سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » (کوردستان)، پەنجەرەیەک بۆ تێگەیشتن لە سەرەتاتکێی دامەزراندنی ستایڵێکی جیاوازی رۆژنامەوانی…

(کوردستان)، پەنجەرەیەک بۆ تێگەیشتن لە سەرەتاتکێی دامەزراندنی ستایڵێکی جیاوازی رۆژنامەوانی…

لە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد دا

ئەم نووسینە، پێشەکی کتێبی ( کوردستان، ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆژانەیە) یە کە لەلایەن نووسەرو ڕۆژنامەنووس ستران عەبدوڵڵاوە نووسراوە… ئەم کتێبە كۆششێكی تری خه‌مخۆرانی ئه‌رشیفی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییە کە چاپكردنی (5) پێنج ژماره‌ نازدار ‌و ده‌گمه‌نه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی (كوردستان)ی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەدو مام جەلالە، کە یەکەمیان خاوەنی ئیمتیازو دووەمیان سەرنووسەری بووە، کە لەلایەن ھەردوو توێژەر د. ھیمداد حوسێن و نەوزاد عەلی ئەحمەدەوە ئامادەکراوەو کوردستانی نوێ چاپی کردو لە دوو مەراسیمی جیاواز لە سلێمانی و ھەولێر دابەشکرا…

ئەم نووسینە لە سایت و پەیجی کوردستانی نوێ لەیادی ٢٠ ساڵەی کۆچی دوایی مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد بڵاو دەبێتەوە:

كۆششێكی تری خه‌مخۆرانی ئه‌رشیفی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی دیارییه‌كی به‌نرخ پێشكه‌شی كتێبخانه‌ی كوردی ‌و مێژووی روناكبیری ‌و سیاسیی گه‌له‌كه‌مان ده‌كات. چاپكردنی (5) پێنج ژماره‌ نازدار ‌و ده‌گمه‌نه‌كه‌ی رۆژنامه‌ی (كوردستان) وه‌ك ئه‌زموونێكی چۆنایه‌تی، به‌ڵام به‌ئاكام نه‌گه‌یشتووی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی گه‌لی كوردستان ‌و ره‌وتی لێی دانه‌بڕاوی رۆژنامه‌نووسی كوردی له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا.

ناسنامه‌ی رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ: رۆژنامه‌یه‌كی سیاسیی رۆژانه‌یه‌- خاوه‌ن ئیمتیاز: ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ‌و سه‌ره‌ك نووسینی لێپرسراو: پارێزه‌ر جه‌لال تاڵه‌بانی- له‌ چاپخانه‌ی كوردستانی نوێ چاپكراوه‌ به‌ڵام ئه‌دگار ‌و ناوه‌رۆكی هه‌ر پێنج ژماره‌ چیرۆكی قوڵی پێكه‌وه‌ گرێدانه‌وه‌ی خه‌باتی سیاسیی كوردایه‌تی ‌و خه‌باتی رووناكبیریی كورده‌واری به‌ دره‌وشاوه‌ترین شێوه‌یه‌ ده‌گێرنه‌وه‌.

پێنج ژماره‌كه‌ی (كوردستان) له‌كاتێكی ته‌نك ‌و ته‌نگانه‌ی تێكچوونی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی عیراق ‌و بزووتنه‌وه‌ی كورد، وێستگه‌یه‌كی چۆنایه‌تی له‌ ره‌وتی روناكبیری (رۆژنامه‌وانیی) ‌و سیاسی كوردستان له‌ به‌شی كوردستانی باشوور ده‌رده‌خات. وێستگه‌یه‌ك هاوشێوه‌ی رۆژنامه‌ی (كوردستان) -ی دایك كه‌ به‌درخانییه‌كان بۆ به‌رده‌وامبون ‌و پارێزگاری لێ كردنی پایته‌خته‌ ‌و پایته‌خت گواستیانه‌وه‌ تا ئه‌م ئامرازه‌ گرنگه‌ی خه‌باتی سه‌ده‌ی بیسته‌م بمێنێ ‌و (كوردستان) ی سه‌رزه‌مین بكاته‌ كێوماڵی خاوه‌نانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی: كوردستانیان… ‌و خه‌ون ‌و ئه‌ندێشه‌ی كوردایه‌تی له‌سه‌ر كاغه‌زه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌رز.
ده‌مێك ساڵه‌ هه‌ردوو رووناكبیر ‌و ئه‌كادیمستی چالاك، پرۆفیسۆر د. كاك هیمداد حسێن ‌و كاك نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د، چاكی مه‌ردایه‌تیان لێ كردووه‌ به‌لادا ‌و كنه‌ ‌و پشكنین له‌سه‌ر ئه‌رشیف ‌و یاده‌وه‌ری زیندووی رۆژنامه‌نووسیی كوردی ده‌كه‌ن. هه‌ریه‌كه‌یان له‌ قۆڵێكه‌وه‌ كۆشش ده‌نوێنن. وا ئه‌مجاره‌ پێكه‌وه‌، له‌یه‌ك كاری هاوبه‌شدا، دیاری زێرینی خۆیان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌. وه‌ك هه‌میشه‌ ده‌ستیان خۆش بێت.

