زروفی زەرفی

زروفەکەی عەدنان زەرفی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی وزاری نوێی عیراق، کەوتە ناو بارودۆخێکەوە کە دەشێت بەدەستپێکی شکست ناوی ببەین، ئەگەر ئەم بارودۆخەش کە کۆرۆنا بەسەر عیراقی هێناوە باش ببێتەوە و هەوڵەکانیش بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستپێبکاتەوە، ئەوا گۆتاوەڕۆی ئەم دۆخە تەندروستییە جێ دەمێنێت بۆ زروفی حکومەتەکەی زەرفی.
عەدنان زەرفی بەدۆخێک داخڵی دەسەڵات دەبێت کە هەموو سیاسییەکی هۆشمەند حەزناکات لە زروفێکی لەوجۆرەدا لە رووبەرێکی وەک عیراقدا دەسەڵات بگرێتەدەست.
ئەو بارو زروفەی کە زەرفی تێیدا دەسەڵات دەگرێتەدەست، زروفێکە عیراق تەنها بەدەست کێشەی سیاسییەوە ناناڵێنێت، بەڵکو هەموو جومگەکانی دەسەڵات و بەڕێوەبردن لەعیراقدا بەدەست کێشەی سیاسی، ئابووریی و تەندروستیشەوە دەناڵێنێت.
زیادبوونی کێشەکان لە زروفی عەدنان زەرفیدا، ئاماژەی نێگەتیڤە بۆ عاقیبەتی زەرفی کە ئەویش هیچی زیاتری پێناکرێت لەو سەرۆک وەزیرانانەی كه بەم وڵاتەدا هاتن و نەیانتوانی نموونەیەکی نوێی جیاوازی حکومڕانی پیشان بدەن.
زەرفی و هەر سیاسییەکی دیکە ئەگەرچی پێشینەی باشیشیان لە پۆست و پێگەی سیاسی و ئیداریی پێشوویاندا هەبێت، بەڵام هەرکە دەگەنە پۆستی سەرۆک وەزیران، یان هەر پۆستێکی باڵای وڵات و رووبەری بەرپرسیارێتیان فراوانتر دەبێت، ناتوانن قەیرانەکان تێپەڕێنن، ئەمەش بۆ زۆریی کێشەکان و قەیرانە جۆربەجۆرەکانی عیراق دەگەڕێتەوە لەبەرامبەر کەمیی توانای سیاسی و عەقڵی هەر کاندیدێکدا کە رادەسپێردرێت.
زەرفی لە دەرەوەی واقیعی عیراقەوە نەهێنراوە ئاگای لە ئاریشە قووڵەکانی عیراق نەبێت، هەمیشە ئەو سەرۆک وەزیر و بەرپرس و مەلیک و دەسەڵاتدارانە لە بەڕێوەبردنی پۆستە باڵاکانی عیراقدا سەرکەوتوو بوون کە عیراقی نەبوون و هاوردەی عیراق کراون، کەواتە بەم تێڕوانینە مێژووییە بێت، پێناچێت زەرفیش “دەنگی دەستی بێت”.

print

 183 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*