باشترین دەستپێك بوو دوای 22 یاری لە پریمەرلیگ كە یانەكە 21 بردنەوەو یەكسانبوونێكی نووسیەوە.
یەكێكی تر لە ریكۆردەكان كە لیڤەرپوڵ دەتوانێت تۆماری بكات نوسینەوەی زۆترین سەركەوتنی لەسەریەكە لە نێو یاریگای خۆی ئەویش بۆ شكاندنی ریكۆردی مان سیتی كە 20 یاری لە یاریگای خۆی بردۆتەوە، بۆ ئەمەش لیڤەرپوڵ پێویستی بە 2 بردنەوەی تر هەیە.
ژمارەیەكی تر كە تیپەكەی كلۆپ دەتوانێت تۆماری بكات نووسینەوەی زۆرترین ژمارەی سەركەوتنە لەسەریەك بۆ ئەوەی ریكۆردی مان سیتی بشكێنێت كە 2017 توانیویەتی 19 یاری لەسەریەك بباتەوە بۆ ئەمەش پیویستی بەوەیە لە 6 یاری داهاتووی سەركەوتن تۆماربكات.
یانەی ئەرسناڵ خاوەنی ریكۆردی درێژترین ماوەیە لە نەدۆڕاندنی یاری كە 49 یاری لەسەریەك نەدۆڕاوە بۆ شكاندنی ئەو ریكۆردەش لیڤەرپوڵ پێویستی بەوەیە 11 یاری داهاتوو نەدۆڕێت.
یەكێكی تر لە ریكۆردە مێژوویەكانی ئەرسناڵ بردنەوەی پریمەرلیگە بەبێ ئەوەی هیچ یارییەك بدۆڕێت كە لیڤەرپوڵیش دەتوانێت دووبارەی بكاتەوە ئەمەش ئەگەر هیچ یارییەك لەم وەرزە نەدۆڕێت.
ریكۆردێكی تر كە بەناوی مان سیتیەوەیە تۆماركردنی 32 بردنەوەیە لە وەرزێكدا و بۆ شكاندنی ئەو ریكۆردەش لیڤەرپوڵ دەبێت لەو 14 یارییەكەی كە ماویەتی 12 یاری بباتەوە.
مان سیتی خاوەنی ریكۆردێكی ترە لە پریمەرلیگ ئەویش كۆكردنەوەی 100 خاڵە لە وەرزێكدا و لیڤەرپوڵیش دەتوانێت ئەم وەرزە بیشكێنێت كە ئەگەر سەرجەم یارییەكانی داهاتووی بباتەوە دەگاتە 112 خاڵ.
ریكۆردێكی تریش كە تیپەكەی كلۆپ دەتوانێت بیشكینێت لە ژمارەی ئەو رۆژانە دێت كە یانەكە دووچاری شكست نەبووەو ژمارەكەش بەناوی ئەرسناڵە كەلەنێوان 2003 بۆ 2005 یانەكە 537 رۆژ لەسەریەك نەدۆڕاوەو لیڤەرپوڵیش 382 رۆژە نەدۆڕاوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*