کوبا و کۆرونا

پێدەچێت خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم ناونیشانەدا بپرسێت کە ئاخۆ ناوی ڤایرۆسێکی کوشندە چ پەیوەندییەکی بە وڵاتێکی جوانی ئەمریکای لاتینەوە هەیە؟ بەڵام ئەگەر سەیری هەواڵەکانی ئەم چەند مانگەی پێشوو بکەیت، لە چەندین شوێنی جیهان، هەواڵی گەیشتنی هاوکاریی مرۆیی کوبا و تیمی پزیشكی کوبا دەبیسترێت، جا لە ئەوروپا بێت یان لە چین و ئێران و وڵاتانی عەرەبی بێت.

پرسیاری گرنگیش لێرەدا ئەوەیە، باشە وڵاتێکی بچووک کە ماوەی شەست ساڵێک دەبێت لە ژێر گەمارۆیەکی قورسی ئابووریی و سیاسی و تەکنەلۆژیدا بێت، چۆن دەتوانێت هاوکاریی وڵاتانی جیهان بکات، لە کاتێکدا تەواوی وڵاتە مەزنەکانی جیهان ناتوانن هاوکاریی یەکتریی بکەن لەم تەنگەژە گەورەیەدا؟ هەروەها ئایا کوبا چی هەیە کە بیدات بە جیهان؟ یان بۆچی ئەم هاوکارییە دەنێرێت؟

کوبایەک کە ژمارەی دانیشتوانەکەی هێندەی قەزایەکی چین نابێت، ئابوورییەکەی هێندەی ئابووریی شارێکی ئیتالیا نەبێت، چۆن دەتوانێت هاوکاریی بۆ چین و ئیتالیا بنێرێت؟

لەماوەی پێشوودا لە بەشێکی زۆری میدیاکانی جیهاندا باسی رۆڵی کوبا کرا لەم تەنگەژەیەدا، هەمووانیش بە باشی وەسفی دەکەن جگە لە ئەمریکا، هەموو کاتێکیش وڵاتان لە تەنگەژە گەورەکاندا رۆڵیان دەردەکەوێت.

لێرەدا هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە و چەند زانیارییەک دەربارەی ئەم وڵاتە بە خوێنەری کوردی بدەم، هەر لەناو چەند میدیایەکی کوردیدا باسی ئەم لایەنە نەکرا و زیاتر باسی وڵاتە زلهێزەکان کرا.

بەداخەوە بەگشتی خەڵکی لای ئێمە زانیاریی زۆر کەمیان لە بارەی ئەم وڵاتەوە هەیە، ئەوەشی زانیاری هەبێت زۆر سنووردارە، کاسترۆ دەناسن، دەشزانن کە وڵاتێکی کۆمۆنیستییە، ئەوەشی ئەهلی مەشروب و جگەرەکێشان بێت، دەزانێت کە کوبا جگەرەی باش و خواردنەوەی هاڤاناشی هەیە و تەواو. بەڵام ئەم وڵاتە زۆر خاڵی جوانی تری هەیە، کە باس ناکرێت.

وڵاتێکی بچووک لەپەنا زلهێزێكی گەورەدا

کوبا یەکێکە لە وڵاتە بچووکەکانی کیشوەری ئەمریکای لاتین، رووبەری گشتی ئەم وڵاتە 109.884 کیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 12 ملیۆن کەس دەبێت. لە رووی ئابوورییەوە زۆرباش نییە، کۆی گشتیی داهاتی ئەم وڵاتە 8.433 ملیارد دۆلارە، زیاتر پشت بە هەناردنی نیکل و شەکر و جگەرە و داودەرمان دەبەستێت و لەم چەند ساڵەی پێشوودا کەرتی گەشتیاریی پێشکەوتووە، بەتایبەتی لەپاش کەمێک ریفۆرم و کرانەوە بە رووی جیهاندا. هەروەها رەوەندێکی زۆری کوبا لە ئەمریکا دەژین کە ژمارەیان دەگاتە سەرو یەک ملیۆن کەس، واتە دەکاتە نزیکەی 10%ی دانیشتووانی کوبا کە کە ساڵانە پارە بۆ خێزانەکانیان دەنێرن، ئەمەش تاڕادەیەک رۆڵی لە داهاتی کوبادا هەیە.

