سەرەکی » دۆسێ » رژێمە دیكتاتۆر و تۆتالیتارییەكانی جیهان

رژێمە دیكتاتۆر و تۆتالیتارییەكانی جیهان

پەیڤێک

دیکتاتۆریەت یەکێکە لە سیما خراپ و ناشیرینەکانی شێوازی حوکمڕانی، بەداخەوە هەتاوەکو ئێستاش لە زۆر وڵاتی جیهاندا، ئەم شێوازە خراپەی حکومڕانی بەردەوامە. ئێمەی کوردیش یەکێکین لە قوربانییەکانی ئەم شێوازی حوکمڕانییە. هەمیشە دیکتاتۆرەکان، لەرێگەی زەبروزەنگ و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزاییەوە، بەردەوامی بە حوکمی خۆیان دەدەن.هەتاوەکو ئێستاش لە جیهاندا رۆژانە ، چەندین لێکۆڵینەوەی هەمەجۆر لە بارەی سیماکان و هۆکار و شێوازی دیکتاتۆریەتەوە دەکرێت.
ئێمەش لە کوردستانی نوێ لەم دۆسێیە تایبەتەدا، کە لە لایەن خاتوو شاناز رەمزی هیرانییەوە ئامادەکراوە، تێیدا باسی کۆمەڵێک دیکتاتۆری جیهانی کردووە، لە هەمانکاتیشدا، سیماکان و بنەماکانی سیستەمی حوکمڕانیان باسکردووە.
هیوادارین لە تەواوی جیهاندا کۆتایی بە حکومی دیکتاتۆری بهێنرێت و خۆری ئازادیی و دیموکراسی هەموو وڵاتانی جیهان بگرێتەوە.

کوردستانی نوێ

ئامادەكردنی: شاناز هیرانی

دیکتاتۆریەت بە شێوەیەک لە شێوەکانی فەرمانڕەوایەتی ڕەها پێناسە دەکرێت، کە تێیدا دەسەڵات تەنیا لە ناو دەستی تاکە کەسێک، وەک پادشا، یان کۆمەڵەیەکی دیاریکراودایە. وەک: پارتێکی سیاسی یان دیکتاتۆرێکی سەربازی. دەستەواژەی دیکتاتۆریەت لە نازناوی پاڵەوانی دیکتاتۆرەوە هاتووە، کە وەک دادوەرێکی کاتی لە کۆماری ڕۆمانیا دامەزرا و دەسەڵاتێکی دەگمەنی پێ بەخشرا لە پێناو مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام دیکتاتۆرەکانی ئێستا، لە ستەمکارە کۆنەکان دەچن نەک لە دیکتاتۆرە کۆنەکان.
فەیلەسوفە کۆنەکانی یۆنان و سقڵیەش بەو شێوەیە وەسفی ستەمکاریان کردووە، کە بە سەر دیکتاتۆریەتی نوێ زاڵبوە و بە شێوەیەکی بەرچاویش. زۆربەی جاریش دیکتاتۆرەکان هێز، یان فێڵکردن لەپێناو بەدەستهێنانی دەسەڵاتێکی سیاسی ستەمکارانە بەرێگەی ترساندن و تیرۆر و سەرکوتکردنی ئازادییە مەدەنییەکان بەکاردەهێنن، هەروەها بەکارهێنانی شێوازی پڕوپاگەندە و بڵاوکردنەوەی درۆ لە پێناو پاراستنی پشتیوانی و لایەنگرییە گشتییەکان بۆ خۆیان و زمینەسازی بۆ مانەوەیان زیاتر لە سەر حوکم و چۆڵ نەکردنی شوێنەکانیان بۆ کەسانی تر.
چەندین جۆر دیکتاتۆریەت هەن، ئەوانەیش برتین لەمانەی خوارەوە:

دیکتاتۆریەتی سەربازی:
لەو جۆرەیە کاتێک کە ڕابەرێک بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی، دەسەڵات بە دەست دەهێنێت و هەر لە هەرەمی دەسەڵاتیش دەمێنێتەوە، بەمەیش هاوڵاتییان بێ بەش دەبن لە دەسەڵاتی تەشریعی و هەمیشە لە بەردەم لەدەستدانی ئازادیی مەدەنین.

دیکتاتۆریەتی مەدەنی:
بە ڕژێمێکی ستەمکارانە دادەنرێت کە دەسەڵاتدارەکانی کەسانی سەربازی نین و بە خۆیان ناڵێن پادشا و جێگرەوەیان نییە دوای خۆیان. هەندێک جاریش دیکتاتۆریەتی مەدەنی تاکە کەسێکە یان پارتێکی هەژمووندارە.

پاشایەتیی ڕەها:
بە هەمان شێوەی دیکتاتۆرێک کار دەکات، چونکە تەنیا یەک کەس دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە لە وڵاتێک و زۆربەی پاشا هاوچەرخەکانیش دەستوورین یان سیمبۆڵین. تا سەرەتای جەنگی یەکەمی جیهانییش ئەو جۆرە زۆر بەهێز بوو.
دیکتاتۆریەت بە چەند سیفەتێک جیا دەکرێتەوە: تاکڕەوی لە مومارەسەکردنی دەسەڵات، چونکە دیکتاتۆریەت بەوە جیا دەکرێتەوە کە دەسەڵات لەگەڵ کەس دابەش ناکات. دامەزراوە سیاسییەکان و گروپەکان، کۆمەڵایەتی، کێبڕکێکار دەچەوسێنیتەوە، ڕەنگە دەسەڵاتی سیاسی لە ناو دەستی دیکتاتۆرێک یان کۆمەڵە فەرماندەیەکی فەرمانڕەوا بێت، یان لادانی، یان سوککردنی پێوەندییە یاسایەکان بۆ دەسەڵاتی سیاسی، کە تێیدا دەوڵەتی دەستووری لە ناو دەبرێت، یان یاسایەکی شۆڕشگێڕی دادەمەزرێت، ئەو تایبەتمەندییەیش بەندە بە ئەستەمی، یان مەحاڵی ڕێکخستنێک بۆ جێگرەوەی دیکتاتۆریەت بە شێوەیەکی یاسایی فەراهەم بکات.
لادانی، یان کۆتوبەندکردنێکی گەورەی ئازادییە مەدەنییەکانی و تێیدا هاوڵاتییانی ملکەچ دەکات بە ئەداکردنی کارێک بە ناچاری، یان خزمەتگوزاری بە کۆمەڵ لە بریی هاریکاری بە ناچاری بۆ کۆمەڵەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، زۆرجاریش سیاسەتەکانی ناوخۆیی و دەرەکییەکان دیکتاتۆرێک یان نوخبەیەکی سیاسیی پێشەنگ پەیڕەوی دەکات، سیاسەتێکی سەرکێشانەیە و چالاکییەکی سیاسیی دینامیکی پشتبەستوو بە فیکری دینی دەگرێتەوە. ئامانجیش لێی گۆڕینی کۆمەڵگەیە، یان تەمبێ کردنیەتی.

ناساندنی تۆتالیتاریزم
تۆتالیتاریزم بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (Totalitarianism) مەبەست لێی حکومەتی ناوەندییە، کە کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی ژیان دەکات و لێبوردە نییە لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی لەگەڵ ئەو ناگونجێت. ئینسکلۆپیدیای بەریتانی، تۆتالیتاریزم بە شێوەی ئەو حکومەتەیە کە بە تیۆری ڕێگە بە ئازادیی تاک دەدات و لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات هەموو جومگەکانی ژیانی کۆنتڕۆڵ بکات تا ملکەچی دەسەڵاتی حکومەت بێت.
لە بەرانبەردا (ئەی سونگ مان) کە دواتر بووە یەکەم سەرۆکی کۆریای باشوور، لە کـتێبەکەی بە ناوی (ژاپۆن لە ناوەوە بۆ دەرەوە) ، تۆتالیتاریزم بە حوکمی ژاپۆنی بۆ سەر وڵاتانی ئاسیا دژی جیهانی دیموکراتی وەسف دەکات بەو پێیەی تاکەکان لە ژێر سایەی حوکمی ژاپۆنی زۆر بایەخدارترن لە خودی کۆمەڵگەکە.

بنچینەی تۆتالیتاریزم
ژنە زانای ئەڵمانی هانا ئارنیت (Hannah Arendt) دەڵێت: نازیەت و ڕژێمە شیوعییەکان ڕووخسارێکی نوێی حکومەت بوون، نەک لەبەرگیراوەیەک لە ڕژێمی تۆتالیتاریزمی کۆن. بەڵکوو ئەو ڕژێمانە بیروباوەرێکیان هەبوو، کە وەڵامی پرسیارەکانی ڕابردوو و ئێستا و داهاتوویان دەدایەوە. بۆ نموونە: مێژوو بۆ تیۆرەکەی مارکسی، واتە مێژووی ململانەی چینایەتی. تەنیا بە پەسەندکردنی ئەو گریمانەیش، سەرجەم ڕێکارەکانی دەوڵەت بە کۆتاییهێنان بە بانگەشەی سروشتی، یان یاسای مێژوو پاک دەبنەوە بۆ پاساوهێنانەوەی دامەزراندن و دەرچوونی لە لایەن دەزگای تۆتالیتاریزمی دەوڵەت.
لێرەدا باسی چەند وڵاتێکی دیکتاتۆری لەجیهاندا دەکەین.