له‌م پێشه‌كییه‌دا ئێمه‌ وه‌ك ماڵباتی كوردستانی نوێ جگه‌ له‌ ده‌ستخۆشی ‌و پیرۆزبایی، مه‌به‌ستمان نییه‌ قسه‌ له‌ قسه‌ی هیچ ئه‌كادیمستێكی كوردستانی بده‌ین كه‌ به‌ به‌ڵگه‌ ‌و دیاری ده‌سته‌وه‌ دۆسێی رۆژنامه‌ی (كوردستان) ‌و پێنج ژماره‌ ناوازه‌كه‌ی هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌. به‌م كاره‌ ئاواتێكی له‌ مێژینه‌ی تر دێته‌ دی كه‌ هه‌ر خزمه‌ت نییه‌ به‌ مێژووی كورد، كارێك كه‌ زۆر كه‌س ‌و دامه‌زراوه‌ دڵسۆزانه‌ له‌سه‌ری ده‌رۆن ‌و خزمه‌تی ده‌كه‌ن، به‌ڵام وایده‌بینین سه‌رله‌نوێ بڵاوكردنه‌وه‌ی كۆی ژماره‌كانی هه‌ر رۆژنامه‌ ‌و گۆڤارێكی كوردستانی خزمه‌تێكی گشتگیر ‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ كه‌ ده‌شێ له‌م خاڵانه‌دا كورت بكرێنه‌وه‌:

أ-به‌شێكی رووداو ‌و به‌سه‌رهاته‌كانی كوردستان، وه‌ك چۆن له‌كاتی خۆیدا روویان داوه‌ له‌ زمانی كورد ‌و چاوی كورده‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌. ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر بۆ مێژووی میلله‌تانی تر رۆژژمێر ‌و یاداشتێكی ئاسایی بێت، بۆ مێژووی كورد ‌و كوردستان بایه‌خێكی چۆنایه‌تی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌، نه‌خاسمه‌ كه‌ زۆری لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و مێژووه‌ خه‌ڵكی تر ‌و زۆربه‌ی جاریش به‌ مه‌به‌ستی شێوان ‌و جێگیركردنی دۆخی داگیركاری كوردستان نووسیویانه‌ته‌وه‌ ‌و تۆماریان كردوون. له‌م دۆخی شێواندنه‌دا رۆژنامه‌ كوردییه‌كان سه‌كۆیه‌كی عادیلانه‌ی شایه‌تی كوردن له‌سه‌ر مێژووی خۆی ‌و روایه‌تی ساخته‌ی داگیركه‌ران له‌ قاو ده‌ده‌ن. له‌مه‌دا رۆژنامه‌ ‌و گۆڤاره‌كانی كورد وه‌ك هه‌ر به‌ڵگه‌ ‌و نووسراوێك رۆڵی مێژوویی وا ده‌گێرن كه‌ له‌ هه‌ر به‌ڵگه‌ ‌و نووسراوێكی سه‌نگین چاوه‌ڕوان ده‌كرێن.

ب-رۆژنامه‌ ‌و گۆڤاره‌كان تۆماری ئه‌ندێشه‌ ‌و شێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێری سیاسیی ‌و روناكبیری كوردن، وه‌ك ئه‌و كاته‌ی لێی دواون ‌و باسیان كردووه‌. لاپه‌ڕه‌ی چاپ ‌و بڵاوكراوه‌كانمان ئه‌و ئه‌ندێشه‌ ‌و ڕوانیانه‌ به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌، بێ رتوش ‌و ده‌ستكاری دره‌نگ وه‌ختی كاره‌كته‌ره‌كان، تۆمار ده‌كه‌ن ‌و ده‌یگوازنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش یارمه‌تییه‌كی سه‌رباره‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ ئاراسته‌ی رووداوه‌كان.

