سەرەکی » راپۆرت » چین لە قووربانییەوە بۆ یارمەتیدەری جیهان

چین لە قووربانییەوە بۆ یارمەتیدەری جیهان

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

لە کۆتایی ساڵی پێشوودا ڤایرۆسێک تەواوی چین و  جیهانیشی هەژاند. لە سەرەتادا ئەم ڤایرۆسە پەلاماری ئەم زلهێزە مەزنەی جیهانی دا، زۆرێک لە نەیارانی ئەم زلهێزەش وایان دانابوو، ئەم ڤایرۆسە چین لەناودەبات یان بە شێوەیەکی خراپ لاوازی دەکات، بەتایبەتی ئابووریەکەی تەواو دەهەژێنێت و لاوازی دەکات. بەڵام هەموو ئەم پێشبینیانە چەوت دەرچوون، چونکە چین لە ماوەیەکی کەمەدا توانی کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکات و رووبەروی بوەستێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو ئیرادە بەرزەی  گەل  و حکومەتی چینەوە بوو، بەتایبەتی تیمی تەندروستی چین، زۆر بوێرانە  توانییان رووبەروی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە بوەستنەوە.

لە سەرەتادا هەموو جیهان  چینیان وەکو قووربانی و سەرچاوەی ڤایرۆسەکە سەیر دەکرد، تەنانەت هەندێک  دەوڵەتیش هاوکاریی مرۆییان بۆ چین نارد، بەڵام دواتر ڤایرۆسەکە لە جیهاندا بڵاوبووەو جیهانی تووشی کارەسات گەورە کرد.

ئێستا بە پێچەوانەی سەرەتاوە، جیهان هەمووی چاوی لە چینە یارمەتییان بدات، بەتایبەتی لە رووی ئەزموون و شێوازی کۆنترۆڵکردن و رووبەروبوونەوەی ڤایرۆسەکە،هەروەها لە رووی پێداویستی تەندروستیشەوە، چین بۆتە فریادرەسی جیهان. لە ماوەی پێشوودا چین هاوکاری  وڵاتە دەوڵەمەند و هەژارەکانی کردووە  بۆ  رووبەروبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە.

ئیتالیا

لە ئێستادا ئیتالیا بۆتە ناوچەی  سەرەکی ئەم ڤایرۆسە و ئەم وڵاتەی بە تەواوەتی هیلاک  کردووە، رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەی قووربانیان زیاتر و زیاتر دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدا پێشتر ئیتالیا بە یەکێک لەو وڵاتانە دەناسرا، کە خاوەنی سیستەمێکی تەندروستی باشە، بەڵام ئەم ڤایرۆسە هەموو ئەو قسانەی پێشووی پووچکردەوەو رووی خراپی سیستەمی تەندروستی ئیتالیای خستە ڕوو، کە ناتوانێت بەرگەی کارەساتی گەورە بگرێت.

حکومەتی چین لە ماوەی پێشوودا هاوکارییەکی زۆری گەیاندە ئیتالیا، کە دەگاتە نزیکەی 9 تۆن شمەکی پزیشکی  وەکو دەمامک و ئامێری ئاشكراکردنی ڤایرۆسەکە و ئامێری هەناسەدان و کەلوپەلی پزیشکی گرنگی تریش، جگە لەوە تیمێکی پزیشكی چینی کە لە 12 پسپۆری ئەم ڤایرۆسە پێکهاتبوو، بەو ئامانجەی یارمەتی وەزارەتی تەندروستی ئیتالیا بددەن، بۆ چۆنێتی رووبەربوونەوەی نەخۆشیەکە. لە کاتێکدا ئیتالییەکان زۆر باوەڕیان بەخۆیان بوو، هەندێکیشیان وەک دەڵێن بە فشە سەیری ڤایرۆسەکەیان دەکرد.

