سەرەکی » وتار » دەنگی خاك: یا هاوار‌و ناڵەی گەلێك!

دەنگی خاك: یا هاوار‌و ناڵەی گەلێك!

خەلیل عەبدوڵڵا

وەتەن گیان‌و سەرو ماڵم فیدای تۆ
وەگیانی من كەوێ‌ دەرد‌و بەڵای تۆ
لەپێناوت دەنێم سەر تا بزانی
من رۆڵەیەكی ئازاو بەوەفای تۆ

هێمن

دەنگی خاك، كتێبێكی گەورەی 764 لاپەڕەییە،كە تێیدا كاك(حەمەی حەمە سەعید) بیرەوەرییەكانی ساڵانی تێكۆشانی لە (1976-1991) دەگێڕێتەوە. خوێندنەوەی ئەم بیرەوەرییانە وەك خوێندنەوەی هەر رۆمانێكی وەك (ژانی گەل، حەمەدۆك، دایك) وایە، بەڵام جیاوازی لەگەڵ ئەو رۆمانانە ئەوەیە، ئەوان بەرهەمی خەیاڵ‌و ئەندێشەی نووسەرن،كەچی دەنگی خاك پانۆرامای راستەقینەی ژیانی پێشمەرگەیەكی رێگای رزگاری كوردستان‌و تێكۆشەرانی دیكەی هاوخەباتێتی.

ئەم كتێبە كە ناوی (دەنگی خاك)ە ‌و ئیلهامی ناوەكەی لەرۆمانێكی یەشار كەمال وەرگیراوە، تەنھا دەنگی خاك نییە، بەڵکو هاوار‌و ئاهو ناڵە‌ی گەلێكە بۆ ئازادی، لەو پێناوەشدا روبارێك خوێنی بەخشیوە.

ئەوەی لەم كتێبەدا زۆر سەرنجی راكێشام ئەوە بوو، كە كاكە حەمە هێشتا مێرمنداڵ‌و خوێندكاری ناوەندی بووە، لەدوای شكستی شۆڕشی ئەیلول خۆڕسكانە لەدژی پڕۆژەی بەبەعسیكردنی زێد‌و نیشتمانەكەی دەوەستێتەوە، ئەوێك گوند‌و ناوچەكەی هەر بەئازادی دیوە،پێی قبوڵ ناكرێ‌،داگیركەر چەپۆكی رەشی بەسەردا بكێشێ‌. هەربۆیەش لەگەڵ دوو هاورێیدا دژی پڕۆژەی دزێوی بەبەعسیكردن دەوەستنەوە،بۆ مەبەستەش شەوان بەدزییەوە تفەنگەكەی باوكی دەردەهێنێ‌، كە هی شۆڕشی ئەیلول بووە‌و حەشاری داوە، بۆ دوو هاوڕێكەشی دوو تفەنگی دارین دروست دەكات، شەوان دەموچاویان هەڵدەبەستن‌و دەچنە سەر ئەوماڵانەی كە بەپیر پرۆژەكەی بەعسەوە چوون‌و بوون بەبەعسی، بەناوی پێشمەرگەوە هەڕەشەیان لێدەكەن كەواز بهێنن، بەوەش ترس دەخەنە دڵی تازە بەعسییەكانەوە‌و لەترسا ژێوان دەبنەوە.ئیدی ئەو دەبێتە جێگەی سەرنجی پێشمەرگە‌و بانگی دەكەن بۆ لای خۆیان، وەك چاوساغ‌و رێنیشاندەر سوودی لێوەردەگرن، لەشەوانی نوتەك‌و ئەنگوستەچاودا بەدزییەوە، پێشەنگیان دەبێ‌ بۆ شارو ماڵ‌و شوێنەكانی دوژمن، ئیدی كاكە حەمە دەبێتە جێگەی متمانەی شۆڕش‌و بەعسییەكانیش چاوی لێخافڵ ناكەن‌و چاودێری دەكەن، هەربۆیەش لەو تەمەنە كەمەدا بەیەكجاری شار بەجێدێلێ‌‌و دەبێ‌ بەپێشمەرگە.

لەبیرەوەرییەكانیدا ئەوە سەرنجی راكێشام، كە ساڵی 1977، كەمێرمنداڵێكە خولیای ئەوە دەبێ‌ رۆژانە یاداشتەكانی پێشمەرگایەتی تۆمار بكات،دەست پێدەكات، ئەحمەد گریانەیی‌و عەلی شامار كە بەرپرسی دەبن لێی دەكەونە گومانەوە‌و دەفتەرەكەی لێدەسێنن‌و دەیدڕێنن، پێی دەڵێن لەبەر باری ئەمنی ئەو كارە نەكات، ئەویش بەنا بەدڵی وازی لێدەهێنێ‌‌و پاش ساڵێك كە كاكە حەمە خۆی دەبێ‌ بەفەرماندەی مەفرەزە دەست بە یاداشت نووسینەوە دەكاتەوە‌و كۆڵ نادا!

ئەوە جێی سەرنج‌و تێڕامانە كە ئەم گەنجە لەو تەمەنەدا بیر لەوە دەكاتەوە كە یاداشت‌و بیرەوەری خۆی بنوسێتەوە، لەكاتێكدا چەندین بەرپرسی گەورەو دیار لەشۆڕشەكانی كوردستاندا یەك دێڕیان نەنووسیوەتەوە.

