سەرەکی » دۆسێ » رۆژنامەیەكی روسی:ئێران دەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی

تاران: پابەندین بە رێكەوتنەكەوە

رۆژنامەیەكی روسی:ئێران دەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی

رۆژنامەیەكی روسی پێیوایە، تا كۆتایی ساڵی 2020، لەگەڵ ئەوەی ئێران دەبێتە خاوەن كڵاوەی یۆرانیۆم، دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمیش دروستبكات.
رۆژنامەی «نیزافیسیمایا گازێتا»ی روسی لە ژمارەی رۆژی 20ی كانوونی دووەمی 2020 بڵاویكردەوە»بەپشتن بەستن راپۆرتە هەواڵگرییە سەربازییەكانی ئیسرائیل، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەرەو پێشچونی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە، و بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئێران پێویستی بەدوو ساڵە تا بتوانێت بۆمبی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت».
هەروەها رۆژنامە روسیەكە نوسیویەتی»ئێران لەمساڵدا دەتوانێت كڵاوەی یۆرانیۆم بەرهەمهبهێنێت و بۆمبی ئەتۆمیش دروستبكات».
«نیزافیسیمایا گازێتا»لە زاری گریگۆری لوكیانۆڤ مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسییەكان پەیمانگەی باڵای ئابووری ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە»بۆئەوەی رەوشی ئیسرائیل بەرەو خراپبوون نەچێت، پێویستە پەرە بەپەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بدرێت و هاوسەنگی نێوان هێزەكان و بەرژەوەندییەكانی وڵات بپارێزێت».
رۆژنامە روسیەكە دەڵێت»سەركردەكانی ئێستای ئێران ئامادەنین سەرجەم پەیوەندییە دەرەكیەكانیان لەگەڵ وڵاتان بپچڕێنن، لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و هەمان پلانی كۆریای باكورو جێبەجێبكەن، بەپێچەوانەوە لەئێستادا بەوپەڕی توانایانەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ دانوستان لەگەڵ ولایەتە یەكگرتوەكان و كۆمپانیا ئەوروپاییەكان».
«نیزافیسیمایا گازێتا» گومانی هەیە لەوەی» ئێران لەئێستادا لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر سیناریۆی بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی دەكاتەوە، بەردەوامیش بێت لەپەرەپێدانی بواری سەربازی و زیادەڕۆییش بكات لەپێشێلكردنی هەموو پابەندبوونەكانی كە پێشتر لەرێككەوتنەكانیدا ئیمزای كردوون».
پێشتر دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رایانگەیاندبوو، گەر لەماوەی ساڵێك یان دوو ساڵی داهاتوو، ئێران بەردەوام بێت لەسەر پێشێلكردنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015، توانای ئەوەی دەبێت بۆمبی ئەتۆمی دروستبكات.

پابەندبوون بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە
لەگەڵ هەموو ئەو راوبۆچوونانەدا، ئێران پابەندبوونی خۆی بە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی (5+1) دووپاتدەكاتەوە و رەتیدەكاتەوە بەتەواوەتی لە رێككەوتنەكە كشابێتەوە.
عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە 20ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو، لەگەڵ ئەوەی وڵاتەكەی پابەندبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمی كەمكردووەتەوە، بەڵام تائێستا لە رێككەوتنامەی ئەتۆمیدا ماوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپاش گرتبوو لەبارەی پابەندنەبوونیان بە رێككەوتنەكە و رایگەیاندبوو كە ئەوان شكستیان هێناوە لە پاراستنی رێككەوتنەكەدا.
لەبارەی هەنگاوەكانی تاران بۆ كەمكردنەوەی پابەندییەكان بە رێككەوتنی ئەتۆمییەوە عەباس موسەوی دەڵێت»هەنگاوی پێنجەمی كەمكردنەوەی پابەندییەكانی ئێران بە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەوە، هەنگاوی كۆتایی دەبێت لە كەمكردنەوەی پابەندییەكانی و یەكێكە لەو هەنگاوانەی كە زۆرترین كاریگەری دەبێت لەسەر رێككەوتننامەكە».
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێیوایە» هەنگاوی داهاتوویان و كەمكردنەوەی زیاتری پابەندبوونی وڵاتەكەیان، پشتدەبەستێت بە هەنگاوی لایەنەكانی تری ڕێككەوتنەكە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێران».

پاشەكشەكردن لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە
هەر لەو چوارچێوەیەدا كۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی كشانەوە لەرێكەوتنی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی كرد، «لەكاتێكدا ئەگەر لایەنەكانی ئەوروپا دۆسێی ئەتۆمی رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەكگرتوەكان بكەن».
محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوی ئێران رایگەیاندبوو، «ناردنی دۆسێی ئەتۆمی ئێران لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی قبوڵكراو نییە، تا دوبارە دانوستانی لەسەر بكرێت، ئەگەر هەنگاوێكی لەو جۆرەش هەڵبنرێت، ئەوان لەرێككەوتنی رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی پاشەكشەدەكەن».
بە گوتەی جەواد زەریف» ئێران هەموو رێوشوێنەكانی تایبەت بەكەمكردنەوەی پابەندبونی بەرێككەوتنی ئەتۆمی گرتووەتەبەر، كۆتایی بەو رێككەوتنەش دەهێنێت كە لە ساڵی 1968 ئیمزاكرا و تایبەتە بە رێگرتن لە بڵاوبونەوەی چەكی ئەتۆمی لە جهاندا لە سەردەمی جەنگی ساردی نێوان ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤیەت».
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە هەفتەی رابردوودا هەریەك بەریتانیاو فەرەنسا و ئەڵمانیا رایانگەیاندبوو، ئێران رێككەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی پێشێلكردووەو پێویستە بۆ كەمكردنەوەی تەنگژەكان، ئەودۆسێیە رەوانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بكرێت و چاو بەسزاكانی سەر ئێراندا بخشێندرێتەوەو دانوستانی نوێ لەنێوان ئەمریكا و ئێران لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت.
ساڵی 1968 رێكەوتنێك لەنێوان وڵاتانیی جیهان بۆ رێگرتن لە بڵابوونەوەی چەكی ئەتۆمی ئیمزاكرا كە وەك هەوڵێك بوو بۆ رەواندنەوەی تەنگژەكانی ئەو دەمەی نێوان هەردوو جەمسەری خۆرهەڵات و خۆرئاوا.

هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكان
لەگەڵ هەڕەشەكانی ئێران بۆ كەمكردنەوەی پابەندبوونی بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و پاشەكشەكردنی لە رێككەوتنی رێگرتن لە بڵابوونەوەی چەكی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەكەی بیر لەوەشاندنی گورز لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكاتەوە.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سوربوونی وڵاتەكەی لەسەر رێگریكردن لە لەبەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دووپاتكردەوە و لە 20ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو”وڵاتەكەی بیر لەوەشاندنی گورز لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكاتەوە، ئەمەش بەمەبەستی دەستەبەرنەكردنی چەكی ئەتۆمی لەلایەن تارانەوە».
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ” دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەموو كارێك دەكات بۆ ئەوەی ڕێگری لە ئێران بكات چەكی ئەتۆمیی بەدەستبهێنێت، بیریشیان لەوەكردووەتەوە هێرشبكەینە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران».
مایك پۆمپیۆ دەڵێت”هەرچەندە ئێران چەند جارێك دڵنیاییداوە لەوەی كە بەنیاز نییە چەكی ئەتۆمی بەدەستبهێنن، بەڵام ئەمریكا پلانی خۆی هەیە، تا لەو قسانەی بەرپرسانی ئێران دڵنیاببێتەوە».

print

 37 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*