سەرەکی » ئابووری » عیراق هۆشداری لە دابەزینی نرخی نەوت دەدات

عیراق هۆشداری لە دابەزینی نرخی نەوت دەدات

موزهیر محەمەد راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق هۆشداریدا لە خراپی دەرەنجامەكانی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر ئابووریی عیراق، ئەویش بەو پێیەی كە لە سەدا 92ی بودجە عیراق پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە.
روونیشیكردەوە كە كورتهێنانی سەرەتایی لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2020دا بە نزیكەی 50 تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە لە كاتێكدا كە نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 56 دۆلار مەزەندە كراوە، بەو پێیەش دابەزینی نەوت بۆ 30 بۆ 35 دۆلار كورتهێنانەكە دەبێتە دوو هێندە.
ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر دابەزینی نەوت بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا عیراق تەنها ئەو رێگەچارەیەی لەبەردەمدا دەمێنێت كە قەرز بكات یاخود پەنابباتە بەر رێككەوتن لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەكان. موزهیر محەمەد ئەوەشی خستەڕوو كە عیراق نزیكەی 70 ملیار دۆلار قەرزارەو بەدەستهێنانی قەرزێكی هاوشێوەش ئەستەمە، بۆیە بە پێویستیزانی عیراق پەنابباتە بەر پەسەندكردنی بودجەی لەناكاو بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی ئەم قۆناغەی پێ دابین بكات، لە پێش هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەر و خانەنشین و بیمە كۆمەڵایەتییەكان و پێویستییەكانی كەرتی تەندروستی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*