کۆریای باشوور

وڵاتێکی مۆدێرن و پێشکەوتووی تری جیهان کۆریای باشوورە، ئەم وڵاتەش لە کاتی رووبەروبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە زۆر لاواز دەرکەوت. حکومەتی چین هاورکای گەیاندە ئێرەش، تەنها باڵیۆزخانەی چین لە کۆریای باشوور، 25 هەزار  کەمامەی دابەشكردووە. هەروەها شاری شەنگهایش 500 هەزار کەمامەی پەخشییە ئەو ناوچانەی کە زۆرترین بەرکەوتەیان لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە  هەبووە .

ئەمریکا

یارمەتییەکانی چین ئەمریکاشی گرتەوە، هەرچەندە ئەمانیش سەرەتا هێندە بە گرنگییەوە سەیری ئەم نەخۆشییەیان نەدەکرد، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەمریکاش کێشەی گەورەی هەیە. لە ماوەی پێشوودا  خاوەنی کۆمپانیای عەلی بابای چینی، کە یەکێکە لە کۆمپانیا مەزنەکانی جیهان  بڕیاریدا ، 500 هەزار ئامێری ئاشكراکردنی ڤایرۆسەکە و یەک ملیۆن کەمامەی بۆ ئەمریکا بنێرێت.

فەرەنسا و بەلجیکا

هەر لە ماوەی پێشوودا چین فرۆکەیەکی هاوکاری بۆ فەرەنسا نارد، کە بریتی بوو لە کەمامە و ئامێری ئاشکراکردنی ڤایرۆسەکە و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و بەدلەی خۆپارێزی بۆ پزیشکەکان، هەروەها نزیکەی 300 هەزار کەمامەشی نارد بۆ بەلجیکا.

عیراق

لە 16 ئەم مانگە تیمێکی پزیشكی چینی گەیشتنە بەغداد کە پێکهاتبوون لە 7 پسپۆری دژایەتیکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەو هیوایەی هاوکاری وەزارەتی تەندروستی عیراق بکەن، بۆ چۆنێتی رووبەرووبونەوەی ئەم ڤایرۆسە.  هەروەها کۆمەڵێک کەلوپەلی گرنگی پزیشیکی وەکو ئامێری ئاشکراکردنی ڤایرۆسەکە و ئامێری تاقیگەیی مۆدێرن بۆ تاقیگەکان، 50 هەزار کەمامەی خۆپارێزیشیان پێشکەشی عیراق کرد .

ئێران

لە ئێستادا ئێران بۆتە ناوچەیەکی سەرەکی بڵاووبونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە رۆژهەڵاتی ناڤین، حکومەتی چنیش هاکاواری زۆری بۆ ئێران ناردووە ، 23 ملیۆن کەمامەی خۆپاریزی ، 10 هەزار ئامێری ئاشكراکردنی ڤایرۆسەکە و 2 ملیۆن بەدلەی خۆپارێزی کە پزیشکان و برینپێچەکان لە نەخۆشخانەکان بەکاریدەهێنن.

20 ملیۆن دۆلار بۆ رێکخراوی تەندروستی جیهان

لە لایەکی ترەوە حکومەتی چین بڕیاریداوە  بڕی 20 ملیۆن دۆلار بداتە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بۆ رووبەروبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە جیهاندا.

هاوکاریکردنی وڵاتانی جیهان

جگە لەم وڵاتانەی سەرەوە، هاوکاری بۆ کۆمەڵێک وڵاتی تری جیهان ناردووە  وەکو ” سربیا، پۆڵەندا، لوبنان، وڵاتانی ئەفریقی”

دەرئەنجام

لە ئێستادا چین بۆتە سەرچاوەیەکی سەرەکی هاوکاریکردنی و یارمەتیدانی جیهان، چ لە رووی ناردنی هاوکاری کەلوپەلی پزیشکی چ لە رووی  پسپۆریی و ئەزمونیشەوە، هەموو جیهان چاوی لە چینە. لە کۆتایدا ئەم ڤایرۆسە نەک نەیتوانی چین لەناوبەرێت یان لاوازی بکات، بگرە هێندەی تر پێگەی لە جیهاندا بەهێزتر کرد.

سەرچاوە:ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*