سەرەکی » دۆسێ » سوپای سوریا هەوڵ بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ئیدلیب دەداتپەڕە 24

مەعەرەت لنوعمان گیرایەوە

سوپای سوریا هەوڵ بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی ئیدلیب دەدات

سوپای سوریا ئاماژە بە كۆنترۆڵكردنی شاری مەعرەت لنوعمانی ستراتیژی دەكات لە پارێزگەی ئیدلیبی باكووری خۆرئاوای سوریا كەلەژێر دەستی گروپە توندڕەوەكاندایە.
تۆڕی (BBC)، لە 29ی كانوونی دووەمی 2020 لەڕێی تەلەفزیۆنی فەرمی حكومەتی سوریاوە بڵاویكردەوە»سوپای سوریا پاش شەڕێكی قورس لەگەڵ گروپە توندڕەوەكان توانیویەتی شاری مەعرەت ئەلنوعمانی ستراتیژی پارێزگەی ئیدلیبی باكووری خۆرئاوای سوریا كۆنترۆڵبكاتەوە».
پێشتر روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردبووەوە كە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن لەو ناوچەیە پاشەكشەیان كردووە.
كۆنترۆڵكردنی شاری مەعرەت لنوعمان رێگەیەكی سەرەكی و ستراتیژی بەڕووی هێزەكانی سوپای سوریادا دەكاتەوە كە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا كێشەی سەرەكی بۆ دروستكردبوون.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی گروپە توندڕەوەكان بەپاڵپشتی هێرشی بەردەوام و چڕوپڕی فڕۆكە جەنگییەكانی روسیا بووە كە بەهۆیەوە سەدان هەزار كەس رویان لەسنورەكانی توركیا كردووە و ئاوارەبوون.
بەگوێرەی بەیاننامەیەكی سوپای سوریاش، كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچەیە پاش شەڕێكی قورس بوو لەگەڵ چەكدارانی (هەیئەی تەحریری شام) كە دواتر ئەو هێزانە بەرەو ناوچەكانی (سەراقب و ئەریحا) پاشەكشەیان كرد.
هەر لەبارەی پێشڕەوییەكانی سوپای سوریا لە پارێزگەی ئیدلیب، سەرۆكی توركیا روسیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی رێككەوتننامەكانی سۆچی و ئەستانە لەبارەی ئاگربەست لەسوریا و لەو بارەیەوە دەڵێت»دانبەخۆداگرتنی توركیا بەرانبەر بۆردومانەكانی ئیدلیب تەواوبوو».
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵێكی تەلەفزیۆنی وڵاتەكەی لە 29ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو، «روسیا پابەندی رێككەوتننامەی سوچی و ئەستانە نەبووە لەبارەی ئاگربەست لەسوریا و هێزەكانی ئەسەد كە روسیا پاڵپشتیان دەكات، بەردەوامن لەسەر بۆردومانكردنی ئیدلیب».
بە گوتەی ئەردۆغان» بە روسیایان راگەیاندووە كە چیتر ناتوانن بەرانبەر بە بۆردومانەكانی سەر ئیدلیب دانبەخۆیاندابگرن».
پێشتر خەڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاندبوو، «توركیا بەتوندی وەڵامی ئەو هێرشانەی سوپای سوریا دەداتەوە، كە دەكگرێنە سەر خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیا لەپارێزگای ئیدلیب».
پێشتر سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا جەختی لەسەر پاڵپشتی مۆسكۆ بۆ سوپای سوریا كردبووەوە، كە بەمەستی لەناوبردنی گروپە چەكدارە توندڕەوەكان هەڵمەتێكی سەربازی گەورەی بۆ سەر پارێزگەی ئیدلیب دەستپێكردووە.
وەزیری دەرەوەی روسیا دەڵێت»لەگەڵ توركیا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا نەخە لیستی تیرۆرەوە».
ماوەیەكە هێزەكانی حكومەتی سوریا كە لەلایەن روسیاوە پاڵپشتی دەكرێن، هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانیان بۆ سەر پارێزگەی ئیدلیب لە باكووری سوریا چڕكردۆتەوە، بەوهۆیەشەوە هەزاران هاووڵاتی پارێزگەكە ناچاربوون ماڵوحاڵی خۆیان لە لە ناوچەكە جێبهێڵن و بەرەو سنورەكانی توركیا هەڵبێن.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەلایەن خۆیەوە رایگەیاند، «لە رۆژی 25ی ئەم مانگەوە، سوپای سوریا بەردەوام بۆردومانی ناوچەكانی شاری ئیدلیب دەكات، توانیویەتی 14 ناوچەی ئیدلیب كۆنتڕۆڵ بكات».
هەر لەو چوارچێوەیەدا كۆشكی سپی لە 28ی كانوونی دووەمی 2020 رایگەیاندبوو، سەرۆكی توركیا و سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە دۆسێكانی لیبیا و ئیدلبیان تاوتوێ‌ كردووە.
جود دیری جێگری وتەبێژی نوسینگەی ڕاگەیاندنی كۆشكی سپی لە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و تێیدا گفتووگۆیان لەسەر پێویستی ڕاگرتنی دەستوەردانی دەرەكی لە لیبیا و درێژەدان بە ئاگربەست لەو وڵاتەدا كردووە، لەبارەی سوریاشەوە، و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر كۆتاییهێنان بەو توندوتیژییەی لە ئیدلیب هەیە.
بە گوتەی جود دیری»هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ترەمپ جەختی لەسەر گرنگی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و یۆنان كردووەتەوە سەبارەت بە سنورە ئاوییەكان لە دەریای ناوەڕاستدا».

print

 53 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*