سەرەکی » دۆسێ » هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا لەسەر رەوشی ئیدلب

باسی تاوانی جەنگ و مەترسی بێ پێشینە دەكرێت

هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا لەسەر رەوشی ئیدلب

ئیدلب لەسایەی بەردەوامبوونی شەڕوپێكدادانەكان رەوشێكی ناقۆڵا بەخۆوە دەبینێت، نەتەوە یەكگرتووەكانیش باس لەو تاوانانە دەكات كە لەلایەن سوپای سوریا و هێزە ئاسمانییەكانی روسیا و گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا و سوپای توركیاوە ئەنجامدراون كە بە وتەی لێكۆڵەرە نێونەتەوەییەكان دەچنە خانەی تاوانی جەنگ، یەكێتی ئەوروپاش پێیوایە بەردەوامبوونی رەوشی ناوچەكانی باكووری خۆرئاوای سوریا، دەبنە مایەی دروستكردنی هەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان.
لێكۆڵەرەوانی نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێن، لە هێرشە ئاسمانییەكانی روسیادا لە سوریا، هاووڵاتیانی مەدەنی كوژراون، ئەو گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنانەكانی سوریاش كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانیان لێدەكرێت، تاوانی كوشتن و سەركوتكارییان ئەنجامداوە.
بەپێی راپۆرتێكی لیژنەیەكی نەتەوە یەكگرتوەكان»روسیا هێرشی ئاسمانی كردۆتە سەر بازاڕە قەرەباڵغەكان و كەمپی پەنابەران، لە ماوەی مانگەكانی تەمموز و ئابی ساڵی رابردوو، بەوهۆیەوە دەیان هاووڵاتی مەدەنی كوژراون».
هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە»لەو روداوانەدا هێزی ئاسمانی روسیا هێرشەكانی بە دیاریكراوی بۆ ئامانجە سەربازییەكان نەبووە، ئەمەش تاوانی جەنگە، بەو پێیەی بەشێوەیەكی كوێرانە بۆردومانی شارەكان و ناوچەكانی جێنیشتەجێبوونی دانیشتوان كراوە».
هەروەها راپۆرتەكە كە لە سەرەتای مانگی ئاداری 2020 بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەو پێشێلكارییانەش كردووە كە گروپە چەكدارە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا لە ناوچە كوردییەكانی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا ئەنجامیان داون و لەو بارەیەوە دەڵێت»ئەگەر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە سەرپەرشتی سوپای توركیا ئەو كارانەیان ئەنجام دابێت، ئەوا سوپای توركیاش تاوانی جەنگی ئەنجامداوە».
هەر لەبارەی رەوشی سوریا و بە تایبەت ناوچەكانی باكووری خۆرئاوای وڵاتەكە، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا داوای ئەنجامدانی كۆبونەوەی نائاسایی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا كردووە، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رەوشی پارێزگەی ئیدلب.
جۆزیف بۆریل، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی لە 2ی ئاداری 2020 رایگەیاندبوو، «ئەو شەڕوپێكدادان و بۆردومانە بەردەوامانەی لە پارێزگای ئیدلب و دەوروبەری رودەدەن، هەڕەشەن بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، و بونەتە هۆكاری دروستبوونی قەیرانی مرۆیی بێهاوتا و و كاریگەریی ترسناكیان لەسەر ناوچەكە و جیهان دروستكردووە».
بۆریل داوای لە وەزیرەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا كردبوو، لەم هەفتەیەدا كۆبونەوەیەكی نائاسایی لەبارەی رەوشی ئیدلبەوە سازبكەن، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە و بەردەوامبوون لەكارە هاوبەشەكان بۆ مسۆگەركردنی چارەسەرێكی كارا بۆ تەنگژەكانی ئیدلب».
زیاتر لە سێ مانگە هێزەكانی سوپای سوریا كە لەلایەن روسیاوە پاڵپشتی دەكرێن، هێرشە زەمینی و ئاسمانییەكانیان بۆ سەر پارێزگەی ئیدلب لە باكووری خۆرئاوای وڵاتەكە چڕكردوەتەوە، بە وتەی رێكخراوە نێونەتەوەییەكان»بەهۆیەوە زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی پارێزگەكە ئاوارەبوون».
بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپاش جەخت لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی یارمەتییە مرۆییەكان دەكاتەوە بۆ ئاوارەكانی ئیدلب، لەپێناو كەمكردنەوەی نەهامەتی هاووڵاتیانی مەدەنی و دابینكردنی خۆراك و دەرمان و جێگەی شیاوی مانەوە بۆیان.

print

 165 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*