کێشەی گەورەی ئەم وڵاتە دراوسێیەکی گەورە و خراپی هەیە، ئەویش ئەمریکایە، لە پاش شۆڕشی 1956 و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە بەسەرۆکایەتی ڤیدڵ کاسترۆ و چی گیڤارا، بەتەواوەتی پەیوەندییان تێكچوو.

هەرچەندە لەسەردەمی ئۆبامادا پەیوەندییەکانیان تاڕادەیەک ئاسایی بۆوە، بەڵام بەهاتنە سەرکاری ترەمپ، دووبارە پەیوەندییەکان تێكچۆوە.

سێ خاڵی بەهێزی کوبا

بەهەرحاڵ لێرەدا بواری باسکردنی مێژووی کوبا نییە، دیارە حکومەتی کوباش لایەنی خراپی هەیە و وڵاتێکە یەک حزب حوکمی دەکات و ماوەیەکی زۆریشە بنەماڵەی کاسترۆ حوکمی وڵات دەکەن، بەڵام لە ماوەی ئەم شەست ساڵەی کاسترۆ و کۆمۆنیستەکاندا، چەند لایەنێکی باشیان هەبووە، دەتوانم باسی سێ خاڵی گرنگ بکەم:

یەکەم: ئەم وڵاتە لەچاو وڵاتانی تری ئەمریکای لاتین، باندی مافیا و بازرگانیی بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەری تێدا نییە، بەداخەوە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەمریکای لاتین بە گەورەو بچووک و دەوڵەمەند و هەژارەوە، بەدەست ئەم کێشە گەورەیەوە دەناڵێنن، بەڵام کوبا ئەم کێشەیەی نییە، ئەمەش خاڵێکی جوان و بەهێزێتی.

دووەم: توانی بەسەر نەخوێندەوارییدا زاڵبێت و ژمارەیەکی زۆری ئەکادیمیش دروست بکات، بە تایبەتی لە رووی پزیشك و کارمەندانی تەندروستیی، کە ئێستا بوونەتە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئەم وڵاتە.

سێهەم: خاوەنی سیستمێکی تەندروستیی زۆر باشە، بۆ نموونە بۆ هەر 1000 کەس، 75 دکتۆری بەردەکەوێت. کوبا لەم لایەنەوە لە ریزی پێشەوە وڵاتانی جیهاندا دێت و لە پێش دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریکاشەوەیە. لە رووی مردنی منداڵیشەوە بۆ هەر 1000 منداڵ، رێژەی 5% هەیە لە کاتێکدا لە ئەمریکا کە یەکەمین زلهێزی ئابووریی جیهانە رێژەی مردنی منداڵ تێیدا 6.6% .

نەرمە هێزی کوبا

سیستمی تەندروستیی کوبا وەکو دەڵێن: Soft power” هێزی نەرم یان ناسکی” ئەم وڵاتەیە، زۆرجاریش وەکو سیاسەتێکی ئابووریی بەکاری دەهێنێت، بۆ نموونە لەکاتی سەرۆکایەتی هۆگۆ شاڤێز لە ڤەنزوێلا، رۆژانە ڤەنزوێلا 80 هەزار بەرمیل نەوتی بۆ کوبا دەنارد، لەبەرامبەردا کوبا 30 هەزار پزیشک و مامۆستای بۆ نارد، هەردوولاش سوودیان وەرگرت، چونکە ئەو بڕە نەوتە توانیی ئابووریی کوبا بەهێز بکات، لەبەرامبەریشدا شاڤێز توانی لە رێگەی پزیشکان و مامۆستای کوباییەوە، بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانی جیبەجێ بکات و خزمەتی زیاتری هاووڵاتیەکانی خۆی بکات.