یەكەم: ئۆزبەكستان
ستەمکارەکەی ئۆزبەكستان دوژمنەکانی کوشت و هەموو ئەوانەیشی دژی وەستانەوە زیندانی کردن و بە ئاشکرا پێشێلی مافەکانی مرۆڤی کرد. بە بەرچاوی ویلایەتە یەکگرتوەکان پێشێلکاریی ئەنجام دەدا. وڵاتی ئۆزبەكستان، گرنگترین وڵاتی ناوچەکەیە لە سەر ئاستی جوگرافی و دیموگرافی، لە سەردەمی کەریمۆف بووە دەوڵەتێکی پۆلیسی پاش داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەتی، بووە دەوڵەتێکی گەندەڵ و مومارەسەتێکی وەحشیگەرانە و دڕندانەی دەکرد. پاش مردنی کەریمۆفیش ئۆزبەكستان بە ئەزموونێکی نوێ تێپەڕی و بە سەرکردایەتییەکی جیاواز، ئەمە لە کاتێکدا ئاسیای ناوەڕاست بە قەیرانی ئابووری و کێشەی جیوسیاسیی قووڵ دەڕۆیشت.
تەنانەت لەو ناوچەیەیش کە حوکمی ستەمکاریی شکاند، کەریمۆف بە زەبری هێز جڵەوی دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەو سەرۆکە پێشتر پۆستی یەکەم ئەمینی گشتیی پارتی شیوعیی ئۆزبەکی لە دەیەی سۆڤیەتیدا دەستەبەر کرد. هەر لە سەردەمی سەربەخۆییشدا، کاری کرد بۆ لادانی یەکەم حیزبی ئۆپۆزسیۆن. بۆیە دوو پارتی قەدەغە کرد: بیرلیک (واتە یەکبوون) و ئەرک (ئازادی). کۆبوونەوە گشتییەکەی ئەندامانیان قەدەغە کرا و فەرماندەکانیان نەفی کران بۆ دەرەوە لە سەرەتای ساڵی 1990. سەدان کەس، بگرە هەزاران کەس بوونە دوورخراوەی سیاسی و بەرەو تورکیا و ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتوەکان کۆچیان کرد.
ئەو ناوچەیە، ناوچەیەکی پەراوێزخراو بوو، لە ناوەڕاستی پنتێکی جوگرافی و پێشتر ڕابوونێکی دینی گەورەی تایبەتی بە خۆیەوە بینی پاش هەڵگرتنی هەندێک کۆتوبەند لە سەری، کە بە سەر دەربڕینی ئایینی و ئازادیی بیروباوەڕ سەپێنرابوو لە لایەن حکومەتی سۆڤیەتیەوە.
چەندین گروپی سەلەفی توندڕەو دژی کەریمۆف پەیدا بوون، جەنگە ناوخۆییەکەی تاجیکستانیش هاندەر بوو بۆ چالاکییەکانیان لە دوایین ساتەکانی دەیەی نەوەدەکان. ئەو بزوتنەوە ئیسلامییەیش چەندین پەلاماری تیرۆریستی لە وڵات و لە باشووری قیرغیزستان ئەنجام دا، بەڵام پاش داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن ئەمەریکاوە، ئەو گروپانە زیاتر وردبوونەوە لە سەر شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان لە بریی ئۆزبەکستان، کەچی حکومەتی کەریمۆف سەرجەم ئەو هەڕەشانەی بە تیرۆری توندوتیژ وەڵامدایەوە.
ساڵی 2005 دوای گردبوونەوەی هاوڵاتییان لە گۆڕەپانی سەرەکی لە شاری ئەندیجان لە دۆڵی فەرگانە، پاش پرۆسەکەی ڕاکردنی زیندانیان لە گرتووخانە، هێزەکانی کەریمۆف سەدان کەسی مەدەنییان کوشت لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی سەرکوتکەرانە.
هەروەها حکومەت ئۆفیسی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی داخست. پاش ئەوە، حکومەت شەپۆلێکی تری نوێی توندوتیژی و سەرکوتکردنی دەستی پێکرد دژی هەندێک گروپ و ڕێکخراوی ناوخۆیی بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ و دژی بەرهەڵستکارانی سیاسی، ئەوانەی ڕزگاریان نەبوو لە هەڵمەتی چەوساندنەوەی سیاسی لە ئۆزبەكستان. دوای ئیدانەکردنی ئەو قڕکردنەیش، هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازیی کارشی خان ئاباد وەدەرنران، بەڵام پاش هاتنی ساڵی 2009 پێوەندییەکان هێور بوونەوە.

دیکاتۆریەتی ستەمکارانەی کەریمۆف لە ئۆزبەكستان
ئاسیای ناوەڕاست بەشێکی گرنگە لە بەدیلی ئەو تۆڕە پاکستانییەی ویلایەتە یەکگرتوەکان پێکی هێناوە، چونکە ئۆزبەكستان گرنگترین خاڵی پەڕینەوەی کاڵا و کەرەستەکانە، کە بۆ هێزەکەی ئەمەریکا دەچێت، ئەو هێزەی لە خاکی پاکستان جێگیر کراوە. واشنتۆنیش چەند هەنگاوێک پاشەکشەی کرد بێ ئەوەی ڕژێمەکەی کەریمۆف دانی بە تاوانەکانی نابێت لە ئەندیجان. لە لایەکی تریشەوە تا ئێستا ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نەگەڕاونەتەوە ئەو وڵاتە و دەستیان بە چالاکییەکانیان نەکردوە. زۆربەی جاریش داوای ڕۆژنامەوان و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چوونە ناو ئەو وڵاتە ڕەت کراوەتەوە.
لە ساڵە یەکەمەکانی سەدەی ئێستاماندا، تەنیا ژمارەیەکی کەم لە ڕێکخراو و هەندێک چالاکوان لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ژمارەیەکی کەم لە ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ، ئەوانەی بە شاراوەیی-یان ئەوانەی ئارەزووی سەرکێشیان هەبوە بە ئاشکرا ڕووبەڕووی دەسەڵاتداران بوونەتەوە. ئەوانەیش بە زیندانیکردن و دەستدرێژیکردنە سەریان وەڵامیان داونەتەوە. تەنانەت هەندێک جار کار دەگاتە ئەوەی ماڵ و خانوویان دەسووتێنن وەک فاکتەرێکی تۆڵەکردنەوە لێیان.
ئەو ڕابردووە توندوتیژە هۆکاری ئەوەیە، کە ژمارەیەکی کەم لە چاودێرانی سیاسی، ئەوانەی لە ئاسیای ناوەڕاست کار دەکەن، پێیان وابێت ئەگەری ڕوودانی (بەهاری ئۆزبەکی) پاش مردنی کەریمۆف بە ڕێگەوەیە. چونکە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بۆ دەرەوەی وڵات نەفی کراوە و چالاکییەکانی لەوێ ئەنجام دەدا. یەکەم جاریش لە تۆڕی ئەنتەرنێتەوە بە ڕێگەی کۆمەڵێک ماڵپەر گروپی جیاجیای جیابوەوە، کە کاتێکی زۆریان بە مشتومڕی توندوتیژ دەبردە سەر بۆ هەوڵی ڕاکردن لە بکوژانی کەریمۆف. لە لایەکی تریشەوە ئەو دەستانە هیچ شارەزایەکیان لە ئیدارەدانی کاروباری ناوخۆیی وڵات نەبوو، ئەمە جگە لە نەبوونی هیچ ڕێکخراوێکی سەربەخۆ بۆ پشتی پێ ببەستن.
یەکێک لە قێزەونترین پلانەکانی دەزگاکانی دەوڵەت بریتی بوو لە خزانە نێو سەرجەم بوارەکانی ژیان، بەو پێیەی فەرماندە ناوخۆییەکان ببونە کارمەند لای دەوڵەت و بەرگەی هەڵگرتنی هەموو بەرپرسیارێتییەکیان دەگرتە ئەستۆ لە پاراستنی حکومەت و گواستنەوەی زانیاری لە سەر چالاکیی درواسێکانیان بۆ سەرکردەکانیان.