ج-رۆژنامه‌ ‌و گۆڤاره‌كان زه‌كات ‌و به‌راتی به‌شێكی مێژووی خۆشمانی پێوه‌یه‌، وه‌ك رۆژنامه‌نوسان ‌و ته‌یفی روناكبیرانی كورد. ناوه‌رۆكی هه‌واڵ ‌و راپۆرت ‌و وتاره‌كان، مانشێت ‌و وێنه‌ ‌و دیزاینه‌كان، چاپ ‌و تیراژ ‌و شوێنی ده‌رچوون، زمان ‌و رێنووس ‌و شێوه‌ی داڕشتن ‌و جێگه‌ ‌و ئه‌وله‌ویاتی دانانی بابه‌ته‌كان، هه‌روه‌ها ده‌قی ئه‌ده‌بیات ‌و داهێنانه‌كان، ئاستی پێگه‌یشتن ‌و تێگه‌یشتنی رۆژنامه‌نووسان ‌و رووناكبیران له‌ ره‌وتی گه‌شه‌كردنی خۆیان بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنی ئه‌زموون ‌و پاراستنی یاده‌وه‌ری ‌و خه‌زینی رۆژنامه‌وانیمان هه‌ر زۆر گرنگه‌. به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر كۆپی رۆژنامه‌كانی له‌گه‌ڵ بێت، تا نموونه‌كه‌ به‌ جوانترین شێوه‌ به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن.

ئه‌رشیفی ژماره‌ ئه‌سڵییه‌كانی رۆژنامه‌ ‌و گۆڤاره‌كان ده‌رس ‌و وانه‌ی خۆماڵی ‌و ڕه‌سه‌نن بۆ نه‌وه‌ جیاجیاكانی كایه‌ی رۆژنامه‌نووسی كوردی تا خه‌سڵه‌ت ‌و ڕه‌گی قووڵی كاری پێشینان ‌و باوكه‌ دامه‌زرێنه‌ره‌كانی رۆژنامه‌نووسیمان، ببینن.

وا تێده‌گه‌ین له‌و كاته‌ی هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی كۆشش ‌و كاری بنچینه‌یی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ ‌و گۆڤاره‌ بۆ سبه‌ی ‌و دوو سبه‌ی ‌و رۆژانی داهاتوو، هه‌مان كات به‌شداریكردنیشی له‌ ئه‌رشیفسازی دوێنێ ‌و پیرێ ‌و رۆژانی دێرینی ئه‌زموونی رۆژنامه‌نووسیمان ئه‌ركێكی هه‌م رۆژنامه‌وانیی ‌و هه‌میش مێژووییه‌. هه‌روه‌ها به‌شێكیشه‌ له‌ خه‌زین ‌و ئه‌زموون ‌و بانكی یاده‌وه‌ری ‌و زانیاری كه‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی حه‌ریف بۆ ئه‌وه‌ی بمێنێ ‌و گه‌شه‌ بكات ناتوانێ ده‌ستبه‌رداریان بێت.

ئه‌و دۆستانه‌ی له‌كایه‌ی ئه‌رشیفسازی رۆژنامه‌نووسی كوردیدا كار ده‌كه‌ن ‌و به‌رهه‌می وه‌ك چاپكردنه‌وه‌ی (كوردستان) سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌كه‌نه‌ خه‌ڵاتی مێژوو، گه‌ره‌كه‌ لای هه‌موو دامه‌زراوه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی ‌و ئه‌ندام ‌و كارگێره‌كانی وه‌ك دوو فریشته‌ی خێر سه‌یر بكرێن كه‌ له‌سه‌ر شانی هه‌ریه‌كێكمانن و ره‌نجی شان ‌و كۆششی بیر ‌و بازوو، نامه‌ی ئه‌عمالی چاكه‌ ‌و خراپه‌ی ئه‌زموونی رۆژنامه‌نوسیمان تۆمار ده‌كه‌ن ‌و هه‌قی ئه‌ده‌بی خۆمانمان ده‌ده‌نێ هه‌تا ئه‌گه‌ر رۆژ ‌و رۆژگاریش له‌گه‌ڵمان بێ مره‌وت بن.