ناردنی پزیشک و کۆمەک

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەماوەی پێشوودا ناردنی هاوکاریی مرۆیی و پزیشكی بۆتە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی کوبا، کە کاسترۆ نازناوی “سوپای بەدلە سپییەکان” ی بۆ دانابوون. کاسترۆ بە ئەزموون بۆی دەرکەوت کە ناردنی ئەم بەدلە سپییانە لە ناردنی بەدلە خاکییەکان”سەرباز” بۆ وڵاتان باشترە، چ لەرووی سیاسیی و ئابوووریشەوە، سوودی زیاتری پێ دەگەیەنێت، لەکاتێکدا ناردنی سەرباز و چەک بۆ وڵاتان تووشی کێشەی گەورەی کرد و زەرەری زۆری لێدا.

لەساڵی 1963 ەوە تا ئێستا حکومەتی کوبا 600 هەزار شاندی پزیشكیی بۆ 164 دەوڵەتی جیهان ناردووە، ئەمەش بەتایبەتی لەکاتی روودانی کارەساتەکاندا، هەمیشە کوبا ئامادەبووە پزیشک و پێداویستیی پزیشکی بۆ ئەو وڵاتانە بنێرێت.

لە هەموو کارەساتێکدا کوبا ئامادەیە یارمەتیی بنێرێت. جگەلەوەش ئێستا نزیکەی 30 هەزار پزیشکی کوبا لە 67 وڵاتی جیهاندا کار دەکەن، ئەمەش چ لە رووی ئابووریی و چ لە رووی سیاسەتی دەرەکییەوە سوود بە کوبا دەگەیەنێت.

لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا، یەکەمین وڵات کە هاوکاریی بۆ چین نارد، کوبا بوو، پاشانیش هاوکاریی بۆ ئێران نارد، ئیتالیا زۆر بەخراپی تووشی ئەم ڤایرۆسە بوو، بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپا پشتیان تێکردو دەرگایان بەروودا داخست، بەڵام کوبا لە پێش وڵاتانی ئەوروپاوە یارمەتیی بۆ ئیتالیا نارد، بۆ ئیسپانیاش کە ماوەیەکی زۆر داگیرکەری کوبا بوو، بۆ سربیا، هەمووکاتێکیش میدیاکانی جیهان بە گرنگییەوە باسی ئەم شاندانەی دەکرد، کاتێک تیمی کوبایی گەیشتە سربیا، سەرۆکی سربیا خۆی پێشوازیی لە تیمەکە کرد.

لە ئیتالیا و ئیسپانیا زۆر بە گرنگییەوە باسی ئەو تیمەی کوبا کرا. ئێستاش ئەڵمانیا دەیەوێت لەگەڵ کۆمپانییایەکی کوبادا رێکبکەوێت بۆئەوەی هەندێک دەرمانی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێبکڕێت، هەموو ئەمانەش سیمایەکی جوانی بەو وڵاتە بەخشیووە.

دەرئەنجام

لە ئەزموونی کوباوە ئەوە فێر دەبین، مەرج نییە هەر وڵاتێک دۆلار و نەوت و گازی نەبوو، ئیتر ناتوانێت رۆڵ بگێڕێت لە کارەسات و تەنگەژە گەورەکاندا. هەروەها ئەوەشمان پێدەڵێت، سامانی گەلان تەنها بە بوونی نەوت و گاز و کارگە و یەدەگی دۆلار ناپێورێت، بگرە بوونی کەسانی ئەکادیمیی و پسپۆڕ و زاناش، ئەمانەش سامانێکی گەورەی وڵاتانن، ئەگەر حکومەتێکی حەکیم هەبێت، دەتوانێت بەباشترین شێوە سوود لەهێز و توانای مرۆیی گەلەکەی وەربگرێت.

سەرچاوەکان: Kubas Ärzte könnten

  

print

 197 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*