سەرەکی » وتار » ئاوات كۆكه‌یی » ماڵئاوا هاوڕێ بەوەفاکەی مام

ماڵئاوا هاوڕێ بەوەفاکەی مام

جه‌مالی حه‌كیم ئاغا یاخود مامه‌ جه‌مال، مرۆڤێكی هێنده‌ كاریگه‌ر بوو‌ له‌ راكێشانی هه‌ست و سه‌رنجی به‌رامبه‌ری، هه‌ركه‌سێك له‌هه‌ر سه‌رده‌م و بوارێكدا بینیبێتی، ناتوانێت له‌بیری بكات و بۆ هه‌میشه‌ له‌ بیره‌وه‌رییدا ده‌مێنێته‌وه‌.

خۆشه‌وستیی خه‌ڵك بۆ مامه‌ جه‌مال خۆڕسك و بێ ریایی و بێ مه‌رامه‌، چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ خاوه‌ن سیماو هێمایه‌كی سه‌نگینی كۆمه‌ڵایه‌تی و قسه‌خۆش و مه‌جلیس خۆش و هه‌روه‌ها له‌ ره‌فتارو گوفتار و كرداردا سه‌ر راست بوو، جیهانێك بوو له‌ قسه‌ی نه‌سته‌ق.

شۆڕشگێڕ و تێكۆشه‌رێكی ناسراوی كوردایه‌تی، ناوباگ و بوونی ئه‌و وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی خه‌ڵكی سلێمانی ته‌نیا له‌و شاره‌دا نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ ته‌واوی  كوردستاندا ره‌نگ و ده‌نگی دابۆوه‌ و ناسرابوو، خۆشه‌ویستیی گشت لایه‌كی به‌ده‌ست هێنابوو.

ئه‌و پیاوه‌ ناودار و منه‌وه‌ره‌ی كوردایه‌تی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای چوونه‌ نێو كۆڕی سیاسی و تێكۆشانه‌وه‌، هاوڕێ و هاوڕێبازو هاوبیرێكی بێ چه‌ندووچوونی جه‌نابی مام جه‌لال بوو و تا دواساتی ته‌مه‌نیشی به ‌دڵسۆز و وه‌فاداری مام مایه‌وه‌ و له‌ هیچ ده‌رفه‌ت و بارودۆخێكی سه‌خت و دژواردا پشتی مامی به‌رنه‌داوه‌.

به‌داخه‌وه‌، دوای 70 ساڵ له‌ خه‌باتی ماندوونەناسانە و به‌شداربوونێكی كارا له‌ كۆڕی تێكۆشانی سیاسی و چه‌كداریی كورد، سه‌عات 4 ی پاشنیوه‌ڕۆی  دوێنێ 2/4/2020، له‌ ماڵی خۆی له‌ شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

كورته‌ی ژیاننامه‌كه‌ی

هه‌ڤاڵ جه‌مال حه‌كیم سه‌عید ناسراو به‌ جه‌مالی حه‌كیم ئاغا یان مامه‌ جه‌مال، به‌پێی پێناسی باری كه‌سییه‌كه‌ی بێت ساڵی 1933 له‌ شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی ناوچه‌ی شارباژێڕه‌ و  یونس ئاغای باپیره‌گه‌وره‌ی  هه‌ر له‌ درووستبوونی شاری سلێمانییه‌وه‌ شارباژێڕی به‌جێهێشتووه‌ و له‌ سلێمانی جێگربووه‌.

هه‌ڤاڵی كۆچكردوو جه‌مال حه‌كیم ئاغا هه‌ر به‌منداڵی خاوه‌ن به‌هره‌ و هۆشیارییه‌كی زۆر بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووی خوێندنه‌وه‌ ده‌رچووی  قۆناغی ناوه‌ندیی بوو، به‌ڵام له‌ ئاستێكی باڵای هۆشیاریی و رووناکبیرییدا بوو، خوێنه‌رو خوێنده‌وارێكی به‌ ئاگاو خاوه‌ن دیدو بۆچوونی خۆی بوو.

ساڵی 1948 له‌ رێگه‌ی كه‌سایه‌تیی ناسراوی كوردستان  كۆچكردوو مامۆستا حیلمی عه‌لی شه‌ریف-ه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی كردووه‌ به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ و ئه‌ندامێكی چالاك و هه‌ڵسوڕاوی پارتی بووه‌.

كاتێك مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د له‌ ئه‌نجامی هه‌وڵه‌كانی بۆ خزمه‌تكردن به‌ چینی جووتیاران دووچاری كێشه‌ ده‌بێته‌وه‌، مامه‌ جه‌مال ئاغا له‌ پارتی و شێخ مارف به‌رزنجی له‌ شیوعی، یه‌كه‌م كه‌سانێك بوون  كه‌ به‌رگریی و داكۆكییان لێكردووه‌.

