سەرەکی » دۆسێ » ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان لە هیندستان

ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان لە هیندستان

کاروان ئیبراهیم*

هیندستان دەکەوێتە کیشوەری ئاسیاوە، لە کیشوەری ئاسیاش دەکەوێتە باشوورییەوە، لە ڕۆژئاواوە هاوسنورە لەگەڵ پاکسان کە سنوریکی فراوانی لەگەڵ هەیە، پێشتریش لەگەڵ هیندستان یەک وڵات بوون.
لە باکوورەوە بەشێکی کەمی هاوسنورە لەگەڵ ئەفغانستان، دوای ئەوە سنورێکی زۆری لەگەڵ وڵاتی چین هەیە، سنوری لەگەڵ وڵاتی نیپاڵ هەیە، هەروەها وڵاتێکی بچوک هەیە لەنێوان چین و هیندستاندا، کە ناوی بوتان-ە، ئەویش هەر هاوسنورە لەگەڵ هیندستان، دوای ئەوە بۆرما و پاشان سنورێکی فراوانی کە زیاتر لە چوار هەزار کیلۆمەترە، لەگەڵ بەنگلادش هەیە.
بەڵام بەشێکی زۆری خاکی هیندستان دەکەوێتە سەر ئۆقیانوسی هیندی، ئەوەش وایکردوە ئەو وڵاتە سود لەو ڕووبەرە ئاویانە وەربگرێت بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی کەشتییە زەبەلاحەکانیەوە.
شاری مۆمبای کە لەسەر ئۆقیانوسی هیندیە، بە شاری ئابووری هیندستان ناسراوە. شوێنی جوگرافی هیندستان لە ڕووی سیاسییەوە کاریگەری دروست نەکردوە، چونکە هیندستان وڵاتێکە تموحی سیاسیی نییە، تموحی ئەوەی نییە کە دەستبگرێت بەسەر وڵاتانی دیکەدا و هەوڵ بدات دەستێوەردانی سیاسی و سەربازیی بکات لە وڵاتانی دیکەدا، بەڵکو وڵاتێکی زۆر بێوەیە و سەری خۆی کزکردوە و بێلایەنە.
بۆ نمونە لە کاتی جەنگی سارد لەنێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆفیەت، هیندستان وڵاتێکی بێلایەن بوو، لەگەڵ وڵاتی میسر و ئیندۆنیسیا و غانا و چەند وڵاتێکی دیکەدا ویستیان بەرەیەکی بێلایەن دروست بکەن لەنێوان هەردوو جەمسەرەکەدا.
هیندستان وڵاتێکە بەوە ناسراوە کە ئاین و مەزهەب و بیروباوەڕ و کولتوری جیاوازی تێدایە، ئەو فرەڕەنگییەی لە هیندستان دەیبینیت لە هیچ وڵاتیکی دیکە نایبینیت، هەربۆیە بە وڵاتی ئاین و کولتورە جیاوازەکان ناسراوە. زیاتر لە دوو هەزار ئاین و کولتور و بیروباوەڕی جیاواز هەن لەو وڵاتە، بەڵام هەشت ئاینی گەورە هەن، یاخود هەشت ئاین هەن کە زۆرترین شوێنکەوتوویان هەیە. ئەوانیش یەکەمیان ئاینی هندۆس یان هندۆیزم، کە نزیکەی لەسەدا ٨٠ی خەڵکی هیندستان شوێنکەوتوی ئەم ئاینەن.
هیندستان ئێستا ژمارەی دانیشتوانەکەی بەپێی ئاماری ساڵی 2017، یەک ملیارد و 339 ملیۆن کەس بووە، بەڵام ئێستا یەک ملیار و 400 ملیۆنی تێپەڕاندوە. نزیکەی 970 ملیۆن کەس لە هیندستان شوێنکەوتوی ئاینی هندۆسن.
دوای ئاینی هندۆس ئاینی ئیسلام دێت، کە دووەم ئاینی گەورەیە لە هیندستان، نزیکەی لە سەدا 20ی خەڵکی هیندستان شوێنکەوتوی ئاینی ئیسلامن، کە بە ژمارە نزیکەی 170 ملیۆن موسوڵمان لەو وڵاتە هەیە، دەتوانین بڵێین کە گەورەترین وڵاتی نائیسلامیە لە هەبوونی ژمارەی موسوڵماندا.
لە هەمانکاتدا ژمارەی موسوڵمانەکانی هیندستان زۆر لە گەشەکردنێکی خێرادان، چونکە منداڵیان زۆر دەبێت، تەنانەت حکومەتی ئێستای هیندستان هەندێک ترسی لێنیشتووە، بەوەی هەر خێزانێکی موسوڵمانی هندی پێنج بۆ شەش تا نۆ منداڵی دەبێت، لەبەرئەوە ئەو گەشەکردنەیان زۆر خێرایە، ژمارەی موسوڵمانەکان لە ئێستادا نزیکبوەتەوە لە 200 ملیۆن موسوڵمان.