ئه‌گه‌رچی له‌ پێشه‌كی ‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ردوو برای خۆشه‌ویستمان كاك هیمداد ‌و كاك نه‌وزاد ورده‌كاری زۆر به‌نرخ له‌سه‌ر رۆژنامه‌ى (كوردستان) نووسراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام خراپ نییه‌ كه‌ گێرانه‌وه‌یه‌كی به‌ ئه‌مانه‌تی به‌رێز مام جه‌لال سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه‌ بگێرینه‌وه‌ كه‌ ساڵی 1999 له‌ سیمنارێكی خولی دوو هه‌زاری كوردستانی نوێ له‌سه‌ر ئه‌زموونی رۆژنامه‌نووسی به‌رێزیان پێشكه‌شی خوێندكارانی خوله‌كه‌ی كرد. مام جه‌لال دوو هۆكاری سه‌ره‌كی باسكرد كه‌ باعیسی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی (كوردستان) بوو. یه‌كێكیان ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌گوێره‌ی یاسای نوێی رۆژنامه‌نووسی كه‌ حكومه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له‌و كاته‌ دره‌نگ وه‌خته‌ی شۆرشی 14 ی ته‌موز بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ژیانی سیاسیی گشتی وڵات ده‌ریكردبوو، به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ خاوه‌ن ئیمتیازی رۆژنامه‌ ده‌توانێ ناوی رۆژنامه‌كه‌ بفرۆشێ یان بیبه‌خشێ به‌ كه‌سێك یان دامه‌زراوه‌یه‌كی تر، بێ ئه‌وه‌ی ناچار بێت له‌گه‌ڵیا ئیمتیاز ‌و مۆڵه‌تی ده‌ركردنی رۆژنامه‌كه‌ ببه‌خشێت. به‌مجۆره‌ مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د رۆژنامه‌كه‌ی كرد به‌ ناوی پارتییه‌وه‌ كه‌ خۆی سكرتێری بوو، مافی ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌كی تریشی به‌ده‌ست هێنا كه‌ به‌گوێره‌ی یاساكه‌ ئه‌و مافه‌ی هه‌بوو. ئه‌مه‌ش كردنه‌وه‌ی ده‌رگایه‌كی تر بوو به‌ رووی بزاوتی رۆژنامه‌وانیی كوردیدا له‌ به‌غدای پایته‌ختدا.

هۆكاری دووه‌می ئه‌وه‌ بوو كه‌ توانیمان رۆژنامه‌كه‌ به‌ زمانی كوردی ده‌ربكه‌ین، چونكه‌ رۆژنامه‌ی خه‌بات جووت زمان بوو، واتا به‌ عه‌ره‌بی ‌و كوردی بوو. مام جه‌لال له‌ چه‌ند دیداری تریشدا ئه‌م دوو هۆكاره‌ی گێراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌شێ له‌پاڵ به‌ڵگه‌گانی تری كاك نه‌وزاد باسی كردوون پشتی پێ ببه‌سترێت له‌ ساغكردنه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی (كوردستان).

لێكۆڵیارانی به‌رێزی رۆژنامه‌نووسی كوردی، له‌وانه‌ش كاك هیمداد ‌و كاك نه‌وزاد، ده‌زانن كه‌ ده‌رباز بوون له‌ جووت زمانی ‌و ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌ك كه‌ ده‌خوازرێ رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌ی گشتی بێت ‌و له‌ پایته‌ختی وڵاتیش ده‌ربچێت، چ وه‌رگۆرانێكی مێژوویی گه‌وره‌یه‌. كارێك كه‌ ئه‌ندێشه‌ی پێشكه‌وتووی خاوه‌ن ئیمتیاز ‌و سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌كه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ی سیاسیی ‌و رۆژنامه‌وانی كوردستانی ده‌رده‌خه‌ن.

له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌پاڵ به‌راورد له‌نێوان حزبی بوونی ڕاسته‌وخۆی خه‌بات ‌و ناحزبی بوونی رۆژنامه‌ی كوردستان، گرنگه‌ ئه‌م دیوه‌ روناكبیریی ‌و سیاسییه‌ش ببینرێ. هه‌ر وه‌ك له‌سه‌ر وتارێكی (كوردستان) خۆشی، ژماره‌ی (5) له‌ رۆژی 1/4/1961 له‌ ستایشی خه‌باتدا نووسراوه‌: (خه‌بات، له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ی ده‌رچوونی به‌ ئاشكرا له‌ 4ی مارتی (1959) ه‌وه‌ تا چه‌ند رۆژی له‌مه‌وبه‌ر، وه‌ك پارێزگاری جمهورییه‌ت ‌و دیموكراسی ‌و مافه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، وه‌ك رۆژنامه‌یه‌كی تێكۆشه‌ری نه‌به‌رد، وه‌ك چرایه‌كی گه‌شی رێگای خه‌باتی ئازادی ‌و دیموكراسی هه‌موو خه‌ڵكی عیراق، رێز ‌و ته‌قدیری خه‌ڵكی عیراقی وه‌رگرتووه‌) واتا رۆژنامه‌یه‌ك بوو بۆ رووماڵكردنی كۆی گشتی رووداوه‌كانی وڵاتی عیراق به‌ زمانی عه‌ره‌بی ‌و له‌ناویشیدا رووداوه‌كانی كوردستانی باشوور. به‌ڵام رۆژنامه‌ی (كوردستان) ویستراوه‌ رۆژنامه‌یه‌ك بێت بۆ كورد ‌و كوردستان كه‌ رۆژانه‌ به‌ زمانی كوردی ده‌ربچێت.

