سەرەکی » ئاراستە » بیرۆکەی دزێو و شڕەخۆریی

بیرۆکەی دزێو و شڕەخۆریی

ئه‌حمه‌د حسێن

بەداخەوە بەشێکی بەرچاو و دیار لەئێمەی کورد ئارەزووی پاوانکردن و تاڵانکاری و ملهوڕی بەسەریدا زاڵە. وا هەبووە لە دوای تەنگانە، گەلەکەمان هەلی چاک و لەباری بۆهەڵکەوتووە،(راپەڕینی بەهاری 1991)بۆنموونە کە گەورەترین گۆڕانکاری بەقارانجی بزووتنەوەی کورد هاتە کایەوە، کەچی گروهێک لەملاو لەولا گەرما و گەرم، بەهۆی چاوچنۆکی و ناحاڵیبوون و هەست نەکردن و خۆگێلکردن و گوێی خۆکەڕکردن لە بەرپرسیارێتی سۆزی کۆمەڵایەتی نیشتمانی و نەتەوەیی، هەستان بە پێشلکاری و زەوتکردنی سامانی دەوڵەت و ماڵی هاوڵاتیان، بێ گوێ دانە شکۆی بەرزی مرۆڤایەتی، پەلیان هاویشت بۆ تاڵانی و پاوانکاری ئیتر بەو رێگە چەوت و قێزەونە پارەیان کەڵەکە کرد. تارمایی ئەم دیاردە دزێوەمان، وەک فلیمی سینەما لەو جۆرە هەڵپەکارانە لەرۆژانی بەرایی راپەڕیندا بەئاشکرا دەبینی، وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون و لەوەدوایش لافی نیشتمانپەروەری یان لێدەدا..لە هەڵسوکەوتی سڵنەکردنیشدا تا بڵێی چواشەکارو دەگمەن و بێ وێنە بوون….ئەوانە ناونران بە توخمی (شڕەخۆر). لێرەدا دەکەوین بەسەر دوو بیرەوەریی هەرە خۆش و هەرە دڵتەزێندا. خۆشەکەیان ئەوە بوو، دەرپەڕاندنی حیزبی بەعس و دڕندە و داگیرکەر و چنگ خوێناوی بەکوشتن و ئێش پێگەیاندن و سووکایەتی پێکردنی سەدان و هەزاران هاوڵاتی نەتەوەکەمان و تاڵانی و ماڵوێرانیش لەلایەکی ترەوە بوەستێت.. هەرە ناخۆشەکەش ئەوەبوو، بەچاوی خۆمان دەمان بینی شەپۆلی لێڵاوی تاڵانچییان، ئەوانەی دەروون پیس و راهاتووی بەلاشخۆری و دزێتی بوون. چۆن هەڵمەتیان بۆ دام و دەزگاکانی شارەکە دەبرد چی کەلوپەلی گرنگ بەنرخ هەبوو، چاو قاییمانە پڕیان دەدایە و بەکۆڵ و بەسەییارە باریان دەکرد تەنانەت شەرمیان لەپیرۆزی نەخۆشخانە و فەرمانگە پەروەردە و خوێندنگەکانیش نەدەکرد. ئەو تاقمە بێ چاوو رووە، لەبەر ملهوڕی و گیرفان پڕکردن، ئەوە یان لێکنەدەدایەوە کە ئەو کەل و پەل و ئامێرە هەمەرەنگ و بەشە خۆراک و پێویستیانە ئیدی موڵکی رەوای گەلەکەمانن و دەبێت بەدڵ بپارێزرێن..ناکرێت لەیادکردنەوەی راپەڕیندا لەخۆشی دەربڕیندا، ئەو نەهامەتییەی شڕەخۆران لەهەر چین ولایەنێک بێت فەرامۆش بکرێت..لەکۆتاییدادەڵێین هەمیشە زیندووبێت یادی راپەڕین، گوڵاوپرژێن ئاڕاستەی گۆڕی گەشمردە و گیانی بەرزە فڕ و نەمریان دەکەین. سوپاسی ئەندازیار و پێشمەرگە و بەشدارانی پرۆسەی راپەڕین دەکەین. ژیانی سەربەرزی و مێژووی پڕ لەشانازی بۆ ئەوانە…دیسان بۆ ئەوانەی رێزی راپەڕینیان تا دنیا دنیایە لەلایە و بە گەورەترین جەژنی کورد و کوردایەتی دادەنێن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*