دووەم: تورکمانستان
لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤێتی جاران یەکێک بووە لە کۆمارەکانی سۆڤیەت، بەڵام پاش ڕووخانی ئەو یەکێتییە لە ساڵی 1991 تورکمانستانیش سەربەخۆییی ڕاگەیاند. جگە لە سامانێکی بەرچاوی نەوت، لە ڕووی‌ یەدەگی‌ غازی سروشتیشەوە پلەی پێنجەمی لە جیھاندا ھەیە. لەگەڵ ئەمەیشدا وڵاتێکی ھەژارە و لە گۆڕانکاری و پێوەندییە جیھانییەکاندا خۆی گۆشەگیر کردوە. لە ڕاستیدا سیستەمی سیاسیی ئەم وڵاتە تاک حیزبییە و سەفەر موراد نیازۆف، سەرۆکی پارتی دیموکراتی تورکمانستان تا کاتی مردنی لە ساڵی 2006 سەرۆکێکی بێ ڕکابەری وڵات بوو.
نیازۆف لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا، خۆی وەک»تورکمانباشی» یان سەرۆکی تورکمانەکان دەناساند. سەفەر موراد نیازۆف لە ساڵی 1991 خۆی وەک سەرۆك كۆماری ھەتاھەتایی تورکمانستان ڕاگەیاند و بەشێکی زۆری داھاتی ئەو وڵاتەی لە جیاتی پرۆژەی‌ ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ پرۆژەی جوانکاری و ڕازاندنەوە تەرخان کرد. لە سەرجەم شار وگوند وناوچە جیاجیاکاندا شەقام و خوێندنگە و گۆڕەپان و نەخۆشخانە و… زۆر شوێنی تر بە ناوی تورکمانباشی سەفەر موراد نیازۆفەوە ناونراون. لە سەردەمی دەسەڵاتیدا، فەرمان و ڕێنماییەکانی‌ نیازۆف لە سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگادا جێبەجێ دەکران. ئەمەیش لە ئاستێکدا بوو کە ماوەیەک بڕیار درا کتێبێکی سەفەر موراد نیازۆف بە ناوی «ڕێنما» ببێتە ڕێنیشاندەر و ڕێبەری‌ بەڕێوەبردنی وڵات. ئەم کتێبە ھەڵبژاردەیەکە لە بیرۆکەکانی نیازۆف سەبارەت بە ژیان و کەلتوور ومێژووی تورکمانەکان.
لە ڕووی نەژادییەوە تورکمانەکان زۆرینەی‌ دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێک دێنن. ھەڵبەت لەگەڵ ئەوانیشدا کەمە نەتەوەی تری وەک ئوزبەک، ڕوس و کازاخی‌ و بە ڕێژەیەکی کەم لەم وڵاتە دەژین. ھەر بۆیە بە پێچەوانەی کۆمارەکانی پێشووی‌ سۆڤیەت ئەم وڵاتە دوور بووە لە شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی ئەتنیکی، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا لەوانەیە پێوەندییە توندە خێڵەکییەکان لە ناو تورکمانەکاندا ڕێگەی بۆ پێکدادانی‌ ئەو خێڵانە خۆش کردبێت. لەبەر ئەوەی تا ئێستا بیانیەکان سەرمایەی خۆیان لەو وڵاتەدا نەخستوەتە گەڕ، ئابووریی تورکمانستان پێشکەوتنێکی‌ ئەوتۆی بە خۆوە نەبینیوە.
تورکمانستان لە ساڵێکدا 60 ملیۆن مەتری سێ جا غازی سروشتی بەرھەم دەھێنێت. کۆمپانیای‌ ڕووسیی گاز پرۆم دوو لە سەر سێی ئەم ڕێژەیە دەکڕێت و ناکۆکی درێژخایەنی ئەو کۆمپانیایە لە گەڵ حکومەتی تورکمانستاندا لە سەر نرخی غاز لە ساڵی 2006 کۆتایی پێھات. بە ھۆی نەبوونی ھێڵی بۆریی ھەناردەکردنی نەوت و غاز و ناکۆکییەکانی وڵاتانی کەناری دەریای خەزەر لە سەر چۆنیەتی کەڵکوەرگرتن لە سامانە نەوتی و غازییەکانی خەزەر، تورکەمەنستان نەیتوانیوە سوودی‌ زیاد لە دەرھێنانی غاز و نەوت وەربگرێت. ھەر لەبەر ئەو ھۆیەیش کۆمپانیا بیانییەکان سڵ دەکەنەوە لە سەرمایەگوزاری‌ لەو وڵاتەدا کە ئەنجامەکەیشی‌ سستبوونی‌ ئابووریی‌ تورکمانستانە.

قوربان قولی بێردی محەمەدۆف
دوای بە دەستهێنانی ڕێژە 89%ی دەنگەکان ،لە مانگی شوباتی ‌2007 وەک سەرۆک کۆماری تورکمانستان سوێندی یاساییی خوارد. لەم ھەڵبژاردنەدا شەش کاندید کە ھەمویان سەر بە پارتی دەسەڵاتدار بوون، واتە پارتی دیموکراتی تورکمانستان بەشداریان کرد و ڕێگە نەدرا سیاسەتمەدارە بەرھەڵستکارە دوورخراوەکان بەشداریی‌ تێدا بکەن. کاربەدەستە حکومییەکان باس لەوە دەکەن کە لە 95% لە دەنگدەرانی‌ ئەو وڵاتە بەشداریی ھەڵبژاردنیان کردووە لە ساڵی‌ 2007دا، بەڵام ڕێکخراوەکانی ئازادیی مافی‌ مرۆڤ و دیپلۆماتە خۆرئاواییەکان ئەم ھەڵبژاردنە بە ھەڵبژاردنێکی‌ نماییشی‌ وەسف دەکەن.
بێردی محەمەدۆف وەک جێگری سەرۆک وەزیران لە دوای مردنی سەفر موراد نیازۆف لە مانگی کانوونی‌ یەکەمی ‌2006 بوو بە سەرکۆماری کاتیی ئەو وڵاتە. لە ماوەی‌ پانزە ساڵی دوای سەربەخۆیی تورکمانستاندا، سەفەر موراد نیازۆف سەرجەم دەسەڵاتەکانی وڵاتی بۆ خۆی قۆرخ کردبوو. ھەڵبژاردنی قوربان قولی بێردی محەمەدۆف بووە ھۆی سەرسوڕمانیی شارەزایانی بواری‌ سیاسی، چونکە بە پێی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە سەرکۆماری کاتی دەبێت بدرێتە سەرۆکی کۆمەڵی گەل. بەڵام ھەر دوابەدوای مردنی نیازۆف سەرۆکی کۆمەلی گەل بە تاوانی کردەوەی نایاسایی دادگایی کرا و پۆستەکەی لێ سەنرایەوە. سەرۆک کۆماری نوێ بەڵێنی ئەوەی دا درێژە بە ڕێبازی نیازۆف بدات و ھەندێ چاکسازی و گۆڕانکاری بهێنێتە ئاراوە. لەوانەیش: ئاسانکاری‌ لە بەردەم ئازادیی‌ ئینتەرنێت و چاکسازی لە بواری پەروەردە و بارودۆخی خانەنشینەکان. قوربان قولی بێردی محەمەدۆف دوای‌ ماوەیەکی‌ کورت کاتێک‌ کە جێی‌ خۆی‌ لە سەر کورسییەکەی‌ سەفەر موراد نیازۆف خۆش کرد، دەستبەجێ‌ فەرمانێکی ساڵی پێشوی سەفەر موراد نیازۆفی ھەڵوەشاندەوە سەبارەت بە بیمە و بەو ھۆیەیشەوە سەد ھەزار کەس سودیان لە بیمەی خانەنشینی حکومی وەرگرت. قوربان قولی بێردی محەمەدۆف نەشتەرگەرێکی‌ لێھاتووە و جاران پزیشکی تایبەتی ددانی‌ سەفەر موراد نیازۆف بوو کە بە تورکمانباشی‌ دەناسرا. نیازۆف لە ساڵی 1997 قوربان قولی کردە وەزیری تەندروستی و پاشانیش ھەر بە فەرمانی نیازۆف لە ساڵی 2001 دا بوو بە جێگری سەرۆک وەزیران.

سێیەم: کۆریای باکوور
بە فەرمی (کۆماری کۆریای دیموکراتی میللی)یە. ئەو وڵاتە دەکەوێتە نیوەی باکوور لە نیمچە دوورگەی کۆریا لە خۆرهەڵاتی ئاسیا. پایتەخت و گەورەترین شاری (پیونگ یانگ)ە.
کۆریای باکوور هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام دەدات و خۆی بە کۆماری و (وڵاتێکی ناسیۆنالیستی) وەسف دەکات، بەڵام بە دیکتاتۆریەت و بە تۆتالیتاریزمی و ستالینی وەسف دەکرێت. چونکە بە پراکتیکی بە ڕژێمێکی یەک تاکە حیزب حوکم دەکرێت لە ژێر حوکمێک بە ناوی بەرەی یەکگرتوو. ناوی تەواویشی (بەرەی دیموکراتی بۆ گێڕانەوەی یەگکرتوویی نیشتمان)ە، کە حیزبی کرێکاری کۆریایی بە ڕابەرایەتیی کیم جۆنگ ئۆن کۆنتڕۆڵی کردوە، کوڕی سەرۆکی کۆچکردوو کیم جۆنگ ئیل و نەوەی سەرۆکی پێشووتر کیم ئال سۆنگ بوو. حکومەتی کۆریا پەیڕەوی سیستەمێک دەکات بە ناوی (زۆتچیە)، کە بریتییە لە ئایدیۆلۆژیایەک و پشت دەبەستێت بە خود و پشت نەبەستن بە ئەوانی تر. کە سەرۆکی پێشووتر کیم ئال سۆنگ پەرەی پێ داوە. زۆتچیە بوو بە ئایدیۆلۆژیای فەرمیی وڵات لەو کاتەوەی کار کرا بە دەستووری نوێ لە ساڵی 1972. سەرۆک کیم ئال سۆنگ تیۆرەکانی زوتچیەی لە کاری سیاسیی خۆی بە کار دەهێنا لە دواهەمین ساتەکانی ساڵی 1955.
نزیکەی تەواوی نیمچەدوورگەی کۆریا لە ژێر حوکمی ئیمپراتۆڕیەتی کۆریا بوو، کە ژاپۆن پاش جەنگی ڕووسیا ــ ژاپۆن ساڵی 1905 داگیری کرد و بە شکستی ڕووسیای قەیسەری کۆتایی هات. تا سەروبەندی جەنگی دوەمی جیهانی 1945 نیمچە دوورگەی کۆریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ژاپۆن دابوو. پاش شکستهێنانی ژاپۆنیش لە جەنگەکە، سۆڤیەت و ئەمەریکا کۆریایان دابەش کرد بە سەر دوو ناوچەدا، یەکەمیان لە ژێر ئاڵای یەکێتیی سۆڤیەت، لە کاتێکدا کۆریای باشوور کەوتە ژێر ڕکێفی ویلایەتە یەکگرتوەکان. کۆریای باکوور ڕەتی کردەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی باشوور بکات لە ساڵی 1948 بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتوەگان، ئەمەیش بووە هۆی دامەزراندنی دوو حکومەتی جیا لە یەکتر لە ناو یەک کۆریادا. هەر دووکیان داوای مافی خاوەنداریەتیی نیمچە دوورگەی کۆریایان دەکرد. دوا جاریش جەنگی کۆریای لێ کەوتەوە لە ساڵی 1950. تا لە ئاگربەستێکدا کۆتایی پێ هات لە ساڵی 1953، کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا هەر دوو وڵات لە جەنگێکی فەڕمین و هیچ جۆرە پەیماننامەیەکی ئاشتی نەبەستراوە. ساڵی 1991 هەر دوو وڵات لە نەتەوە یەکگرتوەکان وەرگیران. لە ساڵی 2009 کۆریای باکوور تاکلایەنە لە ئاگربەستەکەدا کشایەوە.