دوای ئیسلام ئاینی مەسیحی دێت، کە سێیەم گەورەترین ئاینە و نزیکەی 30 ملیۆن کەس شوێنکەوتەی ئاینی مەسیحین، بە شێوەیەک لە سەدا 2 بۆ 3ی خەڵکی هیندستان مەسیحین.
پاشان ئاینی سیخیزم دێت، کە ئەویش ئاینێکی گەورەیە لە هیندستاندا، زیاتر لە 20ملیۆن کەس شوێنکەوتەی ئاینی سیخ-ن کە یەکێکە لە ئاینە کۆنەکانی ئەو وڵاتە و شوێنکەوتوانی لە ناوچەی پونجاب نیشتەجێن. دوای ئەوە ئاینی بودیزم دێت، هەشت بۆ 10 ملیۆن کەس لە هیندستان شوێنکەوتەی ئاینی بودان. نیشتیمانی سەرەکی ئاینی بودا وڵاتی چینە کە زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن شوێنکەوتەی هەیە، بەڵام گوێزراوەتەوە بۆ هیندستانیش. بودیزم زیاتر ئاینێکی فەلسەفییە.
دوای ئەوە ئاینی جەینیزم دێت، کە ئەویش ئاینێکی دیکەیە لە هیندستان و نزیکەی پێنج ملیۆن کەس شوێنکەوتەی جەینیزمن، کە ئاینێکی کۆنی هیندستانە و کە کۆمێک چیرۆک و ئەفسانەی هەیە، کە ئاینێکی ئاشتیخوازی بێدەنگە و باوەڕیان بە میتافیزیک هەیە.
پاشان ئاینی زۆراستریانیزم هەیە، زۆراستریانیزم یەکێکە لە کۆنترین ئاینەکانی دنیا، کە لەم ئاینەدا دوو هێز هەیە، ئەوانیش هێزی باش و هێزی خراپ (Good and Evil) زۆرستریانیزم ئاینی زەردەشییە، کە ئاینیکی دێرینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و گەیشتوەتە هیندستانیش، نزیکەی 100 هەزار کەس لە هیندستان شوێنکەوتەی ئاینی زۆرستریانیزمن یاخو زەردەشتین.
هەروەها ئاینی جودایزم هەیە، جودایزم مەزهەبیکی ئاینی جولەکەیە، نزیکەی پێنج هەزار کەس شوێنکەوتەی جودایزمن.
لە هیندستان ئاینی بەهای-یش هەیە، ئەم ئاینە لە کوردستانیش هەوڵیان داوە بۆئەوەی بڵاوی بکەنەوە، ئەم ئاینە باس لە یەکێتی و یەکسانی خەڵک دەکات، لەلایەن کەسێکەوە دامەزراوە بە ناوی بەهائوڵا ساڵی 1863، کە لە ئێران گەورە بووە و دواتر ئاینەکەی لە وڵاتانی دیکەش بڵاوکردوەتەوە، ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس شوێنکەوتەی ئاینی بەهائوڵان.
ڕۆژێک لە زانکۆی عوسمانیە لە حەیدەرئاباد باسی ئاینە جیاوازەکانمان دەکرد، مامۆستا وتی: کاروان ئەگەر بەم وڵاتەی ئێمەدا بگەڕێی، ئەوا هەر کیلۆمەترێک یاخود لە هەر گوندێک ئاینێکی جیاواز دەبینیت.
پێکەوەژیانی ئاینەکان لە هیندستان بە دەستوور ڕێکخراوە، مادەکانی 25 تا 28ی دەستوری هیندستان باس لە مافی ئازادیی ئایین دەکرێت، واتا ئازادیی بۆ هەر ئاینیک دابین کراوە، کە ڕێوڕەسمی خۆی بکات و بانگەشە بۆ خۆی بکات و پیرۆزییەکانی خۆی نمایش بکات، واتا ئاینی هندۆسی نەکراوە بە ئاینی سەرەکی وڵات.
لە دەستوری هیندستاندا دەڵێت، هیندستان وڵاتێکی دیموکراتی سۆشیالیستی عەلمانییە، واتا هیچ دینێک دینی سەرەکی بەڕێوەبردن نییە، ئەم دەستورە کاریگەری زۆرە لەسەر پێکەوەژیانی ئاشیانەی ئەو هەموو ئاین و مەزهەب و بیروباوەڕە، بەڵام بە گشتی ئاینی هندۆس ئاینێکی ئاشتیخواز و بێوەیە، ئینسانی هندیی عەسابیان ساردە، زوو توڕە نابن، دینەکەیان وایلێکردوون کە توندوتیژ نەبن، زۆرینەیان ڕووەکخۆرن، ئاژەڵ سەرنابڕن و خوێن نابینن و کوشتن نابینن، دینەکەیان بەردەوام پێداگریی لەسەر ئاشتیی و نەرمونیانی دەکاتەوە، دنیا خراپ بێت هەر دەڵێن: Don’t worry واتا نیگەران مەبە. لەوێ زۆر شت هەبوو ئێمە پێی توڕە ئەبوین، ئەوان هەر دەیانوت دۆنت وۆری.
