سەرەکی » ئابووری » لە گەرمیان هێشتا بازاڕی ئاشەوانەكان گەرمە

«69 ساڵ ئاشەوانی»

لە گەرمیان هێشتا بازاڕی ئاشەوانەكان گەرمە

یەکەی ئابووری

لەگەڵ ئەوەی پیشەی ئاشەوانی لە زۆر شوێن نەماوە، بەڵام هەندێك هەن كە هێشتا دەست بەو پیشەیەوە دەگرن و بۆ نەوەكانی دوای خۆیانی بەجێ دەهێڵن.
هاووڵاتی میرزا حەسەن تەمەنی 84 ساڵەو لە 15 ساڵییەوە سەرقاڵی كاری ئاشەوانییە. تا ئێستا ناو بەناو دەچێتەوە دووكانەكەی و سەرقاڵی پیشەكەی خۆی دەبێت.

«لە 15 ساڵییەوە ئەم كارە دەكەم»
بۆ میرزا حەسن گرنگە كە رێگە نەدات پیشەكەی وەك رەسەنایەتییەكی ناوچەكە بفەوتێ، بۆیە ئەو كوڕەكەی خۆی فێری ئەو پیشەیە كردووەو لە دووكانەكەدا، ناو بەناو سەرقاڵی هاڕینی گەنم دەبن، تا (ئارد، ساوەر، قەرەخەرمان)ی لێ بەدەستبهێنن و بەو شێوەیە پەرە بە ئیشێك دەدات كە نزیك بە حەوت دەیەیە سەرقاڵێتی.
میرزا حەسەن كە ناو بەناو بەهۆی بەساڵاچوونییەوە دەكۆكی و دەستی دەلەرزێ بەو شێوەیە باس لە سەرەتا فێربوونی ئەو پیشەیە دەكات‌و بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە، لای ئاغای گوندەكەمان بووم لە 15 ساڵانەوە ناوی ئاغا محەمەد ئەمین بەگ بوو لە گوندی گۆیان، وردەكاری كارەكە ئەوكاتە فێربووم، سەرقاڵی ئاشەوانی بووم. ئاشی ئاو هەبوو ئەوكاتە، ئاغا منی كردە وەكیلی ئاشەكە، هەرچییەك بوایە من دەچووم بەدەنگییەوە. تا وای لێهات كردمانە دەستگێڕ و گونداو گوند دەمان گەڕاند.

ئاشەوانیی
میرزا حەسەن هەرچەندە كوڕەكانی ئاشەكەی بۆ بەڕێوەدەبەن، بەڵام ناو بەناو دەبێت خۆی بچێتە سەر دووكانەكە تاكو هەندێك لە ئامێرەكان چاك بكات و ئامادەیان بكات بۆ هاڕینی گەنم یان چەڵتوك.
میرزا حەسەن لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئەو ئاژانسە، باس لە پەرەپێدانی ئەو پیشەیە دەكات و دەڵێت، «هۆشم كردەوەو گەورەبووم ئینجا زانیاری زیاترم وەرگرت لەسەر پیشەی ئاشەوانی، ئەوكات لە گوندەكانەوە دەهاتن بەدوامدا بۆ كاری ئاشەوانی. من خوێندەواریم نەبوو، بەڵام لە ئاشی ئاوەوە وردە وردە فێربووم و دەچوومە گوندەكان تاكو فێریان بكەن لەسەر كاری ئاشەوانیی».

ساوەر لە بری برنج
جومعە میرزا كوڕە گەورەكەیەتی و ئێستا تەنها بۆ هێشتنەوەی ئەو پیشەیە دووكانی ئاشەوانییەكە بەڕێوەدەبات.
جومعە میرزا لەزاری باوكیەوە كە ئێستا بەهۆی ئەوەی بەساڵدا چووە، كەمتر توانای كارەكەی هەیە، باسی جۆرەكانی ئاش دەكات كە سەرەتا هاتۆتە كەلار و ناوچەكە‌و وتی: «سەرەتا بەردی قودرەتی هەبووە ئاشیان لێ دروستكردووە ناوی بەردی ئاسیاو بووە، ئاشی ئاویان لێ دروستكردووە. دواتر لە بەردی دەستكردی بەریتانی كە عیراق هاوردەی كردووەو بە نەوتی رەش كاری كردووە، ئاشیان دروستكردووە و پاشان ئەو نەوتە رەشە نەما. لە ساڵانێكیشدا دینەمۆ یان مەكینەی ئۆتۆمبێلیان بۆ داناوە و تایەیان لەژێر داناوە تاكو گوند بە گوند بیگەڕێنن، بۆ كاری گەنم هاڕین».
جومعە میرزا باس لەوە دەكات كە خەڵكی كەلار و گوندەكان دێن گەنم دەهێنن و دەیكەنە ئارد و ساوەرو دەڵێت، «چونكە هەندێك جار ئارد بە كەڵك نایەت كە دابەش دەكرێت، خەڵك خۆی لە گەنمی خۆی ئارد دروست دەكات، ساوەریش دروست دەكەین چونكە هەندێك كەس لە بری برنج زیاتر حەز بە ساوەر دەكات».

لە مانگی تەمووزدا
جومعە میرزا ئاماژە بەوە دەكات، كە هاوینان كار هەیە، بەڵام دواتر لە وەرزی پاییز و زستاندا لە 15ی ئەیلوولەوە تا كانونی یەكەم كاریان زۆر دەبێت.
ناوبراو روونیدەكاتەوە، بۆ ئاردەكە بەردەوام كار هەیە، بەڵام كەمترە، بۆ ساوەریش دوای دروێنەی گەنم خەڵك دێن و گەنمەكە دەكەنە ساوەر ئەویش لە مانگی تەمووزدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*