له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا بۆته‌ دۆست و هاوڕێی سەرۆک مام جه‌لال و له‌دوای درووستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌، تا كۆتایی ژیانی سه‌رڕاست و وه‌فادار مایه‌وه‌  به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیی و هاوڕێیه‌تییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ رووی متمانه‌ و تێكه‌ڵاوییه‌وه‌ وه‌ك براشیان لێهاتبوو.

له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ بووه‌ به‌ پێشمه‌رگه‌ و لە ناکۆکییەکانی ١٩٦٤ و ساڵانی دواتر، لایه‌نگری باڵی مه‌كته‌بی سیاسی بووه‌  و له‌گه‌ڵ مام جه‌لال و هه‌ڤاڵه‌كانیدا چۆته‌ هه‌مه‌دان و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و باڵه‌ی پارتی بووە.

دوای رێككه‌وتن و یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی پارتی، درێژه‌ی به‌ تێكۆشان و كاری سیاسی داوه‌ و ساڵی 1974 كه‌ شه‌ڕی نێوان شۆڕش و حكومه‌تی عیراق ده‌ستیپێكرد‌، مامه‌ جه‌مال به‌شداریی كرد و چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تیی كرده‌وه‌ شان، هه‌روه‌ها جێگری لێپرسراوی لیژنه‌ی ناوچه‌ی زمناكۆی پارتی بووە.

بەپێی زۆرێک لە بیرەوەریی سەرکردەو کەسایەتییەکانیش واقیعی ئه‌وسای پارتی وابووە ئه‌وانه‌ی سه‌ربه ‌باڵی مه‌كته‌بی سیاسی بوون زۆربه‌یان بەركه‌نار و پەراوێزخران و ئیشوكاری شایسته‌ی خۆیانیان پێ نه‌دەدرا، یه‌كێك له‌وانه‌ مامه‌ جه‌مال بوو كه‌ كرایه‌ جێگری لێپرسراوی ناوچه‌، ئه‌گه‌رچیش چه‌ندین ئه‌ركی دیكه‌ی پێسپێردراوە، به‌ڵام له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ره‌تیكردنه‌وه‌.

له‌ نسكۆی شۆڕش له‌ ساڵی 1975دا، رۆیشته‌ ئێران و ماوه‌یه‌ك مایه‌وه‌، دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ عیراق، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا په‌یوه‌ندیی كردووه‌ و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی سه‌رپه‌رشتیاری رێكخستنه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستیان كردووه‌ له‌ناو شاری سلێمانیدا.

ساڵی 1977 روویكردۆتە‌ شاخ و بووه‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی نوێ، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی و جێگری سكرتێری یه‌كێتی شۆڕشگێڕانی كورستان.

ساڵی 1988 له‌ هێرشه ‌كیماییه‌كه‌ی حكومه‌تی به‌عسدا بۆسه‌ر گوندی شاناخسێی شارباژێڕ، مامه‌ جه‌مال به‌سه‌ختی بریندار بووه‌،  بۆ چاره‌سه‌ر براوه‌ته‌ ئێران و پاشان به‌هۆی سه‌ختی و كاریگه‌ریی كیماییه‌كه‌ له‌ساڵی 1989دا چۆته‌ بریتانیا.

له‌ راپه‌ڕیندا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان و ده‌ستی به‌ كاری سیاسی كردۆته‌وه‌ و بۆته‌ نوێنه‌ری مام جه‌لال له‌ مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی سلێمانی تا ساڵی 1993.

دواتر بۆته‌ لێپرسراوی مه‌كته‌بی یاریده‌ده‌رانی سكرتێری گشتی ی.ن.ك.

هه‌ڤاڵ  جه‌مال حه‌كیم ئاغا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ و تێكۆشه‌رێكی دیارو كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو، خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كی ناسكی شیعریش بوو، له‌و رووه‌وه‌ به‌رهه‌میشی زۆره‌، به‌ڵام  نه‌یویستووه‌ چاپ بكرێن و وه‌سێتی كردووه‌ كه‌ كۆچی دوایی كرد ئینجا بۆی چاپ بكه‌ن.

مامه‌ جه‌مال تێكۆشه‌رێكی ماندووی كوردستانی بوو، به‌ڵام وه‌ك زێدی خۆی خۆشه‌ویستییه‌كی زۆری بێ ئه‌ندازه‌ی بۆ شاری سلێمانی هه‌بوو، یه‌كێك له‌ ناسكترین شیعره‌كانی خۆی بۆ ئەو شاره نووسیوه‌ و  له‌و شیعره‌دا پێیوایه‌ كه‌ به‌هه‌شتی یه‌زدان له‌سه‌ر شێوه‌ی سلێمانی دروستكراوه‌.

print

 95 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*