سەرەکی » ئاراستە » ئەو هۆکارانەی بوونە رێگر لەپێش دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ئێران

ئەو هۆکارانەی بوونە رێگر لەپێش دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ئێران

پەیڤێک

کۆماری کوردستان لە مهاباد لەلایەن نەک تەنها کوردەوە بگرە لەلایەن چاودێران و خۆرهەڵاتناسانی جیهانیشەوە مایەی گرنگی پێدان بووە، چونکە ئەزموونێکی حوکمداریی کورد بووە لە پارچەیەکی کوردستاندا، لەهەمانکاتیشدا ئەو کاتەشی کە ئەم ئەزموونەی تێدا ئەنجامدراوە، کاتێکی گرنگ و گەرمی سیاسیی جیهان بووە، لەو کاتەدا لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە، دووبارە سیستمی نوێی جیهانی دادەرێژێتەوە.
ئەم لێکۆڵینەوەی بەردەستان لەلایەن کوردناسێکی رووسیەوە بەناوی ” د. ئەلێکسێی کوپریانۆڤ ” نووسراوە، کاک “سوارە شاکەلی” لەرووسیەوە، کردویەتی بەکوردی، لەرووی مێژووییەکی گرنگی زۆری هەیە لەبارەی مێژووی کۆماری مهاباد، هەربۆیە پێمانباشبوو لە کوردستانی نوێ بڵاوی بکەیەنەوە .

کوردستانی نوێ

نووسینی: د. ئەلێکسێی کوپریانۆڤ*

وەرگێڕانی لە رووسیەوە: د. سوارە شاکەلی

هاوڕێیانم من تەنها چەند کاتژمێرێکم لە ژیاندا ماوە، بۆیە دواتان لێدەکەم واز لە ناکۆکیی نێوانتان بهێنن، هاوکاریی یەکدی بکەن و ببنە پشت بۆ یەکدی بەرامبەر بەدوژمنی دڕەقی بێبەزەیی، خۆتان بەدەستەوە مەدەن لە پێناو کارگەلێکی بچووکدا، دوژمنەکانمان پێویستیان بە ئێمەیە و بەکارمان دەهێنن لە پێناوی بەدەستهێنانی ئامانجەکانیاندا و لەم پێناوەدا هیچ رەحم و بەزەییەکیان نییە.
میللەتی کورد دوژمنی زۆرە، دوژمنەکانی دڵ ڕەق و خوێن سارد و بێبەزەین، بێبەرین لە هەموو بەهایەکانی رەوشت بەرزی. هۆکاری سەرکەوتنی میللەتەکەمان لەیەك بووندایە: هەر میللەتیك لە نێو خۆیدا یەکنەبێت، دەکەوێتە ژێر پێی دوژمنەکانییەوە. ئێمەی کورد هیچمان کەمتر نییە لە میللەتانی دیکەی جیهان، بە پێچەوانەوە زیاترمان بەراورد لەگەڵ ئەو میللەتانەی پێش ئێمە توانیوانە سەربکەون، بەڵام ئەوانەی ئازادییان بەدەستهێناوە لە پێشدا لە نێوخۆیاندا یەکبوون. بۆئەوەی لە نێو خۆماندا یەکبین ئەوا لە سەرەتادا پێویستە دووربکەوینەوە لە رق و کینە و ئیرەیی بەیەکدی بردن، خۆمان بە دوژمنەکانمان نەفرۆشین، تەنها ئەوکاتە دەتوانین لە وڵاتێکی ئازاددا پێکەوە بە ئازادی بژین….(1)

مێژووی کورد؛ زنجیرەیەك بەڵێنی بەدینەهاتوو، ناپاکی
خاوەنی ئەم قسانە یەکەم و دوایین سەرۆکی کۆماری مەهابادە کە پاش چەند کاتژمێرێك لەگەڵ براکانیدا لەلایەن سەربازانی ئێ‌رانەوە لە سێدارە درا(2) ، لە مەیدانی (چوار چرا) هەمان ئەو مەیدانەی بەکەمتر لە ساڵێك لەوەوپێش یەکەمین حکومەتی کوردی تیادا راگەیەندرا.
کۆماری مەهاباد یەکێك بوو لەو دیاردانەی کە پاش جەنگە گەورەکان دێنە ئاراوە، بەڵام بەشێوەیەکی تراژیدیایی کۆتاییان دێت و ناتوانن جێگا بۆ خۆیان بکەنەوە لە پرۆسەی ئاشتەوایی دوای جەنگدا.