كاكە حەمە ئەم بیرەوەریانە بۆ ماوەی دەساڵ لەچەند دەفتەرێكدا دەنووسێتەوە،دوای ئەنفالەكان لەگوندی هاوارە كۆن لەگەڵ چەند نامەو بەڵگەدا لەژێر خاكدا دەیانشارێتەوە،حەز ناكات بیانباتە ناو خاكی ئێرانەوە، بەئومێدی ئەوەی لەدەرفەتێكی تردا بێتەوە‌و هەڵیان بگرێتەوە،دوای راپەڕین دەچێتەوە ئەو گوندە بۆ یاداشتەكانی، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو گوندە، بەعس داری بەسەر بەردییەوە نەهێشتووە، یاداشت‌و بەڵگەكانی نادۆزێتەوە‌و ون دەبن .بەناچاری دواتر جارێكی تر ئەو یاداشتانە دەنووسێتەوە.

ئەم یاداشتانە مێژووی دەساڵی تێكۆشانی كاكە حەمە دەگێڕیتەوە، تێكۆشانی خۆی‌و خانەوادەكەی كە لە هەردوو دیوی باشور‌و خۆرهەڵاتی كوردستان‌و هاوڕێ‌و هاوخەباتی بوون، باوكی‌و دوو برای دیكەی پێشمەرگە بوون و « دوو براکەی گیانیان بەکوردستان بەخشیوە»، دایك‌و خوشكەكانیشی لە‌و رۆژە سەختانەدا هاوڕێی بوون‌و لەخزمەتی هێزی پێشمەرگەدا بوون.
یاداشتەكانی بەشێوەیەكی ئەدەبی جوان نوسراون، كاریگەری رۆمانی حەمەدۆك‌و یاداشتەكانی نەوشیروان مستەفای لەسەرە‌و لەرێی شێوازی نووسین‌و داڕشتنەوە سوودی لێوەرگرتوون.
كاریگەری شیعرەكانی گۆران‌و قانع‌و ئەحمەد موختار بەگی لەسەر بووە‌و ئیلهامی لێوەرگرتوون‌و لەچەند شوێنێكدا باسیان دەكات.
كاكە حەمە لەلاپەڕە 136ی ئەم كتێبەدا،باشی ئاوێتەبوونی خۆی‌و پێشمەرگەكان بەسروشتی بەهاری هەورامان دەكات‌و دەڵێ‌(لەبن هەر دارێكدا پشوومان بدایە، بەباوەشێنی سرووە ئارەقەیان دەسڕین‌و ماندووبوونیان لەبیر دەبردێنەوە. باڵندەكانیش بەسەما‌و چریكەی دڵگیر، بەئاوازی خۆش‌و رەنگا‌و رەنگ ناخیان دەكردینە هێلانەی شادی،دیمەنی جوان‌و دڵگیری گوڵە كێویلەكان بەعەترباران‌و قەڵبەزە‌و تافەكانیش بەسەدای خۆڕەیان مەستیان دەكردین).

لەشوێنێكی تردا نوسیویەتی( زێی سیروان ئەسپەشێ‌ ئاسا چەپۆكانی دەكرد وەكو دەروێشێكی حاڵێهاتوو سەری دەدا بەكەنارەكانی ئەمبەر‌و ئەوبەردا، چەشنێ‌ هاواری دەكرد‌و لرفەی لێهەڵدەسا‌و دەیناڵاند، وەك بەئێمە بڵێ‌ رۆڵەكانم ئێوەش رێگای دژوارتان لەبەرە).
دوای وێرانكرنی گوندەكان لەلایەن بەعسەوە، لەشوێنێكی تر‌و بەرەبەیانێك لەلای گوندێكی روخاودا‌و دەڵێ‌:خۆر لەپشتی چیاكەوە وەستاوە، دڵی نایەت هەڵبێ‌ ئەو گوندە وێران بووە ببینێ‌).

چەندین وێنە شیعری دیكەی جوان لەم كتێبەدا هەیە كە وەك گەشتی هەورامانەكەی گۆران، جوانی سروشتی هەورامان دەنەخشێنێ‌.
ئەم كتێبە خەبات‌و بەرخودانی نووسەرو پێشمەرگەكانی شۆڕشی نوێ‌ لە هەورامان‌و ناوچەكانی دیكە دەگێڕێتەوە،كە چەند بەناخۆشی‌و كولەمەرگی ئەو قۆناغەیان بڕیوە ماندووبوونی خەڵك‌و ئارەقە‌و خوێنی گەشی پێشمەرگە داستانەكانی بەرگری‌و سەركەوتنی
نووسیوەتەوە.نەك هەر ئەوە باسی مێژووی گوند‌و ناوچە‌و خەڵكەكان‌و شاخ‌و دۆڵ‌و درەختی ناوچەكەش دەكا.

خاڵێكی دیكەی تری جێی بایەخ لەم كتێبەدا ئەوەیە كەچەندین وشەی نوێی شێوەزاری هەورامی بەكارهێناوە، كە وشەی رەسەنی كوردین، خۆزگە لە كۆتایی كتێبەكەدا فەرهەنگۆكێكی بۆ دەكرا‌و مانای وشەكان دەخرانەروو.

ئەم كتێبە كتێبێكی مێژوویی گرنگ‌و پڕ بایەخە‌و بەشێكی شۆڕشی نوێی كوردستانی تۆمار كردووە، كە ئەچێتە نێو تۆماری مێژووی گەورەی كوردستانەوە.
دەستخۆشی لەكاك حەمەی حەمە سەعید ئەكەم بۆ تۆماركردنی ئەم بیرەوەریانە كە زۆر پێوەی ماندوو بووە،بەڵام ماندووبوونەكەی بەخەسار نەچووە‌و كەلێنێكی مێژووی شۆڕشی نوێ‌‌و كوردستانی پڕ كردۆتەوە.

print

 25 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*