کیم جۆنگ ئۆن
بە پێی بەڵگەنامە فەڕمییەکان کیم جۆنگ ئۆن ساڵی 1982 لە دایک بووە، هەر چەندە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ساڵی لەدایکبوونی بە هۆی چەند هۆکارێکی ڕەمزییەوە گۆڕراوە، لەوانەیش: بۆ ئەوەی بکەوێتە پاش ڕۆژی لەدایکبوونی دامەزرێنەی دەوڵەتی کۆریای باکوور کیم ئەیل سونگ بە 70 ساڵ. لە قوتابخانەیەکی ئینگلیزی خوێندوویەتی لە نزیک پایتەختی سویسرا بێ ئەوەی کەس بزانێت کێیە. چونکە بە ناوێکی خوازراوەوە و بە سیفەتی کوڕی کارمەندێکی باڵیۆزخانەی کۆریا. پاش گەڕانەوەی لە سویسرا لە زانکۆی کیم ئەیل سۆنگی سەربازی خوێندوویەتی، لەوەیش بە دواوە یاوەریی باوکی کردووە لە سەردانەکانی بۆ مەیدانە سەربازییەکان.
هەر زوو پلەکانی سەرکردایەتیی بڕیوە لە هەر دوو بواری سیاسی و سەربازی، سەرباری کەمیی شارەزایشی، بوەتە ژەنەڕاڵێک بە پلەی (4 ئەستێرە). پاشان جێگری سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناوەندی بۆ پارتی کرێکاران، دوای ئەویش ئەندام لە لیژنەی ناوەندی ناوبراو.
كیم جۆنگ ئۆن، سەرۆكی كۆریای باكوور پوختەیەكی كتومت پاڵافتەیە لە خەسڵەتی باوكی و باپیری، كە هەر دووكیان دوو سەرۆكی پێشووی كۆریای باكوور بوون تا مردن. ئەگەر چی پەندی پێشینان دەڵێت: «ئەوەی لە مشك بێت جەواڵ دەدڕێت»، بەڵام كیم جۆنگ ئۆن دەیەوێت سنوری باپیر و باوكی تێ بپەڕێنێت، چونكە هەڵسوكەوت و سەركێشییەكانی ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ ڕێكردنی لە سەر ڕێچكەی ئەوانەی پێشخۆی لە پێكهاتەی بنەماڵەكەی واتە «بنەماڵەی كیم»، كە فەرمانڕەوایی كۆریای باكوور دەكەن.
«كیم» بریتییە لە نازناوی بنەماڵەیەیی بۆ هەر یەكە لە جۆنگ ئۆن، جۆنگ ئیل، ئیل سۆنگ، واتە نازناوەكە پێش ناو كەوتووە، بەم شێوەیەش سەرۆكی ئێستا (كیم جۆنگ ئۆن) كوڕە بچوكی سەرۆكی پێشوو كیم جۆنگ ئیل، كوڕی كیم ئیڵ سۆنگ دامەزرێنەری كۆماری سۆسیالیستی لە كۆریای باكوورو ئەندازیاری دروستكردنی ئەو كۆمارە، كە لە سەر بنەماكانی دابونەریتی پاشایەتی و ئیمپراتۆریەت لە وەرگرتنی دەسەڵات بە شێوەی پشتاوپشت دامەزرێنراوە، لە پاڵ پەیڕەوكردنی جۆرێك لە ستەمکاریی خۆرهەڵاتییانەی پێكهاتوو لە سەر حوكمی تاكەكەسیی ڕەها، بەڵام تێكەڵە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای كۆمۆنیستی، كە پێگەی جەماوەری و خزمەتكردنی نیشتمانیی كردوەتە دەمامك و پارێزگاری لە فەرمانڕەوایەتیی تاكەكەسی دەكات. بەم مانایە كیم ئیڵ سۆنگی باپیری ئۆن ئەمە كەسەیە، كە داری حوكمی شاهەنشایی تاكڕەوی بە ناوی كۆمارییەوە چاندوە، كە لە لای عەرەبەكان بە (سیستمی جملوكی) ناسراوە.
كیم جۆنگ ئۆن برا گەورەكەی كوشت، چونكە گوتبووی كە ڕایەكی جیاوازی لە ڕای باوكی هەیە دەربارەی مەسەلەی شوێنگرتنەوە لە دەسەڵات، بۆیە بە ژەهراویكردن كۆتایی بە ژیانی هات بە دەستیسەی برا بچوكەكەی (سەرۆك ئۆن). بەڵكو ئەم سەرۆكە بچوكە كە لە ساڵی 1982 لە دایك بووە، ڕۆڵی هەبوە لە پاكتاوكردنی زۆرێك لە ئەندامانی سەر بە بنەماڵەكەی، تەنها لەبەر ئەوەی ویستی خۆیان لە گەییشتن بە دەسەڵات دەربڕیوە، یان تەنها لەبەر ئەوەی بیریان لەو بابەتە كردوەتەوە كوژراون.
چالاكییە ئەتۆمییەكانی كۆریای باكوور دەوڵەتە دراوسێكانی ئەو وڵاتەی نیگەران و بێزار كردووە، كە ڕێگەی دروستكردنی دوژمنەكانی هەڵبژاردووە و هەمیشە گەل و سوپای وڵاتەكەی خستوەتە ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بۆ شەڕ ئامادە بن.
جگە لەمەیش كۆریای باكوور هەڕەشە دەكات، كە توانای بەرهەمهێنانی مووشەكی دوورهاوێژی هەیە و هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ پەرەپێدانی چەك و مووشەكی پێشكەوتوو، كە بگاتە قووڵایی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، جگە لە دراوسێكانی وەك كۆریای باشوورو ژاپۆن. هەموو ئەمانەیش بریتین لە خولیا و ئارەزوەكانی سەرۆكی بچوك.
ئۆن هەمیشە شانازی بە چەكی ئەتۆمی وڵاتەكەیەوە دەكات و هەندێك جار دەگاتە ئاستی یاخیبوون. كێشی ئەم سەرۆكە نزیكەی (130) كیلۆگرامە و نەخۆشیی شەكرە و سەوەفانی هەیە. ئەگەر ئەفسانەكە ژن بوایە، ئەوا سەرسام دەبوو بە ڕێچكەی ئەم كوڕە ئەفسانەیییەی كە بوەتە سەرۆكی كۆریای باكوور و خەڵكی تووشی سەرسوڕمان كردوە و دانوستانكارەكانیش لەگەڵیدا نەیانتوانیوە ڕاستیی ئەوە تێ بگەن، كە چی دەوێت و چی ناوێت و كاتوساتی ویستەكانی كەیە. ئەو بە خۆڕاگری و پێداگرییەكەی توانیویەتی ترس و دڵەڕاوكێ دروست بكات بە هۆی كاردانەوەكانی لە هەموو كاتێكدا، توانیویەتی ترس بخاتە ناو دەروونی شوێنكەوتەكانی و هەستێكی بۆماوەیییان لەلا دروست، بكات ڕوخساری دەرەوەی خۆشەویستیە، بەڵام ناواخنەكەی تۆقاندنە.
ژمارەیەکی زۆر لە کۆرییەکان بە لەبەرگیراوەیەکی لێکچوو لە (فەرماندەی مەزن) کیم ئەیل سۆنگ دای دەنێن. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو لێکچوونە زۆرەی لە نێوان ئەو و باپیریدا هەیە لە ڕوخسار و شێوازی قژ و هەڵسوکەوتەکانی، تەنانەت پڕوپاگەندەیەک هەبوو، کە نەشتەرگەریی جوانکاریی کردوە تا زیاتر لە باپیری بکا.
پاش مردنی کیم جۆنگ ئەیل بە جەڵتەی دڵ لە 17ی کانونی یەکەمی ساڵی 2011، کوڕە گەنجەکەی (کیمی چوارەم) سوپا و جبەخانەیەکی گەورە لە چەکی ئەتۆمی و کۆنتڕۆڵێکی تەواو بە سەر کۆریا باکووردا بۆ مایەوە. ساڵی 2013 کیم کرایە ئامانج لە هەوڵێکی تیرۆرکردندا. بە پێی ئاژانسەکانی کۆریای باشوور، ڕابەرە گەنجەکە لە لایەن چەندین کەس لەوانەی دژی حوکمی ئەون، هەوڵی کوشتنیان داوە، پاش ئەوەی فەرمانی کرد، پلەی ژەنەڕاڵ لە سوپادا بچوک بکرێتەوە، ئەمەیش بوە هۆی دروستبوونی ململانێ لە سەر دەسەڵات لە ناو سوپا. لە سەردەمی کیم، کۆریای باکوور پەرەی داوە بە تاقیکردنەوەی موشەکەی بالیستی و چەکی ئەتۆمی، تەنانەت پاش هەڕەشەکانی خۆرئاوایش بە سەپاندنی سزاکان بە سەریدا.
ساڵی 2013 کۆریای باکوور تاقیکردنەوەی سێیەمی ئەتۆمی خۆی ئەنجامدا. ساڵی 2016یش تاقیکردنەوەی چوارەمی خۆی کرد. بەمەیش فەرماندەکانی جیهان ئیدانەی ئەو کارەیان کرد و دژی ئەو هەڵوێستەی کۆریای باکوور کرد، لەوانەیش چین، هاوپەیمانە سەرەکییەکەی کۆریای باکوور. نەتەوە یەکگرتوەگانیش داوای سەپاندنی سزای زیاتری کرد.