ساڵانی سەخت تێدەپەڕن
ئێمە باس لەو رێگا سەختە دەکەین کە کوردی پێدا تێپەربووە لە پێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆییدا. پاش ڕووخاندنی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، کوردان شۆڕشی یەك بەدوای یەکیان هەڵدەگیرساند، بەڵام هەموویان بەبێ ئەنجام مانەوە، دوای جەنگ زلهێزەکان ماندووبوون نەیان دەویست هاوکاریی شۆڕش و راپەڕینەکان بکەن، بەتایبەتیش هاوکاریی میللەتی کوردی نیوچە کێوی چیانشین، ئەمە لە کاتێکدا کوردان بەگشتی پشتیان بە هاوکاریی بریتانیا و فەرەنسا دەبەست کە زۆر نەبوو جەنگیان دژبە تورکیا بەرپاکردبوو، بەڵام هەردوو لایەنەکە لەگەڵ دوژمنی پێشویاندا رێکبەکەون و پشتگیریی ئەوەیان دەکرد کە بارودۆخی تورکیا ئارامیی سیاسی ناوخۆیی تیادا بەرقەراربێت، هەر لەبەر ئەمەش چاوپۆشیان دەکرد لەبەرامبەر ئەو توندوتیژییەی کە سەربازانی ئەتاتورك لە کوردستاندا ئەنجامیان دەدا.

لەکوردستانی عیراقدا بارودۆخەکە بەهەمان شێوە بوو، بەریتانییەکان بەهەموو شێوەیەك پشتگیریی حکومەتەکەی مەلیك فەیسەڵی یەکەم و غازی كوڕی دەکرد، ئەمە لەکاتێکدا ئەم دوو مەلیکە بەهەموو هێزیانەوە لەهەوڵدا بوون تاوەکو خۆیان رزگاربکەن لەژێر هەژموونی لەندەن دا، ساڵی 1931 مەلیك فەیسەڵ توانیی سەرکەوتووبێت لە بەدەستهێنانی گۆڕینی مەنداتی بریتانیا لە عیراقدا بۆ چاودێریکردنی عیراق، ئەمەش وایکرد عیراق بتوانێت بەبێ هیچ رێگرییەك گرێبەستی دەرهێنانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا بەدەست بهێنێت و هەندێك مافی سنووردار بۆ نەتەوە بچووکەکانی ناو عیراق فەراهەم بکرێت، هەر ئەم هۆکارانەش راستەوخۆ کاریگەرییان هەبوو لەسەر هەرەسهێنانی چەند شۆڕشێکی دیکەی کورد لە عیراق دا.
بەڵام جەنگی دووەمی جیهان هەموو هاوکێشەکانی سەرەوژوور کرد و بیرۆکەی ئاشتیی جیهان لەباربرا و لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو دەرفەتە بۆ کورد هاتەئاراوە لە ناوچەیەکدا کە رەزا شای پەهلەوی هەموو هەوڵێکی بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی و دەسەڵاتی بوو بەسەریدا. بەڵام لایەنگریی شا لە رژێمی نازییەکان و گوێنەگرتنی لە مۆسکۆ و لەندەن بۆ دەرکردنی سوپای نازییەکان لە ئێران، بووە هۆکار کە ساڵی 1941 ئێران بۆ شا بکرێتە گۆمێکی خوێن.

ئێمە ئاگادارمان کردنەوە
ماوەیەك پێش هەڵگیرساندنی جەنگ دوژمنایەتی ئێران و یەکێتیی سۆڤێت گەیشتە ترۆپک، ئێران کەوتبووە ژێر گوشاری حکومەتی ئەڵمانیاوە و داڵدەی ئەو گروپ رێکخراوانەی دەدا کە هەڕەشە بوون بۆسەر سەقامگیریی سنوورەکانی یەکێتی سۆڤێت، ئەمە سەرباری ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا هەوڵی دەدا ئاژاوە بەرپا بکات و کارێک بکات میللەتانی ئێران بکەونە دژایەتیکردنی یەکێتیی سۆڤێتەوە و ئێران بگلێنێتە شەڕی دژبە یەکێتیی سۆڤێتەوە. تەنانەت لەناو ئێراندا ئەو گروپ و رێکخراوانە ئامادە دەکران، کە دەیانویست لەرێگەی سنوورەکانی ئێرانەوە بچنە ناو خاکی ئازەربایجانی سۆڤێت و ئوزبەکستانی سۆڤێتەوە بۆ ئاژاوە نانەوە. لەهەمان کاتدا پشتگیریی کودەتای سەربازیان دەکرد لە تاراندا.

سێ جار ئاگادارمان کردنەوە:
یەکێتیی سۆڤێت لەو ماوەیەدا سێ جار ئێرانیان ئاگادارکردۆتەوە کە بەرژەوەندییەکانیان لە ژێر هەڕەشەدایە، بەڵام شا لە بری ئەوەی سەربازانی نازی و دەستو پێوەند و سیخوڕەکانیان دەربکات و کۆتایی بهێنێت بەم کێشانە، هەستا بە زیاتر پشتگیریکردنیان تا کاری توندوتیژیی زیاتر ئەنجام بدەن، هەربۆیە لە کۆتاییدا یەکێتی سۆڤێت لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا، بڕیاریدا سوپا بجوڵێنێت بۆ ناو خاکی ئێران.

