سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا هەوڵ بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە لیبیا دەدات

لە لووتكەی بەرلینەوە سەرچاوەی گرتووە

ئەمریكا هەوڵ بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە لیبیا دەدات

لەدوای بەشداریكردنی لە لوتكەی بەرلین بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە لیبیا، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە لیبیا، بە جیا كۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەك لە خەلیفە حەفتەر و فایز سەرراج دەكات
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە لیبیا لە 20ی كانوونی دووەمی 2020 لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، دوای ئەوەی لە لوتكەی بەرلینی تایبەت بە رەوشی لیبیا بەشداریكرد، ریچارد نۆرلاند، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە لیبیا لە دوو دیداری جیاوازدا لەگەڵ هەریەك لە فەرماندەی سوپای نیشتیمانی لیبیا و سەرۆكی حكومەتی ویفاقی لیبیا كۆبووەوە».
بە گوێرەی بەیاننامەكەی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە لیبیا،» دیداری نێوان نۆرلاند و هەریەك لە خەلیفە حەفتەر سەرۆكی سوپای نیشتیمانی لیبیا و فایز سەرراج سەرۆكی حكومەتی ویفاقی لیبیا، لەئێوارەی 20ی كانوونی دووەمی 2020 سازكرا و تێیدا سەبارەت بە بۆچوونی هەردوولا لەبارەی ئاساییكردنەوەی رەوشی وڵاتەكەوە گفتووگۆ ئەنجامدرا».
لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتبوو» باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەكگرتوەكان، بەردەوامدەبێت لەسەر پشتگیریییەكانی بۆ بەئەنجامگەیاندنی ئامانجی كۆبونەوەكەی لوتكەی بەرلین كە لەپێناو چەسپاندنی ئاشتیدا لە لیبیا سازكرا».

لوتكەی بەرلین و رێككەوتنێكی نوێ‌
لوتكەی بەرلین لەبارەی لیبیا لە هەفتەی رابردوودا كۆتاییهات و راوێژكاری ئەڵمانیاش ڕایگەیاندبوو، بەشداربووانی لوتكەكە رێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەكردنی چەك و ڕێزگرتن لە بڕیارەكە و كۆنترۆڵكردنی زیاتر لە جاران.
ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، بەشداربووانی لوتكەی بەرلین لەبارەی لیبیا ڕێككەوتوون پشتیوانی لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا نەكەن و دەبێت چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی لیبیا بدۆزرێتەوە، بەپێویستیشی زانیبوو “رێگەنەدرێت چەك بگاتە لیبیا”.
مێركڵ دەڵێت، بەشداربووانی لوتكەكە رێككەوتوون لەسەر هاوكارینەكردنی سەربازی بۆ لایەنە بەشداربووەكانی جەنگ لە لیبیا، لەگەڵ پشتگیریی لە بەردەوامبوونی ئاگربەست لە وڵاتەكە.
لە 19ی كانوونی دووەمی 2020 لوتكەی بەرلین لەبارەی لیبیاوە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە بەشداریی سەرۆك و لێپرسراوە باڵاكانی بەشێك لە وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان سازكرا.

فەرەنسا باس لە رۆڵی خراپی توركیا دەكات
سەرۆكی فەرەنسا دەڵێت، دەبێت توركیا دەست لە ناردنی چەكدارانی سوری بۆ لیبیا هەڵبگرێت.
ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا لە وتارێكیدا لە لوتكەی بەرلین بۆ چەسپاندنی ئاشتی لیبیا بەپێویستی زانیبوو، توركیا دەست لە ناردنی چەكدارانی سوری بۆ لیبیا هەڵبگرێت لەپێناو پشتیوانی لە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی كە لەلایەن فایز سەراجەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە.
بە گوتەی ماكرۆن» پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵ هەوڵ بدات لایەنە ناكۆكەكانی لیبیا لەسەر خاڵەكانی ئاگربەست لە لیبیا بەبێ‌ مەرجی پێشوەخت بگەیەنێتە رێككەوتنێكی گونجاو».
سەرۆكی فەرەنسا نیگەرانی خۆی بەئامادەبووانی لوتكەی بەرلین راگەیاندبوو، سەبارەت بەناردنی چەكدارانی سوریا و بیانی بۆ شاری تەرابلوس و جەختی لەسەر پێویستی راگرتنی ئەو كارە كردبووەوە.

توركیا: هێزی سەربازیمان رەوانەنەكردووە
لەبەرانبەر قسەكانی ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، توركیا كە پشتیوانی لە حكومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا دەكات بەسەرۆكایەتی فایز سەراج، رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی تائێستا هێزەكانی بۆ لیبیا ڕەوانەكردبێت و ئاماژە بە رەوانەكردنی راوێژكاران و ڕاهێنەران دەكات.
ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی رەسمی توركیا لە 20ی كانوونی دووەمی 2020 لە زاری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاوە بڵاویكردەوە”تائێستا وڵاتەكەی هێزی سەربازی بۆ لیبیا ڕەوانە نەكردووە، و تەنیا ڕتوێژكاران و ڕاهێنەرانی ناردووەتە وڵاتەكە، لە حاڵەتی پابەندبوون بە ئاگربەستیش لە لیبیا، دەكرێت ڕێگە بۆ چارەسەرێكی سیاسی لەو وڵاتەدا خۆش ببێت”.
ئەردۆغان ڕەخنەی لە هەڵوێستی فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا گرتووە و ڕایگەیاندووە”واژۆنەكردنی بەڵێننامەی ئاگربەست لەلایەن حەفتەرەوە، مانای خۆی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەر لایەنەكان پابەندی ئاگربەست ببن، ڕێگە بۆ چارەسەری سیاسی لە لیبیادا خۆش دەبێت”.
بە گوتەی سەرۆكی توركیا”ئەو هەنگاوەی وڵاتەكەی لەبارەی لیبیاوە گرتوویەتیەبەر، هاوسەنگی لە ڕێڕەوی سیاسیدا دروستكردووە و بەردەوامیش دەبن لە پشتگیریكردنی ئەو ڕێڕەوە لە گۆڕەپانی لیبیا و لەسەر مێزی وتوێژەكان”.

print

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*