پرۆسەکانی پاکتاوکردن
پاش جڵەوگیرگرتنی لە دەسەڵات، سەرۆکی کۆریا زنجیرەیەک پرۆسەی لەسێدارەدانی ئەنجام داوە. بە پێی ڕاپۆرتەکان هەر لە ساتی هاتنەسەرحوکم تا ئێستا نزیکەی 15 بەرپرسی لە سێدارە داوە، بە چەندین هۆکاری جیاجیا، لەوانەیش گومانکردن لە دڵسۆزییان. بۆ نموونە: ئەندازیاری یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی کوشتوە، چونکە دیزاینەکەی بە دڵ نەبووە. هەروەها لەسێدارەدانی وەزیری بەرگری هیۆ یۆنگ شول و هاوسەری پوری و ڕاوێژکارە سیاسییەکەی.
لە 2016 وەزیری پەروەردە کیم یۆنگ جین ــ ی لەسێدارە دا بە تۆمەتی (ئاژاوەنانەوە دژی حیزب و شۆڕش) بەمەیش هیچ پۆست و پلەیەک نابێتە هۆی ئەوەی کەسەکە پارێزراو بێت و دوور بێت لە کوشتن. سەرۆکی کۆریا باکوور لێزانانە ڕکاربەرەکانی لە ناو دەبات و تۆمەتیان بۆ دروست دەکات بە سادەترین شێوە، بۆ نموونە: خواردنەوەی مەی لە پرسەکەی باوکی، یان خەوتن لە کاتی نماییشی سەربازی. ئەمانە دەکاتە پاساو بۆ نادڵسۆزییان و لەناوبردنیان. پسپۆڕانی سیاسی دەڵێن کیم جۆنگ ئۆن، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ترس دەیەوێت خەڵکی بتۆقێنێت و دەسەڵاتی زیاتر بسەپێنێت، بەڵام ئەم ھەوڵانەی ھۆکار دەبێت بۆ تێکدانی باری ئابووریی وڵاتەکەی و ھەروەھا کۆچکردنی زۆرینە بۆ وڵاتانی تر.

چوارەم: كۆماری چاد
هەموو ساڵێک لە 11ی ئاب گەلی چاد ئاهەنگ دەگێڕن بە بۆنەی ڕۆژی سەربەخۆی قەومی لە ساڵی 1960. بەمەیش نیو سەدە بە سەر سەربەخۆییی وڵات تێپەڕ بوە، بەڵام ئەو ماوە مێژووییە لە حوکمی نیشتمانیدا بە چەندین گێژەڵووکەی جەنگی خوێناوی تێپەڕیوە و تا ئێستایش هەر بەردەوامە. بە هۆی نەبوونی دادپەرەوەری کۆمەڵایەتی و ئابووری، نەبوونی سیستەمێکی دیموکراتییانە و دەوڵەتی یاسا، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە سەرجەم ئاستە سیاسی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، ڕێزنەگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی یەکجار زەق و پێشلێکردنی بەها و بنەماکانی مرۆڤایەتی.
پاش داگیرکردنی لە لایەن فەڕەنسییەکانەوە بۆ ماوەی شەست ساڵ، واتە هەر لە 1900ەوە، بۆ یەکەمین جار گەلی چاد ئاهەنگیان گێڕا بە بۆنەی بەدەستهێنانی سەربەخۆییی نیشتمانی پاش خەباتێکی دووردرێژ بە سەرۆکایەتیی سەرۆک فرانسوا تومبالبای وەک سەرۆکی وڵات و سەرۆکی حیزبی پێشکەوتنخوازی چادی. تومبالبای بووە سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆ و سیستەمێکی سیاسی دیموکراتی و فرە حیزبی، هەروەها حکومەتێکی تۆکمە کە کۆنتڕۆڵی هەموو جومگەکانی کردبوو. بەڵام دوای سێ ساڵ، تومبالبای حیزبە سیاسیەکانی قەدەغە کرد و تەنیا حیزبەکەی خۆی هێشتەوە. بەمەیش سیاسەتی تاکە حیزبی و ڕێبازێکی دیکتاتۆرانەی گرتە بەر لە دەسەڵاتدا. کاتێکیش گەلی چاد ڕاپەڕی لە دژی، زۆر دڕندانە دەستی کرد بە سەرکوتکردن و زیندانیکردنی خەڵک بە شێوەیەکی یەکجار دڕندانە، تەنانەت حوکمی لەسێدارەدانی بە سەر هەندێکیان سەپاند. هەر چەندە ژمارەیەک لە سەرکردەکانی حیزبی یەکێتیی دیموکراتی توانییان بگەنە دەرەوەی وڵات و لەوێوە کاری خۆیان بکەن.
دوا جار سوپای چاد ناچار بوو کودەتایەکی سەربازی ئەنجام بدات دژی سەرۆک و بووە هۆی کوشتنی. پاش ئەویش ژەنەڕاڵ فلکس مالوم دانرا، کە لە گرتووخانە بوو. لە لایەن سوپاوە بە سەرۆکی وڵات هەڵبژێرا، بەڵام هەر زوو شکستی هێنا لە چاککردنەوەی ئەو هەموو خراپەکارییانەی سەرۆک کردبوونی. بۆیە جەنگێکی ناوخۆیی لە پایتەخت بەرپا بوو لە نێوان هاوبەشانی حوکم، واتە نێوان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران پاش ڕێکكەوتننامەی خەرتومی ساڵی 1978.

ناسەقامگیریی سیاسی
(من نەهاتووم بە دەستی پڕ لە زێڕ و زیو، بەڵام ئازادیم بۆ هێناون) ئەمانە وتەی سەرۆک ئیدریس دیبی بوو لە میانەی گوتارێکی بۆ گەلی چادی پاش کۆنتڕۆڵکردنی وڵات دوای ڕاکردنی دیکتاتۆر حسێن هبری، کە وڵاتی خستە ژێرباری دۆخێکی یەکجار سەخت و دژوار. بە هۆی پەیڕەوکردنی سیاسەتی کوشتن و پاکتاوکردن، پاکتاوی نەژادی، بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، مومارەسەکردنی سەرکوتکردن بە ڕێگەی شانەی هەواڵگری.
ستەمکاری و چەوساندنەوە و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، ئەمانە هەمووی هۆکار بوون کە وایکرد ئیدریس دیبی لە سوپای هبری جیا ببێتەوە و ڕوو بکاتە خۆرهەڵاتی وڵات بۆ ئەوەی لە بەرانبەر ڕژێمەکە بوەستێت و لە ناوی ببات، کە هەشت ساڵ بوو بە زەبری هێز حوکمی وڵاتی دەکرد. بەڵام هەر زوو خەونەکان پوچەڵ بوونەوە و هیواکان بوونە بڵقی سەرئاو بە هۆی شکستی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە. بە درێژاییی بیستوحەوت ساڵ نەیتوانی سەرەتاترین پێداویستییەکانی ژیانێکی شەرەفەمەندانە بۆ هاوڵاتییانی دابین بکات، وەک دابینکردنی ئاوی پاک، کارەبا، داودەرمان، گەندەڵیی ئیداری و دارایی. پەیڕەکردنی خزمایەتی و هۆزایەتی و هەژموونی هۆزگەرایی بە سەر حوکم. دزینی پارەی گشتی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بە کۆمەڵ لە لایەن ئەندامانی هۆزی سەرۆک بە بەکارهێنانی چەکی سوپای نیشتمانی، هەروەها پاکتاوکردنی جەستەیی سەربازانی ناو سوپا و جێبەجێکردنی یاسای دارستان.
بەمەیش مێژوو خۆی دووبارە کردەوە، ئەمڕۆ دۆخی کۆمەڵایەتی لە هەڵچووندایە. سەرجەم پێکهاتە نیشتمانییەکان بێزارن لەو دۆخە پەشۆکاوەی وڵات پێی گەییشتوە بە هۆی شکستی حکومەت لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و کۆمەڵایەتی. چاد بە قەیرانێکی دارایی زۆر خنکێنەر تێپەڕ دەبێت. زۆربەی زۆری کەرتە زیندوەکان تووشی پشێوی و ناڕەزایەتی و ئیفلیج بوون و لەدەستدەرچوونی ئەمنی هاتوون. دۆخی گەل لە مەترسیدایە بە هۆی نەبوونی ئەمن و ئاساییش بۆ هاوڵاتییانی بێ دەسەڵات. ئەم نا بەرپرسیاریەتییش، کە حکومەت پەیڕەوی دەکات ڕاگەیاندنێکی ڕاشکاوانەی شکستە پاش جڵەوگیرگرتنی دەسەڵات لە لایەن بزوتنەوەی نیشتمانی ڕزگاری، کە نەیتوانی وڵات ڕزگار بکات لە دیکتاتۆریەت و بوە مایەی نەهامەتیی زیاتر. ڕەنگە دووبارە سیناریۆی جەنگێکی ناوخۆیی سەر هەڵبداتەوە، چونکە گەلی چاد بێزار بووە لە ستەم و گەندەڵی، زۆربەی هاوڵاتییانی بیر لە هەڵگرتنی چەک دەکەنەوە وەک تاکە بژاردەی بەر دەمیان بۆ ڕزگاربوون لەو دۆخە ئاڵۆز و دژوارەی تێیکەوتوون.