لە 25 ئابی 1941 نوێنەری سۆڤێت لە تاران (ئەندرێی سمیرنۆڤ) ئەم بڕیارەی بە رەزا شای پەهلەوی راگەیاند، ئەمە لەکاتێکدا بوو، کە ئایندەی حکومەتی تاران لەژێر مەترسیدا بوو، چونکە لە باکوورەوە سوپای سۆڤێت لە پێشڕەویکردندا بوو، لە باشووریشەوە سوپای بەریتانیا سنوورەکانی ئێرانی بەزاندبوو. هەربۆیە شا ئەو پرسیارەی لە سمیرنۆڤ و نوێنەری بریتانیا (ڕێدێر باڵارد) کرد، ئایا هاوپەیمانان هێرشەکانیان رادەگرن ئەگەر ئێران بە مەرجەکانی پێشوویان رازیبێت؟ بەڵام ئیدی کێ ئامادە بوو وەڵامی بداتەوە! هەربۆیە شا ناچاربوو تیلیگرامێك بۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات و داوای هاوکاریی راوەستاندنی هێرشەکانی لێبکات، بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە بەم شێوەیە وەڵام درایەوە: “کە وەك هێزێکی دەرەوەی ناوچەکە ناتوانێت هیچ هاوکارییەکی ئێران بکات، وەك ئەمریکا هیوادارن هێزەکانی هاوپەیمانان سەروەریی خاكی ئێران لەپێشچاو بگرن.
هێرشی سوپای هاوپەیمانان گەلێك رێکخراو و خێرابوو، بۆیە لە نزیکترین کاتدا رێگای ئاسمانیی ئێران بەتەواوەتی کۆنترۆڵکراو لە باکوور و باکووری خۆرئاواوە پێکهاتبوو، سێ سوپای جیاوازی سۆڤێت و دوو فەیلەق کە هێزی بەرگریی ئێرانیان تێکشکاند و شارەکان بۆمبارانکران و تاران لە هەموویان زیاتر زیانی بەرکەوت، هێزی ئاسمانیی ئێران ویستیان هێرش بکەنە سەر سوپای بریتانیا، بەڵام فڕۆکەکانیان دەستبەجێ خرانە خوارەوە، دوو لە کەشتییە جەنگییەکانی ئێران خۆیان رادەستی هاوپەیمانان کرد و ژەنەڕاڵەکانی سوپای ئێران کەوتنە گفتوگۆ تا فەرمانەکانی سەرەوەی خۆیان پشتگوێ بخەن و هەوڵیان دەدا لەگەڵ هاوپەیماناندا گفتوگۆ بکەن، تەنها بە چوار رۆژ جەنگ کۆتایی هات و سوپای ئێران بەتەواوەتی تێکشکا و سەربازانی ناچار هەڵهاتن و بەشێکیشیان خۆیان بەدەستەوەدا، تانکەکانی سۆڤێت چوونە ناو قەزوینەوە کە تەنها 150 کلیۆمەتر لە تارانی پایتەختەوە دوورە، شا ناچاربوو خۆی بەدەستەوە بدات.

گرنگترین پڕۆژەی ئەمریکی (لێند- لیزا)(3)، بەتەواوەتی خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، هێڵی ئاسنین لە رێگەی دەریای قەزوینەوە بەتەواوەتی کەوتەکار، باکووری بەتەواوەتی لەلایەن سوپای سۆڤێتەوە داگیرکراو باشووریش لەلایەن بریتانیاوە دەستی بەسەرداگیرابوو، ئەوەی دەمایەوە بەشەکانی ناوەڕاستی ئێران بوو کە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ ژێر دەسەڵاتی شا مابۆوە، بەڵام لە راستیدا شای جێنشینی گەنج دەسەڵاتی بەسەر ئەم ناوچانەدا نەبوو، نەیدەتوانی کۆنترۆڵیان بکات. هەرچی ئامانجی هاوپەیمانان بوو ئەوەبوو کە کارێك بکەن بارهەڵگرەکانی گواستنەوەی نەوت بەردەوامبن لەسەر کاری خۆیان لە گواستنەوەی نەوت، شای تازە پێگەیشتوو نەیدەتوانی ببێتە رێگر، نەیدەپەرژایە سەر ئەو ناوچانەی کە بۆی بەجێهێڵرابوو.

