سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » شاندەكەی ئێران و چارەسەری دۆخی سیاسی عیراق

شەن و كەو

شاندەكەی ئێران و چارەسەری دۆخی سیاسی عیراق

لە سەروبەندی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، گفتوگۆكانی راسپاردنی كەسایەتییەكی تریش بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی عیراق چڕترتر دەبنەوە، هێشتا بۆ ئەم مەبەستە كۆدەنگییەك لەنێو ماڵی شیعەدا نابینرێت، هەندێك ناو دیسانەوە دەبیسترێن كە دەوترێت لە ئان و ساتدا چاوەڕوان كراوە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە بۆ ئەم مەبەستە رابسپێردرێن، لەوانەش ئەسعەد عێدانی و مستەفا كازمی كە دوو ناوی ركابەری بەهێزن.
هاتنی عەلی شەمخانی، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وەك باڵاترین كەسایەتیی سیاسیی ئێران كە ئێستا وەك جێگرەوەی قاسم سولەیمانی دەبینرێت بۆ پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەكانی تاران لە دەرەوەی وڵاتەكەیدا، تا لانیكەم قائایی دەتوانێ ئەركەكانی سولەیمانی وەربگرێت، هەر بۆ هەمان مەبەستە.
شەمخانی لەگەڵ زۆرێك لە لێپرسراوانی عیراقدا كۆبۆتەوە و سەرنجی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بە رەسمی گەیاندۆتە بەرپرس و لایەنە سیاسییەكانی عیراق، تەنانەت لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی عیراقیش كۆبۆوە كە بەوتەی حزبوڵڵای عیراق یەكێكە لەوانەی لە دۆسێكەی سولەیمانی و موهەندیسدا تێوەگلاوە.
كەواتە لەپاڵ ئەوەی تاران دەیەوێت كار بۆ لەقاودانی بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن بكات لەعیراقدا، هاوكات گەرەكێتی كە لایەنە ناكۆكەكانی شیعە لەسەر مێزی گفتوگۆ بگەیەنێتە سازان، هەروك لە رابردووشدا ئاماژەمان بۆ كردوە لەو گێژاوە سیاسییەی نێوماڵی شیعەدا كە هەر قەوارەیەكی شیعە بە ئاراستەیەكدا پەرتبووە، ئەم مرازەی تاران نایەتەدی، بۆیە شەمخانی لەو سەردانەیدا جەختی لەوە كردۆتەوە كە بەهەر كلۆجێك بێت، دەبێت حكومەتی نوێ ئەگەر بە دووبارە دانانەوەی عەبدولمەهدیش بێت، بكەوێتەوە كار.
سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران خواستی عەلی خامەنەیی نەشاردۆتەوە كە ئەوان لەحاڵەتی نەگەیشتنە رێككەوتنی قەوارە شیعییەكاندا، پشتگیریی لە دانانەوەی سەرۆك وەزیری كاربەڕێكەر دەكەن، هەرچەندە ئەم خواستەی تاران لە گرفت و ئاریشەدا نغرۆیە و لەنێو شەقامی ناڕازیدا رەتدەكرێتەوە، بەڵام هاوكات بە ئەگەرێكی كراوە دەبینرێت و دووریش نییە كە شەمخانی ئەو خواستەی خامەنەیی لە ئەرزی واقعدا بەكردەیی بەلایەنە شیعییەكان جێبەجێ بكات، بەتایبەتی كە پێناچێت كورد و بەشێك لە سوننەش دژی ئەو پێشنیازە بووەستنەوە.
جەختكردنەوەی سەرۆك كۆماری عیراقیش بۆ پارێزگاریی لە سەروەریی عیراق و كۆتاییهێنان بە قەیرانە سیاسییەكان لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شەمخانی ئەو پەیامە زیاتر دەچەسپێنێت كە تاران دەیەوێت جارێكی تر پێداچوونەوە بە رۆڵ و كاریگەرییەكانی خۆی لە ناوچەكەدا بكات و نەخشەڕێی دەربازبوونی عیراقیش بەلای سیاسەتی نوێی تارانەوە، تەنها بە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز و كاریگەر دەبێت كە خواستی زۆرینەی نێوماڵی شیعە و شەقامیش بهێنێتە دی، چونكە لەكەشێكی لەو شێوەیەدا بەرژەوەندییەكانی تاران پارێزراوتر دەبن.

print

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*