سەرەکی » مانشێت » رزگار عەلی:هەمیشە بە گیانێكی هەڤاڵانە و لەپێناوی پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی كاردەكەین

ئەنجومەنی سەركردایەتی، پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پەسەندكرد

رزگار عەلی:هەمیشە بە گیانێكی هەڤاڵانە و لەپێناوی پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی كاردەكەین

رزگار عەلی، رایگەیاند: بەخۆشحاڵییەوە ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیڕەوی ناوخۆی پەسەندكرد، كە لە (77) مادە پێكهاتووە‌و وتیشی: هەمیشە بە گیانێكی هەڤاڵانە و لەپێناوی پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی، كاردەكەین.
دوێنێ، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، رزگار عەلی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئاماژەی بەوەكرد كە بەبڕیاری كۆنگرە، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی سەرپشك كرا لە هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی، بۆیە دوای چەندین كۆبوونەوە ‌و گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی برایانە لە نێو هەموو هەڤاڵاندا، توانرا بەشێوەیەكی باش و بە كۆی دەنگ پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەسەند بكرێت، كە لە 77 مادە پێكهاتووە.
داكۆكی لە مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلەكەمان
ئاماژەی بەوەشكرد: عیراق‌و ناوچەكە بەگشتی بەبارودۆخێكی تایبەت‌و ئاڵۆزدا گوزەردەكات‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق لەئارادایە، بۆیە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلەكەمان، لەگەڵ ئەوەشداین حكومەتی نوێی عیراق حكومەتێكی فیدراڵی بێت و مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستانی تێدا پارێزراو بێت.

پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی
وتیشی: ئامانجمان ئەوەیە كە یەكێتیی ناو یەكێتی بپارێزین، بۆیە هەمیشە بە گیانێكی هەڤاڵانە و لەپێناوی پاراستنی یەكێتیی ناو یەكێتی كاردەكەین، هەمیشە ئەو وتە بەنرخ و گەورەیەی سەرۆك مام جەلال بە بیری خۆمان دەهێنینەوە و دەیكەینە پەیڕەو و سیمبولێك بۆ پاراستنی ریزەكانی یەكێتی، كە دەڵێت (سەروەریمان، گەشەكردنمان، مانەوەمان .. بەندە بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە).

پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی
رزگار عەلی، ئاماژەی بەوەشكرد: ئەنجومەنی سەركردایەتی كاری ئۆرگانەكانی یەكێتی نوێدەكاتەوە، بڕیارمانداوە لاپەڕەیەكی نوێی كاركردن بكەینەوە هەم لەناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەم بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستان و عیراقیش، پەیوەندییەكەش لەسەر بنەمای یەكڕیزیی‌و گیانی برایەتی دەبێت، كە بەشێك بین لە ئارامی عیراق و بەشێك بین لە چەسپاندن و جێبەجێكردنی دەستووری عیراق، لەگەڵ ئەوەشداین حكومەتی نوێی عیراق كە پێكدەهێنرێت، حكومەتێكی فیدراڵی راستەقینە بێت، كە بتوانێت مافی هەموو نەتەوەكان بپارێزێت، لەسەروو هەمووشیانەوە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، كە كاری هەرە لە پێشینەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

پەیكەری نوێی یەكێتی
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، رزگار عەلی، ئاشكرایكرد كە لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندیی یەكێتی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێكهێنراوە بۆ یەكلاكردنەوەی پەیكەری نوێی یەكێتی لەهەموو رووەكانەوە‌و وتیشی: چاوەڕێی كاری ئەو لیژنەیە دەكەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*