گەنجەکان دێنە سەر شانۆی رووداوە سیاسییەکان
کوردەکان بەدرێژای مێژوو لە ناوچەکانی خۆرئاوای ئێران و دۆڵەکانی باشووری خۆرئاوای چیای زاگرۆس و دامێنی چیاکانی ئەرمینیادا ژیاون. لە سەدەی ١٥ لە ناوچەی نیشتەجێبوونی هۆزەکانی موکری ئیمارەتێکی سەربەخۆ دامەزرا کە ماوەیەکی زۆر لە رێگەی هێزی شمشێرەوە توانیان بەرگریی لەم میرنشینە بکەن و لە کۆتایدا لەگەڵ فارسەکاندا رێکەوتن کە ببنە بەشێك لە وڵاتی فارس، بەڵام خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆیان بوون، لە ساڵی 1930 رەزا شا کە دەیویست لە رێگەی ریفۆرمەوە بەرگێکی نوێ بەبەر ئێراندابکات، بۆیە بڕیاریدا بۆ یەکجاریی کۆتایی بەم ئۆتۆنۆمییەی کوردەکان بهێنێت لە ئێراندا، هەر بەوجۆرەشی کرد، کاتێك سوپایەکی ئامادەکراوی ناردە ناوچەی موکریان، کوردەکان توانای بەرگریکردنیان نەبوو، بۆیە ناچاربوون ناوچەکە بەدەستەوە بدەن و ببنە بەشێکی راستەقینەی ئێران. بەڵام ناڕەزایی کورد زیاتر بوو بەرامبەر رژێمی شا. بۆیە کاتێك ساڵی 1941 شا تێكشکێندرا، سەربازەکانی هەڵدەهاتن لە بەرەکانی جەنگ، کورد هەوڵیان دەدا چەکاکەنیان لێ وەربگرنەوە چ لەڕێگەی کڕین بە نرخێکی هەرزانەوە یاخود لە رێگەی هێزەوە، لەئەنجامدا هۆزەکانی ناوچە شاخاوییەکان بەتەواوەتی پڕچەك بوون، ئەمە لەکاتێکدا بوو بەشێك لەم هۆزانە لەژێر دەسەڵاتی سۆڤێت و بەریتانیادا بوون، بەڵام ئەم هێزانە نەیاندەویست کوردان لە خۆیان توڕە بکەن، تەنها ئەوەیان بەس بوو کە تێیان بگەیەنن تا بەرهەمی دانەوێڵەی خۆیان بفرۆشن بە سوپاکانیان ئەوا هیچ کێشەیەکیان نابێت پێکەوە.
هەرچی ناوەڕاستی ناوچە کوردنشینەکان کە شاری مەهابادیشی دەگرتەوە بەناوچەی ئازادیی دوور لە دەسەڵاتی هەردوو ‌هێزە گەورەکە دادەنرا. ساڵی 1943 گروپێك لە گەنجان و دەسەڵاتداران و بازرگانە بچووکەکان و رۆشنبیرەکان رێکخراوی کۆمەڵە یان گەنجانی کوردیان دامەزراند(4)، کە بەشێوەیەکی زۆر رێکوپێك بەڕێوەدەبرا و ئەندامەکانی پێکهاتبوون لە کورد و ئەندامانی ئەو خێزانانەی کە لە ئەنجامی خێزانداریی نێوان کورد و ئاشوری (ئاسوری) بوون. هەرزوو کۆمەڵە تەشەنەی کرد لە شارە گەورەکانی نەك کوردستانی ئێراندا بەڵکو لە کوردستانی عیراقیشدا.
ئەمە بووە هۆی دڵەڕاوکێ لای بریتانییەکان چونکە ئەوان زیاتر بایەخیان بە عەرەب دەدا وەك لە کورد، بە پێچەوانەی مۆسکۆوە کە زیاتر سەرنجەکانی لەسەر کورد بوو.

جگارە وەك دیاری بۆ بەرگریکارانی لینینگراد
پەیوەندیەکانی کورد و یەکێتی سۆڤێت لە سەرەتادا تاڕادەیەك ئاڵۆز و دژبەیەك بوو، لە ساڵی 1923 لەناو خاکی ئازەربایجانی سۆڤێتدا پارێزگای کوردسان دامەزرا کە بە کوردستانی سوور ناسراوە، بەڵام پاش پێپەڕبوونی شەش ساڵ کوردستانی سوور هەڵوەشێندرایەوە.
ساڵی 1930 دیسانەوە هەرێمی کوردستان دامەزرایەوە، بەڵام کەمتر لە ساڵێك توانیی بمێنێتەوە.
لە ساڵی 1937 دەستکرا بە راگواستنەوەی کوردانی ئازربایجان و ئەرمینیا بۆ ناوچەکانی دیکەی ناوەڕاستی ئاسیا، لە شەپۆلی دووەمی راگواستنەکان ساڵی 1944 کوردانی جۆرجیای گرتەوە، بەڵام لە هەردوو شاڵاوەکەدا بەشێکی کوردان بەرکەوتن و بەشێکی دیکەیان مانەوە. بەشێکی زۆری کوردانی قەوقاز لە جەنگی دووەمی جیهاندا کوردان زۆر قارەمانانە بەشداریی ئەم جەنگەیەن کرد و خەڵاتی قارەمانێتی سۆڤێتیان پێبەخشرا، بەڵام کێشەی کورد بەلای سەرکردایەتیی یەکێتی سۆڤێتەوە گرنگ نەبوو تا ساڵی 1942 کە بەرپرسی هۆزەکان بانگێشتکران بۆ باکۆ.

لە ساڵی 1944 ئیدی یەکێتی سۆڤێت بەتەواوەتی کەوتە جموجۆڵکردن لەنێو کورددا. وەك دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا ئاماژەی پێکردووە کە سۆڤێتیەکان وەك ئەوەی لە ماڵی خۆیاندابن بەوشێوەیە مامەڵە دەکەن لە ناوچە کوردنشینەکاندا. هەروەها باس لە ناوی کاپیتان جافەرێڤ و دوو لە هاوکارەکانی دەکات بە ناوی عەبدوڵاخۆڤ و حاجیێڤ کە بە شێوەیەکی کارا چالاکییان هەبووە لەم ناوچەیەدا و پەیوەندییان بە سەرکردایەتی کۆمەڵەوە هەبووە، بە تیپەڕبوونی کات پەیوەندیی لە نێوان دەزگای هەواڵگریی سۆڤێت و دیپلۆماتکارانی لەگەڵ سەرکردەکانی کوردادا دروستبوو. تەنانەت لە مەهاباد رێکخراوێکی رۆشنبیریی کوردی – سۆڤێتی دامەزرا، ئەندامەکانی دەیان سندوق جگەرەیان وەك دیاری بۆ بەرگریکارانی شاری لینینگراد نارد.

