سەرەکی » راپۆرت » ״ یەكێتی، هێزێكی گەورە و كاریگەرە و پێویستە رۆڵی زیاتری هەبێ لە رووداوەكاندا״

״ یەكێتی، هێزێكی گەورە و كاریگەرە و پێویستە رۆڵی زیاتری هەبێ لە رووداوەكاندا״

كۆسرەت رەسوڵ پێشوازی لە عوسمان بایدەمیر كرد

رۆژی 20/2 لەسلێمانی، كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی (ی.ن.ك)، پێشوازیكرد لە عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری كورد.
لەدیدارەكەدا كە سەعدی ئەحمەد پیرەو د. دارا رەشید ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی، ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی كورد لەناوچەكەو هەردوولا هاوڕابوون پێویستە كێشەی كورد بەئاشتی‌و دیالۆگ چارەسەربكرێ‌و مافە دەستووری‌و نەتەوەییەكانی كورد، زامن بكرێ.
بەشێكی تری دیدارەكە باسكردن بوو لەپەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و هێزە سیاسییە كوردییەكان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندیی یەكێتی، وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەمیشە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان هەبووەو بەردەوام دەبێ لەسەر پەرەپێدانی زیاتری ئەم پەیوەندییانە. كۆسرەت رەسوڵ، وتیشی: گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە ئەوەمان لێدەخوازێ كورد یەكدەنگ‌و یەكهەڵوێست بێ‌و بۆ ئەگەرو پێشهاتەكان خۆی ئامادەبكات.
لای خۆیەوە، عوسمان بایدەمیر، باسی لەڕۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردو دووپاتیكردەوە یەكێتی، هێزێكی گەورەو كاریگەری گۆڕەپانی سیاسییە لەعیراق‌و ناوچەكەو پێویستە رۆڵی زیاتری هەبێ لەڕووداوەكاندا.
عوسمان بایدەمیر، تیشكیشی خستەسەر هەڵوێستی كۆسرەت رەسوڵ ‌و رۆڵی لەخەباتی رزگاریخوازی كوردستاندا بەرزنرخاندو وەك سەركردەیەكی گەورە وەسفی كرد.

دیداری سەرۆك كۆمار و عوسمان بایدەمیر

لەدیدارێكی دیكەشدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، رۆژی 21/2 لەبەغدا پێشوازییكرد لە عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری باكووری كوردستان‌و پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپەو سەبارەت بەپرسە گرنگەكانی ناوچەكەو جیهان گفتوگۆیان كرد.
سەرۆك كۆمارو عوسمان بایدەمیر، جەختیان لەچارەسەركردنی كێشەكان كردەوە بەڕێگای دیالۆگ‌و گفتوگۆ بۆ بە‌دەستهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد بەشێوەیەكی ئاشتی‌و دیموكراسی دوور لەبەكارهێنانی هێزو شەڕ. تیشكیشیان خستەسەر دۆخی ناوچەكەو جیهان، هەردوولا هاوڕابوون كە گرنگە كێشەكانی ناوچەكە بەدیالۆگ‌و لێكگەیشتن چارەسەری ئاشتیانەی بۆ بكرێت‌و هەرچی زووە كۆتایی بێت بەئاڵۆزی‌و شەڕو ئاشوب، لەپێناوی بەدیهێنانی ئارامی‌و خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەكە.

قوباد تاڵە‌بانی پێشوازی لە‌ عوسمان بایدەمیر كرد

هەروەها، رۆژی 19/2، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران پێشوازییكرد لە‌ عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری ناسراوی كورد‌و دەربارە‌ی رە‌وشی كوردستان، توركیاو ناوچە‌كە‌، گفتوگۆیانكرد.
جێگری سە‌رۆك وە‌زیران، جە‌ختی لە‌سە‌ر گرنگی پە‌نابردنە‌بە‌ر گفتوگۆو هە‌نگاوی سیاسی بۆ چارە‌سە‌ركردنی گرفتە‌كان تا بە‌دیهێنانی مافە‌ رە‌واكانی گە‌لی كورد، كردەوە.
لەدیدارەكەدا، هە‌ردوولا تەئكیدیانكردەوەو هاوڕابوون كە‌ ناوچە‌كە‌ لە‌گۆڕانكاریی بە‌ردە‌وامدایە،‌ بۆیە‌ پێویستە‌ كورد بەرامبەر پێشهاتەكان یە‌كدە‌نگ بن.
هەروەها، عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری ناسراوی كورد، لەهەولێریش زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی حزبی‌و حكومی، كرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*