پێنجەم: بۆرما (میانمار)
بۆرما کە بە ناوی میانماریش ناسراوە، بە فەڕمیش کۆماری یەکێتیی میانمارە. یەکێکە لە وڵاتانی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا. لە یەکی ئەپریلی 1937 لە حکومەتی هیندیی بەریتانی لە ئەنجامی دەنگدان سەبارەت بە مانەوەی لە ژێر کۆنتڕؤڵی ئینتدابی هیندیی بەریتانی، یان سەربەخۆییبوونی بۆ ئەوەی ببێتە کۆڵۆنیالیکی بەریتانی جیا بوەوە. لە 1940 میلیشیای سی هاوڕێیەکە سوپای سەربەخۆیی بۆرمایان دروست کرد. کە هێزێکی چەکداری بوون و بە مەبەستی دەرکردنی بەریتانییەکان دامەزرابوو.
بۆرماییەکان لە ڕووی پێکهاتەی نەژادی و زمانەوانی جیاوازن بە هۆی فرەییی ڕەگەزەکانی وڵات پێک دەهێنن. زۆربەی دانیشتوانەکەی بە زمانی بۆرمایی دەدوێن و پێیان دەڵێن (بۆرمان) و ئەوانی تریش بە چەندین زمان دەدەوێن.
هەڵبژاردن و چاکسازییەکان
ڕاپرسی لە سەر دەستوور لە 10 مایۆی 2008 ئەنجام دراو و بەڵێنی (دیموکراتیەتێکی گەشەسەندوویان) دا، ناوی فەڕمی وڵاتیش لە (یەکێتیی میانمار)ەوە گۆڕا بۆ (کۆماری یەکێتیی میانمار). ساڵی 2010یش بە پێی دەستوور نوێ هەڵبژاردن ئەنجام درا و تێیدا حیزبی یەکێتیی هاریکاری و پەرەپێدان سەرکەوتنی بە دەست هێنا، کە لە لایەن ئاراستە سەربازییەکەوە بە زۆرینەی 80% پشتیوانیی لێ دەکرا. چاودێران بە هەڵبژاردنێکی ئاشتییانەیان وەسف کرد، بەڵام تۆمەتبارکردنی یەکتر بە ساختەکاری لە ژمارەیەک ناوەندی دەنگدان بڵاو بوەوە. ئۆپۆزسیۆن گومانی لە دەرئەنجامەکان هەبوو.

ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ
مافەکانی مرۆڤ لە بۆرما سەرچاوەی نیگەرانین بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چەندین جار وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوە گەورەکان ڕاپۆرتیان داوە لە سەر پێشێلکردنێکی بەرفراوان بۆ پرسی مافەکانی مرۆڤ لە بۆرما.
چەندین جار کۆمەڵەی گشتی بۆ نەتەوە یەکگرتوەگان ئەنجوومەنی سەربازیی بۆرمای ئاگادار کردوەتەوە لە سەر ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و داوای لە سوپا کردوە ڕێکاری خێرا و پێویست بگرنە بەر بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانە و ئازادییە سەرەکییەکان. کۆدەنگییەک هەیە لە سەر ئەوەی کە ڕژێمی سەربازی لە بۆرما یەکێکە لە سەرکوتکەرترین ڕژێمەکان لە هەموو جیهان، چونکە دادگایەکی سەربەخۆ نییە لەو وڵاتە. بازرگانیکردن بە مرۆڤ و کارکردنی منداڵان زۆر بەربڵاوە. سوپا ناوبانگێکی خراپی هەیە و دەستدرێژکردنە سەر ژنان. حکومەت سەرجەم مافە سەرەکییەکانی پێشێل کردوە. بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی (ئازادی لە جیهان) بۆ ساڵی 2013، باس لەوە دەکات کە ئەنجوومەنی سەربازیی ماوەیەکی زۆر حوکمی وڵاتی کردووە و سەرپەرشتیی هەموو دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و تەشریعی و دادوەریی کردوە. بەرپرسیشی لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و خۆدەربازکردن لە سزا. لەو وڵاتەدا نزیکەی (2100) زیندانی سیاسی هەن.

هەڵوێستی ئۆن سان سوچی «خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی»
لە ڕاستیدا ئۆن سان سوچی سەرۆك وەزیرانی بۆرما، بەو پێیەی نوێنەری حکومەتێكی مەدەنییە و خاوەنی خەڵاتی «نۆبڵ»ە بۆ ئاشتی، لە وڵاتەكەی بە پاڵەوانی نەتەوەیی دادەنرێت، بەڵام ئێستا ڕۆڵێكی خراپ دەگێڕێت لە بەرانبەر مەینەتی و تراژیدیاكانی موسوڵمانانی ڕۆهینگا، بەم هۆیەیشەوە لەلایەن كۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنە و گازەندەیی توند بوەتەوە سەبارەت بە هەڵوێستەكانی لە هەمبەر موسوڵمانەکانی ڕۆهینگا. سوچی لە دوای ئەو هەموو ڕەخنە و كاردانەوەیە، نكۆڵی کردەوە کە چەوساندنەوە و پێشێلکاری لە بەرانبەر مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەیدا كرابێت، ڕایشی گەیاندوە كە هیچ جۆرە دەرکردن و ڕاوەدوونانێك لە سەر بنەمای ئیتنی و دیینی لە وڵاتەکەیدا ڕووی نەداوە بەرانبەر بە موسوڵمانانی ڕۆهینگا.

ژەنەڕاڵ سان شوی
ئەو ژەنەڕاڵە کە بە فەڕمی خانەنشین بوو لە سوپا، هەر لە ساڵی 1992ەوە بە زەبری هێز حوکمی بۆرمای دەکرد. وڵات ببوە بارمتەی ڕژێمێکی مەترسیدار. هەروەها کاری کرد بۆ لە باربردنی سەرجەم ئومێد و هیواکانی بۆ دیموکراتیەت هەبوون. ژەنەڕاڵی تەمەن 78 ساڵی ڕکابەرەکانی بە (دیکتاتۆرێکی توندڕەو و میزاجی) وەسفیان دەکرد. کاریگەریی زانستی فەلەکیی لە سەر بوو. لە لایەکی تریشەوە کاری کرد بۆ بەتاڵکردنەوەی ڕژێمەکەی لە هەموو دوژمنەکانی و نەیهێشت هیچ پیاوێکی بەهێز لە وڵاتدا دیار بکەوێت. پێش ڕۆیشتنیشی میانمارێکی قەدەغیکراو لە خۆرئاوا و بە پشتیوانییەکی کەم لە لایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە بە جێ هێشت. لەگەڵ جێهێشتنی ئابوورییەکی داڕماو بە هۆی سزا نێودەوڵەتییەکانی بە سەریدا سەپێنراو لەبەر خراپیی ئیدارەدانی.
سان شوی، کە لە ساڵی 1933 نزیک ماندالای لە دایک بوە. سەرەتا وەک کارمەندێک لە پۆستە کاری کردبوو. لە تەمەنی بیست ساڵی تێکەڵاوی سوپا بوە. یەکەم ئەزموونی مەیدانیی خۆی وەک ئەفسەر لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوان بوە. لە 1962 ژەنەڕاڵ نی وێن دەستی بە سەر دەسەڵاتدا گرت و سان شویش بە بێدەنگی و کارایی دەرکەوت. پاش پرۆسەکانی سەرکوتکردنی شۆڕشی خوێندکارانی ساڵی 1988 و کەوتنی نی وێن, سان شوی بوە دەستی ڕاستی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی سەربازی، ژەنەڕاڵ ساو مۆنگ. کاتێک سان شوی هاتە سەر حوکم یەکەم کاری دەستبەسەرکردنی ئۆنگ سان سو تشی بوو، کە براوەی خەڵاتی نۆبل بوو بۆ ئاشتی و بەرجەستەکاری بەرەنگاربوونەوە بوو بەرانبەر ئەنجوومەنی سەربازیی دەسەڵاتدار. بە درێژایی 20 ساڵ سان شوی توانیی بە زەبری هێز پارێزگاری لە (یەکبوون و سەقامگیری) بکات لە وڵاتێکدا کە بەردەوام یاخیبوونی کەمایەتییەکانی سەری هەڵدەدا.
تا ئێستایش ناوی ئەو سەربازەی چاویلکەی ڕەشی لە چاوە بەندە بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژی خراپیی باری گوزەران بەرپابوو، کە ڕاهیبەکانی بوزی لە ساڵی 2007 ڕێکیان خست و بوە هۆی کوژرانی 31 کەس و بێسەروشوێنبوونی 74 کەسی تر. هەروەها سەدان کەسیش حوکمی زیندانییان بە سەردا درا پاش خۆپیشاندانەکان. ساڵی 2008 ڕەتی کردەوە هیچ یارمەتییەک لە وڵاتانی تر وەربگرێت بە هۆی ئەو زیانە گەورەیەی بەر هاونیشتمانیانی کەوت لە گەردەلوولەکەی نێرگز، کە بوە هۆی کوژرانی 138 هەزار کەس. لە ناوەڕاستی ئەو کارەساتەدا داوای ڕاپرسییەکی دەستووریی کرد.