لە نیسانی 1945 چالاکیی کۆمەڵە لە رێکخراوێکی نهێنییەوە گواسترایەوە بۆ ئاشکراو دەستیکرد بە کارەکانی، هەر بەم بۆنەیەوە ئاهەنگێك رێکخراو کە وەك میوانی پایەبەرز کۆنسوڵی روسیاو بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییە رۆشنبیریەکانی روسیا لە دەرەوەی وڵات، لە ناوچەکەدا بانگێشتکرابوون بۆی. لە یەکێك لە بەشەکانی ئەم ئاهەنگەدا کوردستان وەك دایکێك پیشاندرا کە بۆ ماوەیەكی زۆر چەوسێندرانەوەتەوە لەلایەن کەسانی چەوسێنەر و داخ لە دڵەوە کە بە ئێران و عیراق و تورکیا ناوبران. لە کۆتاییدا کوڕانی وڵات بەهانای دایکیانەوە دێن و رزگاری دەکەن لەدەست چەوسێنەران.
بەوتەی یەکێك لە شایەدحاڵەکانی ئەو ئاهەنگە، بینەران بەتەواوەتی خرۆشاون، هەموو پێکەوە ناخۆشی و چەوساندنەوەی رابردوویان لەبیرکردو سوێندیان خوارد کە تۆڵەی کوردستان لە دوژمنان بکەنەوە.

لە ئەیلولی هەمان ساڵدا وەفدی کوردی سەردانی ئازربایجانی سۆڤێتی کردو چاویان بە بەرپرسی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کەوت، لەو چاوپێکەوتنەدا (باگیرۆڤ) بەڵێنی هاوکاریی دا بە وەفدی کوردی، هەربۆیە پاش تێپەڕینی یەك مانگ ناوی کۆمەڵە گۆڕدرا و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دامەزرا وەك سەرۆکی ئەم پارتە قازی محەمەد دەستنیشانکرا کە دادوەر و بەرپرسی یەکەمی شار بوو لەوکاتەدا.
لە تشرینی دووەمی ساڵی 1945 کۆماری میللی ئازربایجان دامەزرا لەبەرامبەر سیاسەتی شای ئێران لە ناوچەکەدا لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە پشتگیریی لێدەکرا.
هەردوای ئەم هەنگاوەی ئازبایجان، کوردانیش لەسەرەتای ساڵی 1946 لە مەیدانی چوارچرا دامەزراندنی کۆماری مەهابادیان راگەیاند.

قازی محەمەد لە وتارێکدا رایگەیاند (ئێمە میللەتێکی جیاوازین و ئەو مافەمان هەیە وەك میللەتانی دیکەی جیهان خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆمان بین). هەر ئەو رۆژە ئاڵای ئەم کۆمارە نوێیە لەسەر بینای حکومەتی ناوشار هەڵکرا. کە پێکهاتبوو لە رەنگەکانی سوور و سپی و سەوز لە ناوەڕاستەکەیدا خۆرێکی تێدا نەخشیندرابوو لەگەڵ پێنووسێكدا.
ئەم کۆمارەی کورد راستەخۆ پەیوەندیی لەگەڵ کۆماری ئازربایجاندا دروستکرد و دەستیکرد بە رێکخستنەوەی کاروبارەکانی.

سەرۆکێکی ڕۆشنبیر و زمانزان
دەربارەی ئاشنایەتی بە ژیانی رۆژانەی ئەم کۆمارە لەو سەردەمەدا لە رێگەی دۆکێۆمێنتەکانی سۆڤێت و نووسینی رۆژنامەنووسانی ئەمریکی و فەرەنسییەوە دەبین کە توانیوانە سەردانی ئەم کۆمارە بکەن (هەرچی بەریتانییەکانە لەم رۆژگارەدا کۆماری مەهابادیان وەك دوژمن تەماشا کردووە)، گۆڕانکارییەکان لەڕووی ئیدارییەوە بە بەراورد بە سەردەمی شا زۆر نەبوون وەكو سەردەمی شا کەسایەتییە گەورە و بەرپرسی هۆزەکان کاروباریان بەڕێوەدەبرد، لە رێگەی ئەو هاوکارانەی کە پێکهاتبوون لە خزم و کەسوکاریان فەرمانەکانیان جێبەجێ دەکرا، کە جلوبەرگی تایبەتی کوردیان لەبەر دەکرد، بەڵام ئەفسەرانی سوپا جلوبەرگەکانیان شێوەی دەچووە سەر شێوەی جلوبەرگی ئەفسەرانی سۆڤێت.
شاری مەهاباد پێشکەوتنی بەخۆیەوە دەبینی شەقامەکانی پڕبوون لە خەڵك کە پیرۆزبایی سەربەخۆیی و رزگاربوونیان لەدەست رژێمی شای ئێران لەیەکتریی دەکرد.

