سەرەکی » دۆسێ » بلاسخارت: گەندەڵیی و گروپە چەكدارەكان عیراقیان شەكەت كردووەپەڕە 1

لە راپۆرتەكەیدا بۆ نجومەنی ئاسایش باسیان دەكات

بلاسخارت: گەندەڵیی و گروپە چەكدارەكان عیراقیان شەكەت كردووە

رەوتەكان-

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان جەخت لەسەر پێویستی دادگایی كردنی بكوژانی خۆپیشاندەران لە عیراق دەكاتەوە و ڕەتیشیدەكاتەوە، خۆپیشاندەران شیاوی ئەو كوشتن و بڕینە بن، كە دەرهەقیان دەكرێت، ئاماژە بە بوونی گەندەڵیش دەكات لە وڵاتدا كە بە وتەی ئەو، “بۆتە مایەی داڕوخانی ئابووری لە وڵاتدا”.
جینین هینیس بلاسخارت،نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق لە دانیشتنی تایبەت بە ڕەوشی عیراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە 3ی ئاداری 2020 ڕایگەیاندبوو، پاراستنی خۆپیشاندەران ئەركی حكومەتی عیراقە و پێویستە ئەركی لێپێچنەوە لە پێشێلكارییەكانی دژ بە خۆپیشاندەران لەئەستۆ بگرێت.
بلاسخارت دەڵێت: “ئەو گرووپە چەكدارانەی لە دەرەوەی دەوڵەتی عیراق پشتیوانیان لێدەكرێت، بەردەوام لە هەوڵی پێشێلكردنی شكۆی دەوڵەتی عیراقدان، بۆیە پێویستە هەموو ئەو گروپانە هەڵبوەشێنرێنەوە، كە چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتی عیراقیدا بێت”.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق پێیوایە، “ئەستەمە لەماوەی 15 ڕۆژدا عیراقییەكان بتوانن حكومەت پێكبهێنن، چونكە بەر لەڕێككەوتن لەسەر كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، پێویستە تەوافوقی سیاسی بكرێت لەنێوان لایەنە سیاسییەكان، كاروانی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانیش پڕە لە مەترسی”.
لەبارەی گەندەڵیەوە، بلاسخارت لە دانیشتنەكەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، “گەندەڵی ڕۆچوو لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا، بۆتە مایەی داڕمانی ئابووری و خراپبوونی ئاستی گوزەران لە عیراق، بۆیە پێویستە دەوڵەت لەو گەندەڵییە قوتار بكرێت، لەپێناو هێنانەدی ژیانێكی باشتر”.
دەبارەی هەرێم و عیراقیش بلاسخارت جەختی لەسەر گرنگی ڕێكەوتنی هەردوولا كردبۆوە و رایگەیاندبوو“چاوەڕێ دەكەین هەرێم و عیراق لەسەر سامان و داهات بگەنە ڕێكەوتن”.
لەبارەی راپۆرتەكەی بلاسخارتەوە، عالیە نوسەیف ئەندامی پەرلەمانی عیراق، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردبوو، جینین بلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق بگۆڕێت، و پێیوایە لە ڕاپۆرتەكانیدا بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی ڕاستییەكان هەیە.
عالیە نوسەیف لە 7ی ئاداری 2020 لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو”جینین بلاسخارت نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق، لە دوایین ڕاپۆرتیدا لە ئەنجومەنی ئاسایش، ڕۆڵی هێزە سیاسییە نیشتمانییەكانی پشتگوێ‌ خستووە كە ئیدانەی توندوتیژیان كردووە لە دژی خۆپیشاندەران، لەگەڵ داواكاریی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عیراق”.
بە وتەی نوسەیف”بلاسخارت لایەنی سەرەكی هۆكاری ئەو ڕووداوانەی پشتگوێخستووە كە لە عیراق ڕوودەدەن كە گەندەڵییە و بە پیرۆزبایی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەكرێت لە سەردەمی برێمەرەوە تا ئەمڕۆ”، جەختیشی لەسەر پێویستی داواكردنی وەزارەتی دەرەوە كردووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، تا بلاسخارت بگۆڕێت و كەسێكی بێلایەن و نزیك لە دابونەریتی گەلی عیراق و مێژووكەی دابنرێت”.
جینین هینیس بلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عیراق لە 3ی ئاداری 2020 لە ئەنجومەنی ئاسایش، لە ڕاپۆرتێكی تایبەت بە عیراقی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند”گروپە چەكدارەكان لە عیراق ڕێگە لە بەردەوامبوونی ژیان دەگرن لە وڵاتەكەدا، لەئێستاشدا عیراق پێویستی بە هەڵبژاردنێكی بێخەوش و دادپەروەرانەیە”.

 212 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*