بابەتی زمانیش لە هیندستان سەرنجڕاکێشە، لە هیندستان هەزار و 652 زمان هەیە، بەڵام 150 زمانیان زۆر خەڵک قسەی پێدەکەن، لەناو ئەو 150 زمانەشدا لەبەرئەوەی هیندستان کراوە بە 29 ویلایەتەوە، چونکە لە ڕووبەری خاکیشدا زۆر گەورەیە و دووەم وڵاتە لە جیهاندا، لەبەرئەوە بە یەک حکومەت و یەک پەرلەمان ناچێت بەڕێوە، بۆیە کراوە بە 29 ویلایەتەوە، لە هەر ویلایەتێک حکومەت و پەرلەمانی خۆی هەیە، لەو 29 ویلایەتە 22 زمان هەیە، کە بە فەرمیی لە دەستوردا نوسراوە و خوێندن و نوسینیان پێدەکرێت، واتا بەپێی دەستور ٢٢ زمانی فەرمیی لە هیندستان هەیە، چونکە هەر ویلایەتێک زمانێکی خۆی هەیە کە زۆر جیاوازە لە هندی.
جگە لەوە لە سەرانسەری هیندستان دوو زمانی فەرمیی هەیە ئەوانیش زمانی هندی و ئینگلیزین، واتا هەر هندییەک زمانی هندی دەزانێت، ئینگلیزی دەزانێت و زمانە لۆکاڵییەکەی خۆیشی، کە زمانی دایکیەتی ئەویش دەزانێت. بۆ نمونە ئێمە لە حەیدەرئاباد بوین، کە شارێک بوو پایتەختی ویلایەتی تەلەنگانا بوو، ویلایەتی تەلەنگانا نزیکەی 50ملیۆن کەس بوون، بە زمانی تەلگو قسە دەکەن کە زۆر جیاوازە لە هندی، بەڵام لە هەمانکاتدا هندیش دەزانن و ئینگلیزیش دەزانن.
لە تەنیشت حەیدەرئاباد ویلایەتی مەهاراشترا هەبوو، کە پایتەختەکەیی مۆمبایە، بە ماراتی قسەیان دەکرد، دانیشتوانی ئەو ویلایەتە 140 ملیۆن کەسە. هەروەها ویلاتی تامیل نادو هەیە بە تامیلی قسە دەکەن، ویلایەتی بەنگال بە بەنگالی قسە دەکەن، ویلایەتی مانیپور بە مانیپوریی قسە دەکەن، گوجارات بە گوجراتی قسە دەکەن، ویلایەتی دەلهی بە هندی قسە دەکەن… بەو شێوەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە، کە هندییەکان زۆر گرێدراون بە ئایین و کولتور و زمانی خۆیانەوە، ڕۆژانە ڕێوڕەسمە ئایینییەکان پەیڕەو دەکەن، بۆ نمونە مامۆستامان هەبوو، پرۆفیسۆر بوو، بەیانیان پیش ئەوەی بێت بۆ کۆلێژ، دەچوو بۆ پەرستگە (Temple) سەردانی خوایەکەی خۆیانی دەکرد و پاشان دەهات بۆ کۆلێژ.
هەروەها لە جلوبەرگ و نانخواردن و قسەکردندا زۆر گرنگیان بە ڕابردووی خۆیان دەدا، بۆ نمونە خەڵک بە زمانی لۆکاڵیی خۆیان قسە دەکەن و حەز دەکەن تۆش فێری ئەو زمانە لۆکاڵییەی ئەوان ببیت، کاتێک من لە حەیدەرئاباد چەند وشەیەکی تەلگو فێربووبووم و بەکارم دەهێنا، زۆریان پێخۆش بوو. هەروەها بەدەست نان دەخۆن و پێیان خۆشە تۆش بەدەست نان بخۆیت.
بە بایەخێکی زۆرە ساڵانە یادی فیستیڤاڵە نەتەوەیی و دینیی و کولتورییەکانیان دەکەنەوە، کات و پارەی بۆ تەرخان دەکەن و بە پیرۆزییەوە بەڕێی دەکەن، شتی پیرۆز لە ژیانی ئەواندا زۆر زۆرە، هەربۆیە لەگەڵ ئەوەی هەژارن، بەڵام بەو دۆخەی تێیدان ڕازین و هەوڵی یاخیبوون و کاری تێکدەرانە نادەن. من دوو ساڵ لە حەیدەرئاباد بووم شارێکە لە باشوری هیندستان و دانیشتوانەکەی نزیکەی 10 ملیۆن کەسە، لەو دوو ساڵەدا دزییەکم لێ نەکرا و نەشم بینی. واتا مرۆڤێکن بەهۆی گرێدانی زۆریان بە بیروباڕەکەیانەوە، هەوڵی دزی و کوشتن و یاخیبوون نادەن.

*ڕۆژنامەنووس و ماستەر لە ڕاگەیاندن لە هیندستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*