قازی محەمەد وەك سەرۆکی کۆماری مەهاباد کەسایەتییەکی رۆشنبیر بوو کەم کەس هەیە پاش دیداری لەگەڵیدا جێگای خۆی لە دڵیدا نەکردبێتەوە. پیاوێکی مامناوەند، تەمەنی نزیك پەنجا ساڵ، کە پاڵتۆیەکی کۆنی سەربازیی لەبەردەکرد و رێشێکی تەنکی هێشتبۆوە، رەنگی پێستی تاڕادەیەك زەرد بووە، کە ئەمەش بەڵگەی بووە بۆئەوەی ناو سکی کێشەی هەبووە.
بەپێی قسەی رۆژنامەنووسان و ئەفسەرێکی بریتانی کە باسیانکردووە؛ جگەرەی نەکێشاوە و خواردنەوە کحولیەکانی نەخواردۆتەوە و زۆر ئاگای لە خۆی بووە لە نان خواردندا.
پیاوێکی ناسێۆنالیستی راستی بین بووە دەربارەی رووداوەکان و ژمارەیەكی باش زمانی بیانیی زانیوە، سەرەڕای زمانی روسی توانیوێتی هەندێك گفتوگۆیش بە زمانی ئینگلیزی بکات. هەمیشە سەر مێزەکەی پڕ بووە لەو کتێبانەی کە بە زمانە بیانییەکان نووسراونەتەوە.

قازی محەمەد بڕوای وابووە کە میدییەکان باوباپیرانی کوردن لە مێژوودا، هەروەها کاتێکی زۆری تەرخان دەکرد بۆ پەیدابوون و قۆناغەکانی گەشەکردنی زمان و کەلتووری کوردی. تەنانەت لە ناو دەست و پەیوەندەکانیدا دوو شاعیری لاوی تازە پێگەیشتوویان تێدابوو کە شیعرەکانیان بەزمانی کوردی دەنووسییەوە و لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا کە لەو سەردەمەدا جگە لە رۆژنامەی کوردستان رۆژنامەیەك و دوو گۆڤاری ئەدەبی بەبەردەوامی لە چاپدەدران بەو چاپخانەیەی کە سوپای سوور بەخشیبوویە کۆماری مەهاباد، ئەمە لەکاتێکدا پەیداکردنی کاغەز بۆ کۆماری مەهاباد یەکێك بوو لە کێشە گەورەکان.
لەگەڵ ئەمانەشدا، بارودۆخی ناو کۆماری مەهاباد لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوو بۆ جەنگ، سوپای ئێران هەمیشە ئامادەبوو هێرش بکاتە سەریان، چونکە شای ئێران نەیدەویست دان بە سەربەخۆی ئەم کۆمارانەدا بنێت. فەیلەقی چواری ئێران لە ژێر فەرماندەیی گەنجێکی بەتوانادا بوو بەناوی هومایۆنی، بەردەوام لە هەوڵدابوو سنوورەکانی ئەم کۆمارە ببەزێنێت، ئەمە سەرباری کڕینی سەرۆکی هۆزەکانی کورد لە ناوچەکەدا، بۆیە بارودۆخەکە لە بەرژەوەندیی کورددا نەبوو. بەڵام هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی کورد شکایەوە، کاتێك مستەفا بارزانی بە خۆی و سوپاکەیەوە بوون بە بەشێك لە هێزی کۆماری مەهاباد، چونکە ئەم خاوەن ئەزموون بوو چەند ساڵێك بەرلەوە شۆڕشێکی بەرپاکردبوو لە کوردستانی عیراق و توانیبووی سوپای عیراق تێکبشکێنێت.
لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا پلەی ژەنەراڵی وەرگرت و کەوتە بنیاتنانەوەی سوپاکەی کە سەربازانی سوپاکەی تەمەنی 15 بۆ 60 ساڵی لەخۆدەگرت، هێزەکانی دابەشکرد بەسەر سێ بەتالیۆندا کە سەرکردایەتیی دەکران لەلایەن ئەفسەرانی پێشووی سوپای عیراقەوە.

