سەرەکی » دۆسێ » كڵاوشینەكان گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان جێدەهێڵن

دوای فەرمانی مەرجەعیەت

كڵاوشینەكان گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان جێدەهێڵن

دوابەدوای فەرمانی مەرجەعی باڵای شیعەكان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، رابەری ڕەوتی سەدر داوای لە كڵاوشینەكانی سەر بە رەوتەكەی كرد“لە گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان بكشێنەوە”.
موقتەدا سەدر، رابەری ڕەوتی سەدر لە 8ی شوباتی 2020 لە پەیامێكی 18 خاڵیدا بەناوی “پەیماننامەی شۆڕشی‌ چاكسازی”، كە لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە و ئاراستەی كڵاوشینەكانی سەر بە رەوتەكەی كرد راگەیاندبوو، پێویستە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەردەوام بێت و چەك رادەستی هێزە ئەمنییەكان بكرێت و كڵاوشینەكان لە گۆڕەپانی خۆپشاندانەكان بكشێنەوە.
سەدر لە پەیامەكەیدا داوای لە خۆپیشاندەران كردووە، وتەبێژ بۆ خۆیان دیاری بكەن و لیژنە پێكبهێنن، تا داوای‌ ئازادكردنی‌ دەستگیركراوان و رفێندراوان بكەن و لێكۆڵینەوەی‌ جددی‌ لەسەر شەهیدبوونی خۆپیشاندەران بكرێت.
ئەم پەیامەی سەدر لەكاتێكدایە، كە ئەحمەد سافی، نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی ئایینی شیعەكان لە وتاری هەینی رابردوو رایگەیاندبوو، دەبێت خۆپیشاندانی ئاشتییانە بەردەوام بێت و جگە لە هێزە ئەمنییەكان هیچ هێزێكی تر لە دەوری خۆپیشاندەران نەمێنێت.

دانوستان لەگەڵ خۆپیشاندەران
رەوتی سەدر، لە 7ی شوباتی 2020 ئەبو دوعا عیساوی ڕاوێژكاری سەربازی موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتەكە دەنێرێتە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، تا كۆبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بكات.
سەرچاوەیەك لەو بارەیەوە بە میدیاكانی عیراقی راگەیاندووە”ئەبو دوعا عیساوی سەرلەئێوارەی هەینی رابردوو، گەیشتۆتە گۆڕەپانی تەحریر و كۆبوونەوەی لەگەڵ خاوەن خێمەكانی گۆڕەپانەكەدا كردووە”.
بە وتەی سەرچاوەكە”عیساوی لەگەڵ خۆپیشاندەراندا رێككەوتووە بۆ كردنەدەرەوەی كڵاوشینەكان لە گۆڕەپانەكە و ڕێنەگرتن و ڕووبەڕوونەبوونەوەی خۆپیشاندەران”.
سەرچاوەكە دەڵێت”خۆپیشاندەران داوایان لە عیساوی كردووە، ڕەوتی سەدر بە فەرمی داوای لێبوردن لەو خوێندكارانە بكات كە لەلایەن شوێنكەوتوانی سەدرەوە دەستدرێژییان كراوەتەسەر”.

قەتڵوعامی خۆپیشاندەران لە نەجەف
دوای ئەوەی لە 5ی شوباتی 2020 چەكدارانی سەر بە موقتەدا سەدر تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد و بەپێی دوایین ئاماریش دەیان كەسیان كوشتووە، لە رۆژی دواییدا جارێكی تر خۆپیشاندەران چوونە سەر شەقامەكان.
میدیاكانی عیراق لە 6ی شوباتی 2020 بڵاویانكردەوە كە جارێكی تر خۆپیشاندانی فراوان لە شاری نەجەف دەستی پێكردووەتەوە و هەزاران كەس روویان لە گۆڕەپانی شۆڕشی بیست كردبوو.
لە خۆپیشاندانەكەدا خۆپیشاندەران رەتیانكردەوە هیچ گروپ و تاقمێك بتوانێت دوریان بخاتەوە لە داواكردنی مافەكانیان.
لەكاتی هەوڵی كڵاوشینەكانی سەر بە ڕەوتی سەدر، بۆ لابردنی خێمەی خۆپیشاندەران لە شاری نەجەف، ژمارەیەك كوژران و ژمارەیەی تر برینداربوون.
لە سەرەتاوە میدیاكانی عیراق لە 5ی شوباتی 2020 بڵاویانكردبۆوە، لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانی نێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدر، ڕابەڕی ڕەوتی سەدر و خۆپیشاندەران لە شاری نەجەف، 3 كەس كوژران و 11 كەسی تر برینداربوون.
دوای راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەت، سەدر فەرمانی بە كڵاوشینەكان كرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، كار بۆ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی و كردنەوەی ڕێگەوبانە داخراوەكان بكەن لەو ناوچانەی خۆپیشاندانیان تێدایە لە عیراق.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، كڵاوشینەكان هەوڵیانداوە لە گۆڕەپانی سەدرەین لە نەجەف، خۆپیشاندەران بڵاوەپێبكەن، بەڵام خۆپیشاندەران رەتیانكردۆتەوە گۆڕەپانەكە بەجێبهێڵن، بۆیە پێكداهەڵپژان لەنێوان هەردوولادا دروستبووە.

سەدر: لەم حاڵەتەدا رۆڵی كڵاوشینەكان تەواو دەبێت
رابەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندبوو، ڕۆڵی كڵاوشینەكان كۆتایی دێت دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان توانیان ئەو ئامانجانە بەدیبهێنن، كە پێشتر دیاری كردبوو.
پێشتر موقتەدا سەدر، رابەری ڕەوتی سەدر فەرمانی بە كڵاوشینەكان كردبوو، لەگەڵ هێزە ئەمنییەكاندا كار بۆ دەستپێكردنەوەی دەوامی فەرمی و كردنەوەی ڕێگەوبانە داخراوەكان بكەن لەو ناوچانەی لە عیراق خۆپیشاندان بەخۆوەدەبینن.
سەدر لە تویتێكیدا لە 4ی شوباتی 2020 رایگەیاندبوو، “ئەركی كڵاوشینەكان خۆی لە خوێندنگەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكاندا دەبینێتەوە، ئەركیان ئەوە نییە بەرگری لە من بكەن و دەنگی ئەو خۆپیشاندەرانە سەركوت بكەن، كە لە دژی من دروشم دەڵێنەوە”.
موقتەدا سەدر رووی زاری كردبووەوە كڵاوشینەكان و رایگەیاندووە، “ئەركی ئێوە یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەكانە بۆ پاراستنی ئاسایشی شۆڕشگێڕان، لەو دەمەدا ڕۆڵی ئێوە كۆتایی دێت”.
سەدر پشتیوانی خۆی بۆ راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارەوە دەربڕیبوو، تا حكومەتی كاتی پێكبهێنێت، بۆ زەمینەسازی لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
كڵاوشینەكان لە دوای ڕێنماییەكانی سەدر، لە پارێزگاكانی عیراق، لەڕێی تەقەكردن و پەلاماردان و دەستدرێژكردنەوە، دەستییان كردبوو بە سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و بەو هۆیەوە ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون.
خۆپیشاندانەكان لە عیراق، كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2019وە بەغدا و شارەكانی تری ناوەڕاست و باشووری عیراقیان گرتۆتەوە، هەڵكشانی گەورەیان بەخۆوە بینی، دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ وەك زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت، راسپارد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*