واتا له‌ (كوردستان) ره‌هه‌ندی كوردستانێتی زه‌قده‌بێته‌وه‌ له‌وكاته‌ی (خه‌بات) رۆژنامه‌ی به‌شداری عیراقیانه‌ی پارتی ‌و بزووتنه‌وه‌ی كورده‌ له‌ ره‌وتی دیموكراتیزه‌كردن ‌و به‌ ده‌ستوریكردنی سیاسه‌تی گشتی عیراقدا. بۆیه‌ وه‌ك چۆن به‌راورد له‌نێوان خه‌بات ‌و (كوردستان) له‌ چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ ره‌وا ‌و به‌جێیه‌، به‌راورد له‌نێوان ئه‌زموونی كه‌م ته‌مه‌نی كوردستان ‌و گۆڤارێكی سێ ساڵه‌ی وه‌كو (رۆژی نوێ) ش كه‌ له‌ دوای (14) ی ته‌موز له‌ سلێمانی ده‌رده‌چوو، خراپ نییه‌، چونكه‌ ئه‌م به‌راورده‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌ كۆی دیمه‌نی سیاسیی ‌و روناكبیری كوردستان له‌ ده‌ورانی كرانه‌وه‌ ‌و پاشان داخراوی ئه‌زموونی قاسم به‌رامبه‌ر به‌ كورد. (رۆژی نوێ)ش ئه‌گه‌رچی هه‌فتانه‌ ‌و له‌رووی كارگێرییه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆ بوو (خاوه‌ن ئیمتیازی پارێزه‌ر جه‌مال شالی ‌و سه‌رنووسه‌ری كامه‌ران موكری بوو) كه‌چی هه‌ر به‌شێك بوو له‌ كۆششی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی كورد. ئه‌گه‌رچی ئۆرگان نه‌بوو، به‌ڵام زۆری تێدایه‌ له‌سه‌ر پارتی ‌و بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تی ‌و به‌شێكی كۆششی بزووتنه‌وه‌كه‌ بۆ مافه‌كانی كورد ده‌رده‌خات وه‌ك (كوردستان)ه‌كه‌ی به‌غدا كه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئۆرگان بێت ده‌سته‌ خوشكی (خه‌بات) ی ئۆرگانه‌.

به‌ ورتیه‌كه‌ی (كوردستان) له‌م رووه‌وه‌ په‌نجه‌ره‌یه‌كه‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ سه‌ره‌تاتكێی دامه‌زراندنی ستایلێكی جیاوازی رۆژنامه‌وانی كه‌ بێ ئه‌وه‌ی ئۆرگانی ڕاسته‌وخۆ بێت به‌شێكی دانه‌بڕاو بووه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی سیاسی كوردستان. ئه‌م شانازیه‌ش له‌ مێژووی ئه‌م قۆناغه‌دا به‌ ناوی مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د، روناكبیری سیاسیی، ‌و مام جه‌لال، سیاسیی روناكبیر، تۆمار كراوه‌.

ئه‌م شانازییه‌ وه‌ك ئاوی سازگار شۆر بۆته‌وه‌ بۆ ناو روباره‌ گه‌وره‌كه‌ی رۆنامه‌گه‌ری كوردستان، بۆیه‌ پشتی نزیكه‌ی شه‌ش ده‌یه‌ دوو دۆستی كوردستانی نوێ، ئه‌و رۆژنامه‌ی به‌ رێكه‌وتی مێژوو یاخود ته‌واوی خه‌واتر بێت، ناوی چاپخانه‌كه‌ی چاپكه‌ری (كوردستان)ی هه‌ڵگرتووه‌، كۆششیان له‌سه‌ر كردووه‌‌و كردویانه‌ته‌ دیاری بۆ كتێبخانه‌ی كوردی ‌و له‌وه‌ش گرنگتر كردویانه‌ته‌ خه‌زینه‌ی كه‌ڵك لێ وه‌رگرتن بۆ نه‌وه‌ی ئه‌مرۆی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی. ده‌ستیان خۆش بێت ‌و ماندوو نه‌بن.

print

 71 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*