ئەم کارانە توانیان نەخشەی پێکدادانەکان بگۆڕن و لە 29 نیسانی 1946دا سوپای کۆماری مەهاباد توانیی سەربکەوێت بەسەر سوپای ئێراندا و لە ئەنجامدا توانیان 120 سەربازی ئێران بەدیل بگرن و دەستکەوتەکانی ئەم جەنگە پێکهاتبوو لە 2 تۆپهاوێژ و 17 رەشاش، هەر پاش چەندڕۆژێکی دیکە توانیان سەرکەوتنێکی دیکە تۆماربکەن کە ئەنجامەکەی کوشتنی 20 سەرباز و 34 سەربازی دیل بکەوێتە دەستیان و دەستکەوتەکانی ئەم شەڕە پێکهاتبوو لە 2 رەشاش و زیاتر لە 4000 فیشەك. لێرە بەدواوە پیکدادانەکان تاڕادەیەك راوەستان و سوپای هومایۆنی ناچاربوو بکشێتەوە و خۆیان جێگیربکەن لەو شوێنانەدا کە ئاسان نەبوو دەستیان بەسەردا بگیرێت.
لێرە رێکەوتنێك لە نێوان هەردوولادا هاتە ئاراوە، بۆ ماوەیەك، بەڵام هەردوولا لە خۆئامادەکردندا بوون، سوپای کۆماری مەهاباد چوار تانکی وەرگرت کە لە بنەڕەتدا بەریتانییەکان وەك دیاریی بەخشیبوویانە کۆماری ئازەربایجانی باشوور، بەڵام سوپای کۆماری مەهاباد فریانەکەوت بەکاریان بهێنێت کە قەیرانی ئێران بەتەواوەتی گەشەی سەند.

دواهەنگاو

بەکۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهان هەموو دیالۆگەکان بۆ مانەوەی سوپای سۆڤێت لە ئێراندا گەیشتنە بنبەست. بەڵام مۆسکۆ پەلەی نەبوو بۆ کشانەوەی سوپاکەی لە ئێراندا، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە لەکاتی جەنگدا چەندین ناوچەی بیری تازەی نەوت دۆزرانەوە لە ناوچەکانی باکووری ئێران، ئەمە لەکاتێکدابوو هاوپەیمانان لە باشووری ئێران تەکنۆلۆژیای خۆیان بۆ دەرهێنانی نەوت خستبووە گەڕ. ئەمەش یەکێك بوو لەو هۆکارانەی کە سۆڤێت نەیدەویست ئێران بەجێبهێڵێت.
تائێسا ئاشکرا نییە کە ستالین چ ئامانجێكی هەبوو لە ئێراندا: ئایا دەیویست لەڕێگەی سوپای سۆڤێتەوە گوشار بکات تا دەستکەوتی ئابووریی زیاتر بەدەستبهێنێت لە ئێراندا، یان دەیویست سوپای سۆڤێت بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت پێداگریی بکات لە دامەزراندی چەند کۆمارێکی دیکەی سەربە سۆڤێت لە ناوچەکانی باکووری ئێران. بەڵام ئەنجامەکەی رژێمی شای ئێران توانی کارێك بکات لەڕێگەی پاڵپشتیی بریتانیا و ئەمریکاوە بۆ یەکەمجار لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە یەکێتی سۆڤێت بکات. کار گەیشە هەڵگیرساندنی کێشەی سیاسیی نێوان هێزەکان، ئەمەش زیاتر پاڵی بە یەکێتیی سۆڤێتەوە نا تا سوپاکەی بکشێنێتەوە لە باکووری ئێران بەو هیوایەی بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوادا بپارێزێت.
بەپێی رێکەوتنێك تاران ئامادە بوو بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت دا کاربکەن لە دەرهێنانی نەوتدا لە باکووری ئێران.

لە 9 ئایاری هەمان ساڵدا سوپای سۆڤێت بەتەواوەتی لە ئێران کشایەوە، پاش تێپەربوونی ماوەیەك ئەنجومەنی شورای ئێران بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەکەی داو جارێکی دیکە نەتوانرا باکووری ئێران داگیربکرێتەوە لە لایەن سوپای سوورەوە.
کشانەوەی سوپای سۆڤێت، مانای ڕووخاندنی هەردوو کۆماری ئازەربایجان و مەهاباد بوو. تەنها پرسیارێك لە ئارادابوو کە بەچ شێوەیەك جێگایان دەکرێتەوە لە ئێراندا، بە پرۆسەیەکی ئاشتیانە یان لەڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە؟
لە هاوینی ئەو ساڵەدا قازی محەمەد کەوتە هەوڵ و تەقەلا لە پێناو پاراستنی ئەو ئۆتۆنۆمییەی کە کوردستان لە ئێراندا هەیبوو، گەیشتە رێکەوتن، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات ئێران جار لە دوای جار مەرجی زیاتری دەسەپاند بەسەر کۆماری مەهاباددا، دیاربوو سوپای ئێران لە خۆئامادەکردندا بوو بۆ هێرشکردنە سەر کۆمارەکان.
قازی محەمەد داوای لە سەرۆك هۆزەکانی کورد کرد کە هاوکاریی بکەن لە کۆکردنەوەی سەرباز بۆ بەرەکانی جەنگ، بەڵام لەم هەنگاوەیدا سەرکەتوو نەبوو، چونکە چینی دەسەڵاتداری کورد بیریان لەوە دەکردەوە بەچ شێوەیەكی قازانجدار خۆیان رادەستی رژێمی شا بکەنەوە.