شەشەم: شانشینی سعودیە
دیکتاتۆریەت لە شانشینی سعودیە لە هەموو شوێنێکی تری جیهان بە تەوژمترە، چونکە ڕژێمەکەی سعودیە ڕژێمێکی دڵڕەق و بێ بەزەیییە و سروشتی تۆتالیتاریزمی و پاوانخوازی بە سەریدا زاڵە، کە حوکمی سیستمی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینی دەکات لە ناو وڵاتدا، زۆر دڕندانە کار دەکات بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان و ناڕەزایەتییەکان، بەئاشکراش پشتیوانیی تیرۆر دەکات،ئایین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بە کار دەهێنێت. لە شانشینی سعودیە دادگا سەربەخۆ نییە و شا و خێزانەکەی دەستیان بە سەر سەرجەم پایەکانی دەوڵەتدا داگرتووە و پیرۆزکردنی خێزانی دەسەڵاتداری بە سەر گەلدا سەپاندووە، هەروەها بەتەواوی کۆنتڕۆڵی میدیای ئەو وڵاتەی کردووە.
ئەو بڕیارانەی بەم دوایییەیش دران بە وەستاندن و هەڵپەساردنی سەرمایەی ژمارەیەک شازادە و بازرگانیی دیار لە ناو سعودیه، لە سەرووی هەموویشیانەوە شازادە موتعەب کوڕی عەبدولڵای کوڕی عەبدولعەزیز، وەزیری پاسەوانی نیشتمانی و تورکی برای، هەروەها شازادە وەلید کوڕی تەڵاڵی کوڕە مامیان، کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان. مەبەستیش لەو کارە، تەنیا بوونی ترسە لە کاردانەوەی ئەو کەسایەتییانە لە ئەگەری بەربەست دروستکردن لە بەردەم پرۆژەی میراتگرتنەوەی دەسەڵات کە شا سەلمان و کوڕەکەی هەوڵی بۆ دەدەن و دەیانەوێت وەک ئەمری واقیع بیسەپێنن بە سەر هەموان، بۆیە شازادە گەنجەکە چەند بڕیارێکی مەترسیداری دان، کە ڕەنگە وا بکات شانشین بکەوێتە سەر لێواری ڕووخان.

مافی ژنان لە سعودیه
سعودیه بە یەکێک لە خراپترین وڵاتانی جیهان هەژمار دەکرێت سەبارەت بە مافەکانی ژنان لە ڕووی پێشێلکارییەکانی ئازادیی تاک و کۆمەڵایەتی، هەروەها سەرکوتکردنی کەمایەتییە ئایینی و ئێتنییەکان. بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ساڵانی 2015 و 2016، سعودیه بە تەواوی کۆتوبەندی خستوەتە سەر مافی ژنان و ئازادییەکان. هەڵمەتی توندوتیژیی ئەنجام داوە بەرانبەر ئەوانەی بۆچوونی سیاسیی جیاوازیان هەیە و زۆربەی جاریش ڕەخنەگران لە حکومەت دەستگیر کراون، لە نێویشیاندا ژنان. ژنانی سعودی لە واقعێکی تاڵی کۆمەڵایەتی ژیان بە سەر دەبەن و زۆر بە زەقی پێشێلکاریی مافەکانیان دەکرێت. هەر چەندە بەم دوایییە شازادە (محەمەد کوڕی سەلمان) مافی شوفێری بەخشی بە ژنان و ویستی دەسەڵاتی ئایینی لە وڵاتدا کورت بکاتەوە، بەڵام ئەمانە هەنگاوی زۆر لەسەرخۆ و هێواشن.
ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتوەکان چەندین جار داوای کردوە سیستەمی (وصایە) ی پیاو لە سەر ژن هەڵگیرێت و سەرجەم مافە یاسایییەکانی پێ بدرێت. هەروەها ڕێگە بگیرێت لە جیاکاریی ڕەگەزی دژی ژنان. بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە سعودیه زۆرترین حاڵەتی توندوتیژی هەیە و بەتایبەتی لە لایەن گروپە ئایینیەکانی وەک دەستەی (الامر بالمعروف و والنهی عن المنکر). هەر چەندە دۆسیەی مافە کانی مرۆڤ لە سعودیه زۆر لەوە پڕترە و هەر تەنیا لە سەر مافەکانی ژنان کورت نابێتەوە، چونکە پیاوانیش بەتایبەتی چالاکوانی مەدەنی و ئەوانەی دژی حکومەتن تووشی چەندین جۆری ئەشکەنجەدان دەبنەوە.
دەوڵەتی سعودیه ڕاهاتووە لە سەر کڕینی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەرتیلدان بە گەورە نووسەر و ڕۆژنامەنووسان بۆ جوانکردنی وێنەی شانشینەکە و هەڵنەدانەوەی هیچ لاپەڕەیەک لەو مەسەلە ئابڕووبەرانەی لە ڕووی ئەخلاقی و دارایییەوە ئەنجام دەدرێن لە سەر دەستی شازادەکانی خێزانی ئال سعود لە ناوەوە و دەرەوەی شانشینەکەدا.
شازادە و ئەندامانی خێزانی شاهانە ژیانێکی ئەوپەڕی لە خۆشگوزەرانی بە سەر دەبەن. شازادەکانی ژمارەیان دەگاتە نزیکەی (12 بۆ 15 هەزار) شازادە، خاوەنی چەندین کۆشک و تەلارن لە ئەوروپا، خاوەنی کەشتیی گەشتیاری و ئۆتۆمبێلی نایابن بە هۆی بیرە نەوتەکانی لەو وڵاتەدا هەن. کەچی هەر کاتێک نرخی نەوت دابەزی، دەست دەکات بە کەمکردنەوەی کرێی کەرتی گشتی و پشتیوانیی حکومی، ئەمەیش دەبێتە هۆی بەرزربوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کارەبا و ئاو، هەروەها کەمکردنەوەی وەزیفە، کە دەبێتە مایەی نیگەرانی لای گەنجان و بڵاوبوونەوەی بێکاری.
خێزانی شانشین ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات ڕەخنە بگرێت یان دژی حکومەت هەڵسوکەوت بکات. نەک هەر لە گردبوونەوەی گشتی، یان سۆشیال میدیای تەقلیدی، بەڵکوو تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش. بۆ ئەوەی خۆی لا بدات لە هەر گرژییەکی سیاسی و دروستبوونی مەترسی لە سەر دەسەڵاتەکەی، بۆیە ڕێگە نادرێت بە دروستبوونی هیچ پارتێکی سیاسی لە ناو شانشین، یان ناڕەزایەتی دەربڕین، هەروەها سەندیکای کرێکارییش نا یاسایییە و ڕۆژنامەوانیش ملکەچی چاودێرییەکی توندە لە لایەن خودی خێزانی شاهانەوە.

حەوتەم: بەشار ئەسەد لە پزیشکێکی شەرمنەوە بۆ دیکتاتۆرێکی دڕندە
سەرەتاکانی ژیانی هیچ خەسڵەتێک لە خەسڵەتەکاتی دکتاتۆریەت لە بەشار ئەسەد دیار نەبوو. کوڕی دووەمی (حافز ئەسەد) تا ڕادەیەک لە گفتوگۆکردنیش شەرمن بوو. هەمیشە خۆی لادەدا لە گردبوونەوەی هاوڕێکانی، تەنانەت گەر لە نزیکەوە نەتناسیبوایە نەتدەزانی ئەوە کوڕی سەرۆکە، بەڵام دواتر پاش مردنی باسیل-ی برای لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە ساڵی 1993، بە جارێک ژیانی گۆڕا. باوکی بانگهێشتی کردەوە و بۆ سوریا بەو پێیەی هیوا نوێیەکەی گەلانی سوریایە. پاش مردنی باوکیشی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت. دوا جاریش بە کوشتنی هەزاران کەس تاوانبار دەکرێت، تەنانەت کار گەییشتە ئەوەی چەکی کیمیایی دژی هاوڵاتییانی وڵاتەکەی خۆی بە کار بهێنێت.
نەدیم خوری، بەڕێوەبەری بەرنامەی تیرۆر لە ڕێکخراوی (هیومان ڕایتس وۆتچ) کە 11 ساڵی بە چاودێریکردنی بەشار بە سەر بردووە، ئاماژە بە ململانێیەک دەکات لە ناو خودی بەشار، پیاوێکی هێمن و لەسەرخۆ لە چاوپێکەوتنەکان و زۆر هێمنانە دەدەوێت، لە لایەکی تریش، دکتاتۆرێک، کە تاوانبارە بە گرتنەبەری شێواز و ڕێگەی جۆراوجۆری زۆر وەحشیگەرانە. بۆیە کەس نازانێت گەر ئەسەد گرنگی دەدا بە بیرۆکەی چاکسازییەکانی سەرەتای دەستبەکاربوونی بەرگریی لێ دەکردن، چونکە سەرەتا زیاتر مەیلی بەرەو لیبرالیەتی ئابووری دەچوو، بەڵام ئایا چی وای لێکرد ببێتە ستەمکارێکی زۆردار و پاوانخواز؟
پاش هاتنەسەرحوکم دوای 29 ساڵ لە فەمانڕەوایەتیی باوکی، بەشار و هاوسەرەکەی دەستپێشخەرییان کرد بۆ گۆڕانکاری و لە گوتارەکەی ساڵی 2000 داوای دیموکراتیەت و شەفافیەت و ڕەخنەی بونیادگەریی کرد، بۆیە ئومێدێکی زۆری لای سورییەکان دروست کرد. ماوەیەک لە سەرۆکایەتیی بەشار بە کرانەوەیەکی ڕێژەیی سەیر دەکرێت بە (بەهاری دیمەشق) ناو دەبرێت. ڕێگەی دا بە چالاکیی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و تا ڕادەیەک ئازادیی ڕۆژنامەگەری، سەدان زیندانیی ئازاد کرد. ئەمە لە کاتێکدا ڕۆشنبیرە لیبراڵیەکان ساڵۆنی دیالۆگکردنیان دامەزراند لە سەرتاسەری پایتەخت، بەڵام ئەو کرانەوەیە زۆری نەخایاند، چونکە هەر بە پێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئۆکلاهوما لە ڕاپۆرتێکی دا دەڵێت: تەنیا هەر چەند هەفتەیەکی پێچوو، خەڵک داوای گۆڕینی ڕژێمیان کرد، چونکە گەندەڵ و دیکتاتۆر بوو. هەنگاوی بەهاری دیمەشقیش تەنیا بۆ جونکاری تا شەرعیەت بە دەست بهێنێت، چونکە بەشار لە سەرەتادا توانیی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەستەبەر بکات.

