سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » پەیوەندیی نێوان روسیا و سعودیە گرژیی تێكەوتەوە

پەیوەندیی نێوان روسیا و سعودیە گرژیی تێكەوتەوە

ئامادەكردنی: بورهان ئەمین

لە چەند رۆژی رابردوودا، روسیا بە پێشنیارێكی ئۆپیك رازی نەبوو، كە رۆژانە فرۆشتنی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل نەوت كەم بكاتەوە، بۆیە ئەو رێكەوتنەی كە لە ساڵی 2017 دا لەلایەن 14 وڵاتی ئەندامی ئۆپیك و 12 وڵاتی دەرەوەی ئەو رێكخراوە ئیمزا كرابوو، تێكچوو و كۆتایی پێهات. ئەو لێكتێنەگەیشتنەش بەهۆی جیاوازیی نێوان بیروڕای روسیا و سعودیەوە هاتە ئاراوە و كۆبوونەوەكانی ئۆپیك شكستیان هێنا، بۆیە نرخی نەوت لەسەر ئاستی هەموو دونیا دابەزی و شەڕەكە دەستیپێكرد. ئەو شەڕەش نەك تەنها بۆ سعودیە وەك بەرهەمهێنەری گەورەی نەوت لەسەر ئاستی جیهاندا زیانبەخشە، بەڵكو بۆ هەموو دونیا و بە تایبەتی ئەوانەشی كە سەرچاوەی ئابوورییەكەیان نەوتە، لەوانە عیراق. ئەو شەڕە كاریگەری نەرێنیش دەكاتە سەر پەیوەندیی نێوان وڵاتان، لە نێویاندا سعودیە و روسیا كە لەم دواییەدا پەیوەندیی دۆستانەیان دروست كردبوو.

نرخی نەوت لە دابەزیندایە
بەپێی ئاژانسی بلۆمبێرگ، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا، سعودیە بڕیاریداوە لە سەری مانگەوە رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی تاكو 10 ملیۆن بەرمیل ‌و ئەگەر پێویستیش بكات تا 12 ملیۆن بەرز بكاتەوە.
ئەو قەیرانەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە هەموو جیهانی گرتۆتەوە لە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا ‌و ئەمریكا دابەزینی نرخی نەوت و داهاتی بەرهەمهێنان قەت وانەبووە و پێشبینی دەكرێت ئابووری جیهان تووشی نسكۆیەكی وابكات، هاوشێوەی ئەوەی 2007 بێت و زیانێكی زۆر بە ئابووری وڵاتان بگەیەنێت.

روسیا ‌و سعودیە
ئەو شەڕەی تازە سەرەتاكانی دەركەوتووە، پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەندێ لە وڵاتان شپرزە دەكات. وەك پێگەی بلۆمبێرگ پێشبینی دەكات، ئەوەی ئێستا مۆسكۆ ‌و ریاز دەستیان داوەتێ لە دابەزاندنی نرخی نەوت، كارەساتی لێدەكەوێتەوە، چونكە وابڕوات نرخەكە دەگاتە ئاستێكی نزمی پێوانەیی وەك 25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك و كاردانەوە و بەكارهێنانی سیاسەتی بەرهەمی زۆر و نرخی هەرزان كە لەلایەن سعودیەوە پیادە دەكرێت، تەنها بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی دونیا وەك پێشەنگ لە فرۆشتنی نەوتدا بمێنێتەوە، دیسان ئەمەش پەیوەندیی دۆستانەی نێوان پوتین ‌و شا محەمەد تێكدەدات.

بۆچی وادەكەن؟
سعودیە هاوپەیمانی گەورەی ئەمریكایە و روسیاش دەیەوێت لە ژێر سێبەری پەیوەندییەكی دۆستانەیدا، ئاشتییانە پەڕوباڵی بكا و لەژێر دەستی ئەمریكا دەربهێنێت، بەتایبەتیش ئێستا بارودۆخی ناوخۆی شانشینەكە ئاڵۆزە بەهۆی گرتن و راوەدونانی ژمارەیەك لە ئەندامانی بنەماڵە بە بیانوی كودەتا و دەستبەسەرداگرتنی كورسی شانشین، بۆیە ئەو دۆخە نالەبارە كاری نەرێنی دەكاتە سەر نرخی نەوت و بازاڕی ئارامكۆی سعودی و ئەگەر فریای چارەسەری كێشەكانیان نەكەون نرخی نەوت زیاتریش دادەبەزێت، روسیاش ئەو دەرفەتەی قۆستۆتەوە بۆ گەرمكردنی شەڕەكە و زیاتر شڵەژاندنی سعودیە، سعودیەش وەك گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت نایەوێت هەژموونی خۆی لەو بوارەدا لە دەست بدا و دەیەوێت هەر بە گەورەیی و پڕ بەرهەمی بمێنێتەوە.

ئەی ئەمریكا؟
بەرهەمی زۆر و نرخی هەرزانی نەوت كار دەكاتە سەر پەیوەندییەكانی سعودیە لەگەڵ ئەمریكا، چونكە كۆمپانیاكانی نەوت ‌و سامانە سروشتییەكانی ئەو وڵاتەش زیانیان پێدەگا و لە ئێستاوە كەوتوونەتە گلەیی و رەخنەگرتن لە سعودیە. هەورەها لە فەرەنساش راگەیەنرا كە سعودیە دەبێ واز لەم سیاسەتەی بهێنێ، بە تایبەتیش ئێستا كە ئەو وڵاتە سەرۆكی ئەم خولەی ئۆپیكە و بەرپرسیارێتی گەورەی لەسەرشانە. ئەو شەڕەی ئێستا دەستیپێكردوە لە كاتێكدایە كە جیهان تووشی قەیرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و ئەوەی ئێستاش قەیرانێكی ترە ‌و زیان بە مرۆڤایەتی دەگەیەنێت.

سەرچاوە: بلومبێرگ، رۆیتەرز، عەرەبی پۆست

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*