ئەمە سەرباری ئەوەی هەرچی ئابووریی کوردستانی ئێران هەیە پەیوەستە بە بەرهەمهێنانی توتن و فرۆشتنی بە حکومەتی ئێران، کاتێك بۆ بەرەکانی جەنگ دەستی کاریان لەم کەرتە کێشایەوە، خەڵکی ئەم ناوچەیە هێندەی دیکە دووچاری هەژاریی بوونەوە و جەنگەکانیش هیچ شێکی باشی ئەوتۆیان لێ چاوەڕوان نەدەکرا.
لە 21 تشرینی دووەم سەرۆك وەزیرانی ئێران قەوام سوڵتان رایگەیاند کە هێزەکانی ئێران لە نزیکترین کاتدا هەردوو کۆماری ئازربایجان و مەهاباد دەخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، تاوەکو بتوانرێت کەشوهەوای ئازادی لەم ناوچانەدا فەراهەم بکرێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شورای ئێران.
لە 10 کانونی یەکەم دا دوای چەند رۆژێك لە جەنگ و پێکدادان سوپای ئێران رۆیشتە ناو تەبرێزەوە، سەرکردەکانی ئەم کۆمارە بۆ ناو خاکی سۆڤێت هەڵهاتن، لێرەوە ئیدی کوردستان دابڕا لە هاوکارییەکانی سۆڤێت.

قازی محەمەد براکەی (سەدری قازی) کە ئەندامی مەجلیسی ئێران بوو ناردی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ژەنەراڵ هومایونی دا تا پێی رابگەیەنێت مەهاباد ئامادەیە خۆی بەدەستەوە بدات بەبێ شەڕکردن، بەڵام بارزانی ئامادە نابێت خۆی بەدەستەوە بدات و لەگەڵ لایەنگرانیدا روودەکەنە ناوچە شاخاوییەکان و لەوێ دەمێننەوە پاشان نزیك ماکۆك لە شەڕێکی سێ رۆژەدا سوپای ئێران تێکدەشكێنێت و لەگەڵ لایەنگرانیدا خۆیان دەگەیەننە سنوورەکانی یەکێتیی سۆڤێت.
هەرچی قازی محەمەدە دووچاری چارەنووسێکی تراژیدی بوو، بڕیاریدا شار بەجێ نەهێڵێت و لەگەڵ خەڵکی شاردا بمێنێتەوە.
لەسەرەتادا ئەفسەرانی سوپای ئێران بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد، بەڵام دوای چەند رۆژێك لەگەڵ سەیفی قازی برای و نێوەندگیرەکەیان لەگەڵ تاراندا، سەدری قازی خرانە زیندانەوە. دواتریش بەبیانووی خیانەت لە نیشتمان لەسێدارەدران.
حکومەتی شا پەنای بۆ هەموو کارێك برد تا بتوانێت ئاسەوارەکانی کۆماری مەهاباد لەناوببات. هەموو بڵاوکراوەیەك بەزمانی کوردی راوەستێنراو خوێندن بەزمانی کوردی یاساغ کرا. هەموو کتێبە لە چاپدراوەکانیان لەناوبرد. یانزە سەرۆك هۆزی کورد کە تاوانبارکرابوون بە لایەنگیریی لە کۆماری مەهاباد، گوللـەبارانکران. پاش تێپەڕبوونی 15 ساڵ کاتێك بارزانی شۆڕشی بەرپاکردەوە لە عیراقدا، شا بەڵێنی دا کە هاوکاریی سەربازیی و مادی بارزانی بکات لە بەرامبەردا بارزانیش بەڵێنیدا کە کوردانی ئێران هان نەدات بۆ شۆڕشکردن و پشتگیرییان نەکات! هەرچەندە بارزانی بەڵێنەکەی بردەسەر، بەڵام شای ئێران بەڵێنەکەی نەبردە سەر، ئەمەیان ئیدی باسێکی دیکەیە.

پەراوێز
١-خوێنەری بەڕێز دەقی ووتەکانی پێشەوا لە زمانی کوردیەوە وەرگێردراوەتە سەر زمانی رووسی و ئێمەیش دیسانەوە لە زمانی رووسیەوە وەرمانگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بۆیە دەکرێت دەربڕێنەکان گۆڕانکاریان بەسەرداهاتبێت، بەڵام ناوەڕۆکی ئەم وتانەی پشەوا هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتووە.
٢- لە زمانی رووسی دا (کوری پور، ئامۆزا، خاڵۆزا) بەبرا دەژمێردرێن.
٣- پرۆژەی لێند – لیزا: پرۆژەیەکی ئەمریکی بوو بۆ وڵاتانی هاوپەیمان کە ناوەرۆکەکەی پێکهاتبوو لەوەی ئەمریکا هاوکاری سەربازی و لۆجیستیکی پێشکەش بە هێزەکانی هاوپەیمانان بکات لە بەرامبەریشدا ئەم هێزانە هەموو هەوڵێك بخەنە گەر بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگاکانی گواستنەوەی سەرچاوەکانی ووزە بپارێزن تا بەردەوامبن لە گوستنەوەیان بەتایبەت نەوت.
٤- مەبەست لە کۆمەڵەی (ژ.ك) لە دەقە رووسیەکەدا بەکۆمەڵە ناویبردووە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی پڕۆفیلی روسی رۆژی 20/02/2020، مۆسکۆ

*(مامۆستای پەیمانگای تۆژینەوەی زانستی سەر بە ئەکادیمیای زانستی روسیا).

print

 295 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*