قەبارەی گەندەڵی و دیکتاتۆریەتی بەشار لە سوریا
سەرباری ئەوەی بەشار ڕێگەی دا بە هەندێک چاکسازی ئابووری و جووڵاندنی و دابین کردنی تۆڕی ئەنتەرێت، هەروەها وەبەرهێنانی بیانیش ئاسانتر کرا، بەڵام ئەمانە هیچیان بە مەبەستی گۆڕانکاری نەبوون، بەڵکو تەنیا بۆ خزمەتی خۆی و خێزانەکەی بوون، مەحسوبیەت یەکێک بوو لە فاکتەرەکانی بەپاربوونی ڕاپەرینی ساڵی 2011، چونکە کەلێنێکی گەورەی لە نێوان چینەکان دروست کردبوو.
بەشار کەوتە ناو بازنەی دەسەڵاتی ستەمکاری، ئەمەیش خەسڵەتێکی باوی سەرکردە سورییەکان بوو، کە هەر لە پەنجاکانەوە بە شێتیی ترس ناو دەبرا بە هۆی کودەتا بەردەوامەکانی لە سەریان دەکرا، چونکە ئەوان پێیان وابوو هەر دژایەتییەک واتە پیلانگێڕی. کاتێکیش گەل هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایییان دەربڕی لە 2011 و داوای چاکسازیی سیاسییان کرد، بەشار لە کاردانەوەی ئەوەدا بە بیانی و تیرۆریست هەژماری کردن. لەمە بە دواوە بەشار توشی حاڵەتێکی دەروونی خراپ بوەتەوە و هەر کەسێک لە دژی بوەستێتەوە دەیکوژێت. شۆڕشی 2011 پاشەکشەی دەروونی و سیاسیی ئەسەد بەرجەستە کرد، چونکە کاتێک گەل داوای گۆڕینی حکومەتیان نەدەکرد، بەڵکو تەنیا داوای چاکسازیی سیاسییان دەکرد، بەڵام کاردانەوەکەی بەشار زۆر توند بوو.

ڕەوشی مافی مرۆڤ لە سوریا
میکانیزمەکانی دروستکردنی بڕیار لە سوریا تەمومژاون و بە ئاسانی ناتوانرێت زانیاری دەستبەر بکرێت لە سەر ئەو مشتومڕە سیاسییانەی لە ناو خودی ڕژێمەکەدا دەکرێن. ئایا بەشار ڕیفۆرمخوازێکی ڕاستەقینە بوو، بەڵام لە سەرەتای دەستبەکاربویندا شارەزایی و توانای ڕووبەروبوونەوەی (پاسەوانە کۆنەکانی) نەبوو، ئەوانەی هەر کرانەوەیەکی سیاسییان ڕەت دەکردەوە؟
ئەگەر ئەمە وا بێت، ئەی بۆچی ئەو چاکسازییانە لە ساڵانی دواتر نەکران پاش ئەوەی قاعیدە دەسەڵاتی خۆی زیاد کرد و گروپێکی تاییبەتی خۆی دانا لە پۆستە سەرەکییەکان؟ بەڵام ئەوەی ڕوونە، کە بەشار نەیتوانی هەنگاوی جدی بنێت بۆ باشترکردنی تۆماری وڵاتەکەی لە بواری مافەکانی مرۆڤ. ئەو، تەنیا هەوڵەکانی بۆ کرانەوەی ئابووری خستبوە گەڕ بێ ئەوەی هەوڵ بدات پەراوێزی ئازادییە گشتییەکان بەرفراوانتر بکات. یان دامەزراوەی گشتی دابمەزرێنێت و بیانخاتە بەر لێپرسینەوە لە سەر کردەوەکانیان، بۆیە لەو کاتەی گەشتیارانی دیمەشق لە ئوتێلە ناوازەکان دادەنیشتن و نانیان دەخوارد، سوریا ئاسایییەکان ڕووبەڕووی گرتن دەبوونەوە، چونکە ڕەخنەیان لە سەرۆکەکەیان گرتووە، یان لە ئەنتەرێت بۆچوونی خۆیان دەبڕیوە!!
بەشار ئەسەد ڕێگەی داوە سوورییەکان تۆڕەکانی ئەنتەرنێت بە کار بهێنن، بەڵام دەزگا ئەمنییەکانی چاودێرێکی چڕی خەڵک دەکات و هەر یەک لە ماڵپەڕە باوەکانی قەدەغە کردووە، وەک: تۆڕە کۆمەڵاتییەکان، یوتوب، بلوگەر. لە 22 ئەیلوولی ساڵی 2001ەوە، واتە ساڵێک دوای هاتنی بەشار، حکومەت یاسایەکی سەپاندوە بە سەر چاپکراوە نوێیەکان (یاسای ژماری 50ی ساڵی 2001) کە چاودێرێکی سەرتاسەریی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەکات، سانسۆر دەخاتە هەر جۆرە چاپکراوێک گەر دژی حکومەت بێت.
کوردەکان کە بە 10% ژمارەی دانیشتوانی مەزندە دەکرێت، بێ بەشن لە هەموو مافە سەرەکییەکان، لەوانەیش مافی فێربوونی زمانی کوردی لە قوتابخانە، یان ئاهەنگ گێڕان بە بۆنە کوردییەکانی وەک نەورۆز. دوای خۆپیشاندانە فراوانەکەی هەموو سوریای گرتەوە لە ئازاری ساڵی 2008، ئەوەندەی تریش کوردەکان تووشی سەرکوتکردن و چەوساندنەوە بوون. هەر لەو کاتەوە دەزگا ئەمنییەکان ڕێگە نادەن بە هیچ جۆرە گردبوونەوەیەکی کورد، تەنانەت گەر ڕۆشنبیریش بێت. ژمارەیەکی زۆری سیاسی و سەرکردایەتی کورد دەستگیر کران و ڕەوانەی دادگا کراون. سزایان بە سەردا سەپێنراوە بە تۆمەتی (هاندانی کوردەکان و نانەوەی ئاژاوەوە و فیتنە)، یان (لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی). تا ئێستا سەدان هەزار کورد چاوەڕێی یەکلابوونەوەی چارەنووسی خۆیان دەکەن لەو وڵاتە. چاوەڕێی دانپێدانانی مافی هاوڵاتیبوونیان دەکەن لەو وڵاتەدا. پاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بە سەر بەرپابوونی شۆڕشی سوریا، تا ئێستایش دارودەستەکەی بەشار ئەسەد تاوانی گەورە بەرانبەر گەلانی سوریا ئەنجام دەدات.

دەرئەنجام
لەپاش لێکۆڵینەوە لەو دەوڵەتانەی کە شێوازی دیکتاتۆریەت دەگرنە بەر، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە ئەم دیکتاتۆرانە لە زۆرخاڵدا هاوبەشن، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندی دەسەڵات گرتنە دەست و شێوازی پارێزگاریکردن لە دەسەڵاتیان، کە هەرهەموویان هانا بۆ توندتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەبەن. لەهەمانکاتیشدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کە زۆربەی زلهێزەکان زیاتر ئامانجیان پاراستنی بەرژەوەندی خۆیانە لەگەڵ دیکتاتۆرەکان، کاتێکیش بەرژەوەندییان نەما، ئەوا پشتیان لێدەکەن و بە دیکتاتۆر وەسفیان دەکەن. دەرئەنجامیش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە دیکتاتۆریەت، شێوازێکی زۆر خراپی دەسەڵاتە کە زەرەری زۆر بە مافەکانی مرۆڤ، سامانی دەوڵەتان دەدات و لەجیاتی پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابووریی و خۆشگوزەرانی، ماڵوێرانی بۆ گەلان دەهێنێت.

سەرچاوەکان:

https://www. alhurra. com
https://www. sasapost. com/syrian-army-massacres/
https://www. noonpost. org/content/13753
https://mawdoo3. com

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*